چەواشەکارییە لۆژیکییەکان: لەکەدارکردنی کەسایەتی

نووسینی: محەمەد جەبار
فیکر 2020-04-29 کۆمێنت 1299 جار بینراوە

یەکێک لە ڕێگەکانی خۆڕزگارکردن لەو بەڵگە و گوتانەی کە مرۆڤ گیر پێ دەکه‌ن، هێرشکردنە سەر خودی کەسەکە و عەیبدارکردنێتی، ئیتر ئەو خەسڵەتەی تێدا بێت یاخود نا، ئه‌وی ده‌یه‌وێت خۆی ڕزگار بکات ده‌ستیان بۆ ده‌بات. لە زمانی لاتینیدا بە «argumentum ad hominem» ناسراوه‌. بۆ نموونە گاڵتەکردن بە شێوە، باڵا، قەڵەوی، زمانتورتى، نەزانینی وشەیەک بە ئینگلیزی، شێوەزار، باری ئابووری و شوێنی نیشتەجێبوون؛ ئيتر لەجیاتی وەڵامدانەوە په‌نا بۆ ئه‌م شتانه‌ ده‌بردرێت.

   ئەم ڕەفتارە ناشرینە دیسانەوە هەر وەک ئەوەی یەکەمجار، کۆمەڵگەکەمانی لێ قوتار نەبووە، نەک هەر ئەوەيش بەڵکو زۆر جار لایەنگرانی هەر لایەک گەر له‌ گه‌نگه‌شه‌یەکدا بەکاری نەهێنن، بە لاوازی هەژماری دەکەن، تەنانەت زۆربەی کەسایەتییە ئاینییەکانيش لەژێر ناوی «الجرح والتعدیل»دا لەجیاتی دۆزینه‌وه‌ی لەکە و پەڵەيه‌ک و بریندارکردنێک (جەرح)، بەرانبەر لە ناوەڕاستەوە دەبڕنەوە، ئه‌ڵبه‌ت بە بیانووی جۆراوجۆر! جا ئەوەيش بمێنێت کە تکتی بەهەشتیش لەژێر ناونیشانی «اهل السنة والجماعة»دا دەبڕن.

   زانستیش بێبەری نییە لەم هەڵە لۆژیکییە، زۆر جار کاتێک دوو تاک گفتوگۆیەک لەسەر بیردۆزی پەرەسەندن دەکەن، بەبێ ڕەچاوکردنی ئەوەی کە تا چ ڕادەیەک بەبەڵگەدانراوەکانیان بەهێز دەکەن، ڕاستەوخۆ لایەکیان دەڵێت، «یانی ئێستە باوک و دایکی تۆ مەیموونن یان نا؟» بەرانبەریش بۆی دەکەوێتە سەنگەرەوە و دەڵێت «باشترە لەوەی کە لە خوشک و برایەکەوە هاتبم!» هەردوو لايش بانگەشەی ئەکادیمیبوون دەکەن، ئه‌مه‌ قەیرانێکی زانستى و لۆژیکييه لە یەک کاتدا!

هەندێک نموونەی تر:
- ڕات چییە سەبارەت بەو قسانەی دکتۆر فڵان سەبارەت بە جگەرە؟
+ تۆ سەیری ڕوخساری بکە لە کەسێکی ڕێک ناچێت، ئەو هەموو «ثثث»ه چی بوو بەکاری ده‌هێنا؟! پێویستە بڕواتەوه‌ قوتابخانە تا فێری ئوسلووب ببێت و بزانێت قسە بکات!
کێ بیستوویه‌ ڕوخسار پسپۆڕی دیاری بکات؟ کێ گوتوویه‌ ڕاستیی قسەی مرۆڤ بە نەبوونی هەڵەی زارەکی ده‌زانرێت؟ ئەو سیفەتانە له‌ که‌سێکدا هەبن یاخود نا، نابێت وا بکات گوێی بۆ ڕانەگرین. ئاده‌میزاد لەم جۆره‌ ڕه‌وتارانه‌دا ته‌نیا خۆی له‌ بابه‌ت لا نادات، بەڵکو پەردە لەسەر ڕەوشت و ئاستی مه‌عریفیی لاوازی خۆی هه‌ڵده‌ماڵێت!

- ئەو تابلۆیەی داڤینچیت پێ جوانە؟
+ هەھ ئەم داڤینچییە هاوڕەگەزبازە کاکە، هونەری چی!

-ئەو پیاوە چاکەیەکی لەگەڵم کرد دەستی خۆش بێت.
+ئەو؟! نازانی پێشتر لەسەر دزی چەند جار گیراوە؟

تاگەکان    
ژن وەرزش حەوتەمین کۆڕبەندی هاوسانی ژیانی پێغەمبەر دەربارەی کتێب دوعا ئەدەبیاتی فارسی عەبدولکەریم سرووش پارەی ئیلیکترۆنی بوووژانەوە کرێکار بۆ ئەوانەی وەكو خۆمن بوونەوەری ئاسمانی نەتەوایەتی فێمینیزم
فیکر
2020-04-29 کۆمێنت 1299 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی