هه‌ردوو لاقم ببڕنه‌وه‌، منیش مافم هه‌یه‌!

نووسینی: یووسف مەلا خەلیل
فیکر 2022-05-23 کۆمێنت 10 خولەک بۆ خوێندنەوە 1560 جار بینراوە

وەختێک ئەو بەرگرییە توندوتیژەی هەڵگرانی بیری هاوڕەگەزخوازی و ترانس و تەواوی ڕیزپەڕییە سێکسییەکانی دیکه‌ دەبینیت، زیاتر ئەو ڕاستییەت لە کن دەچەسپێت که‌ بەڕاستی ئەوان خۆیشیان هێشتا لەبارەی وەرچەخانەکەی خۆیانەوە دڵنیا نین و لە ڕاڕایی و ڕاکەڕاک و دڕدۆنگییەکی سامناکدان؛ ئاخر ئەو هەموو داخوازییە، به‌و شێوه‌ توند و گشتگر و ترسناکه‌ بۆ قبووڵکردنیان، لە نەبوونی متمانەی تەواو بە بانگەشەکەی خۆیانەوە سەرچاوە دەگرێت؛ هەرچەندە ئەوەی ئێستا پێڕەوی دەکەن، داخوازی نییە؛ بەڵکو سەپاندن و زۆرەملێی ستەمکارانەیە! بیر لەو ڕاستییە بکەرەوە، هێشتا ئەوان کەمینەن و گوایە داکۆکیی لە مافی کەمینەیه‌ک دەکەن، کەچی لە ڕووی ڕاگەیاندن و دەسەڵات و سیاسەت و یاری و مناڵ و تەواوی کایەکانی ژیانەوە، بەو شێوازە دڕندانە تەنیا پەلامار دەدەن و هاشاوڵ بۆ گیانی تاک بە تاکی کۆمەڵگا دێنن، جا وەرە ڕۆژێ ببنە زۆرینە، دەبێت چی بقەومێنن!

ئەوان وەختێ کەمینەن، بچووکترین ماف بە زۆرینە ڕەوا نابینن، جا کاتێ دەبنە زۆرینە، چلۆن به‌ کەمترین ماف بۆ ئێمە قایل دەبن؟! ئەرخەیان بن، ئەم مافگەرایانەی بانگەوازی تاکگەرایی و هەرکەس بۆخۆییان کردووەتە دروشم، خاوەن سروشتێکی فرە هۆڤی و سامناکن؛ ئاخر قەت بوار بۆ ئەوانی دی ناهێڵنەوە و هەردەم تەقەلای ڕاماڵینی تەواوی ئەوانی دی بە خۆیان و تایبەتمەندییەکانیانەوە دەکەن. ئه‌وان ماف ده‌که‌نه‌ بتێک و ده‌یپه‌رستن، ئه‌و وه‌خته‌ی لۆژیک و زانست و مرۆڤبوون و ته‌واوی ڕه‌هه‌نده‌ ئینسانییه‌کانی دیکه‌یش بکه‌ونه‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌وه‌، هێشتا ده‌بێت ماف پارێزراو بێت؛ ئاخر ماف یان تاکگه‌رایی یاخود ئازادیی ئاخنراو به‌ کۆیلایه‌تیی ڕاسته‌قینه‌، هه‌رده‌م ئه‌و ئامانجه‌ کۆتاییه‌ نادیاره‌یه‌ که‌ ده‌بێت ملی ته‌واوی مرۆڤ و ئایین و فه‌رهه‌نگه‌کانی دیکه‌ی بۆ بشکێنرێت و وه‌ک ئه‌و تسۆنامییه‌یه‌ که‌ هه‌ر وه‌خت هه‌ڵده‌کات، جگه‌ له‌ پلیشاندنەوە و کاولکارییه‌که‌ی، هیچ چتێکی دیکەی بە لاوه‌ جێی باس نییه‌ و ته‌نیا ڕاده‌ماڵێت.

زۆر جار کەسانێک کە بانگەوازەکەیان ڕاستەقینەیە، بە قەناعەتەوە داوا لە کۆمەڵگا دەکەن بۆچوونەکانیان قبووڵ بکەن؛ بەڵام لەسەر وەختی قبووڵنەکردندا، چونکه‌ له‌ خۆیان و په‌یام و ڕیبازه‌که‌یان دڵنیان و ئیمان قایمن، تووشی ئەو هەموو شڵەژان و تووڕەیی و خۆکوژی و هەڵچوونە ناڕێکە نابن.کەچی ئه‌وان بانگه‌وازه‌که‌یان هێنده‌ له‌رزۆک و فشۆڵ و نالۆژیکە، هه‌ر ڕۆژه‌و له‌ ڕێگای پۆخڵەواتێکەوە ده‌یانه‌وێت مانا و ماف به‌ چه‌واشه‌کارییه‌کیان ببه‌خشن. ڕۆژانێک جینه‌کان و زانستیان لێ کردین به‌و خودایه‌ی که‌ نابێت قسه‌ له‌ قسه‌یدا بکرێت، ئینجا که‌ ده‌رکه‌وت خوداکه‌یان وه‌ک پێویست به‌ هانایانه‌وه‌ نایه‌ت، په‌نایان بۆ خوداکانی دیکه‌ برد؛ پاشان که‌ خوداکانیان دانه‌ به‌ دانه‌ له‌ سێداره‌ دران و پووچێتییان بۆ هه‌مووان ده‌رکه‌وت؛ له‌ حه‌یبه‌تان پڕ ده‌ده‌نه‌ ئه‌وانی دیکه‌ و ده‌خوازن به‌ تۆپزی و ناچارکردن و بێگاریی پێ به‌سه‌ر مرۆڤه‌کانی دیکه‌دا بنێن و جگه‌ له‌ خۆیان، که‌سی دی قبووڵ نه‌که‌ن.

تا دوێنێ و ئه‌وڕۆ و سبه‌ینێیش، ڕۆژاوا تاکه‌ شانازییان ئازادی و تاکگه‌رایی و مافگه‌رایی و مرۆڤگەرایی بوو، که‌چی وا ئێستا به‌ به‌رچاوی خۆمانه‌وه‌، مامه‌ڵه‌ و هه‌ڵوسوکه‌وتیان له‌ ئاست یاریزان و گه‌مه‌ ناسیاسییه‌کان و گۆڕه‌پانه‌ به‌ریئه‌کاندا ده‌بینین.

ده‌ڵێن: نا بۆ ڕه‌گه‌زپه‌رستی و جیاوازیی چینایه‌تی، که‌چی هه‌ڵوێستیان ده‌رهه‌ق به‌ ئۆکرانیا و دووفاقییه‌کانیان له‌ ئاست کۆچبه‌رانی ڕه‌شپێست و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ده‌رکه‌وت!

گوتیان: به‌ڵێ بۆ ئازادیی تاکه‌که‌سی، په‌لامار و ئیدانه‌ و توندوتیژییه‌کانیان له‌ به‌رابنه‌ر یاریزان و هه‌ڵگرانی بۆچوونی پێچه‌وانه‌ی هاوڕه‌گه‌زخوازانیشدا، جوان ئه‌و بانگه‌شه‌یه‌ی پشتڕاست کردنه‌وه‌.   

وەختێک واقیعێکی نادروست و لێوڕێژ لە سەرپێچیی خودا و تەنراو بە چێژی یەک لە دوای یەک، کۆمەڵێک بەرهەمی  شڵەژاو و نادروست دەخاتە کۆمەڵگاوە؛ نابێت بە هەستێکی سۆزدارانەوە خەریکی ڕازیکردنی ساویلکانەی بەرهەمە ناساغەکان بین؛ بەڵکو پێویستە ڕەخنە لەو فیکر و تێڕوانین و شێوازە ژیانە بگرین کە ئەو جۆرە بەرهەمانەی هێناوەتە کایەوە.

ئەو کاتەی هەڵەیەک، زنجیرەیەک لێڵی و ناڕێکی بە دووی خۆیدا دەهێنێت، بوونی ئەم ناڕێکییانە هەر چەندە زۆریش بن، تەنانەت ئەگەر تەواوی خەڵک بەو شێوەیە لار و خواروخێچیش دەربچن؛ نابنە پاساو بۆ قبووڵکردنی خواروخێچی. بەڵکو دەبێت بەگوێرەی توانست، هەڵەکان ڕاست بکرێنەوە و دەستیان بگیرێت و ڕاستییەکانیان بۆ ڕوون بکرێتەوە؛ ئەگەر تێنەگەیشتن و هه‌ر داوای گوێڕایەڵییان لێ کردین، نابێت ئێمه‌ له‌ خۆمان بکه‌وینه‌ گومانه‌وه‌ و خۆمان ڕادەستی داخوازییە توندەکانیان بکه‌ین.

کاتێک دەستی مرۆڤ بە هۆکارێک لە هۆکارەکان خوێنی لێ دەبڕێت و تووشی شینبوونەوە و سەوزبوون و ڕەشبوون و گەنین و گانگرین دەبێت، پێویستە ئەوپەڕی هەوڵی خۆمان لەپێناو قوتارکردنی دەستی نەخۆشەکەدا بخەینە گەڕ؛ بەڵام کاتێک هیوایەک بۆ ڕزگاکردنی دەست و پەنجەکان لە گۆڕێدا نامێنن، پێویستە بیانبڕینەوە.

بۆ ئەوەی هیچ نەبێت پەلەکانی تر و تەواوی خانەکانی دیکەی نەخۆشەکە لە گەنین و فەوتان ڕزگار بکەین، نابێت بە پاساوی سۆز و به‌زه‌یی و مافی دەست و پەنجەکانەوە، ڕێگا بە تەشەنەکردنی هەوکردن و گەنین و ڕەشبوونەوە بدەین!

بانگەشەکارانی لیبڕاڵییەتی قێزەون، دڕندە و ئاخنراو به‌ کۆیلایەتی، هەر لە فیلمە سینەماییەکانی خۆیانەوە هەردەم ئەوە دەردەخەن، گوایە وەختێک پەتایەکی ترسناکی گوازراوە بە نێو خەڵکیدا بڵاو دەبێتەوە و تەشەنە دەسێنێت، دەسەڵات و فەرمانڕەوایان و خەمخۆران لەوپەڕی دڵنیاییدا و لە لووتکەی قەناعەتدا، ڕێگا بە پزیشکان و دڵسۆزان و پاڵەوانانی فیلم دەدەن؛ کار بۆ قەڵاچۆکردنی تەواوی ئەو مرۆڤانە بکه‌ن کە تووشی دەردە بێدەرمانەکە بوون؛ کاتێک دەردی هاری هەمووان دەگرێتەوە، تۆ لە ناخی دڵەوە خواخواتە پاڵەوانەکە بتوانێت هەمان ئەو مرۆڤانە بنبڕ بکات و بیانسووتنێت کە چەند چرکەیەک بەر لەوە، مرۆڤی ئاسایی و خاوەن عەقڵ و هۆش و بگره‌ برا و خوشک و دایک و باوک و هاوسه‌ر و منداڵی خۆی بوون.

ئەمە بەو مانایە نییە هەر ناڕێکییەک بینرا، دەستبەجێ خۆی و خاوەنەکەی لەناو ببرێت، من تەنیا لە ڕێگای هەمان ئەو لۆژیکەوە قسە دەکەم کە خۆیان پێڕەوی دەکەن؛ بەڵکو بە لای ئێمەوە هەر لە سەرەتاوە نابێت ڕێگا بۆ دروستبوونی واقیعێکی خراپ و ناڕێک و ترسناکی لەو شێوەیە بدرێت، بۆ ئەوەی دواتر خراپە هێندە زاڵ و دیار نەبێت، تا به‌و ناچارییه‌ بیر لەو ڕێچاره‌ ئازاربه‌خشانه‌ بکرێتەوە.

خواستی نوێگەری و گۆڕین و جێگیرنەبوون لەسەر پرەنسیپ و بنەمایەکی دیاریکراو، گشت کایە و سایەکانی ژیانی مرۆڤایەتی گرتووەتەوە. جاران خەڵک دڵی خۆش بوو بەوەی لە سایەی پێشکەوتن و بەرەوپێشڤەچوونی پیشەسازی و تەکنەلۆجیادا، هەر ڕۆژەو بەرهەمێکی تازە دەخرێتە بازاڕەوە و سەرمایەداران بەردەوام کاڵای نرت و نوێ پێشکەشی بەکارهێنەران دەکەن؛ ئەو بەکارهێنەرانەی تەنیا لەسەر یەک شت قوڕمیش کراون، ئەویش بەکارهێنان و به‌فیڕۆدان و هیچی دی. واتە تۆ دەبێت هەردەم بەکار بهێنیت و خەرج بکەیت، ئالوودەبوون بە خەرجکردن و سەرفرکردنی زۆر و ناپێویستەوە، بوو بە خوو و خدەی مرۆڤایەتی.

سەرمایەداران جوان ناخی ئینسانیان خوێندووەتەوە و هەردەم گڕ لە ناخی شڵەژاوی فشۆڵی ڕشۆک به‌ر دەدەن و قەت ڕێگە نادەن بۆ ساتێک هێور بێتەوە و لە پەنایەکدا بحەسێتەوە؛ بەڵکو چرکە و خولەک و سەعاته‌کان دەژمێرن و به‌رده‌وام کێبڕکێیانه‌، کێ کڕیاری زیاتر ڕادەکێشێت و ئالوودەی بەرهەمەکانی خۆی دەکات.

بۆ ئەوەی ئەم مەرامە بێت دی، نابێت هەرگیز ئینسان هەست بە چەسپاوی بکات و بە خۆی بڵێت: من لە ڕوویەک لە ڕووە مرۆییەکانەوە دامەزراوم و پێویستم بە نوێگەری نییە، بەڵکو وەک چۆن دەبێت تابلێت و مۆبایل و ئۆتۆمبێل و قەنەقە و ماڵ و حاڵت بگۆڕیت و بە هیچ شتێک دانەسەکێیت؛ پێویستە قه‌تاوقه‌ت هەست بە دامەزراوی لە ڕووه‌ ئیمانی و کەسایەتی و ناسنامە ڕەگەزییه‌که‌یشەوە نەکەیت!

جێندەریزم، هاتە کایەوە بۆ ئەوەی جۆری ئینسانی بە جێگیری نەهێڵێتەوە، دەیەوێت دەست بۆ هەستیارترین تایبەتمەندییەکانی مرۆڤ ببات؛ ئەو تایبەتمەندییەی لە هیچ سات و سەردەمێکی ڕابردوودا بە ئەندازەی ئێستا فشۆڵ و شلوشاو و پتورکاو نەبووە. ئەمڕۆ نێریت، دەتوانیت سبەینێ هەست بکەیت کە مێیت، خۆ ئەگەر حەزت بەوەیش نەبوو، دکاریت خۆت لە ڕیزی پۆلێننەکراواندا ببینیتەوە و چاوه‌ڕێی ئه‌و ڕۆژه‌ بیت بزانه‌ که‌ی‌ مه‌یلێکی بۆگه‌ن و ناجۆر خۆی به‌ ناوتدا ده‌کات و پێی قایل ده‌بیت؛ ئه‌گه‌ر هه‌ستت کرد ئه‌وه‌یش خۆش نییه‌، خه‌مت نه‌بێت؛ وه‌ک ئه‌وی دیکه‌، تووڕی بده‌ و بیر مه‌یلێکی خوازراوی دیکه‌ بکه‌ره‌وه‌!

ئەگەر ویستت، ئەمڕۆ دەبیتە گوێدرێژ و بە ناوی یەکێتیی کەرانەوە دەئاخڤێیت، یان بڕۆرە پاڵ ڕیزی سەگەکان و تەواوی ژیانت بەوپەڕی سەربەرزییەوە وەک تووتکەیەک بەسەر ببە؛ بحەپێنە و دەموچاوت لە ڕێگای نەشتەرگەرییەوە بکە بە سەگێکی تەواو!

بانگکەرێک لە ئەمەریکاوە بانگی تەواوی ئامادەبووانی سەرزەوی دەکات، نا نا بانگیان ناکات، بەڵکو بە زمانی گوڵ بەسەریاندا دەسەپێنێت، فڕەنسایش لەولاوە، پیرە کەنەفتە بێباوەڕە ئارەزووپەرستە کۆنەکە دێتە قسه‌ و چەپڵە بۆ هەر چتێک لێ دەدات کە خزمەت بە بێدینی و بێئابڕوویی بکات؛ ئافەرین بۆ هەموو حه‌زێک دەکات کە کار لەسەر سڕینەوەی ناسنامەی ئایینی و کلتووری و فه‌رهه‌نگیی چه‌سپاوی مرۆیی بکات.

ئەوان تەنیا یەک شتیان لە ئێمە دەوێت، یەک شت و هیچی تر؛ تۆ هەرچی دەبیت ببە، بەس دامەزراو مەبە! تەنیا لەسەر ڕێڕەو و ڕێبازە ئایینی و میللی و ڕەگەزییەکان مەمێنەوە و خۆت ڕادەستی لافاوی بەرهەمە پیشەسازی و ئەلیکترۆنی و ماددییەکانی ئێمە بکە و خۆت بە هیچ قاڵب و دین و کلتوور و دابونەریتێکەوە تەنگەتاو مەکە؛ ئاخر ئەم دونیایە تەنیا بۆ ئەوە کراوە لەناو چێژە ماددییەکاندا تەراتێن بکەیت و بۆ ئەوە نەکراویت وزەکانت بە پرسە وجوودییە لەمێژینە ئینسانییەکانتەوە خەسار بکەیت.

 ئه‌وان ده‌ڵێن: له‌ لایه‌که‌وه‌ ڕاستیش دەکەیت، خۆ دەزانین _وه‌ک مرۆڤ_ هەرگیز ناتوانیت لە دەست ئەو پرسیارانەی شەووڕۆژ ناخت دەخۆن، قوتارت ببێت و هەردەم وەک ئەوە وایە دەم بە ئاوی سوێرەوە بنێیت؛ بەڵام خەمت نەبێت، ئێمە ئەوەندە چێژ و ئاڕاستەی ماددی و پیشەسازییت پێ دەناسێنین، بوارت بۆ بیرکردنەوە لە خودا و من کێم و بۆ کوێ دەڕۆم و چارەنووسم چییە؟! ناهێڵێنەوە و خزمەتی تەواوی ئەو لایەنانەت دەکەین کە خزمەتی کاتە قەڕەباڵەغەکانت دەکەن.

ببوورە، هەر چەندە باش لەوە تێدەگەین لە ساتە تەنیاییەکانتدا، لە پێستی خۆت ناهێوریت و فرە لە تەنیابوون و بیرکردنەوە لە چارەنووست دەترسێیت، بەڵام کارێکیشمان لەو بارەیەوە بۆ کردوویت؛ تونیومانه‌ دەرفەتەکانی تەنیاییەکی کپت لێ بستێنینەوە و ڕێگا نەدەین بۆ خەمە ڕاستەقینە و ڕیشەییەکانت بگەڕێیتەوە.

ڕێسای ئێمەی جیهانگران ئەوەیە، تەنیا چتێک جێگیر بێت، ناجێگیرییە! بۆیە لە هیچ شتێکی خۆت دڵنیا مەبە و تەنیا لەنێو بازنەی گومان و دڕدۆنگی و ڕاکردندا بمێنەوە؛ دەزانیت لەپێناو چی؟! تەنیا لەپێناو ناجێگیری و نوێگەری و ڕاکردندا. غار بدە لەپێناو ئەوەی هەمیشە غار بدەیت، خەمت نەبێت ئێمە پسپۆڕیمان لە بواری ڕەخساندنی زەمینەی ڕاکردنی بەردەوامی بێکۆتای نادیاردا هەیە و خزمەتێکی باشی هەوادارنمان دەکەین، ئەوانەیشی بەگوێرەی پێوەرەکانی ئێمە ناجووڵێنەوە، لە چاخی بەردین و دواکەتوویی و ئایدۆلۆژیاکاندا دەژیێن و حەزیان بە جوانی و خۆشەویستی و ژیان نییە و پاشکۆکانی فۆبیامان بۆ له‌ قاڵب داون.

با که‌مێک خۆ له‌و قسانه‌ ببوێرین و بۆ تاوێک ئاوڕ له‌ بابه‌تێکی زانستی بده‌ینه‌وه‌. حاڵەتێکی دەروونی هەیە، ئەو کەسەی تووشی دەبێت، هەر لە ساتەکانی سەرەتای منداڵییەوە هەست به‌وه‌ دەکات، ناخی بە جەستەی نامۆیە و یەکێک لە ئەندامە ساغەکانی نییە. هێندێ جار تووشبوو لە ناخی دڵەوە لە پزیشکان دەپاڕێتەوە: قاچێکی، یان هەردووکی، یاخود پەلەکانی سەرەوەی بۆ ببڕنەوە؛ چونکە هەست دەکات ئەو قاچ و دەستەی لە بنەمادا نییە و ناخی بە تەواوەتی ئەوەی یەکلا کردووەتەوە کە بە هیچ شێوەیەک ئەو نابێت ئەو پەلەی پێوە بێت. ئەم حاڵەتە پێی دەوترێت «Body integrity identity disorder» یان «Transableism».

وەک چۆن ترانسجێندەرەکان هەست بە نامۆیی نێوان ناخ و جەستەیان دەکەن و هەمیشە هاواریانە لە دەست ئەوەی لە لەشێکی هەڵەدا هاتوونەتە دونیاوە و پێویستە لایان لێ بکرێتەوە، ئەم جۆرە کەسانەیش ڕێک لە دەست ئازاری بوونی ئەندامەکانی جەستەیان بە ڕێکوپێکی و تەواوی، ناڵە و دادوبێدادیانە!

چەندین توێژینەوەی زانستی لەبارەی ئەم جۆرە کەسانەوە کراون و لە یەکێک لە لێکۆڵینەوەکانیشدا، بەراوردێکی ورد و زانستی لەبارەی ترانسجێندەرەکان و ترانسئەیبڵیزمەکاندا کراوە؛ ئەنجامی توێژینەوەکەیش ئەوەی دەرخستووە، لە ڕووی ناوەڕۆک و بانگەشە و نیشانە سەختەکانەوە، ئەم دوو پۆلە هاوشێوەی یەکن. تەنانەت لە توێژینەوەیەکی تردا، توێژەرێک دونیایەک پێشەکیی فەلسەفیی لەبارەی فەلسەفەی ئازار و زیانگەیاندن بە جەستەوە نووسیوە و دەیەوێت پێمان بڵێت: مەرج نییە چەمکی زیانگەیاندن بەو شێوەیەی پێشوو بیری لێ بکرێتەوە و پێویستە لایەک لەم جۆرە کەسانە بکرێتەوە کە لە ناخەوە دەخوازن قاچ یان دەستیان لە ڕێگای نەشتەرگەرییەوە ببڕێتەوە، تا به‌ یه‌کجاری لەو ئازاری ساغی و دروستییە قوتاریان ببێت. ئەم توێژەره‌ بۆ سەلماندنی قسەکانی، دوو نموونەی لەم حاڵەتە هێناوەتەوە و ئەوەی ڕوون کردووەتەوە؛ دوو کەس لەسەر داخوازیی خۆیان نەشتەرگەریی بڕینەوەی قاچی ڕاست و یەکێکیان قاچی چەپی بۆ کراوه‌، پاشان دوای نەشتەرگەرییەکە زۆر هەستیان بە خۆشی و ئاسوودەیی کردووە و ئۆخەییان بۆ ڕزگاربوون لە پەلە دروستەکانی جەستەیان کردووە.

بە توێژینەوەی تر دەرکەوتووە، وەختێک ئەم کەسانە لە ڕێگای ئامێری ئەلیکترۆنی و تەکنەجۆلیای پێشکەوتووەوه‌ وایان لێ دەکرێت خۆیان بەبێ قاچ یان دەست ببیننەوە، زۆر کەیفخۆش و دڵشاد دەبن و هاوار دەکەن: ئەوە دەرکەوتنی ڕاستەقینەی ئێمەیە و ئێمە بڕینەوەی لاقمان دەوێت، نەوەک هەبوونی جەستەیەکی تەواو!

پێویستە ئاماژە بەوەیش بکەین، توێژینەوەکان لەبارەی ئەوەوە جیاوازان، ئاخۆ ئەم کەسانە خاوەن مێشکێکی تەواو و دروستن، یاخۆ گۆڕانکاری لە خانە و پێکهاتەی مێشکیاندا ڕووی داوە. بەشێکیان دەڵێن: گۆڕانکاری لە مێشکی ئەم نەخۆشانەدا هەیە و بەشێکی تریشیان کە زۆرینەن، دەڵێن: لە ڕێگای پرسیار و وەڵام و هەڵسەنگاندنە عەقڵی و دەمارییەکانەوە، هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ ئەوانی تردا نییە؛ جگە لەوەی هەست دەکەن لە جەستەیەکی هەڵەدا لە دایک بوونە و پێویستە ئاوڕی جییددیان لێ بدرێتەوە.

بەڵکو بەشێک لە لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوەیش دەکەن، خەڵکانێکی زیاتر لەو ئامارەی بەردەستە، بە دەست ئەو حاڵەتەوە دەتلێنەوە؛ بەڵام زۆرینەیان بەهۆی ئەوەی دەزانن ناکرێت شتێکی وایان بۆ بکرێت و لە چارەسەر بێئومێدن؛ باسەکە لای خۆیان بە کپی دەهێڵنەوە و چاوەڕێی هەلێکن کە چارەسەری تێدا ئاسایی بکرێتەوە. واتە ڕێگا بە بڕینەوە و ئیفلیجکردن و تەنانەت بڕینی دڕکەپەتکیان بدرێت.

باشە دەکرێت ئێمە تا کوێ ڕێگا بە خواستە لەبننەهاتووە قێزەونە دڕندەکانی ئینسان بدەین، باشە دەشێت هەر کێ بانگەشەی هەر شتێکی کرد، ئیدی ئێمە بکەوینە ژێر هەژموونی داخوازییە سەختەکانیەوە و گومان لە ڕاستەقینە بکەین؟!

مرۆڤ وەختێ لە ڕێگای ڕاست لای دا و خۆی ون کرد، ئیدی پەنا بۆ  گشت شتێک دەبات! ئینسان لە جێگایەکی دیکەوە لێ قەوماوە قەومەکە، بێگومان بن، ته‌واوی ئه‌م هه‌ڵبه‌ز و دابه‌ز و لادان و ڕیزپه‌ڕییانه‌ کاردانه‌وه‌ی له‌یادرکردنی حه‌قیقه‌تن! په‌رچه‌کردارێکه‌ بۆ هه‌ڵهاتن له‌ ڕاسته‌قینهیه‌کی دیار‌ یان وێڵبوون به‌ دوای ڕاسته‌قینه‌یه‌کی ونکراودا. ‌لەبری خۆڕادەستکردنمان بە داخوازییە ناجێگیرە لە دوای یەکەکانی بنیادەم، پێویستە بۆ ڕێگا ڕاستەکە بگەڕێینەوە.

بڕوا بکەن ڕۆژێک دێت، مرۆڤگەلێکی زۆر پەیدا دەبن، دەخوازن ڕۆبۆت بوونایە و کەلوپەلی ڕۆبۆت لەبەر دەکەن و خۆیان بە ڕۆبۆت دەناسێنن و ئامرازی ڕاناوی لکاوی ڕۆبۆت نەبێت، قبووڵی ناکەن.

ئەم شەمەندەفەرە وەستانی نییە و تا هەموو مرۆڤایەتی نەخاتە نێو ئاگری خۆخۆرییەوە، لە شۆڕبوونەوە وچان نادات. هه‌رچه‌نده‌ هێنده‌ی له‌ مه‌زنی و هه‌میشه‌یی و به‌رده‌وامیی حه‌قیقه‌ت دڵنیام، نیو هێنده‌ له‌ بوونی خۆم ئه‌رخه‌یان نیم و بێگومانم له‌وه‌ی، له‌ کۆتایی ڕیگاکه‌دا هه‌ر حه‌قیقه‌ت وه‌ بان ده‌که‌وێت و ده‌مێنێته‌وه‌.

وەک چۆن کلێنسێک بەکار دەهێنیت و دواتر فڕێی دەدەیت، بە هەمان شێوە گشت شتێک بەکار بێنە و تووڕی بدە؛ هەمیشە تا ئەو کاتە شتێک گل بدەوە تا بە لاتەوە چێژبەخشە و مجێزت خۆش دەکات؛ هەر کە بێزار بوویت، جێی بهێڵە و شتێکی دی بە دەست بهێنە کە نوێ بێت و بتوانیت هەر کات بێحەوسەڵە بوویت، هەڵی بدەیتە ناو تەنەکەی خۆڵەکەوە.

ئیدی گرینگ نییە ئەو شتە خۆت، جلەکەت، سەیارەکەت، ڕەگەزەکەت، ئایینەکەت، هاوڕێ و خۆشەویستەکەت، یان ژن و ماڵ و مناڵەکەت بێت؛ نابێت بە هیچ شتێکەوە خۆت ببەستیتەوە، بەڵکو هەر لە سەرەتاوە ئەو شتانەی خۆبەستنەوە و چوارچێوەت بۆ دیاری دەکەن، وەک خێزان، ئایین و بەها و پەیامە جێگیرەکان، توخنیان مەکەوە.

سەرمایەداری کار لەسەر زەقکردنەوەی کەمینەکان و دەرخستنی ڕیزپەڕەکانی نێو کۆمەڵگا و پارچەپارچەکردنی تاکەکان دەکات، ئاخر بەرژەوەندی وا دەخوازێت، کۆمەڵگا بەو مانا و بەهایەی جارانی نەمێنێتەوە و وەک خێزانێکی وابەستە خۆی نەنوێنێت؛ بەڵکو وەک چۆن خێزانی لە بنەڕەتەوە لێکهەڵوەشان بۆ ئەوەی برەو بە دڕندەیی و حەزە تاککگەراییەکانی ئینسان بدات و لەوێوە کاڵای زیاتر ساغ بکاتەوە و پتر سوود لە مرۆڤ وەک ئامێرێکی بێهەست و گیان ببینێت کە هیچ بەهایەک نەیبەستێتەوە و سنوورداری نەکات؛ بە هەمان شێوەیش بەردەوام کەمینەکان بە شێوەیەک زاڵ و پەرەپێدراو دەکات کە لە گشت ئامار و بنیادەمێکی ئاسایی و سروشتی بکەویتە گومانەوە. هەندێ جار وا خەریکە ڕیزپەڕ جێ بە تاکە ئاساییەکانی تر لەق دەکات و کەمینە تەواوی ئەوانی تر ئاڕاستە دەکات.

لە دیدی دونیاگەرایی سەردەمی هاوچەرخدا، حەقیقەت پێوەر نییە، بەڵکو هەردەم ئەو شتە پێوەرە جیهانییە بایەخپێدراوەکە دەبێت کە دەبێتە ترێند و لە دوای شتێکی دیکەوە دێت. واتە ئەو کاڵایەی لە دوای ئەمەی ئێستاوە دێت، دەبێتە پێوەر.

خوایه‌ گیان، من باش ده‌زانم تۆ هه‌میشه‌ فیتره‌ت و ئیراده‌ی خۆت سه‌رده‌خه‌یت و ته‌واوی ئه‌م هات و هاوار و په‌له‌قاژێیانه‌، وه‌ک تۆزی بابردوو به‌رگه‌ی گڕی حه‌قیقه‌تی ئه‌زه‌لیی تۆ ناگرن؛ لێ په‌روه‌ردگارم، ناحه‌ق و پێوه‌ره‌ دڕنده‌کان ئه‌شکه‌نجه‌م ده‌ده‌ن و قرچه‌ له‌ جه‌رگمه‌وه‌ هه‌ڵده‌سێنن؛ له‌و قامچییه‌ زیاتر که‌ به‌ به‌ر هه‌تاوی تاقه‌تپڕووکێنی هاوینه‌وه‌ له‌ پشتی به‌نده‌ خۆشه‌ویسته‌که‌ی خۆت، بیلالی حە‌به‌شیدا، سارد ده‌کرایه‌وه‌.

تاگەکان    
قودس #پیری زمان فەڵەستین فەلەستین بوووژانەوە ڕانانی کتێب زانکۆ کرێکار نامە نائومێدی جنۆکە وەرزش سۆفیگەری چەواشەکاریی_لۆژیکی
فیکر
2022-05-23 کۆمێنت 10 خولەک بۆ خوێندنەوە 1560 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی