نووسینی: ڕێناس احمد
دەق و نووسین هەرچەند جوانبن، بە وەرگێڕانیان لە جوانییەکەیان کەم دەبێتەوە، چون هەموو زمانێک تایبەتمەندی خۆی هەیە و، هەموو نووسەرێکیش شێوازی تایبەت بەخۆی هەیە. کاتێک نووسەرێک بە زمانێک کتێبێک دەنووسێت، لە نێوان ئەو و خوێنەردا هیچ شتێک نییە، لێ کە وەرگێڕدرا بۆ زمانێکی تر، کەسێک دەکەوێتە نێوان نووسەر و خوێنەرەوە، ئاشنایەتی و بێگانەیی ئەو وەرگێڕە بە ڕۆح و شێوازی نووسەر و، شارەزایی ئەو لە زمانی نووسەر و خوێنەر، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر جوانی و ناشرینیی وەڕگێرانەکە هەیە.
چەند ساڵێک پێش ئێستا د.عدنان ئیبراهیم _بیریاری ئیسلامی_، زنجیرە موحازەرەیەکی بەناوی (چەکوشی بەڵگە و شوشەی ئیلحاد)ەوە، بڵاو کردەوە، کە بەڕای زۆرێک لە ئەهلی فیکر شتێکی نایاب بوو، کە دواتریش بەهۆی پێویستیی بابەتەکە و بەهێزی موحازەرەکان، داوای لێکرا کە لە شێوەی کتێبیشدا بڵاوی بکاتەوە.
ئەوە بوو ناوەندی سوڵتان بن زاید ئەرکی بڵاوکردنەوە و چاپیان گرتە ئەستۆ و، د.عدنانیان ڕازی کرد کە پێیدا بچێتەوە و لە شێوەی کتێبدا دایبڕێژێتەوە، بە هەر حاڵ کەوتە بازاڕەوە.
دوای ماوەیەکی کەم دەنگۆی بەکوردیکردنی کتێبەکە بڵاو بوویەوە، کە من زۆرم پێ خۆشبوو، چون پێشتر گوێم لە موحازەرەکان گرتبوو و سودێکی باشیشم لێوە چنگ کەوتبوو، بۆیە بەبێ بینینی کتێبەکەیش، بە کۆمەڵێک لە هاوڕێ و نزیکەکانم گووت کە بیکڕن و بیخوێننەوە، بەڵام ساڵ بەسەر چاپبوونیدا تێپەڕی و من هەر کتێبەکەم دەست نەکەوت تا سەیرێکی بکەم،
بەشێکی لەبەر مەشغەڵەت و بەشێکیشی لەبەر ئەوەی پێشتر گوێم لە موحازەرەکان ڕاگرتبوو، بۆیە زۆر تینووی بینینی نەبووم.
بەڵام لەم ڕۆژانەدا کتێبەکەم لە هاوڕێی ئازیزم ( علی قوبادی) وەرگرت، هەر کە بینیم و یەک دوو پەرەگرافم لێ خوێندەوە، زۆرم پێ ناخۆش بوو، چون یەکسەر هەستم کرد کتێبەکە هەتیوو خراوە!
رێک لێم وەرگرت و بڕیارم دا کە بیخوێنمەوە.
هەرچەندم کرد لە ۵٠ لاپەڕە زیاترم پێ نەخوێندرایەوە، بەڵام دواتر هەر چاوێکم پێدا خشاند تا بزانم ئەو هونەرنماییانە چین کە وەرگێڕ لە وێرانکردنی ئەم کتێبەدا کردوونی!
زۆر سەرم سوڕما! ئاخر پێشتر ئەوەندە ڕیکلام بۆ وەرگێڕانی ئەو کتێبە کرا، کە بۆ هیچ وەرگێڕانێکی شکور موستەفا و هەژاری موکریانی نەکراوە! ئەمە سەرەڕای ئەو ئێوارە کۆبوونەوانەی بۆ واژووکردن لەسەر کتێبەکە ڕێکخران، کە تەقلیدێکی زۆر بێ مانایە.
ڕەنگە ئەگەر شتێکی لەو جۆرە نەکرابایەت، ئێستا وەبەر زمانی ڕەخنە نەکەوتبا، چون کاتێک کەسێک بانگی کاڵایەکی ڕزیوی خۆی بە گوێی هەمووان دەگەیەنێت، ئیتر نامۆ نییە، گەر بەر لۆمە و تەشەری ئەو خەڵکەش بکەوێت کە خۆڵی بە زێڕ پێ نیشاندراوە.
لەوەش سەیرتر بەلامەوە ئەوەیە کە ئەو کتێبە لەلایەن دوو کەسی تریشەوە پێداچوونەوەی بۆ کراوە _ کە یەکێکیان د.سەباح بەرزنجییە_، کاشکی نووسینی پێش پێداچوونەوەکەمان لە بەردەست بووایە، تا بمانزانیبا وەرگێڕ چی بەردێکی خستووەتە گۆمەوە وا بەو دوو زانایە دەرنەهێنراوە.
ئاخر وەرگێڕانی کتێبێک بەرهەمی سێ کەس بێت و، ئەوە حاڵی بێت، ئەبێت ئەوانە چی لە وەرگێڕان بزانن؟!
من بەش بە حاڵی خۆم گومانم هەیە د.سەباح ئەو کتێبەی خوێندبێتەوە، ئیتر یان ڕووگیرکراوە، یاخود ناوی وی بۆ ڕیکلام و بەخشینی مەقبوولیەت بە کتێبەکە بە قەرز وەرگیراوە، یان ......!
با زۆر درێژی نەکەمەوە. ئەمانەی خوارەوە مشتێکن لەو خەروارەی کە بەرچاویان تاریک کردم.
۱. وەرگێڕانی کتێبەکە، وەرگێرانێکی حەرفییە، جاری وا هەیە پەرەگراف دەخوێنیتەوە بێ ئەوەی هیچ حاڵی ببیت. بۆ نموونە: هەر لە وتەی نووسەردا لە لاپەڕە۱۲، سەیری ئەم پارچەیە بکە: دوای ئەوەی ئەڵێ بەهۆی نەخۆشی قوڕگەوە لە وتار و وانە دوورکەوتمەوە، (ئیتر ئەم وانەوتارانە ئاوها بە قرتاوی ماونەتەوە، لەبەرئەوەیە کە شتێکی زۆر مەزن نیین، جگە لە ڕێخۆشکەرێک بۆ ئەم بابەتەی درک دەکەم بە مەودای ئاڵۆزی و پەرش و بڵاوی، و بە پێویستییەکی نزیکی دەزانم لەسەر ئاستە جیاجیاکانی: فەلسەفی و زانستی و لاهووتی)، دەقەکە
بە ئەمانەتەوە وەکو خۆی گواستراوەتەوە، ئیتر خۆتان لێی تێ بگەن.
سێ چوار دێر دواتر : ( وێڕای ئەوەی سەرکۆنەی خۆم دەکەم لەسەر پێشکەشکردنی کارێکی نیوەچڵ بە جەماوەری بەرێزم بکەم)، دەبوو نووسیبای: لەسەر پێشکەشکردنی کارێکی نیوەچڵ بە جەماوەری بەڕێزم.
دێرێکی دواتر : (ڕاستی ئەمە پێداگیرییە لەسەر خستنە بەر دیدی کتێبێکی چڕ و پڕ لە بەرامبەر ئیلحاد) ئیتر ئەو بەرانبەرە لەو شوێنە لە مووی نێو ماست دەچێت، ڕەنگە مەبەستی (لەسەر) یان (دژ) بێت!
۲. هەڵەیەکی بێ ئەژماری ڕێنووس و خاڵبەندی، کە ئەگەر بمەوێت نموونە بهێنمەوە، دەبێت هەموو کتێبەکەتان بۆ بنووسمەوە، هەر ئەو پارچانەی سەرەوە سەیر بکەن دیارە، ئەمەش بڕێکی تر:
هەر لەو دوو پەڕەیەی کە وتەی نووسەری وەرگێڕاوە.
(شەش مانگێک لە وتار و وانە دان) ئەبوو نووسیبای: وتاردان و وانە، یان وتاردان و وانەوتنەوە.
(دەبینین کامیان لەڕووی ئەقڵ تۆکمەترە)، لا۲۳، لەڕووی ئەقڵەوە.
(چاوێکم بە مێژوودا دەخشێنم)، ئێ بۆ چاوێکم؟!
(وێڕای ئەوەی ئەوانە نکوڵیان لە بوونی خوا نەکردووە، بەڵام نکوڵیان لە شتی دیکەیان کردووە) لا٤۳، لە دیکەیان بڕوانە.
۳. هەڵەیەکی زۆری تایپ لە کتێبەکەدا هەیە، کە هەندێ جا ئایەتەکانی نێو کتێبەکەشی گرتووەتەوە، بۆ نموونە (والژی قدر فاهدى) لا۱۸۹، کە (فهدی) تەواوە. ئەمەش مانای پەلەکردن دەدات لە چاپکردنی کتێبەکەدا، یاخود نەبوونی کەسێک لە کنیان تاوەکو بە هەڵەچنکردنی کتێبەکە هەستابایە. هیچ لەو دووانەیش پۆزش نین بۆ خوێنەر.
جا ئیتر خۆتان دەتوانن بۆ کتێبەکە بگەڕێنەوە و بڕیار بدەن.
ئەوەی من لێرەدا نیازمە بیڵێم چەند شتێکە:
۱. زۆر جار ناکرێت وەرگێڕ ببێتە ڕێگایەک بۆ ناسینی نووسەر _مەبەستم لەم جۆرە وەرگێڕانەیە_، هەرچەندە نابێت نکوڵی لەوەیش بکەین کە وەرگێڕی وا هەن هاوشانی نووسەر دەڕۆن.
۲. لەبەر ئەوەی خوێنەری لای خۆمان نووسینی نایابی نەدیتووە، چەپڵە بۆ هەموو نوسینێک لێئەدا ئەگەر ئاراستەی دێرێکیشی بەرەو باکوور و ئەوی دی بەرەو باشوور بێت، ئەگەر نا، کەسێک گوێی لە تەنها سی دەقیقەی موحازەرەکانی د.عدنان بێت لە (مطرقة البرهان و زجاج الالحاد)، یاخود كتێبەکە بە زمانی عەرەبی بخوێنێتەوە، هەرگیز ئامادە نابێت دەستخۆشییەکیش لە وەرگێڕ بکات، چ بگات بە ڕیزبەستن بۆ واژووکردنی وەرگێڕ لەسەر ئەو نووسخەیەی دەیکڕیت.
۳. من وەک وەفایەک بۆ ئەو زانست و زانیارییانەی لە د.عدنانەوە فێربووم، هاتووم بەرگری لێ بکەم و، بە خوێنەر بڵێم ئەم وەرگێڕانە با نەبێتە هۆی لەکەداربوونی ئەو پیاوە لەلات.
٤. با کاڵای لاف و گەزافمان بە گوێرەی باڵای کارەکانمان بێت.