لە کۆیلایەتییەوە بۆ ڕۆحێکی ئازاد!

فیکر 2018-01-02 کۆمێنت 2586 جار بینراوە

نووسینی: به‌ڕێز ئیسماعیل

 من ئازادم چونکە ناھێڵم کەس لەجێگەی من بیربکاتەوە. تۆ، بەردەوام لەجیاتیت بڕیار دەدرێ. من ڕێگە نادەم کەس لەجێی من دەنگ بدا، تۆ کاندیدەکەشت بۆ دیاری دەکەن! من بۆ خۆم ژن دەھێنم، تۆ ژنت بۆ دێنن. من خۆم بڕیار دەدەم بەشداری بکەم یان نا؟ تۆ پێت دەڵێن لە کۆبوونەوەکە چ بڵێی. من بە دڵی خۆم دەپۆشم، دێم و دەڕۆم، بە دڵی خۆم پێدەکەنم... تۆ بە دڵی وان دەپۆشی، دێی و دەڕۆی، بە دڵی وان پێدەکەنی ! تۆ ھەمیشە بیر دەکەیەوە لەوەی چۆن سەیرت دەکەن. منیش ھەمیشە بیر لەوە دەکەمەوە چۆن سەیر بکەم؟ من ژیانم بە گوێگرتن لە قسەکانی ناخم بەسەر دەبەم! تۆ ژیانت بە گوێگرتن لە خەڵکی بەسەر دەبەی. من خۆم لە کەس تووڕە ناکەم لەسەر شتێک کە خۆم دەیکەم، تۆ بەردەوام پێچەوانەی ویستی ناخت؛ نمایش دەکەی! من بیرکردنەوەم سنووردار نییە و، لە ئایدۆلۆژیایی تێپەڕیوم. تۆ بیرکردنەوەت؛ تەنھا بۆ گەیاندنی ئایدۆلۆژیاکەتە . من خۆم دەبینم ئینجا تۆ! تۆ من دەبینی ئینجا خۆت. من بڕیار دەدەم ببەخشم لەوەی ھەمە، تۆ بڕیار دەدەی لەوەی لێت زیادە ھەتا فڕێی بدەی. من پارە بۆ خزمەتی خۆم بەکار دێنم، تۆ خۆت بۆ خزمەتی پارە بەکاردێنی. من دەمەوێ ئاین خزمەتێکم بکات، تۆ دەتەوێ خزمەتێک؛ پێشکەش بە ئاین بکەیت. من گرووپ، حیزب، تاقم، بە ئامراز دەزانم، تۆ بە ئامانجیان دەزانی! من مرۆڤەکان ئازار نادەم، فێرە ئازادییان دەکەم. تۆ بە ئازاردانیان؛ ئازادییان لەبیر دەبەیەوە ! من جنێو بە شەیتانیش نادەم، تۆ جنێو بە موسڵمان دەدەی! تۆ گەنجان دەردەکەی لە مزگەوت، من گەنجان دەردەکەم لە گازینۆ. من بە (ئیش) بڕیار دەدەم، تۆ بە (ڕیش). من سەیری ناوەوەی گۆزە دەکەم، تۆ سەیری دەرەوەی! من ھەموو باڵاپۆشێکم لا باش نییە، ھەموو سفوورێکیشم لا خراپ نییە. تۆ ھەموو باڵاپۆشێکت لا فریشتەیە و، ھەموو سفوورێکیشت لا شەیتانە. من ھەمیشە گومانی باش دەبەم بە بەرانبەر، تۆ ھەردەم گومانی خراپ دەبەیت. من ھەمیشە کاریان پێم ھەبێ ئامادەم، تۆ ھەمیشە بیانووت ھەیە بۆ نەکردنی کاری باش . بۆیە من ئازادم تۆش کۆیلە!

تاگەکان    
تەلارسازی کۆرۆنا یادەوەری بوونەوەری ئاسمانی شیعر حەوتەمین کۆڕبەندی هاوسانی مانا نامە عەبدولکەریم سرووش حەمەدۆک ڕەزا بابایی تەنیایی ئیلحاد کونە ڕەشەکان کۆرۆرنا
فیکر
2018-01-02 کۆمێنت 2586 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی