عەبدوڵڵای کوڕی موعاویە ئێژێت:
رَأَيتُ فُضَيلاً كانَ شَيئاً مُلَفَّفاً
فَكَشَّفَهُ التَمحيصُ حَتّى بَدا لِيا
فَأَنتَ أَخي ما لَم تَكُن لِيَ حاجَةٌ
فَإِن عَرَضَت أَيقَنتُ أَن لا أَخا لِيا
كِلانا غَنِيٌّ عَن أَخيهِ حَياتَهُ
ونحن إِذا مِتنا أَشَدُّ تَغانِيا
«دیتم فوزەیل شتێکی پێچراوە، تا دوای تاقیکردنەوە ئاشکرا بوو و زانیم چییە. تا کاتێک ئاتاجی شتێک نەبم برامیت، لێ هەر ئەوەندەی پێویستییەکم بۆ درووست بوو بینیم ئەوەی پێی بێژن برا، نیمە! تا زیندووین لە برای خۆمان بێمننەتین، وەختێکیش مردین ئەوە بێمننەتتر دەبین».
ئەدەبدۆستان زۆریان بە باڵای جوانیی ئەم بڕگەیەدا هەڵداوە، ئەوەتە لە حەماسەکەی ئەبووتەممام و حەماسەی بەسەرییەدا ئاماژەی پێ کراوە و موبەڕڕەد لە کتێبی (الکاملدا) هێناوێتی، ئیبن قوتەیبەیش لە (عیون الأخباردا) باسی کردووە و بێجگە ئەمانیش زۆر کەسی تر لێی دواون و ستایشیان کردووە.
پەسەندکردنی ئەم پیاوماقوڵانەیش بەڵگەیە لەسەر چاکیی هەم زمان و هەم ناوەڕۆکەکەیشی. وەلێ من ئەم تاقیکردنەوەیەی "ئیبن موعاویە"م بەدڵ نەبوو! ئاخر حەقی فوزەیل نەبوو ئاوا تاقی بکرێتەوە.
خوا لێت خۆش بێت ئیبن موعاویە، چی بۆ ئەم کارەی هان دایت؟ ئەگەر وەک خۆی بە پێچراوی بمایەتەوە ماوەیەکی درێژ چێژت لە برایەتییەکەتان دەبرد. هاوڕێ بۆ ئەوە نییە بیپشکنیت و لێی بکۆڵیتەوە و پەردە لەسەر نهێنییەکانی هەڵبماڵیت، بەڵکوو ئیشی دۆست ئەوەیە پێکەوە دەستی یەک بگرن و بدەن لەم دەریا بێبنەی ناوی ژیانە.
چەند نەزانکار لەم دەریایەدا دەخنکێن و غەرق دەبن چون دێن و لەبەر خراپیی تاقە دارێک گڕ لە بەلەمێک بەر دەدەن و دەیسووتێنن! غافڵ لەوەی ئیشی بەلەم ئەوەیە تۆ بە کەناراو بگەیەنێت و گەر ئەم ئەرکەی بەجێ هێنا کاری خۆی کردووە.
ئەی کوڕی موعاویە هەموومان ئەو شتە پێچراوەین، وەختی پشکنین و بنکۆڵی، کورتی و کرێتییەکانمان ئاشکرا دەبن. وەک نابیغەی زوبیانی دەیوت: (کێیە خاڵی لە عەیب؟!) خۆ ئەگەر فوزەیل دەستی پێش بخستایە و ئەو تۆی لە بێژنگ بدایە، لەوەی تۆ بینیت، فرەتری بەرچاو دەکەوت!
ئەی خوێنەری هێژا، بێڵە با ڕوو لە تۆ بکەم و بتدوێنم، ئەوەتا مەرگ دامەنگری هەم موعاویە و هەم فوزەیلیش بوو -خوا لێیان خۆش بێت- و ئێستا وەک ئیبن موعاویە پێشبینیی کردبوو (لەیەک بێمننەتتریش بوون):
تاقیکردنەوە و پشکنین مەکە یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی ژیانت، بەڵکوو دەروونی دۆستەکەت چی بۆی ئاسان کرد و سانا ڕێی پێ دا و بێ زۆرلەخۆکردن لێی دەرکەوت، قبووڵی بکە. وەک کومەیتە ناوەڕاستینە ئێژێت:
ألا إنَّ خيرَ الودِ ودٌ تطوَّعَتْ
به النفس لا ودٌ أتی وهو مُتعبُ
«باشترین ئەوین ئەوەیە دەروون ڕێی پێ دابێت و لەسەری ئاسان بووبێت، نەک سۆزێک ماندووبوونی لەپشتەوە بێت.»
ئەمەیش یەکێکە لە ماناکانی ئەو قسەیەی خوای گەورە و دلۆڤان کە دەفەرموێت: ﴿خُذ العَفو: ئەوەی لێیان زیادە و پێت دەبەخشن وەربگرە و قبووڵ بکە﴾. ئەوەی ناخی هاوڕێکەت ڕێی پێی داوە و بەخشینی لەسەری ئاسان بووە وەربگرە و ئیتر واز لە شتی دی بهێنە و چاوەڕوانییت دابەزێنە و بە کارێکی ناچار مەکە لەسەر دەروونی قورس بێت و بارێکی مەخە ئەستۆ لە توانای بەدەر.
ئەوەتە موعاویەی کوڕی سوفیان، نەک ئیبن موعاویەی خۆمان، سەر دەخاتە سەر ئەحنەفی کوڕی قەیس و لێی دەپرسێت: ئەرێ شتە پێچراوەکەی نێو پارچەکە چییە وا شاعیر باسی دەکات؟
إذا ما مات ميتٌ من تميمٍ
فسرك أن يعيش فجئ بزادِ
بخبزٍ أو بلحمٍ أو بتمرٍ
أو الشيء الملفف في بجادِ
ئەویش دەڵێت: ئەی میری بڕواداران "سەخینە"یە. سەخینەیش خواردنێکە خەڵکی لەسەری گاڵتەیان بە قوڕەیش دەکرد، ئاخر جۆرە خۆراکێکە هیی کاتی قاتوقڕییە و لە ئارد و ڕۆن درووست دەکرێت. گەر موعاویە ئەم پرسیارەی نەکردایە خواردنەکە بە پێچراوی و لەو پارچەیەی تێیدا بوو دەرنەدەچوو!
شتێک داشاردرابوو دەستی بۆ مەبە و وازی لێ بهێنە، لەجێی ئەوە لە ڕۆژە شاد و یادەوەرییە خۆشەکانتان ڕابمێنە و لە جوامێری و هۆگرییەکەی نێوانتان تێبفکرە.
نیشانەی دزێویی پەردەهەڵماڵین و بنکۆڵییش ئەوەیە بنیادەم تا تووڕە نەبێت بیری بۆی ناچێت و لە حزووری شەیتاندا نەبێت تەشریفی ناهێنێت.
ئەوەتە ئیبن موعاویە لە کۆتایی هەڵبەستەکەیدا کە بابەتی وتارەکەیە نهێنییەکە دەدرکێنێت و پاڵنەری پشتی ئەم پەردەهەڵماڵینە لەسەر ئەوەی فوزەیل حەشاری داوە و پێچاوێتی، ئاشکرا دەکات:
فَعَينُ الرِضا عَن كُلِّ عَيبٍ كَليلَةٌ
وَلَكِنَّ عَينَ السُخطِ تُبدي المساوِيا
«چاوی ڕەزامەندی لە ئاستی گشت کەموکورتییەکدا نابینایە، لێ نیگای تووڕە پەردە لەسەر هەموو خراپییەک هەڵدەماڵێت».
کەواتە هۆکارەکە پەستی و تووڕەییە، ئیبلیسی نەفرینلێکراوە، ئەمەیە ئاگرەکەوڵی کردوویت و بۆ پشکنین و ئاشکراکردنی شتە داپۆشراوەکەی پاڵ ناویت. پەیامبەری ڕێنوێن ڕاستی فەرموو وەختێک وتی: (تووڕە مەبە!)
چەند دانسقەیە ئەو شیعرەی شەریفی ڕەزی وا دەربارەی ئەو فوزەیلەی خۆی ئێژێتی کە تاقیی نەکردووەتەوە:
وَلَو أَنَّني كَشَّفتُهُ عَن ضَميرِهِ
أَقَمتُ عَلى ما بَينَنا اليَومَ مَأتَما
إِذا العُضوُ لَم يُؤلِمكَ إِلّا قَطَعتَهُ
عَلى مَضَصٍ لَم تُبقِ لَحماً وَلا دَما
«خۆ من ئەگەر سۆسەی داڵانە تاریکەکەی ناخیم بکردایە، ئەوا ئەمڕۆ خەریکی شینگێڕان بووین. تۆ هەر ئەوەندەی ئەندامێکت نەختێک ئازاری دایت هەستایت و دەستبەجێ بڕیتەوە، گۆشت و ئێسقان بە خۆتەوە ناهێڵیت!»
دەی تۆ ئەو هاوڕێ یەکجار زیرەک و هۆشیارە مەبە کە چاودێریی دۆستەکەی دەکات بزان ئەو نامانەی بۆی ناردووە خوێندوویەتیەوە یان نا؟ کەی وەیخوێندووە؟ ئێ بۆ هێشتا وەڵامی نەداوەتەوە؟
لە پەیوەندییەکی ڕووحیی پەتیدا کە هیچ باکی لە کاغەزی سەرپێچی نییە، ڕۆڵی پۆلیس مەگێڕە!
گوڵێک بۆنە خۆشەکەی بۆ هەڵمژین چێ کرابوو، تۆ دەستی لێ مەخشێنە!
وەک شمەکێکی مەسرەفی کە بیچم درابێت و نۆرەی بەرگگرتن و ئینجا بڵاوکردنەوەی لە بازاڕدا هاتبێت، مامەڵە تەک ڕووحی ئینساندا مەکە.
لە بنجوبناوانی ئەوەی ڕاستگۆیانە خۆشیدەوێیت مەکۆڵەوە، با قینەکانی ناخیت لێ قیت نەبنەوە و پەی بە بێجەوییەکانی نەبەیت و سەرت بەو پسووڵە تایبەتانەدا نەتەقێت کە هیچکات لێی نەخواستویت بێیت و لەتیکدا بیبژێریت!
مرۆڤ کیشوەرێکە لە هەستی هەمەڕەنگ، بەڵێ، لە وەرزی هاوینیدا بارانت بەرچاو ناکەوێت، لێ دان بە خۆتدا بگرە، وەختێک بەهار گەیشت دەبینیت گوڵەکانی بە دەمتەوە دەخەنن.
وەرە با پێکڕا لەتەک بەششاری کوڕی بورددا بێژین:
إِذا كُنتَ في كُلِّ الذُنوبِ مُعاتِباً
صَديقَكَ لَم تَلقَ الَّذي لا تُعاتِبُه
فَعِش واحِداً أَو صِل أَخاكَ فَإِنَّهُ
مُقارِفُ ذَنبٍ مَرَّةً وَمُجانِبُه
«گەر تۆ لەسەر ورد و درشت سەرزەنشتی هاوڕێکەت بکەیت، کەس لە تیری لۆمەت قوتاری نابێت. یان بە تاقی تەنیا بژی، یان پەیوەندییت لەگەڵ دۆستەکەتدا مەپچڕێنە، ئاخر ئەویش خۆی لە تاوانێک لا داوە و لە دانەیەکی دی گلاوە».