كتێبی ژمارە 44 لە زنجیرە كتێبی (پرۆژەی بیری میانڕەو)كه قانع خورشید نووسیویهتی و علی حسێن له فارسییهوه كردوویهتی به كوردی.
نووسینی: شڤان ئیبراهیم
زانستی كەلام، باسێكی فرە ڕەهەندە و تەنیا بە بیستنی ناوەكەی بیر و هۆش بۆی لای زۆر بابەتی وردی كەلامی دەڕوات، بەڵام كاتێك ناوی غەززالیی دێتە پاڵ، سەر پڕ دەبێت لە پرسیارگەلی گشتی و جەوهەری لەسەر خودی زانستەكە و، ڕوانین لە مەودایەكی ئەولاتر و لە سەرووی خودی كەلامەوە دەبێت. هەركەس تۆزێك غەززالی بناسێت و سەرگوزەشتەی ژیانی بێنێتە پێش چاو، لەبارەی كەلامەوە ئەم پرسیارانە ختوورەی مێشكی دەدەن:
1- ئایا زانستی كەلام بە ڕێكی چییە و كام بابەتانە لە خۆی دەگرێت؟
2- ئامانجی زانستی كەلام چییە؟ بۆچی و لە كەیەكەوە بووەتە باس؟
3- سوودی زانستی كەلام لە چیدایە و بۆ چ شتێك گرنگە؟
4- بنەماكانی زانستی كەلام چین و پێوەرەكانی لە كوێوە هاتوون؟
5- زانستی كەلام، لەگەڵ زانستە ئاینییەكانی تردا چۆن پۆلێن دەكرێت و لە چ پلەیەكدایە؟
6- ئایا زانستی كەلام مەترسیی هەیە؟ مەترسییەكانی چین و بۆ كێن؟
7- كەلام و فەلسەفە چ جاوازییەكیان هەیە و لە كوێدا یەكدەگرنەوە؟
8- تەسەووف و كەلام چ پەیوەندییەكیان هەیە؟
9- كێن ئەوانەی دژایەتیی ئەم زانستە دەكەن؟ بۆچی ئەم كارە دەكەن؟
10- كاریگەرییەكانی غەززالی لەسە ئەم زانستە چی بووە؟ پێش غەززالی ئەم زانستە چۆن تەماشا كراوە و دوای ئەو چیی بەسەردا هاتووە؟
11- چۆن بڕوانرێتە بۆچوونە دژەكانی غەززالی لەبارەی ئەم زانستەوە؟
لە كتێبی "ئەبوو حامدی غەززالی و تێڕوانینی بۆ زانستی كەلام"دا، وەڵامی كورت و پوختت لەبارەی زۆرێك لەو پرسیارانەەوە دەست دەكەوێت، یان لانی كەم ئاشنایەتیت بەو پرسیارانە زیاتر دەبێت و بە بڕێك سەرچاوەی باشت دەناسێنێت لەو بوارەدا. ئەم كتێبە هەموو ئەو پرسیارانە لە دیدی غەززالییەوە دەخوێنێتەوە، هەر دواتر بۆ خوێنەر ڕوون دەبێتەوە كە بڕێكی زۆریان هەر زادەی بیری غەززالی بوونە، كتێبەكە سەرەڕای بچووكیی قەبارەكەی بە ئەندازەیەكی باش توانیویەتی كاریگەریی غەززالی لەسەر زانستی كەلام بگەیەنێتە خوێنەر.
ئەم كتێبە بابەتێكی تەواو ئەكادیمی و زانستییە، قسەكان تێیدا چڕو گوشراون، لە كۆمەڵە پەڕەیەكی كەمدا، سەرچاوەگەلی باش و گرنگت بەرچاو دەكەوێت، لێكدانەوەی پوخت و دانسقەت چنگ دەكەوێت، ئەمە سەرەڕای فراوانبوونی بازنەی بیركردنەوت لەسایەی ئەو هەموو بۆچوون و قسە جیاوازانەی دەیانخوێنیتەوە.
كتێبەكە لە بنەمادا ڕاپۆرتێكی زانستییە بۆ زانكۆی تاران، كۆلێژی ئیلاهییات، بەشی ئەدیان و عیرفان، نووسراوە. واتە زمانی یەكەمی نووسینەكە فارسییە، بەڵام ئەمە نەبووەتە هۆی ئەوەی كە كوردبوونی نووسەر كاریگەریی خراپی لەسەر جێهێڵابێت، بەڵكو لەلایەن زانكۆوە بە زمانی نووسنەكەدا هەڵدراوە و سەرپەرشتیاری ڕاپۆرتەكە بە نووسەر دەڵێت "قلم خوبی دارید خورشید".
وەرگێڕانی كتێبەكەیش، هەتا خوا حەز بكات جوان و ڕێكە، تەواو پاراو و كوردانەیە، كاك عەلی حسێن (خوا نموونەی زیاد بكات) كارێكی وەهای كردووە كە شایستەی چاولێكرانە لە وەرگێڕاندا، ئەوەیش بڵێین كە كاك (بەدران حەبیب) لە داڕشتنەوەی كوردیی هەندێ دەستەواژەدا هاوكاری وەرگێڕ بووە، بەمەیش كارەكە جوانتر بووە و بووەتە یەكێك لە وەرگێڕانە باشەكانی ئەم ساڵانەی دوایی.
بەو هیوایەی سوود و چێژی لێ ببینن.