پەتای کۆرۆنا و مامەڵەی باوەڕدار

نووسینی: یووسف مەلا خەلیل
فیکر 2020-03-18 کۆمێنت 2151 جار بینراوە

پەنابردن بۆ پاڕانەوە، تەوبە و چاکە و گەڕانەوە، نوێژ و پەرسشتی زیاتر و هەستکردن بە کەمتەرخەمی و تاوان بەرانبەر پەروەردگار، لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەل دەرد و ناڕەحەتییەکاندا، پیشەی مرۆڤی بڕوادرە.

گرتنەبەری گشت ڕێکار و ڕێنماییە زانستی و پیشەییەکان و ڕەچاوکردنی هۆکارە سروشتییە خواکردەکان، لەسەر بڕواداری پەیامدار، پێویست و جێی مەبەستە.

پشتکردن لە هۆکارە ماددییەکان، بە ناوی پشتبەستنی تەواو بە خوداوە، کارێکی هەڵە و ناتەواوە و خودا و پەیامی ئایین، کە یەکێک لە مەبەستە باڵاکانی، پاراستنی گیانی مرۆڤە، لێی نەبانە.

هەڵسەنگاندنی کۆی ڕووداو و پێشهاتەکان بە تێڕوانینێکی ماددییانەی دوور لە پرەنسیپە ئەخلاقی و ئیمانییەکان، لەگەل گوتاری قورئان و مامەڵەی پەیامبەران لەگەل بەڵا و کارەساتەکاندا دژ دێتەوە.

ئیماندار نە خودا و سزا و پاداشتی پشتگوێ دەخات و نە هۆکارە خواکردەکانیش بە کەم دەزانێت، وەک چۆن فەرمانی پێ کراوە، زانست و باوەڕ پێکەوە گرێ بدات، بە هەمان شێوەیش ڕاسپێردراوە، ڕەچاوکردنی هۆکارەکان لەگەل ئەوپەڕی پشتبەستن بە خودادا، پێکەوە نیشان بدات.

بڕوادار چەنێک بڕوای سەد لە سەدی بە خۆپاراستن و گوێگرتن لە کەسانی پسپۆڕ و گوێڕایەڵیکردنیان هەیە، ئەوەندە و زۆر زیاتریش بڕوای بەوە هەیە، ئەوەی خودا نەیەوێت، نابێت و هەرگیز ڕوو نادات.

کاری بڕوادار تەنیا خۆپارێزیی خۆی و خانەوادەکەی نییە، بەڵکو وەک ئەرکێکی ئایینی، کە لەخۆگری پەیامی ئەخلاقی و ئینسانی و زیاتریشە، بە تەنگ مرۆڤەکانی دیکەوە دەبێت و تا لە توانایدایە، کەمتەرخەمییان لە ئاستدا نانوێنێت.

پێویستە باوەڕدار، هەردەم خۆی بۆ ئەوپەڕی دەرەنجامەکان ئامادە بکات، کە نەخۆشی و برسێتی و چەرمەسەرییە و لەوەیش زیاتر، مردن و ماڵئاواییکردن لە ژیانە، ئیدی خۆی بێت یان ئازیزانی، چ جیاوازییەکی نییە، بەڵام ئەرکی سەرەکی لەو ساتانەدا، ئارامگرتن و چاوەڕێکردنی پاداشتی خودایی و گەیشتن بە دیداری دۆستی باڵایە.

گەورەترین ئەرکی ئیماندار، بەخشینەوەی هیوا و ئارامیی دەروونە، بڵاوکردنەوەی ترس و بیم، ڕەواجپێدانی بانگەوازی تیاچوونی سەرتاسەری، حەزکردن بە هەستێکی هەڵەشانەی شەڕەنگێزانە، بەوەی لەم کاتانەدا چێژ لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی قڕبوون و تیاچوونە خێراکان ببەیت، کارێکە، لە بازنەی باوەڕداریی ڕاستەقیەنەدا جێگای نابێتەوە.

چەنێک تۆقاندنی خەڵک و زیڕەپێکردنیان ناشرینە، ئەوەندە و زیاتریش چەواشەکردن و دوورخستنەوەیان لە واقیع، دزێو و نەخوازراوە، دەبێت بە شێوەیەکی زانستی، دوور لە زێدەڕۆیی و کەمتەرخەمی، وەک خۆی، زانیاری و ڕێنماییەکان بڵاو بکرێنەوە، ئاخر بەهەندوەرنەگرتنی هەرکامێکیان، باجی سەخت و چاوەڕواننەکراوی لێ دەکەوێتەوە.

لە سۆنگەی باوەڕدارەوە، بەستنەوەی ڕووداو و کارەساتە مرۆییەکان، بە خراپەکاری و نەمانی دادی کۆمەڵایەتی و زۆربوونی ستەم و چەپەڵییەوە، خاڵێکە هەردەم جێگای لەسەر وەستانە، ئاخر وەختێک لە کڵاوڕۆژنەی قورئان و فەرموودەوە لەو بابەتە دەڕوانێت، ئەو حەقیقەتەی لە کن دەچەسپێت کە خودا، گەردوون بەگوێرەی کۆمەڵە یاسا و ڕێسایەک بەڕێوە دەبات، کە ناویان ڕێسا خوداییەکانە، یەک لەو یاسایانەیش، دابەزینی بەڵا و دەرد و کارەساتەکانە بە هۆی تاوان و لادانە ڕیشەییەکانی مرۆڤەوە.

ئەوەی بڕوادار پێی شەرم بێت، لە وەختی ئەم جۆرە دەرد و بەڵایانەدا، بەئاشکرا بانگی گەڕانەوە بۆ لای خودا بدات، ئەوەی پێی وا بێت، ڕووداوە نەخوازراوە سەختەکان، نەخۆشی و کارەساتە سروشتییەکان، هیچ پێوەندییەکیان بە لادانەکانی مرۆڤ و کردەوەکانیەوە نییە، تێڕوانینێکی تەواو ماددییانەیە کە سەری لە باریکبوونەوە و دواتریش پچڕانی پەتی پێوەندیی بە خودا و ئاسمانەوە دەردەچێت.

باوەڕمان وایە، لە جەرگەی ئازار و تەنگانەکاندا، سۆز و بەزەیی خودا خۆیمان لێ ناشارێتەوە، بۆیە وێڕای دڵتەنگبوونمان بە کارەساتەکان، کارلێکمان لەگەل چەرمەسەرییەکان، پەند و وانە و جوانییەکانیمان بیر ناچێتەوە، ئەوەی ئێمە پێی قەڵسین، دەشێت خێرێکی گەورەی تێدا حەشار درابێت، ئەوەیشی پێی شاگەشکە دەبین، دوور نییە شەڕێکی سامناکی لە هەناودا هەڵگیرابێت.

تاگەکان    
فێمینیزم ڕانانی کتێب پۆدکاست ئایین حزبی ئیسلامی گۆرانی جنۆکە مێژوو نوێژ یاسا خێوەتگە ڕەخنە ژن فیلم کۆمەڵکوژیی بۆسنە
فیکر
2020-03-18 کۆمێنت 2151 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی