گوشراو
باسوخواسی بنه‌ڕه‌تیی جیهانی بوون، یانی ژیان و مردن، له وێژه‌ی هه‌ر میلله‌تێکدا و به‌تایبه‌ت له ڕۆژگاری چاره‌نووسسازدا، له لایه‌ن نووسه‌ران، شاعیران و هونه‌رمه‌ندانه‌وه ده‌گێڕدرێنه‌وه و پێناسه‌یان بۆ ده‌کرێن. ئه‌ده‌بی فارسییش هاوشان، له‌و چوارچێوه‌یه به‌ده‌ر نییه. ئه‌و چه‌مکگه‌له به شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو له لایه‌ن شاعیرانی ئێرانییه‌وه به‌تایبه‌ت، سپێهری، ئه‌خه‌وان، فروخزاد، نیما و شاملوودا، وێنه‌یان لێ کێشراون. به سه‌رنجدان له جیهانبینیی تایبه‌تی هه‌ریه‌ک له‌و شاعیرانه، ڕوانینی ئه‌وان بۆ ئه‌و دوو بابه‌ته، لێک جیاوازن. هێندێکیان له ده‌لاقه‌یه‌کی ئه‌رێنی و گه‌شبینه‌وه چاویان له باسه‌که کردووه و، له حاڵێکدا بڕێکی دیکەیان دیدێکی نه‌رێنییان بۆ پرسه‌که هه‌یه. خوێندنه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنی شاعیرانی ناوبراو له‌باره‌ی مه‌رگ و ژیان و به گه‌ڕانه‌وه بۆ نموونه‌گه‌لی به‌رهه‌می ئه‌و هۆزانڤانانه، بابه‌تی به‌دواداچووی ئه‌م وتاره‌ن.
کلیلی ده‌سپێک: مه‌رگ، ژیان، سپێهری، ئه‌خه‌وان، فروخزاد، نیما، شاملوو.
به‌رایی
مه‌رگ و ژیان به‌هه‌میشه‌یی زه‌ینی ئاده‌میزادیان به خۆوه مژووڵ کردووه و بابه‌تی زۆرێک له توێژینه‌وه‌ی بۆچوونگه‌لی فه‌لسه‌فی، ئایینی و ئه‌ده‌بین. ئه‌سته‌مه له‌باره‌ی ژیانه‌وه بدوێین و خۆ له باسی مه‌رگ ببوێرین. هه‌رچه‌ند ئه‌م دوو پرسه له ڕووکاردا له به‌رانبه‌ر یه‌کدیدان، به‌ڵام مه‌رگ به‌شێکی دانه‌بڕاوی ژیانه و، به ناوونیشانی کۆتاییی سروشتیی ئه‌و له‌به‌رچاو گیراوه. هاوئاوازیی ژیان و مه‌رگ، له واقیعدا یه‌کگرییه‌کی ئاهه‌نگی، سروشتی و لۆژیکیی نێوان دوو پرسی دژبه‌یه‌کن له‌گه‌ڵ یه‌کدا.
گه‌رچی به شێوه‌یه‌کی گشتی، له فه‌لسه‌فه یاخود مه‌زه‌ب، هه‌روه‌سا له بیروباوه‌ڕی خه‌ڵکیدا، ژیان به سه‌رناوی فه‌رمانێکی به‌ردڵ و مه‌رگ به ده‌رکه‌وته‌یه‌کی به‌د و بهردڵنهکهوتوو له قه‌ڵه‌م ده‌درێت، وه‌لێ بیچمی لێکدانه‌وه‌ی ئه‌م باسه له که‌سێکه‌وه بۆ که‌سێکی دی و له گرۆیهکهوه بۆ گرۆیه‌کی دی جیاوازیی هه‌یه و به‌و نرخاندنانهوه په‌یوه‌ستن که بۆ مانه‌وه هه‌یانه. توێژینه‌وه و لێکدانه‌وه‌ی تێڕوانینی هونه‌رمه‌ندان و به‌تایبه‌ت بنووسان، که له‌سه‌ر بنچینه‌ی فه‌لسه‌فه‌یه‌کی فیکریی تایبه‌ت، هه‌ر یه‌کێکیان وێنا کراون، به باسوخواسێکی گه‌لێک سه‌رنجکێش دێنه پێش چاو. له لایه‌ک شاعیرانی وه‌رگیراو له بڵندترین شاعیرانی نوێخوازی ئێرانن و هه‌موویان هیی یه‌ک سه‌رده‌من، بۆچوونی جیاواز له‌و ڕووه‌وه ده‌خه‌نه ڕوو و، له لایه‌کی تره‌وه له شیعری نوێ‌دا، له‌گه‌ڵ خوازه و چواندنگهلێکی جوان و ده‌گمه‌ندا ڕووبه‌ڕووین که خوێندنه‌وه و نرخاندنیان له باشی خاڵی نییه. به هێنانه‌وه‌ی نموونه‌گه‌لێک له شیعره‌کانی ئه‌و شاعیرانه و بێژه‌ی به‌کاربردوو تێیاندا، تێڕوانینی ئه‌وانمان زێتر بۆ ڕوون ده‌بنه‌وه. هه‌روه‌تر ڕیشه و زه‌مینه‌ی شێوهگریی ئه‌و بۆچوونانه‌یش جێبایه‌خ ده‌بن.
تاووتوێ و لێکۆڵینه‌وه
ژیان، "نه‌ریتێکی شادیهێن"
سوهرابی سپێهری، یه‌ک له شاعیرانی هاوچه‌رخی ئێرانییه، که له شیعره‌کانیدا به ته‌رزێکی به‌ربڵاو پرسی مه‌رگ و ژیان، ڕه‌نگیان داوه‌ته‌وه. هۆزانڤان له کڵاوڕۆژنه‌یه‌کی ئه‌رێنیی په‌یوه‌ست به ژیانه‌وه، که جارناجارێک له‌گه‌ڵ که‌یفخۆشی (ئه‌پیکۆریزم)*یشدا ئاوێته ده‌بن، به (نه‌ریتێکی شادیهێن) ناوی لێ ده‌بات و، ڕای وه‌هایه که ده‌بێت لێیه‌وه به‌هره‌وه‌ر بیت و چێژی لێ ببینی. چه‌مکی ژیان، که هێندێک یه‌کجار ئاڵۆز و جارناجارێکیش تێگه‌ییشتن لێی به کارێکی ئه‌سته‌م و پڕکێشه نێو ده‌به‌ن، له ڕوانگه‌ی سپێهرییهوه دۆخێکی زۆر سانایه و پێکهاتووه له کاروباری ڕۆژانه:
ژیان؛ شۆردنی دەەفرێکە (سوهراب، 1928-1980)
ئه‌وه‌ی که ڕوانگه‌ی سپێهری هه‌مبه‌ر به جیهانی ده‌وروبه‌ری و، ئه‌و به شێوه‌یه‌کی تایبه‌تی له‌وانی تر جیا ده‌کاته‌وه، به گوته‌ی سیرووس شه‌میسا، (فه‌لسه‌فه‌ی ڕوانینی نوێ)ی سوهرابه بۆ ژیان:
گه‌ره‌که چاوه‌کان بشۆرین
شێوه‌یه‌کی دی بنۆڕین (سوهراب)
سوهرابی سپێهری، به‌هه‌میشه‌یی له هه‌ر شێوه به‌ڵگه‌هێنانه‌وه‌یه‌ک بۆ باسوخواسی بوونناسی و مێتافیزیک نێزیکی هه‌ڵنابژێرێت، هه‌روه‌تر ڕێگه‌ی زانست یاخود ئه‌قڵیش ناکاته بناخه‌یه‌ک بۆ تێگه‌ییشتن له مانای قووڵی چته‌کان. چون په‌ی به‌وه ده‌بات حاڵی‌بوون له ڕازی جیهان کارێکی ئه‌سته‌مه. زۆرێکیش له فه‌یله‌سووفان و نووسه‌رانی تر له دهسڕانهگهییشتنی مرۆڤ بۆ ناسینی هه‌قیقه‌ت، چ گومانێکیان نییه. بۆ نموونه، له دیدی پاسکاله‌وه: "مرۆڤ هیچ وه‌خت ناتوانێت ده‌ستی به هه‌قیقه‌ت بگات، چونکوو ئه‌قڵی وی سنوورداره". به‌ڵام پاسکال ئه‌و باسه به به‌دبه‌ختیی ئاده‌میزاد نێو ده‌بات. ڕوانینی ئه‌م فه‌یله‌سووفه فهڕهنسایییه بۆ ژیان، "ترسمان تێدا ده‌چێنێ و له خۆشییه‌کانی دونیا دوورمان ده‌خه‌نه‌وه" (لاگارد، 1985). وه‌لێ سوهرابی سپێهری، هه‌مبه‌ر به نه‌توانینی مرۆڤ بۆ دهسڕاگهییشتن به هه‌قیقه‌ت پێداگری ناکات، به‌و پێیه‌ی ده‌ڵێت:
کاری ئێمه نییه، حاڵی‌بوون له ڕازی گوڵی سوور
ڕه‌نگه کاری مه ئه‌وه بێ
له ئه‌فسوونی گوڵی سووردا، مه‌له‌وانێک بین سه‌رئاوکه‌وتوو (سوهراب)
به‌و ڕه‌نگه، ئه‌م شاعیره تیژبین و ورده‌کاره (هاوشێوه‌ی گه‌لێک له بیریاران و فه‌یله‌سووفانی تری چه‌شنی ڤۆڵتێر، فه‌یله‌سووفی به‌ناووبانگی فه‌ڕه‌نسایی له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه‌مدا)، بانگمان لێ ده‌کات کاتی خۆمان به باسانێکهوه که توانای سهرهدهریمان لێیان نییه، به‌هه‌ده‌ر نه‌ده‌ین، ڕه‌چاوی هێما و (جه‌زبه)گه‌لی سانای ژیان بکه‌ین و له ته‌واوی جوانییه‌کانی، ته‌نانه‌ت له یه‌ک نانی گه‌رم یا سێوێک، چێژ ببه‌ین. له چه‌رخی پیشه‌سازی و له (سه‌ده‌ی به‌رزبوونه‌وه‌ی پۆڵا) و (لێکخشانی کانزا‌کان) و، هه‌تا له پشتی په‌نجه‌ره‌ی داخراوی فڕۆکهیهکیشهوه، باخێک ببینین. به‌هه‌لزانینی ژماردنی کات و شکاری چرکه‌کان، یه‌کێکه له هێڵی بنه‌مایی بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌م شاعیره نوێخوازه ئێرانییه. له ژیاندا، سپێهری، ئێمه بۆ ئه‌وه مێوانداری ده‌کات، تاکوو چێژ له چرکه‌کان ببینین و بیرمان له ڕابوردووهکاندا جێ نه‌مێنێت:
ژیان، په‌یتاپه‌یتا ته‌ڕبوونه
ژیان، باڵهمهلهیه له حه‌وزۆکه‌ی (ئێستا)دا (سوهراب)
خێر و شه‌ڕ، دوو کۆڵه‌که‌ی سروشتی و جمکانه‌ن له جیهانی بووندا. له به‌رابه‌ر گیروگرفت و تاڵایییهکانی ژیاندا، شاعیر به‌بێ ئه‌وه‌ی بێزار و دڵ‌پڕ و، هیوا و وازی بۆ به‌رده‌وامبوون له ژیان نه‌مێنێت، له‌ژێر کاریگه‌ریی مامۆستاکه‌ی بوودادا که بڕوای وایه، "ژیانی بنیاده‌م، له ناواخنی کوێرهوهریدایه"، وه‌ها ده‌هۆنێته‌وه:
دایکم سبه‌ینانێک ده‌یگوت، وه‌رزێکی دڵنشینه
من به ئه‌وم گوت: ژیان سێوێکه، ده‌بێ به توێکڵه‌وه گازی لێ بگریت (سوهراب)
له ڕوانگه‌ی شاعیره‌وه، ئه‌وه‌ی وا ده‌کات ژیان پووچ یان توانای به‌رگه‌گرتنی تێدا وه‌زه‌حمه‌ت بخات، کێشه‌کان نین، به‌ڵکه نه‌بوونی ئیشق و ئیمانه.
ژیان، به‌تاڵ نییه
میهره‌بانی هه‌یه
سێ‌و هه‌یه
ئیمان هه‌یە
ئه‌رێ تا گوڵاڵه‌سووره هه‌س، ژیانیش کرده‌نییه (سوهراب)
شاعیر هه‌تا ده‌کۆشێت له پهژارهیییهکانی ژیانه‌وه، شه‌قاو به‌ره‌و گه‌شانه‌وه‌ی ڕۆحی و مه‌عنه‌ویی خۆی هه‌ڵبهێنێت.
گاڤ زامێک که له پێم‌دا بووه
سه‌روژێری زه‌ویی پێ ئاشنا کردووم
جارانێک نه‌خۆشکه‌وتنم له جێگه‌دا ئه‌ندازه‌ی گوڵهیل چه‌ند به‌رابه‌ر بوونه (سوهراب)
به‌و جۆره‌یه به سوودوه‌رگرتن له (زووگوزهری) که ئێمه‌ی تێداین، چێژبینین له جوانییه‌کانی سروشت و ساناییی بوون، ژیان بۆ (نه‌ریتێکی دڵگر) ده‌گۆڕێت.
ده‌توانین ئه‌م لێڕوانینه ئه‌رێنییه له لای (نیما)، بابی شیعری نوێی ئێرانییش، چنگ بخه‌ین. (به‌رچاوگه‌ی نیما، دۆزینه‌وه‌ی تاریکاییی ژیان نییه، ئه‌و دیدێکی جوانبینانهی به‌رانبه‌ر به جیهان و ژیان هه‌یه. ماکی بناخه‌یی ئه‌م جوانبینییه، هه‌مان ئه‌و ئیمانه‌یه به دیاریکردنی چاره‌نووسی مرۆڤه‌کان به ده‌ستی خودی خۆیان و باوهڕمەندییه به یاسا ته‌واوکارییه‌کان) (موختاری). ڕوانگه‌ی ئه‌رێنیی نیما باوه‌ڕێکه به هێزی هیممه‌ت ده‌وره دراوه. له‌به‌ر ئه‌وه شاعیر ده‌ڵێت، ئه‌وه کرداره، نرخ به ژیان ده‌به‌خشێت. بۆ مرۆڤێک که بهئاگایییهوه کار ده‌کات، ژیان "مه‌یدانێکه بۆ تاقیکردنه‌وه".
له زه‌وی هه‌ڵکه‌نه ئاوه‌دانییه‌ک
تا به ته‌رزێکی نوێ دیسانەوە ئاوای که‌ین
ده‌بێت ڕه‌نگی خوێنی لێ بدرێت، زه‌مین
مه‌رگه یا کردنه‌وه‌ی هه‌رچییه‌ک با ببێت
یا بمرین پێکڤه یا ببینه خاوه‌ن ژینێکى ئازاد (نیما، 1895-1960)
پووچی و بێمانایی ژیان
دۆزینه‌وه‌ی پووچیی ژیان و پووچژماردن، ئه‌و خاڵه‌یه که له به‌رانبه‌ر ڕوانگه‌ی ئه‌رێنیی پێوه‌ند به ژیانه، که ڕیشه‌ی له کۆمه‌ڵێک هۆی جیاوازدا هه‌یه. ئه‌خه‌وان شاعیرێکه، شکستی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی، کاریگه‌رییه‌کی قووڵیان له ژیان و ژینه هونه‌رییه‌که‌یدا هه‌یه. له کۆمه‌ڵه به‌رهه‌می (له حه‌ساری بچووکی پاییز، له زینداندا)، شاعیر له ڕۆچنه‌ی جیاجیا و له ڕوانگه‌ی تاکهیلی جیاوازه‌وه ده‌ڕوانێته ژیان و، گاهێک ئه‌و به (خهڵهتێنهرێکی ساده و چکۆله) و، جارانێک به (ئازار هاوڕێ له‌ته‌ک جه‌بر/ڕاکێش)دا و، وهختایهکیش به (بخۆر و بپۆش و چێژی ئامێز)ێک نێو ده‌بات. به‌ڵام به بڕوای زۆرێک له کارناسان، شیعری (که‌تیبه)ی ئه‌خه‌وان که به فه‌لسه‌فه‌ی پووچیی ئه‌خه‌وان ناسراوه و، وه‌ک چۆن شیعری به‌ناووده‌نگی (زستان) شیعری بێهیوایی و نائومێدی، به‌باشی و به‌ڕوونی ده‌رخه‌ری فه‌لسه‌فه و ڕوانگه‌ی شاعیرن به‌رانبه‌ر به ژیان. بۆ (ئه‌خه‌وان سالیس) ژیان ئه‌و ڕه‌نگ و جوانییه‌ی که سوهرابی سپێهری دهیڕهنگێنێت، نییه‌تی. ڕه‌نگه به‌و هۆیه‌وه بێ که به پێچه‌وانه‌ی خواستی سپێهرییهوه که بۆ نه‌ناسینی ڕاز و پێچه‌ڵپێچه‌کانی جیهان هه‌یه‌تی، ئه‌خه‌وان حه‌زی بۆ ناسینی هه‌یه. به‌ڵام ئاگایییه‌ک به‌وه‌ی که ته‌وای هه‌وڵدانی بۆ تێگه‌ییشتن له‌و ڕازه، دواوێستگه هه‌ر دۆڕان ده‌بێت، دووچاری ناهومێدیی ده‌کات.
له شیعری ناوداری (زستان)دا، هه‌ڵبه‌ته لایه‌نگه‌لی ئازایه‌تی و سیاسییش به‌باشی تێیدا ڕه‌نگیان داوه‌ته‌وه، ئه‌خه‌وان وێنه‌ی جیهانێکی سارد ده‌کێشێت، سه‌رمایه‌کی (گه‌لێک نامه‌ردانه) و (خراوسووتێن) له دونیایه‌کی یه‌کجار تاریک‌دا، که تاکه‌کانی له نێو یه‌کدا هێزی په‌یوه‌ندیگرتنیان نییه و ناتوانی له (دۆستانی دوور و نێزیک) بچووکترین چاوه‌ڕوانیت هه‌بێت. ئه‌و وێنا نووته‌که له ژیان و ئه‌و کاکڵه دۆِراو و ناهومێدبهخشهی نێوی، به نێزیکه‌یی هه‌میشه له شیعری ئهخهواندا ئاشکرایه. به‌و شێوه‌یه، هه‌ستی دۆڕیان له به‌رابه‌ر حاڵی‌بوون له دونیا، هه‌روه‌تر باوه‌ڕێتی به هێزی ڕاکێش و کۆسپ و سه‌ختییه‌کانی ژیان، وا له شاعیر ده‌کات تا وێنه‌یه‌کی ناجۆر پێشان بدات:
ئه‌وین ئه‌ویندار ده‌یناسێت،
ژیانیش من!
من که ته‌مه‌نێکه دیومه نزمی و به‌رزاییشی
تف له ڕووی، نه‌فره‌ت له مانای (ئه‌خه‌وان، 1928-1990)
بڕوای فروخى فروخزاد و هه‌ستی وه‌ڕه‌زیی ئه‌و هه‌مبه‌ر به ژیان، ده‌توانرێت تا ئاستێک له نێزیک باوه‌ڕی ئه‌خه‌وانه‌وه دایبنێین. ئه‌و که له هه‌ڕه‌تی لاوه‌تیدا هه‌ڵگری گه‌لێک له نابه‌کامی، مه‌رگ و شکستگه‌لی هه‌ستی و ڕۆحیی فره بووه‌ته‌وه، له‌وێیشه‌وه دۆڕان و دوودڵی و بێهیوایی دزه‌ی کردووه‌ته ده‌روونیه‌وه.
ئه‌ز، به بێهومێدیی خۆم ئالووده‌م (فروخزاد، 1934-1967)
ئه‌و، نیگه‌رانی و دڕدۆنگییه‌کانی ژیانی خۆی، به ئاوازێکی هه‌میشه خه‌مینه‌وه له شیعره‌کانیدا ده‌نه‌خشێنێت. له ژیاندا، گۆیا ئه‌و هیچ هیوایه‌کی به داهاتوو نییه و ته‌واوی یادگاری و ڕووداوگه‌لی باشی ژیانی له ڕابوردوو و له (ئه‌و ڕۆژانه)دا به کۆتایی گه‌یاندووه. داهاتوو، بێجگه له دووباره‌بوونه‌وه‌یه‌کی خه‌مهێن و زه‌مه‌نی پووچی ئێٍستا، هیچی دیکه نییه و ئه‌ویش داڕووخان و خراپی ته‌نیویه‌تی. به دیدی ئه‌و، خۆشبه‌ختیی درێژمه‌ودا، ئه‌سته‌مه و شادی، دهسپێراگهییشتنی سه‌خت. بزه‌ی ئه‌و (خه‌مگینییه‌کی بێهووده‌یه). وی، ژیان له که‌شێکی سه‌راپا بێئامانجی و نامۆییدا ده‌بینێت و هه‌موو چتێک له ژیانی ئه‌ودا له‌ته‌ک خه‌رمانه‌ی مه‌رگدا ئاوێزانه:
باوه‌ڕ بکه‌ن
من زیندوو نیم
هێند مردووم
که چیی دی شتێک نییه مه‌رگی من بسه‌لمێنێت (فروخزاد، 1934-1967)
هه‌تا ئیشق و بهیهکگهییشتنیش بۆ ئه‌و، له‌گه‌ڵ مه‌رگ و فهوتاویدا هاوڕێیه و توانای هێنانه‌ئارای به‌ڵگه‌یه‌کی گومانبهدهر و ته‌کووزی بۆ خۆشویستنی ژیان پێ نییه:
ئیشق و حه‌ز و نه‌فره‌ت و ده‌ردم
له غوربەتی شه‌وانی گۆڕستاندا،
مشکێک به ناوی مه‌رگه‌وه کرۆژتوویهتی (هەمان سەرچاوە)
ئه‌زموونگه‌لی ژیانی ڕۆژانه بۆ فروخزاد، ده‌بێته هه‌وێن بۆ گه‌لێک شیعر. ئه‌و، ژیان به داکه‌وته‌یه‌کی ڕۆژانه وێنا ده‌کات:
ژیان ڕه‌نگه
شه‌قامێکی درێژ بێت که ڕۆژانه ژنێک به زهمبیلهیهکهوه
پێیدا تێپه‌ڕ ده‌بێت
ژیان دهخونجێ، زارۆکێک بێت که له فێرگه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه (هەمان)
لێ ئه‌م واقیعه، واقیعێکه خاڵییه له مانا و، سه‌رڕێژه له ترس و به‌هه‌میشه‌یی له‌نێو ده‌روازه‌ی وێرانی و فه‌وتاندایه:
ژیان ڕەنگە
گوریسێک بێت که پیاوێک له شاخێکه‌وه خۆی پێ شۆڕ کردووه‌ته‌وه
*
*
یا تێپه‌ڕینی ڕێبوارێکی گێژه
که کڵاو له سه‌ر لا ده‌بات و
به ڕێبوارێکی دی و به زه‌رده‌یه‌کی بێماناوه ده‌ڵێت:
به‌یانیت باش (فروخزاد)
به پێچه‌وانه‌ی سوهرابی سپێهرییهوه، وێنه‌کێشانی ژیانی ڕۆژانه یاخود ژیانی تایبه‌تی بۆ فروخزاد، مه‌به‌ست لێی پێشاندانی جوانییه‌کان نییه، به‌ڵکه بۆ ئه‌وه‌یه تاکوو ڕه‌وشی یه‌کجۆری و بێمانایی ئه‌و بخاته ڕوو. له ڕوانینی فروخزادهوه، مرۆڤه‌کان، به گشتی هه‌ر له (خۆشبه‌خت)، (داماو)، (بێده‌نگ)، (بیریار)، (خۆشڕوو)، (جوانپۆش) و ...تاد، سه‌رپاکیان له (تهرمگهل)ێکی جووڵاو زێتر نین. کاروباری ساده‌ی ژیان که سوهراب له‌گه‌ڵ شادی‌دا نێوی ژیانی لێ ده‌نێت، کار و کۆششی ئاده‌میزاده‌کان له ڕوانگه‌ی فروخهوه، قینههڵسێن و بێهووده‌یه:
ئایا ئێوه که نیگارتان
له‌ژێر په‌چه‌ی خه‌مهێنی ژیاندا
شاردووه‌ته‌وه،
گاهێک له‌و ڕاستییه هیواکوژه ڕاده‌مێنن
که زیندووانی ئه‌مڕۆیی
شتێک به‌ده‌ر له خڵتهگهلی زیندوویه‌ک نین؟ (هه‌مان)
به‌و ڕه‌نگه، ئه‌و له ژینیدا به‌هه‌میشه‌یی (مه‌رگی ڕِۆژ) و (شنه‌ی تاریکایی) هه‌ست پێ ده‌کات.
ترس له مه‌رگ
مه‌رگ و فه‌وتان له چاوه‌ڕوانیی هه‌موو هه‌بوویه‌کی جیهان و، به‌زۆری مرۆڤ و گیاندار و شته‌کاندایه. مه‌رگ، ئاسایی ترسێنه‌ر و سامناکه، چون ئه‌و به مانای وه‌ستێنه‌ری زه‌مه‌ن و دوژمنی ژیان له قه‌ڵه‌م ده‌درێت. وه‌ختانێک بنیادهمگهل به‌هۆی ترسه‌وه پێشوازیی لێ ناکه‌ن. هۆی نه‌توانینی قه‌بووڵنه‌کردنی مه‌رگ و تۆقان لێی له‌کن مرۆڤ، ده‌گونجێ ڕیشه‌که‌ی بۆ کۆمه‌ڵێک باسوخواسی چه‌شنی چاره‌نووسی ئاده‌میزاد له پاش مه‌رگ، نه‌مریی ڕۆح، وێنای مه‌رگ وه‌ک کۆتایی گشت شتێک، دابنێین.
سوهراب وه‌کوو گشتوەخت و به‌پێی بنه‌مای نیگای نوێ، ڕوویه‌کی جوان و شاعیرانه له مه‌رگ پێشان ده‌دات. له ئێمه ده‌خوازێت:
له مه‌رگ نه‌ترسین
مه‌رگ کۆتایی ژیانی کۆتر نییه (سپێهری)
ڕه‌گه‌زی مرۆڤ، هه‌تا کاتێکیش که له مه‌رگ هه‌راسان ده‌بێت، نائاگایییانه ژیانی نه‌مری به بیربۆنهچوو و ئه‌سته‌م دانانێت و نکۆڵی لێ ناکات:
(گه‌ر مه‌رگ نه‌بووبا ده‌ستانی ئێمه له‌دووی شتێک ده‌گه‌ڕان) (هه‌مان سەرچاوە)
به‌و بۆنه‌یه‌وه، مه‌رگیش وه‌ک ژیان له دیدی سوهرابی سپێهرییهوه بەردەوام ئاماده‌یی هه‌یه. به‌و پێیه‌ی که هەمیشە هه‌ڕه‌شه‌مان لێ ده‌کات و ده‌گونجێ هه‌ر چرکه‌یه‌ک بێت ڕوو بدات:
مه‌رگ ده‌گه‌ڵ هێشووه‌ترێ بۆ ده‌م دێن
مه‌رگ له ده‌نگه‌ژێی سووری ئهوکدا ده‌خوێنێت
*
*
کاتانێک له سێبه‌ردا ڕۆ نیشتووه و بۆ ئێمه ده‌گه‌ڕێت (سپێهرى)
به‌ڵام به‌و حاڵه‌یشه‌وه، دیسانه‌وه به‌پێی بنه‌مای ڕوانینی نوێ، نابێت له بنه‌ڕه‌تدا به ناشیرین و تۆقێنه‌ر یا به ڕه‌نگی ڕه‌ش بیبینین، به‌ڵکوو:
گه‌ره‌که بمریت
که پاک پاک بێته‌وه ڕووی ئاڵتوونیی مه‌رگ (هه‌مان سەرچاوە)
هه‌ر به‌و شێوه‌یه نیچه له‌باره‌ی مه‌رگه‌وه ده‌دوێت:
هه‌موو به‌گرنگییه‌وه له مردن ده‌ڕوانن، به‌ڵام هێشتان جه‌ژنیان بۆ نه‌گرتووه (نیچه)
سوهرابی سپێهری به خستنه‌ڕووی ڕوویه‌کی دڵنشینی مه‌رگ، هه‌وڵ ده‌دات وجوودی ئه‌ومان بۆ ئاڕاسته بکات. له فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌ودا، مه‌رگ و ژیان دوو به‌شی گشتێکن.
هه‌موو ده‌زانین
سییه‌کانی چێژ، پڕ له ئۆکسجینی مردنن (سپێهرى)
بۆ شاعیر و وێنه‌کێشێکی مینا ئه‌و، له سروشتدا، هه‌موو شتێک له جێگه‌ی خۆیدایه، له سروشتدا، به‌دواییه‌کداهاتنی له‌دایکبوون و مردن، فه‌رمانێکی بێچه‌ندوچوونه و مرۆڤیش له‌م یاسایه به‌ده‌ر نییه. زۆر ڕوونه، که سپێهری به له‌پێشچاوگرتنی مه‌رگ به ناوونیشانی ده‌ستوورێکی سروشتی و فه‌رمانێکی مسۆگه‌ر و پهرێزیههڵنهگر لێی، بەوشیارییەوە پێى ڕ‌ازى بووە:
نه تۆ خۆ ڕاده‌گری نه من چاوی بەفرمێسک ئاوەڵا که؛ مه‌رگ دێت ده‌رکه واز که (سپێهری)
بۆ نیمایش، ژیان ڕۆژێک دره‌نگتر یا زووتر به مردن کۆتایی دێت. ئاده‌میزاد له‌دایک ده‌بێت، گه‌وره ده‌بێت، باڵق ده‌بێت، پیر ده‌بێت و له کۆتاییدا ده‌مرێت و، بێجگه له‌م پیاڕۆیه شتێکی دی هه‌ڵناگرێت:
ژیان گۆیه‌کی گلۆرهوهبووه، گلۆر ده‌بێته‌وه
به سه‌ر زهوییهیلی له‌بار و ناله‌بار
له‌سه‌ر به‌ردێکه‌وه تا به‌ردێکی دی تا ده‌بێته تیکه‌یه‌ک (نیما)
له‌سه‌ر بناخه‌ی ئه‌و واقیعبینی و ڕۆشنبیرییه‌یه که فروخزادیش له نۆره‌ی خۆیدا، ده‌ڵێت: وا بیر ده‌که‌مه‌وه که مردنیش یه‌کێکه له یاساکانی سروشت، (...) باسێکه ناتوانرێت کارێکی لێ بکرێت. هه‌تا ناکرێت بۆ له‌ناوبردنیشی ڕووبه‌ڕووی ببیته‌وه. چاره‌یه‌ک نییه ده‌بێت ببێت (ڕۆشنفکر)
به‌ڵام له بنه‌ڕه‌تدا مه‌رگ ته‌نێ ده‌رکه‌وته‌یه‌کی ژینناسی که له کۆتایی ژیاندا ڕوو ده‌دات، یانی مه‌رگی جه‌سته‌یی نییه. به‌ڵکوو ده‌توانێت ماناگه‌لێکی دیکه‌یشی هه‌بێت. وهختگهلێک ژیانیش ده‌توانێت مه‌رگ بێت. مردن بۆ ئه‌حمه‌د شاملوو، هه‌رچه‌نده (تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی ئازاربه‌خش)ه، به‌ڵام به تێگه‌ییشتنی گشتیی ئه‌و، یانی کۆتاییی هه‌موو شتێک، (مردنی مۆم) یا (وه‌ستانی سه‌عات) نییه. مه‌رگ بۆ وی که بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌کات هه‌رگیز له مه‌رگ نهتۆقیاوه و (مه‌رگ، چ کارێکی به کڵۆڵان نییه) (شاملوو) واتاگه‌لێکی دیکه‌ی هه‌س. به‌و مانایه‌ی که مه‌رگ ده‌توانێت ژیان له‌گه‌ڵ (ناپیاوان)دا بێت، یا که‌سانێک که مرۆڤ خۆشیانی ناوێت. بۆ شاملوو له واقیعدا خودی مردن نییه که ترسناک و دوودڵیهێنه، به‌ڵکوو مردن له وهڵاتێکدایه که نرخگه‌لی سه‌ره‌تایی تێیدا نه‌ناسراوه یا که‌وتووه‌ته ژێر داروپه‌ردووی که‌مته‌رخه‌مییه‌وه. وه‌ڵاتێک که له‌وێدا:
پاداشتی گۆڕکه‌ن
له ئازادیی مرۆڤ
زیاترێکه (شاملوو، 1925-2000)
شیعری (قهقنەس*)ی نیمایش که له قهقنەسی (مهنتیقوتتهیر)ی عهتتارهوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، ده‌توانێت نموونه‌یه‌کی گونجاو بێت بۆ ئه‌م وتاره‌ی ئێمه. ده‌گونجێ قهقنەس به خودی شاعیر دابنێین یا لایه‌نگه‌لی سیاسی به شیعره‌که بده‌ین. به‌هه‌رحاڵ مه‌رگی قهقنەس، مه‌رگێکی ئاوارته(استثناء)یه که له دیوێکه‌وه مردنێکی به‌نرخ و شکۆدار ده‌کاته جێباس و له دیوێکی دیکه‌یشه‌وه، باوه‌ڕی [مه‌رگ کۆتایی هه‌موو شتێکه]ی خستووه‌ته ژێر پێ و تا ئه‌و جێگه‌یه‌ی مه‌رگ به پێویست و لهوهجه ده‌زانێت. قەقنەسی نیما، هه‌ست ده‌کات ئه‌گه‌ر ژیانی هه‌ر وه‌ک ته‌یره‌کانی دی به (خواردن و خه‌و)ه‌وه بگوزه‌رێنێت، ده‌بێته هۆی شه‌رمه‌زاریی بۆی. بۆیه بۆ لای گڕێکی دوور باڵه‌فڕه ده‌کات و (هه‌نگینێ له کۆژانی ناوه‌وه‌یدا مه‌ست)، بۆ ناوه‌وه‌ی ئاگر خۆی ده‌هاوێژێت، ده‌سووتێت و ده‌بێت به خۆڵه‌که‌وه. نیما ده‌پرسێت ئایا (سووتاوه باڵنده؟) له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره مردنه‌دا، ئه‌و له واقیعدا نامرێت. مه‌رگ بۆ ئه‌و له‌به‌ینچوون و کۆتایی نییه. چون ئه‌و ده‌زانێت له خۆڵه‌مێشی وجوودی، جوچکهیهک له هێلکه‌وه سه‌ر دێنێته ده‌ر.
ده‌توانین ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌مان خه‌یاڵ له شیعری سوهرابی سپێهریدا ببینین. له بیرکردنه‌وه‌ی سپێهرییشدا، مه‌رگی ئێمه له‌دایکبوونێکی دیکه‌ی به‌دواوه‌یه:
له دڵی شه‌وی گونده‌وه مه‌رگ له‌باره‌ی سبه‌ینێوه ده‌ئاخڤێ (سپێهرى)
یان:
دوێنێ شه‌و که‌سێک مرد و
هێشتان، نانی گه‌نم باشه و
تا نهۆ، ئاو ده‌ڕژێته خوارێ، ئهسپگهل لێی ده‌نۆشن (هه‌مان سەرچاوە)
وه‌لێ ئه‌خه‌وان، جارانێک به‌دبینانه ده‌نۆڕێته مه‌رگ، ئه‌گه‌ر شاملوو له مه‌رگی فروخزاددا هه‌ست ده‌کات که ده‌بێت (ڕه‌وتی با قه‌بووڵ بکا)، ئه‌خه‌وان له‌و مردنه کتوپڕه‌وه دووچاری هه‌ژێن هاتووه، ئه‌و به جودابوونه‌وه‌یه‌کی ئێشهێن، (تیرێکی بێبه‌زه‌یی) و تا به جۆرێکی نادادییشی ده‌زانێت و، به ئاوازێکی دڕه‌وه وه‌ها ده‌خوێنێ:
چه‌ن تۆقێنه‌ر!
بڕوای ئێمه‌ی پێدا نایێ و
من ده‌گه‌ڵ ئه‌و شهبهیخوونه شووم و بێشه‌رمانه‌ی که مه‌رگ خودانیهتی
ئیتر بێزم دێته‌وه له‌م ژیانه
*
*
چه‌ن بێبهزهن شکارانی مه‌رگ، ئه‌ی داد! (ئه‌خه‌وان، 1928-1990)
به‌م حاڵه‌وه، له دیدی ئه‌خه‌وانه‌وه، مه‌رگ جارهیلێک بۆ که‌سانێک که ژیانێکی تاقه‌تپڕووکێنیان هه‌یه، ڕزگاریبه‌خشه. بۆ نموونه، بۆ ئه‌میر خان زیندانیی به‌دبه‌خت و ده‌ستکورت، مه‌رگ، (ئازادیی گه‌وره)یه و، گاهێک (له‌به‌ر ئه‌و ته‌مه‌نه‌ی که هه‌مانه، ده‌بێت جه‌ژنی بۆ بگێڕین، مه‌رگ) (هه‌مان سەرچاوە)
ململانێ له‌گه‌ڵ مه‌رگدا
ترس له مردن و دڵنیایی له زانینی هاتنی، کاتانێک ده‌توانێت ببێته هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی هه‌ستی ژیاندۆستی و، ئاڕاسته‌یه‌کی ئه‌رێنی به ڕه‌فتاری مرۆڤ ببه‌خشێت. (ڤیکتۆر فرانکڵ، له‌و باوه‌ڕه‌دایه دواییهاتن و ڕهوتهنیبوونی ژیان، هۆکاری بناخه‌یی و ڕاستیی ماناداربوونی ئه‌وه _ژیان_) (موعته‌مه‌دی). وه‌ختانێک هه‌تا هه‌ستکردن به پووچیی ژیان، مرۆڤی پووچگه‌را وا لێ ده‌کات کرداری هه‌بێت. هه‌رکات هه‌ستی پووچبوونی ژیان زیاتر بێت، فره‌تر حه‌ز به لای ژیاندا ده‌ڕوات. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بۆ ململانێ له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌سته‌دا ده‌بێت تا ئاستی پێویست بژیێیت. خوڵقانی به‌رهه‌می هونه‌ری و مردن له ڕێگه‌ی ئامانجی پیرۆزدا، به (له‌دایکبوونێکی نوێ) هه‌ژمار ده‌کرێت. بنووس، شاعیر و هونه‌رمه‌ند که‌سێکه که به داهێنهریهتیی هونه‌ریی خۆی بیر له نه‌مری ده‌کاته‌وه و له‌گه‌ڵ مه‌رگدا ڕووبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه.
پێشتر گوتمان کاکڵه‌ی بناخه‌یی شیعری فروخزاد، باسوخواسی مه‌رگ و ترسان له تیاچوون و داڕزانه. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆخه‌یشدا، فروخزاد له ژیاندا، دڵ‌سارد و هیوابڕاوه و، په‌سه‌ندکردنی یه‌کلاییبوونه‌وه‌ی هاتنی مه‌رگ، له (باڵنده‌یه‌ک که مردبوو) ئه‌وه حاڵی ده‌بێت که، (فڕین به یاد بسپێره، که باڵنده نەمێنە). (فروخزاد). شاملوویش بانگمان لێ ده‌کات که به‌هه‌میشه‌یی هه‌مان حه‌کایه‌تی پاتهبوو و ماندووکه‌ر دووباره نه‌که‌ینه‌وه. بۆ ئه‌وه نه‌ژیین که ڕۆژێک بمرین، به‌ڵکوو به جۆرێک بمرین که بۆ هه‌تایه زیندوو بمێنینه‌وه. شاعیر له شیعری (بوون)دا، به‌باشی سنووری نێوان بوون و نه‌بوون، مه‌رگ و نه‌مریی ده‌ستنیشان ده‌کات:
گه‌ر بڕیار بێ به‌و ڕه‌نگه به‌شه‌رمه‌زارییه‌وه بژیین
من چ بێڕووم ئه‌ر فانۆسی ته‌مه‌نم به ڕیسوایی نهساوم؛
به بهرزهکاژی وشکی کۆڵانی بنبه‌ستدا!
گه‌ر پێویست بێ وه‌ها به‌پاکی بژیین
من چ ناپاکم ئه‌ر نه‌نیشم له ئیمانی خۆ؛ هەروەک کێوی؛
یادگارییه‌کی نه‌مر به ته‌رازی ههرنهماوی خاکه‌وه (شاملوو، 1925-2000)
وه‌لێ مه‌رگی قاره‌مانانه و ئاره‌زوومه‌ندانه‌یش هه‌مان کات، نه‌مری به قاره‌مانه‌که ده‌به‌خشن.
شاملوو ناتوانێت هه‌ر وه‌کوو نیما له ئاست پرس و بار و ژیواری کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی ڕۆژگاری خۆی بێده‌نگ بێت و، بڕوایه‌کی زۆری به هێزی کار و ئیراده هه‌یه:
بۆگه‌ڕان
ده‌سخستن و
ئه‌وده‌م
سه‌ربه‌ستانه هه‌ڵچنین و
له خۆیه‌تیی خۆدا
چێکردنى قه‌ڵایه‌ک (شاملوو)
که‌سانێک به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ که‌ڵکێکی خودییان له‌به‌رچاو گرتبێت گیانی خۆیان بۆ ئامانجێکی پیرۆز به‌خت ده‌که‌ن، ئه‌وی ڕاستی بێت؛ ئه‌وان که‌سانه ناسنامه و ئابڕووی ئینسانهتیی خۆیان ده‌سه‌لمێنن. شاملوو، مهردومانێک که به ئارمانگه‌لی به‌رزه‌وه ده‌مرن، به‌گه‌وره‌یی یادیان ده‌کات و ئه‌وان به (ئاشقترینی زیندووان) نێو ده‌بات که بۆ مه‌رگیان نابێت ڕۆندک بڕێژین، به‌ڵکوو گه‌ره‌که (جوانترینی هۆنراوه‌کان) وه‌خوێنین. له ڕوانگه‌ی شاملووه‌وه، گیانبه‌ختکردن له ڕێگه‌ی ئازادی یا بیروباوه‌ڕ، یاخود له ڕێگه‌ی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ بێدادی یان سته‌مدا، جۆرگه‌لێکن له مردنی پیرۆز. بۆوێنه، وی گه‌لێک جار حه‌کایه‌تی مردن و له‌خاچدانی مه‌سیحی کێشاوه، مه‌رگێک به خاتری ئیشق بۆ مرۆڤایه‌تی و باوه‌ڕ. به‌و شێوه‌یه، ئه‌گه‌ر ژیان هه‌ر وه‌کوو ئه‌رکێک ڕه‌چاو بکه‌ین و ئه‌و به کرداری مه‌عنه‌وی بگۆڕینه‌وه، یاخود ئه‌گه‌ره‌کوو ئاره‌زوومه‌ندانه مه‌رگی خۆ له ڕێگه‌ی ئامانجێکی پیرۆزدا به‌خت بکه‌ین، ژیان کرده‌یه‌کی پووچ و بێهووده و، مه‌رگ به مانای کۆتاییی هه‌موو شته‌کان نایێت.
به‌ڵام هه‌رچی ئهوینیشه فره‌یه‌ک جوانییهیل به ژیان ده‌به‌خشێت و ده‌توانێت به به‌ربه‌ره‌کانێ له‌گه‌ڵ گوزه‌ری زه‌ماندا، پووچیی ژیان و مه‌رگ دوور بخاته‌وه. هێندێ جار ئه‌وین له مه‌رگ به‌هێزتر ده‌رده‌که‌وێت. گۆیا ئیشق تاقه چاره‌یه که له توانایدایه ئه‌خه‌وان به ژیانه‌وه ببه‌ستێته‌وه و ئه‌و، له ته‌ریکی یان پووچی ڕزگار بکات:
هێى فڵانى! ژیان ڕه‌نگه هه‌ر هێنده بێت
فریوێکی ساده و چکۆله
ئه‌ویش به ده‌ستانی ئازیزێک که تۆ دونیات
ته‌نیا بۆ ئه‌و و به‌بێ وی ناوێت
وا گومان ده‌به‌م ژیان گه‌ره‌که هه‌ر هێنده بێت (ئەخەوان)
ئه‌نجام
سه‌ره‌ڕای ئه‌و گرنگییه تایبه‌ته‌ی که مرۆڤ بۆ ژیانی داده‌نێت، ناتوانرێت ئه‌و به بێئهملاوئهولا و بڕاوه وێنا بکه‌ین. مانای ژیان بۆ هه‌رکه‌سێک به گوێره‌ی پێوانه‌گه‌لێکی تایبه‌ت شێوه ده‌گرێت و ده‌نرخێنرێت. شاعیرانی ئێمه، هه‌ستیارانه و ڕۆشنبیرانه، په‌یوه‌ست به پرسگه‌لی گرنگی دنیای هه‌بوون، بۆوێنه مه‌رگ و ژیان، کۆمه‌ڵێک تێڕوانینی جۆراوجۆر و جیاواز ده‌خه‌نه ڕوو، که ڕیشه‌ی له دونیابینی و ئه‌زموونی که‌سیی ئه‌واندا هه‌ن.
سوهرابی سپێهری، جهزبهگهل و جوانییهیلی ژیان ده‌نه‌خشێنێ و ڕه‌نگێکی مه‌عنه‌وی به به‌ردا ده‌کات و بانگمان لێ ده‌کات ئه‌ومان خۆش بوێت، لێی ڕازی بین و چێژی لێ وه‌ربگرین. نیما، ژیان و مه‌رگێکی مینا قەقنەسمان بۆ پێشنیاز ده‌کات. بۆ ئه‌و و شاملوو، مرۆڤ به مردنی ئاره‌زوومه‌ندانه و ئارمانی، ناسنامه‌ی مرۆڤیێتیی خۆی پشتڕاست ده‌کاته‌وه. ئه‌م جۆره‌ی مردن، پاڵه‌وان به‌نه‌مری ده‌هێڵێته‌وه. فروخزاد، به جۆرێک له ڕهنجدایه و دیمه‌نگه‌لێکی خه‌مهێنه‌ر له ژیانی ڕۆژانه ده‌کێشێت. ئه‌خه‌وان، هه‌رچه‌نده به‌رانبه‌ر به ژیان و مردن به‌گومانه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا مه‌رگی له ژیانێکی کڵۆڵانه پێ باشتره. به پێچه‌وانه‌ی ئه‌م تێڕوانینه ئه‌رێنی یان نه‌رێنییانه‌وه، هه‌موو ئه‌م شاعیرانه ئاگاداری ئه‌م پێشهاته‌ن که مه‌رگ مسۆگه‌ره و ته‌نانه‌ت پێویسته و هه‌ر ئه‌و مسۆگهرییهی مه‌رگ و کورتبوونهی ژیانه که مانا به ژیان ده‌به‌خشێت. مه‌رگ، بێ‌دوودڵی ترسهێنه و هه‌روه‌ک شکستێک و جیابوونه‌وه‌ی له‌ناکاوی هه‌موو چتێک ده‌رده‌که‌وێت. له به‌رانبه‌ر ئه‌م هه‌سته‌دا، هونه‌رمه‌ند ڕێگای ڕزگاری هه‌ڵده‌بژێرێت. ژیان له جیهانی هونه‌ر یا ئافراندنی به‌رهه‌می هونه‌ریدا، جۆرێک به‌ره‌نگارییه له‌گه‌ڵ مه‌رگدا، یان به گوته‌ی ئه‌ندرێ مالرۆ نووسه‌ری فه‌ڕانسایی، به (دژهچارهنووس)یش له قه‌ڵه‌م ده‌درێت.
مه‌رگی هه‌ڵبژێراو و ئاره‌زوومه‌ندانه له ڕێگه‌یه‌کی پیرۆزدا، به مانای دهسپێڕاگهیینه به جۆرێک مه‌زنایه‌تی. ئه‌م مه‌رگه له واقیعدا به جۆرێک ده‌ستتێوه‌ردان له چاره‌نووس حه‌ساو ده‌کرێت. ئه‌وه‌ی که نرخ به ژیان ده‌دات، بوونی ئه‌م جۆره باڵاییانهیه له ده‌روونێکی له‌ناوچوودا. له‌گه‌ڵ ئه‌م مانایه‌دا که تێڕوانینێکی مه‌عنه‌وییانه‌یه هه‌مبه‌ر به بوون، ده‌توانرێت له سه‌روو مه‌رگه‌وه دابنرێت. به‌م پێیه، مه‌رگ به سه‌رناوێک بۆ به‌ره‌نگاری و دژایه‌تیی ژیان له قه‌ڵه‌م نادرێت، به‌ڵکوو به ناوونیشانی ڕه‌وتی پێچه‌وانه‌ی له‌دایکبوون داده‌نرێت. به‌ها ڕه‌وشتییه‌کان و ئیشق، سه‌رچاوه‌ی به‌خته‌وه‌رین و خوڵقاندنی هونه‌ر و مه‌رگی قاره‌مانانه، بێ‌دوودڵی له‌داییکبوونێکی دووباره ده‌سته‌به‌ر ده‌که‌ن.
فەرهەنگۆک
ئه‌پیکۆریزم: ئه‌م فه‌لسه‌فه‌یه، که بنیاتنه‌ره‌که‌ی فه‌یله‌سووفی یۆنانی "ئه‌پیکۆر Epicure"ـه، گه‌ڕانی به‌دووی چێژدا کردووه‌ته ئامانجی ژیان. له ڕوانگه‌ی ئه‌پیکۆره‌وه، له ژیاندا نابێت به‌دوای هه‌ر چێژێکدا بڕۆیت. به‌ڵکوو ده‌بێت به‌دوای ئه‌و پۆله چێژانهوه بێت که مرۆڤ به‌ره‌و شکۆفانهوه و گه‌وره‌بوون حه‌وجه‌ی پێیانه، له‌و پۆله‌ی که هاوسه‌نگیی مرۆڤ ده‌خه‌نه مه‌ترسییه‌وه ده‌بێت لێى دوور بکەویتەوە. ئه‌پیکۆر له ساڵی 341ی پێش زایینه‌وه هاته دونیا، ساده ژیا، گه‌ڕیده‌یه‌کی دووی جوانیگهلی هه‌قیقی بوو. بڕوای به خۆویست(اختیار) هه‌بوو و نکووڵیی له (جه‌بر) ده‌کرد. مرۆڤی به خاوه‌نبڕیار ده‌زانی.
قەقنەس (بە ئینگلیزی: Phoneix، گریکیی دێرین: Φοῖνιξ، بە فارسی: ققنوس، عەرەبی: العنقاء)، باڵندەیەکی خەیاڵییە، لە داستانە کۆنەکانی عەرەبدا هاتووە، بە نموونەى داستانەکانى (سەرچڵییەکانی سندیباد و ھەزار و یەکشەوە)دا. بەگشتی لەنێو داستانە فارسی، ڕۆمانی، گریکی، میسری و چینییەکاندا ھەبوون. قەقنەس، وەکوو بێچووی باڵندەیەکی پیرۆز لەنێو داستانەکاندا چاوی لێ کراوە. باڵندەیەکە لەسەر هێلکەکەی دەنیشێ و تاکوو دەتروکێ لە کاتی تروکاندا ئەوەندە بەخۆشی بێچووەکەی دەخوێنێ و پووش و پەڵاش لە دەوری خۆی کۆ دەکاتەوە تاوەکوو پووشەکان ئاگر دەگرێ و خۆیشی دەسووتێ، جا بەو بێچووەی کە لە هێلکەکەدا دەترووکێ و پاشانیش دەبێتەوە بەو دایکە، دەڵێن قەقنەس. (ویکیپیدیاى کوردى/وەرگێڕ)
ژێدەرەکانى لێکۆڵینەوەکە:
Akhvan Sales, Mehdi. (1374/ 1995). Dar Hayateh Kouchakeh Payiz dar Zendan (In the Small Garden of Autumn in Prison), Tehran: Bozorgmehr Publications.
Emad, Hojat. (1377/ 1998), Sohrab Sepehri Va Bouda, (Sohrab Sepehri and Bouda), Tehran: Farhangestaneh Yadvareh Publications.
Farrokhzad, Forough. (1363/ 1984), Tavallodi Digar, (Rebirth), Tehran: Morvarid Publications.
Forest, Philippe, Gonio, Gérard. (2004). Dictionnaire fondamental du français littérairet rnch Lit (Dictionary of Fundamental French Literature), Paris: Bordas & Taupin.
Hoghoughi, Mohamad. (1371/ 1992). Shereh Zamaneh Ma, Ashareh Akavan Sales, (The Poetry of Our Time), Tehran: Neghah Publications.
Lagarde, André et Michard, Laurent. (1985). XVIIe siècle: anthologie et histoire littéraire, ( The 17th Century: Anthology of Literary History), Paris: Bordas.
Mokhtari, Mohammad. (1372/ 1993). Ensan Dar Sher Moaser, (Man in Contemporary Poetry) , Tehran: Tous Publications.
Motamedi, Gholamhossein. (1372/ 1993). Ensan Va Marg, (Man and Death), Tehran: Markaz Publications.
Nietzsche, Friedrich. (1384/ 2005). Chenin Goft Zartosht, (Thus Spoke Zarathustra) , translated by Daryoush Ashouri, Tehran: Aghah Publications.
Roshangar, Majid. (1363/ 1984), Az Nima Be Baad, (From Nima Onward), Tehran: Morvarid Publications.
Sepehri, Sohrab. (1378/ 1999), Hasht Ketab, (Eight Books), Tehran: Tahouri Publications.
Shamisa, Sirous. (1376/ 1997). Neghahi Be Sohrab Sepehri, (A Look at Sepehri), Tehran: Morvarid Publications.
Shamlou, Ahmad. (1383/ 2004). Majmoueh Asar, (A Collection of Works), Tehran: Neghah Publications.
Yahaghi, Mohammad Jafar. (1375/ 1996). Farhangeh Asatir, (Dictionary of Mythology) , Tehran: Soroush Publications.
Youshij, Nima. (1376/ 1997). Majmoueh Asar, (A Collection of Works), Tehran: Eshareh Publications.