گشتپرسی و، پاساو و بیانووەکانی بەرەی نەخێر

فیکر 2017-09-12 کۆمێنت 2409 جار بینراوە

ڕامانێک لە گشتپرسی و سەربەخۆیی وکاڵبوونه وه ی نه ته وه یه ک


ئەمجەد شاکەلی

بەشی دووەم : گشتپرسی و، پاساو و بیانووەکانی بەرەی نەخێر

ئەوەی دژی گشتپرسی و سەربەخۆییە، سەدان پاساو و بیانوو دەهێنێتەوە بۆوەی دژایەتی ئەو پرۆسێسە بکات و ئەژنۆی خەڵکی کورد بشکێنێت. سەدان "بەڵام " دێنێتەوە تەنیا بۆ ئەوەی نەخێر سەرکەوێت. ئەوانەی لە بازنەی دژایەتی گشتپرسی و سەربەخۆییدا دەخولێنەوە، سەرچاوە و دەسپێکی دید و بۆچوونەکانیان لە دوو شت بەدەر نییە :

یەک: ئێستاش بە عەقڵییەتی پەنجاوسێ ساڵ لەمەوبەر، ناوەڕاستی ساڵانی 1960 بیر دەکەنەوە. ئێستاش دروشمی فێرگە و ڕێبازێک بەرزدەکەنەوە و دەڵێنەوە و لە بازنەی دیدی ڕێبازێکدا دەخولێنەوە، کە بە ددانپێدانانی دامەزرێنەرانی و ڕێبەرە هەرە مەزنەکانی، هەڵە بووە و دۆڕاوە و تێکشکاوە. ئیدی "خوویەکە گرتوویانە بە شیریی و تەرکی ناکەن بەپیری" و لەسەر هەمان بنج ڕواون و بەردەوام دەڕوێنەوە .

دوو: ئەو دەنگی "نەخێر" بۆ گشتپرسییە، کە بۆخۆی لەڕاستیدا نەخێرە بۆ سەربەخۆیی، چونکە لەو کارت و کاغەزەی خەڵک ڕای خۆیانی تێدا دەردەبڕن، دەبێ بەرسڤی یەک پرس بدەنەوە، ئەویش ئەوەیە: ئایا تۆ لەگەڵ سەربەخۆیی باشووری کوردستاندایت؟ ئیدی دوو دانە هەڵبژادەیان لەبەردەستە ئەویش ئەوەیە : ئایا تۆ لەگەڵ سەربەخۆییی هەرێمی کوردستاندایت بە ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکانیشەوە لە دەوڵەتێکی سەربەخۆدا؟ ئیدی ئەگەر دەنگت بە "نەخێر" دا ئەوە تۆ دەنگت دژی سەربەخۆیی کوردستان داوە و خۆ ئەگەر بە "بەڵێ" دەنگت دا، ئەوا تۆ لەگەڵ ئەوەی باشووری کوردستان ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ . هاتوهاواری نەخێر، لە خەڵکانێکەوە دەبیسرێ، کە توێژاڵێکی خۆ بە "خوێندوو، ڕووناکبیر" زانن و پڕانییان خەڵکی سلێمانین و کۆمەڵێک گەرمیانی ڕەدووکەوتوویشیان ، کە بە هۆی جۆری بیرکردنەوەیان، قسەکانی ئەوان دەڵێنەوە و خۆیان بەو "ڕووناکبیر و خوێندوو"انەی ئەو شارەدا هەڵواسیوە. باژێڕی سلێمانی لە دروستبوونی دەوڵەتی عیراقەوە تا ئەمڕۆ، لەبەر ئەوەی دانیشتووانەکەی یەک پێکهاتە و یەک زمانن، هەرگیز خۆیان بە بندەست نەزانیوە و ئەو هەستی چەوساندنەوە و سڕینەوە و سووکایەتیپێکردن و لەنێوبردن و تواندنەوەیەی، کوردێک لە زوممار، شنگال، مووسڵ، مەخموور، دووبز، حەویجە، کەرکووک، تاووغ، خورماتوو، کفری، قەرەتەپپە، جەلەولا، خانەقین، قزڕەبات، مەندەلی، بەدرە، زرباتییە، بەغدا و...هەستی پێ کردووە و دەکات و چەشتوویەتی، کەسێکی سلێمانییەیی، هەرگیز نە تێی دەگات و نە هەستی پێ دەکات. من باوەڕ ناکەم، کەسێکی نێشتەجێ و خەڵکی ئەو دەڤەرانەی زوممار تا زرباتییەیە یا کوردانی بەغدا، تەنانەت ئەگەر لە چوارچێوەی ئەو دیدەیشدا بێت، کە لە خاڵی یەکەمدا ئاماژەم پێکرد و خوێندوو و ڕووناکبیریش بێت، بتوانێت دژایەتی سەربەخۆیی بکات و بچێتە بەردەم سەندووقی دەنگدانەکە و بڵێ"نەخێر بۆ سەربەخۆیی"، مەگەر وێژدانی ژەنگی هەڵهێنابی و بیری کەڕووی گرتبێ، لێ ڕەنگە گوتنی "نەء" بە لای خوێندوو و ڕووناکبیرێکی سلێمانییەوە، نەک خەڵکە هەژار و داماو و ئاساییەکەی، ئاسانتر بێت. زۆرێک لەو خوێندوو و ڕووناکبیرانەی سلێمانی، بەبێ ئەوەی بەخۆ بزانن، دووچاری دەردی خانەگومانیی لەهەمبەر خەڵک، وەهم، تۆمەت هەڵبەستن، ترس، پارانۆیا " Paranoia " و دەردی خۆبەزلزانیی، لووتبەرزی، خۆ پێ شتبوون، لەخۆڕازیبوون، لەخۆباییبوون، کەیف بەخۆهاتن ، نارسسیزم " Narcissism "ن . هەربۆیە بەو بیرکردنەوەیەی هەیانە و بەو دەردانەی، وەک خۆرە، دەروونیان دەخوات، هەرگیز چاوەڕوانی باشتریان لێ ناکرێت. ئەوان تەنیا سلێمانییان پێ شارە و بە شاری شاران و سەرچاوەی فەرهەنگ و زانست و عەقڵ و سیاسەتی دەزانن و تەنانەت تا ڕادەی ئەوەی، کوردی هیچ دەڤەرێکی دیکەی کوردستان، ئەگەر جیاواز لەوان بیربکاتەوە، بە کوردی نازانن و هەر خۆیان پێ کوردە و هەر خۆیان پێ ڕاستە. ئەمانە بە هەموو توانست و لێهاتوویی و وزە و چالاکییەکی هەیانە، کار لەسەر شۆردنەوەی مێشکی خەڵکانی ئاسایی و لاوان دەکەن و خەڵکیک، کە ڕەنگە تەنیا وشەگەلی "ڕووناکبیر و نووسەر و بیرمەند"، لە خشتەیان ببات و گوێیان بۆ ڕادێرن. دیارە تێنەگه یشتنی هاوبه ش بۆ مێژوو، یا تێگەیشتنی ناهاوبەش بۆ مێژوو، مێژووی ناهاوبەش دروست دەکات و تێگەیشتنی هاوبەشیش بۆ مێژوو، مێژووی هاوبه ش دروست ده کات

*******

     سەرتەراشخانەی کوردێکی ناسیاوم لە ستۆکهۆڵم هەیە، بۆ سەرتەراشین دەچمە کنیان. جارێکی چووم و دانیشتم و چاوەڕوان بووم ئەوەی، کە هەموو جاران سەرم دەتەراشێت دەستی بەتاڵ بێت و بچمە ژێر دەستی، چوون دەستی گیرابوو . ئەو هاوڕییە فلستینییە و بە عەرەبی پێی گوتم، ئەو هاوڕییەی ئێستا کەسی لەبەردەست نییە، ئاماژەی بۆ کورسییەکەی ئەودیوی خۆی کرد، کە گەنجێکی بیستویەک بیستودوو ساڵە بوو، جوان تراش دەکات و لە خۆیشتانە کوردە، بچۆ بەردەست ئەو. منیش چوومە بەردەستی و پرسیی، چۆنم گەرەکە سەرم بتەراشێ، منیش بۆم باس کرد. ئەوجا پێمگوت: تۆ لەم جێ کارە تازەی وانییە؟ چونکە پێشتر لێرە نەمدیوێ. گوتی نەک هەر لە جێ کارەکە بەڵکە لە سوێدیش تازەیە. ئیدی تێگەیشتم لە پەناهێنە نوێیەکانە. گوتم؛ تۆ خەڵکی سلێمانیت، وانییە؟ گوتی: بەڵێ . گوتم: ئەی بۆ لە وەڵات هەڵاتووی و هاتووی بۆ ئێرە، خۆ ڕەوشی سلێمانی باشە و چ کێشەیەکی گەورە و مەترسییەک لەسەر ژیانی خەڵک نییە؟ گوتی: ئەی چۆن هەڵنەیەم، نە مووچە هەیە و نە کارەبا هەیە و نە ئاو هەیە و نە دامەزراندن هەیە و نەژیان هەیە و گرانییە و مەسعوود 6 هەرچی بودجە و پارەی نەوت و قووتی خەڵکە دەیدزێ و کورسییەکەی گرتووە و وازناهێنێت و ناڕوات! گوتم: تۆ لە سلێمانی چ کارێکت دەکرد؟ گوتی: سەرتەراش بووم. گوتم: لە دوکانی خەڵکدا کارت دەکرد. گوتم: کارەکەت باش بوو و پێی دەژیایت؟ گوتی: زۆرباش بوو، نەک هەر خۆم کۆمەکێکی باشی ماڵیشم دەکرد. گوتم: خێزاندار بووی؟ گوتی: نەخێر. گوتم : ئەی ئێستا تۆ هاتووی دوکانەکەت ماوە یا نەء؟ گوتی: بەڵێ ماوە. گوتم: کێ کاری تێدا دەکات؟ گوتی: برایەکم. گوتم: ئێستاش کارەکەی باش دەڕوات؟ گوتێ: بەڵی هەر زۆر باشە. گوتم: ئەی مووچەت لە حوکوومەت وەردەگرت؟ گوتی: نەء. گوتم : حوکوومەت مووچەی تۆی بڕیوە؟ گوتی: نەء. گوتم: دەی تۆ چیت داوە لە مووچە و باسی مووچە و بودجە و قووت و ئەم بەزمانە بۆ دەکەیت، خۆ تۆ بە هەموو پێوەرێک لە ڕەوشێکی باشدا ژیاویت و ئێستاش کارەکەت پەکی نەکەوتووە و پارەی خۆت هەر وەردەگرێت! گوتی: چۆن باسی نەکەم، مەگەر ئەوە نییە مەسعوود دەیخوات و یەک شت بە خەڵک نادات و کورسییەکەی بەرنادات ! گوتم: هاوڕێ تۆ کە خەڵکی سلێمانیت، حوکوومەتی شارەکەی تۆ لە هەردوو شارەکەی دیکەی هەرێم، دهۆک و هەولێر، پارەی زیاتر دەستدەکەوێت. مووچەی کارمەندانی سلێمانی و گەرمیان لە حوکوومەتی سلێمانییەوە وەردەگیرێت. ئەو دزی و مفتەخۆری و گەندەڵییەی لە سلێمانیدا هەیە، هیچی لە دهۆک و هەولێر کەمتر نییە، ئەگەر زیاتر نەبێت. تۆ و کەسانێکی شارەکەی تۆ، چاوتان تەنیا مەسعوود بارزانی دەبینێت، کە لە شارەکەی تۆدا و لەلایەن خەڵکانێکەوە، تەمەنێکە بە بەرنامە و نەخشە، تەنێ کار لەسەر دزێوکردنی دەکرێت، ئەی بۆ سەیرێکی بەرپرسە حیزبی و حوکوومەتییەکانی سلێمانی ناکەیت و ناچێت داوای مافی خۆت و خەڵک لەوان و لەنزیکترین بنکەی دەسەڵاتەوە، لە ماڵەکەی خۆتەوە، بکەیت. وەرە تۆ و من دەچین لە کەنار ئەم شەقامەی بەردەم ئەم دوکانەی ئێمە ئێستاکە تێیدا دانیشتووین، ڕادەوەستین و لە سەد مرۆڤ لەوانەی بە بەردەمماندا تێدەپەڕن دەپرسین، کە ئایا دەزانن بودجەی سوێد چەندە؟ بودجەی سوێد چۆن خەرج دەکرێت؟ وەزیری ئابووریی سوێد کێیە؟ سەرۆکوەزیرانی سوێد کێیە؟ چ حیزبێک ئێستاکە لە سوێد حوکوومەت بەڕێوە دەبات؟ بزانە لە و سەد مرۆڤە چەندیان دەزانن وەڵامی ڕاستی ئەو پرسانە بدەنەوە. ئەگەر لە سەدا بیستی زانییان وەڵامی دروست بدەنەوە، ئەوا زۆرە. لێرە لە سوێد تەنیا سیاسییەکانی، سیاسەت دەکەن و باسی سیاسەت دەکەن، ئەو خەڵکە ئاساییە، سەرگەرمی کار و ژیانی خۆیەتی و خۆی لە کاروباری کەسێکی دیکە هەڵناقورتێنێت، لێ لە وڵاتەکەی تۆ، هەرچی خەڵکە خۆی لە هەموو کاروبارێکدا، پێوەندیشی پێوە نەبێت و هی خۆیشی نەبێت و بواری خۆیشی نەبێت و لێیشی نەزانێت، خۆی تێهەڵدەقورتێنێت و لووتی تێوە دەژەنێت، لەوێ هەرچی خەڵکە سیاسییە و سیاسەت دەکات. هەر یەکەو لە ئاستی خۆی وتەبێژ و شیکار و بیرمەند و فیلۆسۆف و پسپۆرە، بۆیە هێندە حاڵی وەڵاتەکەمان جوانە! ئەوانەمان گوت و بڕێکیش زیاتر. بەدەم ئەو گوتوبێژەوە ئیدی کاتی سەرتەراشینەکەم تەواو بوو و هەڵسام و گوتم: لەبری ئەوەی سەری خۆت بەو باسانەوە دەئێشێنیت، باشتر وایە هەوڵدەیت زمان فێر بیت، کار بکەیت، بخوێنیت و بۆ خۆت بژیت. کورد لەمێژە گوتوویەتی:"بیانووی تڕ نانی جۆیە" یا "بیانووی تس نانی جۆیە".بیانووی هەرچی نەهامەتی و ماڵوێرانی و گەندەڵییە لە کوردستان و بیانووی دژایەتی گشتپرسی و سەربەخۆییش، کە ئێستا باسی لێوە دەکرێ، لەبەر هەر هۆیەک بێت، لەو دەڤەری گەرمیان و سلێمانییە، تەنێ نانەجۆکەیە، واتە: مەسعوود بارزانی! ئەو بیانوو و دژایەتییە، بێجگە لە ئاوکردن بە ئاشی ئەنقەرە و بەغدا و شام و تاراندا و درێژەپێدان بە بندەستیی گەلی کوردستان و خاکەکەی، شتێکی دیکە نییە .

*******

هەموو بیانییەک لە جێی کار، خوێندنگە، باخچەی منداڵان، نێو شەمەندەفەر و ئۆتۆبووس و تاکسی و فڕۆکە، بازاڕ و فرۆشگە، سەرتەراشخانە، چێشتخانە و هەموو کون و قوژبنێک و جێیەک لە ئەوروپا، ئەمەریکا، هەندەران، بەتایبەت، کە تۆ بە ڕەنگ و ناو و زمان و ئایین و فەرهەنگ و زۆرینەی شتەکانت لەگەڵ دانیشتووانی وەڵاتەکە سەد لە سەد وێکنایەنەوە و تۆ بڕێک جیاوازی، ڕۆژانە تووشی ئەم پرسیارە دەبێت: تۆ خەڵکی کوێی؟ یا لە چ وەڵاتێکەوە هاتووی؟ یا بە ڕەچەڵەک کوێندەرییت؟ هەموو یەکێک لە ئێمە هەزاران جار تووشی وەها پرسیارێک بووە. وەک کوردێک، ڕەنگە بڵێێ من خەڵکی کوردستانم. هەرکە وات گوت، پرسیاری دووەمی ئەو کەسەی لێت دەپرسێت، لە باشترین حاڵدا ئەوەیە : کوردستان دەکەوێتە کوێوە؟ ئەوجا تۆ بۆی باس دەکەیت. پاش ئەوە دەڵێ: کام پارچەیان؟ وەڵامی ئەوەیش دەدەیەوە. لێ جاری وا هەیە و زۆرجارانیش بەو جۆرە، کابرای پرسیارکەر دەڵێ: کوا وەڵاتێک هەیە بە ناوی کوردستان! یا دەڵێ : وەرە لەسەر نەخشەی جیهان وەڵاتەکەتم پێشاندە! یا دەڵێ: بۆ ناڵێێ عیراقی، ئێرانی، تورکیایی یا سووریاییم! تۆ ئەگەر لەسەر وشەی کوردستانەکەی خۆت سوور و مکوڕ بیت، گەرەکە هەمیشە ئامادەی ئەوە بیت ڕوونکردنەوە و بەڵگە و نەخشە و وێنە و دەیان دەردەسەریی دیکە بۆ کەسی پرسیارکەر بخەیتە ڕوو و بگێڕیتەوە . خۆ ئەگەر ئەوەی لێت دەپرسێت عەرەب بێت، نە تەنیا عەرەبی عیراق یا سووریا، بەڵکە مەغریبی، عومانی، شامی، ئەهوازی یا مووسڵاوییش بێت، یا تورک بێت، ئیدی نە تەنیا تورکی تورکیا، بەڵکە تورکی بوڵغارستان، تورکمەنستان، قوبرس، ئازەربایجانیش بێت، یا فارس بێت، نە تەنێ فارسی ئێران، بەڵکە فارسی تاجیکستان، ئەفغانستان، هیندوستان، نەجەفیش بێت، موسوڵمانیش بێت، ئیدی موسوڵمانی ئیندۆنیزیا، مۆریتانیا، کۆنگۆ، چین، پاکستان یا هەر عەردێکی دیکە بێت، هەر دەسبەجێ لێت دەردەپەڕێ و دەتداتە بەر ڕێژنەی قسەی ناشیرین و تووڕەییت بەسەردا دەبارێنێت  . عەرەبەکە، پێیوایە تۆ وەڵاتی عەرەب و خاکی عەرەب لەتلەت دەکەیت)ئەو لە ڕوانگەی دەسەڵاتی مێژوویی خۆی و داگیرکارییەکی مێژوویی خاکەکەی تۆ و ژێردەستەیی و دەستەمۆیی تۆوە دەنۆڕێتە تۆ( وتورکەکە، پێیوایە خاکەکەی لەت دەکەیت )لە ڕوانگەی ئیمراتۆریای عوسمانییەوە، وەک هیچ و بێ بەها لە تۆ دەنۆڕێ( و فارسەکە تۆ بە خوازیاری لەتکردنی وڵاتەکەی دادەنێ لە دیدی ئیمپراتۆریای فارس و ئێران و مێژووی هەزاران ساڵەی دەسەڵاتی خۆیەوە دەنۆڕێتە تۆ و تۆیش وەک نەتەوە بە بەشێک لە فارس تەماشات دەکات و لەوی دەژیان. لە سوعادی پرسی، کە خەڵکی کوێییە یا ئێمە خەڵکی کوێێن. سوعادیش پێی گوت: کوردستان . بارام دەسبەجێ هەڵچوو و کەللەیی بوو و گوتی شتێک نییە ناوی کوردستان بێت، کوردستان نییە. هێندەم زانی سوعاد کورسییەکی لێ هەڵگرتوو، خەریک بوو بیکێشی بەسەری بارامدا، تا ئێمە کەوتینە نێوانیانەوە و نەمانهێشت بارام بەرکەوێ. ئیدی بارامی کڵٶڵ، کە قەدوباڵای هێندەی هێلموت کۆل ( (Helmut Kohlە، یەک میتر و نەوەدوسێ سەنتیمیترییەکەی ئەڵمانیا دەبوو، پۆلەکەی جێهێشت و ئیدی نەهاتەوە . زمانەکەشت بە شێوەزارێکی زمانی فارسی دەزانێت، موسوڵمانیش بێت، خەمی تێکنەچوونی یەکیەتیی موسوڵمانانە و تێکنەچوونی دەوڵەتی ئیسلامییەتی. ئیدی گەلێ جار مرۆڤ ئەگەر بڕێک نەرمونیان بێت و وزە و ئارەزووی ئەوەی تێدا نەبێت، داکۆکی لە خۆی بکات و حەزی لە دەمەقاڵە و شەڕەقسە نەبێت، لە کورتی دەیبڕێتەوە و خۆی لە سەرئێشە لادەدات و دەڵێ: من عیراقیم، ئێرانیم، تورکیاییم، سووریاییم، بە گوێرەی ئەوەی بە ڕەسمیی هاووڵاتیی کام لەو وەڵاتانەیە . ساڵانە دەیان بۆنە لە باخچەی منداڵان و خوێندنگەکاندا ڕێکدەخرێن و مامۆستاکان، لەلەکان لە زارۆکەکان داوا دەکەن وێنەی ئاڵاکانی خۆیان بکێشن و لە دیواری ژووری خوێندنەکەیاندا هەڵیانواسن، یەک جاریش نەبووە منداڵانی کورد تووشی دوودڵی و سەرسووڕمان و شەرم نەبن، لەوەی کە نازانن چ ئاڵایەک دانێن. دیارە ئەوە پەروەردە و بیرکردنەوەی دایکوباوک و خێزانی منداڵەکە لەو پرسەدا نۆرە دەبینێت. ماڵبات هەیە منداڵەکانیان فێری وشەی کوردستان و ئاڵای کوردستان و ئەوانە کردووە و ماڵباتیش هەیە منداڵیان بە عیراقی، ئێرانی تورکیایی و سووریایی پێگەیاندووە و ئاڵای ئەو وەڵاتانە دەناسێتەوە. زۆرجارانیش ئەو پرسی ئاڵایە دەبێتە باس و دڵەڕاوکێیەک بۆ زارۆکەکە، کە دەبینێ سۆمالی، ئەفغانی، ئێرانی، تورک، ئێریتری، ئیسیووپی، هیندوستانی..داروبەرد و هەموو دنیا ئاڵای هەیە و دێتەوە بۆ ماڵ و لە دایک و باوکی دەپرسێت: ئێمە بۆ ئاڵامان نییە؟ دایک و باوکیش ئیدی بەگوێرەی دید و بیرکردنەوەی خۆیان بۆی ڕووندەکەنەوە، یا خۆیان لە وەڵامدانەوەی گێل دەکەن، لە هەردوو حاڵەتیشدا هەرگیز ناتوانن ئەو زارۆکە قایل بکەن و وەڵامەکەیان هیچ ئاسوودەیی و دڵنیاییەک بە زارۆکەکە نابەخشێت . ئەگەر کەس لە بێ دەوڵەتی و بێ وەڵاتی تێنەگات، کوردی هەڵاتوو لە کوردستانو لە هەندەران ژیاو، دەبوو زۆرباش تێگەیشتبان. دوو نەتەوە یا دوو گەل، لە جیهاندا، بەتایبەت لە ئەوروپا بڵاوبوونەوە، ڕۆم)قەرەچ( و کورد. ڕۆمەکان، لەئەوروپا لە کورد کۆنترن. ڕۆمەکان، نەک هەر دەوڵەت، خاوەنی خاکی خۆیشیان نین. ئەوان دەگەڕێن و لەهەرکوێیەک ژیان، ئیدی ئەوە وەڵاتی ئەوانە. ئەوان بە مووزیک، سەما، فەرهەنگ، دەستڕەنگینی و چەوسانەوە و لەبەینبردنیان لە مێژوودا، دەناسرێنەوە. کوردیش، ئەنفال، گازبارانی هەڵەبجە، کۆڕەو و جەنگ، دنیایەکنەگبەتی و ماڵوێرانی، بە خەڵکی ناساندووە، دەنا لێدانەوەی قەوانی سوواوی بەشی عیراق و ئێران و تورکیا و سووریا و چوارپارچە و چل میلیۆن و ئەو باسانە، گێڕانەوەی ئەو شانامەیەی، کە دەبێ هەمیشە ئامادەی گێڕانەوەی بیت، هەرگیز ئەوروپاییەک ناگەیەنێتە ئەو باوەڕەی، کە تۆ وەڵاتێکت هەیە و ناوی کوردستانە، چونکە تۆ لەسەر نەخشە نیت و وەڵاتەکەت دەوڵەت و ددانپێدانراو نییە و ئەندامی ڕێکخراوی دەوڵەتەیەکگرتووەکان ( (UNنییە و لەو وڵاتە ئەوروپاییەی تێیدا دەژیت باڵیۆزخانەیەکت نییە بەناوی"باڵیۆزخانەی دەوڵەتی کوردستان". هەرچەندە باوه ڕی نه ته وه یی چ له ڕووی مێژوو و چ له ڕووی ناوه ڕۆکه وه نوێیه و به رهه می هزری بۆرژوازی سه ده ی هه ژده یه م و دواتره، لێ نەبوونی قەوارەیەکی ددانپێدانراو، کە پێی بڵێی وەڵات و خودانی پاسپۆرت و ئاڵا و خاکێکی سنووردار، ڕووحێکی سەرگەردان و وێڵ و بێ ئینتیما دێنێتە بەرهەم .

*******

تاگەکان    
نائومێدی جەنگی هۆشیاری ڕانانی کتێبب وەچەخستنەوە جوانی ستەم تەوبە شەڕ سایکس-بیکۆ دیزاینی زیرەک سیاسەت بوووژانەوە تەلارسازی وەلی ئەمر دەروونناسی
فیکر
2017-09-12 کۆمێنت 2409 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی