ناوی کتێب: به زمانی یه‌که‌م (فه‌ڕه‌نسی) : La Vingt-cinquième Heure
به ئینگلیزی: The 25th Hour
به عه‌ره‌بی: الساعة الخامسة والعشرون
به کوردی: کاتژمێری بیست و پێنجه‌م
ناوی نووسه‌ر به ئینگلیزی: Constantin Virgil Gheorghiu
به عه‌ره‌بی: کونستانتان فرجيل جيورجيو
ڕۆمانی (الساعة الخامسة والعشرون)، یه‌کێکه له به‌ناوبانگترین و گرنگترین ئه‌و ڕۆمانانه‌ی له ته‌واوی مێژوودا نووسراون، نووسه‌ره‌که‌ی ڕاهیبێێکی ڕۆمانیاییه به‌ناوی (کۆنستانتان جیۆرجیۆ)، بابه‌تی ڕۆمانه‌که‌یش که پاش کۆتاییهاتنی دووه‌مین جه‌نگی جیهانی نووسراوه، باسی نه‌هامه‌تییه‌کانی بنیاده‌می سه‌رده‌می جه‌نگ و بێبایه‌خبوونی مرۆڤ و بێبه‌هایی ژیان له سه‌رده‌می نوێ‌دا ده‌کات. جۆرجیۆ به‌و ڕۆمانه‌ی چووه نێو مێژووی ڕۆماننوسینه‌وه و خه‌ڵاتی نۆبێلی ئه‌ده‌بیاتیشی برده‌وه.
یه‌که‌م جار ناوی ئه‌و ڕۆمانه‌م له ناوه‌ڕاستی ده‌یه‌ی نه‌وه‌دی سه‌ده‌ی ڕابردوودا به‌رچاو که‌وت، له ڕێی کتێبی (تأملات فی الإنسان)ی نووسه‌ری میسری (رجا‌ء النقاش)ه‌وه، نه‌ک ته‌نها ناوی ڕۆمانه‌که و نووسه‌ره‌که‌ی، به‌ڵکو ئه‌و پهرهگرافهیشی که باسی ئه‌وینداریی بێده‌نگ ده‌کات به به‌رده‌وامی له‌ناو سه‌رمدا ده‌زرنگایه‌وه و بووبووه هه‌وێنی چه‌ندین بیرۆکه و نووسین له لام. ساڵ هات و چوو ئه‌و ڕۆمانه‌م ده‌ستنه‌که‌وت، دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر نووسخه‌یه‌کم له کتێبخانه‌یه‌کدا به‌رچاو که‌وت و بێ یهکودووکردن کڕیم و هێنامه‌وه ماڵێ، ئه‌گه‌رچی نیازم نه‌بوو و باوه‌ڕیشم نه‌ده‌کرد به‌م زووانه ده‌رفه‌تی خوێندنه‌وه‌یم هه‌بێت، چونکه هه‌م ژماره‌ی لاپه‌ڕه‌کانی زۆر بوون و هه‌م کتێبی دیکه‌ی زۆر له پێشه‌وه بوو و هه‌م خوێندنی مه‌نهه‌جیش به‌رده‌وام مۆته‌که‌یه‌ک بوو و له لاوه خۆی پیشان ده‌دام و ده‌یترساندم. لێ ڕۆژی (24ی کانونی دووه‌می 2015) ده‌ستم به خوێندنه‌وه‌ی کرد و له ماوه‌ی سێ یان چوار ڕۆژدا ته‌واوم کرد.
ئه‌گه‌ر بپرسن تا ئێستا چه‌ند ڕۆمانت خوێندووه‌ته‌وه، ڕه‌نگه نه‌زانم به ئاسانی بڵێم ئه‌وه‌نده، وه‌لێ ئه‌گه‌ر بپرسن له‌ناو ئه‌و هه‌موو ڕۆمانانه‌دا که له بیستوپێنج ساڵی ڕابردوودا خوێندووتنه‌وه، ده‌توانی ناوی ڕۆمانێکی کاریگه‌رمان پێ بڵێیت؟ له دوای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆمانه‌وه، هیچ پێویستم به‌وه نییه بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی وه‌ها پرسیارێک بیربکه‌مه‌وه و یه‌کڕاست ده‌ڵێم: به‌ڵێ، الساعة الخامسة والعشرون!
کاتی خۆی که له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کانه‌وه ده‌ستم به خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانی (حه‌مه‌دۆک) کرد، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تازه کتێبم ده‌ناسی و مێشکم وه‌ک په‌ڕه‌ی سپی بوو و هه‌ر شتێکی تازه‌م ده‌دیت پڕم ده‌دایه، هێنده تامه‌زرۆیانه خوێندمه‌وه، زێده‌ڕۆیی نه‌بێت، خه‌ریک بوو کاغه‌ز و کتێبهکهیشم قووت ده‌دان!
له‌و مێژووه‌وه تا خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆمانه ده‌یان و تۆ بڵێ سه‌دان ڕۆمانی دیکه‌م خوێندوونه‌وه، زۆریشیان وهستاندوویانم و به دیاریانه‌وه تاساوم، وه‌لێ هیچیان وه‌ک ئه‌مه‌ی دوایی نهیانحهپهساندووم. ئه‌م ڕۆمانه له هیچ ڕۆمانێکی دیکه ناچێت، ئاخر زۆر ڕۆمان سه‌ره‌تاکه‌ی و تا نزیکه‌ی بیست سی لاپه‌ڕه‌یه‌کیشی لێ ده‌خوێنیته‌وه، که‌مێک ته‌مومژاوییه و نازانی باسی چی ده‌کات، ئه‌وه‌یش ئاساییه، چونکه تا که‌سایه‌تییه‌کان نه‌ناسیت و سه‌ره‌داوی ڕووداوه‌کانت نه‌که‌ونه ده‌ست، چۆن تێکه‌ڵی ڕۆمانه‌که ببیت؟ وه‌لێ ڕۆمانی کاتژمێر بیستوپێنج شتێکی تره، هه‌ر له یه‌که‌م لاپه‌ڕه‌وه خوێنه‌ر ته‌نها تێکه‌ڵی ڕووداوه‌کانی نابێت، به‌ڵکو وا ده‌زانێت خۆی له‌وێ ده‌ژێت، باوه‌ڕ ناکه‌ی؟ ده تۆ بیخوێنه‌ره‌وه، بزانه تووشی دڵه‌کوته نابیت و گوێت له ده‌نگی ترپه‌ی دڵی خۆت نابێت!
جۆرجیۆ ڕۆمانی نه‌نووسیوه، تابلۆی کێشاوه، نه‌وه‌ڵا فیلمی ده‌رهێناوه، ئه‌و ڕۆماننووسه بێره‌حمه به‌زه‌یی به خوێنه‌ردا نایه‌ت، وای چ به‌رز و نزمییه‌کی پێ ده‌کات، به چه‌ند هه‌ورازدا ههڵیدهزنێت و به چه‌ند نشێودا شۆڕی ده‌کاته‌وه.
پاڵه‌وانی ڕۆمانه‌که‌دا (یۆهان مۆریتز) گه‌نجێکی خه‌یاڵپڵاوی ساده‌یه، له گوندێکی دووره‌ده‌ستی وڵاتی ڕۆمانیادا به‌ئارامی خه‌ریک ژیانی خۆیه‌تی، که‌ڵکه‌ڵه‌ی چوون بۆ ئه‌مریکا ده‌که‌وێته سه‌ری، که‌چی ڕووداوێکی له‌ناکاو و چاوه‌ڕواننه‌کراو نه‌خشه‌ی ژیانی ده‌گۆڕێت و وه‌ها سه‌رگه‌ردان ده‌بێت، نه‌ک ئه‌مریکا، به‌ڵکو جارێکی تر وڵاتی خۆیشی نابینێته‌وه، نه‌ک وڵاتی خۆی، تۆ بڵێ تا ئه‌و ڕۆژه‌ی ده‌مرێت، ده‌ره‌وه‌ی زیندانیش بۆ ئه‌و ده‌بێته خه‌ون!
شه‌وی به‌ر له سه‌فه‌ره‌که‌ی بۆ ئه‌مریکا، ده‌چێت بۆ لای خۆشه‌ویسته‌که‌ی که ناوی (سوزانا)یه و به فیکه‌یه‌ک گاسی ده‌کاته نێو حه‌وشه گه‌وره‌که‌یان و پێکه‌وه ڕازونیاز ده‌که‌ن و چرپه‌ی ئه‌وین له‌ته‌ک یه‌کدا ده‌گۆڕنه‌وه، کچه‌ی ئه‌وینداری پێی ده‌ڵێت: مه‌ڕۆ، هه‌ستده‌که‌م باوکم به ماجه‌رای نێوانمانی زانیوه و دڵنیام گه‌ر تۆ بڕۆیت، زۆر نابات ده‌مکوژێت، چونکه زۆر دڵی پیسه و له فه‌رهه‌نگیدا جێی نابێته‌وه کچه‌که‌ی له‌گه‌ڵ کوڕێکدا په‌یوه‌ندیی هه‌بێت. کوڕه‌یش دڵی ده‌داته‌وه که نه‌ترسێت و خه‌یاڵی خراپ نه‌کات، پێی ده‌ڵێت: ماوه‌یه‌ک ئارام بگره، ته‌نها یه‌ک دوو ساڵێک له یه‌کتر دوور ده‌بین، به‌شی پێویستیی هاوسه‌رگیرییه‌که‌مان پاره کۆده‌که‌مه‌وه و زۆری پێ ناچێت ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ لات.
له‌م قسه و باسانه‌دا ده‌بن، له‌نکاو ده‌بینن په‌نجه‌ره‌ی ژووری کچه ڕۆشن بووه‌ته‌وه و پیاوێکی زلی دێوئاسا ژنێکی لاواز و له‌ڕی خستووه‌ته ژێر ده‌ستوپێی و به هه‌موو هێزی تێی به‌ربووه و دارکاریی ده‌کات، پیاوه دێوه‌که باوکی کچه‌یه و ژنه لاوازه بێدهسهڵاتهکهیش دایکیه‌تی.
سه‌ره‌تایه‌کی گه‌رموگوڕ و ترسێنه‌ر و هه‌ژێنه‌ر، دنیا تاریکه و باران له‌سه‌ر ده‌بارێت و کچه زنده‌قی چووه و کوڕه‌یش نایه‌وێت مه‌عشووقه‌که‌ی به‌ته‌نیا جێبهێڵێت و بیداته ده‌ست دێوه‌ی بابی، کوڕه و کچه ڕاده‌که‌ن و که‌س نییه له ترسی دێوه‌دا وه‌خۆیان گرێت، ته‌نانه‌ت باوک و داکی کوڕه‌یش دوای قه‌یرێک ڕاگرتنیان و تێگه‌یشتن له چیرۆکه‌که‌یان، وه‌ده‌ریان ده‌نێن!
ئه‌م سه‌ره‌تایه که تێکه‌ڵه‌یه‌که له خۆشه‌ویستی و وه‌فاداری و توندوتیژی و ڕه‌وتاری خێڵه‌کییانه و غیره‌تی پیاوی کۆمه‌ڵگه‌ی پیاوسالار، وا ده‌کات خوێنه‌ر به‌ده‌م خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌که‌وه هه‌ست به زاروشکی بکات و بێئه‌وه‌ی له جێی خۆی بزوابێت وا هه‌ست بکات غار ده‌دات، زێده‌ڕۆیی ناکه‌م ئه‌گه‌ر بڵێم له ترسی وه‌ی نه‌با ده‌ستی دێوه‌ی بابی کچه‌ی وێ بگات، جارجار کتێبه‌که داده‌خات و چاوه‌کانی ده‌نووقێنێت، که‌چی زۆر خۆی پێ ڕاناگیرێت و دیسان ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ری و تێهه‌ڵده‌چێته‌وه!
به‌کورتی و بێ ئه‌وه‌ی هه‌موو شتێکت پێ بڵێم، کوڕه و کچه ده‌بنه هاوسه‌ر و ترسی بابی کچه‌یان له‌سه‌ر نامێنێت، وه‌لێ زۆر نابات کێشه‌یه‌کی دی یه‌خه‌یان ده‌گرێت و له یه‌کتریان داده‌بڕێت، ئه‌فسه‌رێکی پۆلیسی گونده‌که دڵی ده‌چێت له سوزانا و گه‌ڕی پێ ده‌گرێت و وه‌ختێ دڵنیا ده‌بێت له‌وه‌ی مل نادات، ته‌پکه‌یه‌ک بۆ کوڕه ده‌نێته‌وه و ناوی به جووله‌که ده‌نووسێت. ڕه‌نگه بڵێن جا قه‌یدی چییه؟ نازانن هه‌موو ڕووداوه‌کان له‌وێوه ده‌ست پێ ده‌که‌ن. ئاخر ئه‌و سه‌رده‌مه جووله‌که بوون له‌ژێر ده‌ستی ئه‌ڵمانیای نازی و وڵاتانی هاوپه‌یمانیدا هه‌روا ئاسان نه‌بوو. ئه‌ڵمانیا بڕیاری دا جووله‌که‌کان بنێرێت بۆ به‌ره‌ی جه‌نگ و ڕۆمانیایش شوێنپێی هه‌ڵگرت.
ناوی پاڵه‌وانی ڕۆمانه‌که (یۆهان مۆریتز) وه‌ک جووله‌که ده‌ڕواته سه‌ره‌وه، بۆیه ئه‌ویش له‌ته‌ک ئه‌ودوای جوله‌که‌کانی ناوچه‌که‌دا دهنیڕدرێت بۆ پێشه‌وه‌ی به‌ره‌کانی جه‌نگ و بۆ ئه‌نجامدانی کاری قورسی پێ ئه‌نجام ده‌درێت. کوڕه هه‌رچه‌ند دادوبێداد ده‌کات که جووله‌که نییه و به هه‌ڵه ناوی به‌رزکراوه‌ته‌وه، که‌س گوێی لێ ناگرێت و ته‌نانه‌ت گاڵته‌یشی پێ ده‌که‌ن، پێی ده‌ڵێن که جوو نیت خێره ناوت له‌ناو ناوی جوواندایه؟!
ئیدی ئه‌وه سه‌ره‌تای به‌دبه‌ختی و ماڵوێرانی و سه‌رگه‌ردانی پاڵه‌وانی ڕۆمانه‌که‌یه، له‌وێوه دوای چه‌ند ساڵێک کارکردن، به پلانی چه‌ند که‌سێک ڕاده‌کات بۆ وڵاتی پۆڵه‌ندا، ئه‌وانه‌ی هانی ده‌ده‌ن له‌گه‌ڵیان ڕابکات و له ڕێگه جانتاکانیان بۆ هه‌ڵبگرێت، په‌یمانی ده‌ده‌نێ هه‌ر که له سنووری ڕۆمانیا ده‌رچوون و مه‌ترسییان له‌سه‌ر نه‌ما، یه‌کڕاست یارمه‌تیی بده‌ن بڕوات بۆ ئه‌مریکا، که‌چی وه‌ختێ ده‌گه‌نه ناو خاکی پۆڵه‌ندا و کاریان پێی نامێنێ، له‌بیری ده‌که‌ن و به تاقی ته‌نیا جێیده‌هێڵن، ماوه‌یه‌ک له‌و وڵاته‌دا به سه‌رگه‌ردانی ده‌سووڕێته‌وه، نازانێ چ بکات؟ که‌چی له‌پڕ له لایه‌ن ده‌ستگای ئاسایشی پۆڵه‌نداوه ده‌گیرێت و دوای ئه‌شکه‌نجه‌دانێکی دڕندانه و تۆمه‌تبارکردنی به سیخوڕی‌کردن بۆ ڕۆمانیا، له‌گه‌ڵ هه‌زاران به‌ندکراوی تردا ڕه‌وانه‌ی وڵاتی ئه‌ڵمانیا ده‌کرێت، ئه‌ویش له چوارچێوه‌ی په‌یماننامه‌یه‌کی نێوان هه‌ردوو وڵات‌دا. له‌وێیش جۆرێکی تری ئازار و به‌دبه‌ختی له چاوه‌ڕوانیدایه. له ئه‌ڵمانیا هیچ جۆره ئه‌شکه‌نجه‌دانێکی ڕاسته‌وخۆ له‌ئارادا نییه، به‌ڵکو وه‌ک له زمانی پاڵه‌وانه‌که‌وه ده‌یخوێنینه‌وه، ئه‌ڵمانه‌کان کارێک ده‌که‌ن مرۆڤ له‌بیری بچێته‌وه که مرۆڤه و هێنده سه‌رقاڵ بکرێت ببێت به ئامێر. یۆهان له‌وێ ده‌خرێته ناو کارگه‌یه‌که‌وه و هه‌موو ڕۆژێک له به‌یانی زووه‌وه‌وه تا دره‌نگانێکی ئێواره یه‌ک ئیشی هه‌یه، له‌به‌رده‌م سکه‌یه‌کی کاره‌باییدا ده‌وه‌ستێت، سکه‌که چه‌ند چرکه جارێک سندووقێک دێنێته به‌رده‌ستی، سندووقه‌کان زریزه‌ی جلوبه‌رگی سه‌ربازییان تێدایه، ئه‌گه‌ر بۆ ته‌نیا یه‌ک چرکه خه‌یاڵی بڕوات، سندووقێک ده‌که‌وێته خواره‌وه و به‌وه‌یش کاره‌سات دروست ده‌بێت، چونکه سکه‌که کاره‌باییه و چاوه‌ڕێی که‌س ناکات، ئه‌گه‌ر داچه‌مێت سندووقه که‌وتووه‌که هه‌ڵگرێته‌وه، دوو سێ سندووقی دیکه‌یش دێن و که‌ڵه‌که ده‌بن و به‌رده‌بنه‌وه.. ئه‌م دیمه‌نه له‌و دیمه‌نه‌ی فیلمی (مۆدێرن سیتی) ده‌چێت که چارلی چاپلن نازانێت به ئامێری نوێ نان بخوات و هه‌موو خواردنه‌که‌ی پێدا ده‌ڕژێت و بینه‌ر به‌زه‌یی پێیدا دێته‌وه. ڕۆماننووس هێنده به‌وردی باس له‌و ئازاره ده‌روونییه ده‌کات که پاڵه‌وانه‌که‌ی تووشی بووه، خوێنه‌ر دڵی ده‌گووشرێت و هه‌ناسه‌ی ته‌نگ ده‌بێت. ڕه‌نگه به‌گوێره‌ی شه‌ریعه‌ت خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆمانه بۆ که‌سێک نه‌خۆشیی دڵی هه‌بێت حه‌رام بێت، ئاخر به خۆخستنهتالووکهوه داده‌نرێت. به‌گوێره‌ی بنه‌ماکانی زانستی پزیشکییش له‌وانه‌یه ڕێگه‌پێنه‌دراو بێت، چونکه دوور نییه خوێنه‌ر له ئانی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و په‌ره‌گرافانه‌دا دڵی له کار بکه‌وێت!
دوای ماوه‌یه‌ک ئه‌ڵمانه‌کان ده‌گه‌ن به‌و باوه‌ڕه‌ی یۆهان مۆریتز له ڕه‌گه‌زی ئارییه و پێویسته ڕێزی لێ بگیردرێت، ئه‌مه‌یش هه‌روا به‌ئاسانی نایه‌ت و پێویسته خوێنه‌ر خۆی بیخوێنێته‌وه تا بزانێت چۆن ئه‌مه ڕووده‌دات. بۆیه له دیلییهوه ده‌کرێت به سه‌ربازێکی ئه‌ڵمانی و ژنی بۆ ده‌هێنن و پله‌ی به‌رزده‌که‌نه‌وه. که‌چی کهمئاوهزیی خۆی جارێکی دیکه په‌نی پێ ده‌دات و له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێ دیلی فه‌ره‌نساییدا ههڵدیـت و جارێکی دیکه تووشی چه‌رمه‌سه‌ری ده‌بێت و له دوو هاوسه‌ر بڕکه‌یه مناڵ ده‌ستی له هه‌نبانه‌ی به‌تاڵه‌وه ده‌رده‌چێت ...
کۆتایی ڕۆمانه‌که بۆ خۆتان جێده‌هێڵم و پێتان ده‌ڵێم ئه‌وه‌ی تا ئێستا باسم کردووه، ته‌نها به‌رچاوڕوونییه‌که بۆ که‌سێک بیه‌وێت بیخوێنێته‌وه. ده‌نا ده‌یان کاراکته‌ر و که‌سایه‌تی و ڕووداوی چاوه‌ڕواننه‌کراوی نێو ڕۆمانه‌که هه‌ن هه‌ر به لایشیدا نه‌چووم. بۆ نموونه کۆرۆغای که‌شیش و کوڕه ڕۆماننووسه‌که‌ی که ناوی تریان کۆرۆغایه و سه‌رقاڵی نووسینی ڕۆمانێکه به ناوی (کاتژمێر 25) و پێی وایه مرۆڤایه‌تیی له‌و سه‌عاته‌دا ده‌ژێت و ژیانی مرۆڤ به‌ره‌و بێمانایی هه‌نگاو ده‌نێت، بگره هه‌ر ئێستا پێی خستووه‌ته ناو ئه‌و سه‌عاته‌وه، هه‌روه‌ها نوورای هاوسه‌ری تریان که ئافره‌تێکی جووله‌که‌یه و له‌سه‌ر جووله‌کایه‌تی ده‌ربه‌ده‌ر ده‌بێت و ماڵ و سامانی جێده‌هێڵێت و به هه‌زار حاڵ له‌گه‌ڵ مێرده‌که‌یدا له ڕۆمانیا ده‌رباز ده‌بێت و خۆی ده‌گه‌یه‌نێته بنده‌ستی هێزی هاوپه‌یمانان، که‌چی کاتێ ئه‌مریکاییه‌کان ده‌یانگرن به لایه‌نگری نازیزم تۆمه‌تباریان ده‌که‌ن و هه‌ر ڕۆژه‌ی له زیندانیکیان ده‌ئاخنن تا سه‌ره‌نجام ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕی ناکرێت ڕووده‌دات.
هه‌روه‌ها چۆنیهتییی پلاماردانی کۆمۆنیسته‌کان و کوشتنی خه‌ڵکی بێ‌تاوان، شێوازی گڕتێبه‌ربوونی ژنی دووه‌می یۆهان مۆریتز له‌گه‌ڵ پیاوێکدا که بۆ خۆی مه‌ته‌ڵێکی نێو ڕۆمانه‌که‌یه، چاره‌نووسی سوزانای هاوسه‌ری یه‌که‌می مۆریتز و مناڵه‌کانی، شێوازی مامه‌ڵه‌کردنی ئه‌مریکاییه‌کان (هێزی هاوپه‌یمانان) له‌گه‌ڵ مۆریتزدا...هتد. هیچی ئه‌وانه‌م باس نه‌کردووه.
ئەمە ته‌نیا ڕۆمانێک نییه، به‌ڵکو داستانێکی وه‌ک هه‌زارویه‌کشه‌و و شانامهکەی فیرده‌وسییه. بریتییه له 568 لاپه‌ڕه و (فائز کم نقش) بۆ زمانی عه‌ره‌بیی وه‌ریگێڕاوه. ئومێد ده‌که‌م ده‌رفه‌تێک بدۆزنه‌وه و بیخوێننه‌وه.
* تێبینی: ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌ستی مندایه چاپی چواره‌می ڕۆمانه‌که‌یه به زمانی عه‌ره‌بی و پێشه‌کییه‌که‌ی (د.عەبدوڵڵا ئیبراهیمی)ی له‌گه‌ڵدا نییه.