ن : قانع خورشید
كه دۆستێكت له شارێك ده‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌یه ماڵێكت له‌وێ بێت، به مه‌رجێك دۆسته‌كه هاوڕێ و برای ڕاسته‌قینه بێت. من چه‌نێ له تاران هه‌ست به غه‌ریبی ده‌كه‌م؛ هه‌ر هێنده‌یش له گورگان، شاری گورگان كه مه‌ركه‌زی پارێزگای گوڵستانه، یه‌كێكه له شاره هه‌ره خۆشه‌كانی ئیڕان و دارستان به ده‌وریدا ئه‌ڵقه‌ی داوه و له نزیكیشدا ده‌ریا ڕاكشاوه! ئه‌م دوو ساڵ و شته‌ی له‌و وڵاته ده‌خوێنم، تاو نا تاوێك خۆمی پێدا ده‌كه‌م و ده‌بمه باری سه‌ر شانی هاوڕێم جووتیار نه‌ریمان و ئه‌ركی گرانی سه‌ر خێزان و منداڵه ژیكهڵهكهی .
ئه‌مجار كه هاوڕێ له‌ته‌ك كاروان عوسماندا چووم، قه‌پم له پاییزی نههارخۆران خۆشكردبوو، وه‌لێ ئه‌وێم به قسمه‌ت نه‌بوو و شتی باشترم بوو به نسیب. سه‌ردانی گونبه‌دی قابووس (گنبد كاووس) و شاری شاهروود و به‌ستام و خه‌ره‌قان .
به‌ستام و خه‌ره‌قان به هۆی دوو پیاوی بۆ خوا سوڵحاوی ناویانه‌وه، ناویان له‌سه‌ر زاران خۆش و له دڵان‌دا شیرین بووه، كه له گورگانه‌وه بۆ به‌ستام ده‌چیت و به ڕێگه‌كه‌ی (تووسكستان)دا تێده‌په‌ڕیت، وا هه‌ست ده‌كه‌ین به كۆڵانێكی به‌هه‌شتدا گوزه‌ر ده‌كه‌یت. بۆن و به‌رامه‌ی ژیان و گوزه‌رانی گوند و ئاواییه‌كانی لاڕێ مه‌ستت ده‌كات. هه‌میشه له‌و ده‌مانه‌دا دوو شت خۆشیی كه‌ش و گه‌شتم لێ ده‌شێوێنن: یه‌كه‌م، لهگهلدانهبوونی ماڵ و خێزان و هه‌ندێك له دۆستان و دووه‌م، ئه‌وه‌ی بۆچی من ماڵم له ئاوه‌ها جێیه‌كدا نییه؟! ئیتر هه‌ر زوو كشهیهك له‌م خه‌یاڵه بێتامانه ده‌كه‌م و هه‌وڵده‌ده‌م بگه‌ڕێمه‌وه نێو چێژی بینینی سرووشتی ڕه‌نگین و له‌زه‌تبردن له بیستنی ئاوازی شیرین .
به‌رد و دار و گه‌ڵا و بار و ده‌شت و كێوی ئه‌وێ، به‌ده‌م مۆسیقای فێنك و شادی پاییزه‌وه هه‌ڵده‌په‌ڕین، شنه‌یه‌كی فێنك گۆرانیی هه‌موو گه‌ڵاكانی بۆ گوێمان ده‌گواسته‌وه. كاروان هه‌ر له فیكری ئه‌وه‌دا بوو چۆن بتوانێت ئه‌و هه‌موو جوانییه له چاوی كامێراكه‌یدا كۆكاته‌وه و بۆ هه‌تایه لای خۆی بیانهێڵێته‌وه. جووتیاریش به هۆی ئه‌و حه‌ساسییه‌ته چرێشهوهی له لووت و گه‌رووی نابێته‌وه، به‌ملا و ئهلادا هه‌ر خه‌ریكی پژمه و كۆكه دابه‌شكردن بوو! هێژا گیانیش زوو زوو قسه‌ی نه‌رم و گه‌وره‌ی بۆ ده‌كردین و دڵی به پێكه‌نین و خۆقوربانكردنهكانی دایكی ده‌گه‌شایه‌وه .
من به ده‌م قسه و غه‌یبه‌ته‌وه، له ڕێگه‌ی چاوه‌كانمه‌وه مه‌یی جوانیی ئه‌و جێدهستهی خودای مه‌زنم ده‌نۆشی، بۆ سوعبه‌ت شاعیرانه ده‌دوام و ده‌مگوت: ئه‌ها، چاوی تێ كه، ئه‌و گه‌ڵا زه‌ردانه چۆن له پشتی ئه‌و داره سه‌وزانه‌ی پێشیانه‌وه خه‌ریكی چاوشاركێن! مه‌به‌ستی ئه‌و ده‌رچوونه‌ی ڕۆژی شه‌ممه‌مان شاری به‌ستام و خه‌ره‌قان و زیاره‌تی بایه‌زیدی به‌ستامی و ئهبوحهسهنی خه‌ره‌قانی بوو .
بایه‌زید، ته‌یفووری كوڕی عیسای كوڕی ئاده‌می كوڕی سرووشانی به‌ستامی، یه‌كێكه له ناودارترین عاریفهكانی جیهانی ئیسلامی و ته‌واوی دنیا و ناوبانگی سوڵتانی عاریفان و بورهانی موحهقیقانه. بایه‌زید به‌گوێره‌ی ڕاستترین قسه، دوای ساڵی 161ی كۆچیی مانگی له شاری به‌ستام له دایك بووه و له 261ی كۆچیی مانگییش هه‌ر له‌وێ دنیای فانیی به‌جێهێشتووه. به‌ڵام له‌و نێوانه‌دا زۆر شاری دنیای ئیسلامی گه‌ڕاوه. هه‌ندێك ده‌ڵێن قوتابیی ئیمام جه‌عفه‌ری صادق بووه، وه‌لێ ئه‌مه له‌گه‌ل عه‌قڵدا جۆر ده‌رناچێت، چون ئیمام جه‌عفه‌ر له ساڵی 148ی كۆچیی مانگی ماڵئاوایی له دنیا كردووه !
بایه‌زیدی به‌ستامی له به‌رانبه‌ر جونه‌یدی به‌غدادیدا كه ڕابه‌ری ڕێچكه‌ی بێدارییه، ناو ده‌برێت و به پێشه‌وای ته‌ریقه‌ت و ڕێبازی مه‌ستی، حسێب ده‌كرێت. ئه‌و سه‌رداری ڕێگه‌ی عیرفانی عاشیقانهیه، كه ئیبن عه‌ره‌بی و ئیبن فارز و جه‌لاله‌دینی ڕوومی له دیارترین درێژه‌پێده‌رانی مهزههبهكهین. بایه‌زید زۆرتر بڕوای به ئه‌وینی خوایی و مه‌ستبوون له تاسه‌ی و ئومێد به به‌زه‌ی هه‌بوو و تای ته‌رازووه‌كه‌ی به‌م لایه‌دا قورس بوو .
دوای تووسكستان، ورده ورده به شاخێكی به‌رزدا ههڵدهزنێیت كه سه‌رووی هه‌ور ده‌كه‌وێت، ئه‌و ڕۆژه‌ی ئێمه چووین ته‌وقی سه‌ری شاخه‌كان كڵاوێكی سپی له به‌فریان له سه‌ر نابوو، كه‌چی هه‌ر كه گه‌یشتیته لووتكه‌ی شاخه‌كه، وا ده‌كه‌یت بیابانێكت له‌و دیوه‌وه له پێشه! ئیتر به ناو ئه‌و ده‌شته چۆڵ و بنجگه گیا و دڕكانهدا به‌ره‌و به‌ستام ملی ڕێگه ده‌گریت. مه‌راقی وێنه‌گرتنی ناو به‌فره‌كه له دڵی گشتماندا بوو، وه‌لێ ته‌نیا له زمانی هێژاوه ته‌عبیری لێ ده‌كرا و ئێمه‌یش له ڕاستیدا بۆ خۆمان و له زاهیردا له‌به‌ر خاتری وی، بڕیارماندا كه ئێواره گه‌ڕاینه‌وه؛ دابه‌زین و هه‌ندێك وێنه‌ی تێدا بگرین... هه‌ر وایشمان كرد، له‌و سه‌ره‌وه پێش مه‌غریب بوو كه گه‌یشتینه لوتكه‌ی شاخه‌كه، ناو به‌فره‌كه‌دا هاتینه خواره‌وه و تاسوقی دڵی خۆمان شكاند، له‌و سه‌ره‌وه كه ده‌مانڕوانییه خواره‌وه و چه‌ند گه‌واڵه هه‌ورمان ده‌دیت به نێو شان و ملی زنجیره شاخه‌كه‌دا خۆیان بڵاوكردبووه‌وه و كۆڵنجی زه‌وییان ده‌شێلا، ڕێك وه‌ك سه‌رده‌می منداڵی حه‌زم چووبووه سه‌ر ئه‌وه‌ی ببوومایه هه‌ڵۆ و باز و له‌و به‌رزاییه‌وه به‌ره‌و خوار بازم دابا و خۆم هه‌ڵدایه !
به‌ستام شارێكی خنجیلانه‌یه كه هێشتا هه‌ڵاوی سه‌رده‌می هه‌زار ساڵ پێشی لێوه هه‌ڵده‌ستێت، وه‌ك زۆربه‌ی شاره‌كانی ئێران خانوویان له كهرپووچه و له ده‌ره‌وه كۆن ده‌نوێنێت و وا ده‌زانیت هێشتا بۆیه‌ی مۆدێرنه‌ی پێدا نهساوراوه. من وام به خه‌یاڵدا ده‌هات خودی بایه‌زید هێشتایش به كه‌وا و عه‌بایه‌كی ئه‌تڵه‌سی و مهندیلێكی سه‌وز و ڕه‌شه‌وه له‌و كووچانهدا به‌هێمنی پیاسه ده‌كات و له‌به‌ر خۆیه‌وه ویرد و زیكر ده‌خوێنێت .
خه‌ڵكی ئه‌وێ كه ناوی بایه‌زید دێنیت، هه‌موویان ده‌یناسنه‌وه و به‌ڕێزه‌وه باسی ده‌كه‌ن و شوێنی مهزارهكهیت پێ ده‌ڵێن. مه‌زاری چی، ته‌خته مهڕمهڕێك و فه‌رشێك و دنیایه‌ك ئارامی و هیچی تر! وه‌ك بڵێیت ده‌سته‌به‌رداربوونی له دنیا و زریق و بریقه‌كانی، دوای مردنیشی -هه‌ر وه‌ك ساتی ژیانی- خۆی بنوێنێت. قه‌بری ئه‌و له نێو حه‌وشه‌یه‌كی گه‌وره‌دایه، دوو گومه‌زی سه‌وزی قووچ، له‌ملا و ئه‌ولای ئارامگاكه‌ی بایه‌زیده‌وه چوونه به ئاسماندا و مه‌زارێك له ته‌نیشت گۆڕه ساده‌كه‌یه‌وه به‌رز كراوه‌ته‌وه كه ده‌گوترێت گۆڕی ئیمامزاده محه‌مه‌دی كوڕی ئیمام جه‌عفه‌ری صادقی لێیه. یه‌كه‌م بینای ئه‌م مه‌زاره بۆ ده‌ورانی مه‌غووله ئیلخانییهكان ده‌گه‌ڕێته‌وه، دواتر له قۆناغه جیاكاندا ده‌ستكاری كراوه و شتی لێ كه‌م و زیاد بووه .
ئه‌وێ زیاره‌تگه‌ی زۆر دڵسووتاو و توێژه‌ر و كه‌سانی جۆراوجۆره، له شێته‌وه بیگره تا كه‌سانی ژیر و پسپۆڕ، له تهماحكارانی پارهپهیداكهرهوه بیگره تا ده‌گاته دڵسۆزانی شه‌یدای چاكی و چاكان... هه‌مووان له‌وێدا جه‌م بوونه. من نازانم له كام گرۆ بووم، وه‌لێ منیش چوومه ناو ئاپۆڕه‌ی سهردانیكهرانهوه، له‌وێ به شانی به‌لووچ و فارس و توركه‌وه وه‌ستام و له ژیان و مه‌رگ ڕامام .
بایه‌زید زۆرترین یادی له كتێبی سۆفییاندا كراوه، عه‌تتاری نه‌یشابووری له (تذكرة الأولیاء)دا به‌شێكی بۆ تایبه‌ت كردووه و قسه‌ی زۆری لێوه گێڕاوه‌ته‌وه. له (أحیاء علوم ا‌لدین)، (حلیة الأولیاء) و (صفة الصفوة) و مه‌سنه‌ویی مه‌عنه‌وی و ده‌یان كتێبی تردا یاد و باسی زۆری لێ كراوه. ئه‌و هێنده ناوبانگی چاكی و زانایی بڵاوبووه‌ته‌وه، هه‌رچه‌ند گوته‌ی هه‌یه له گوته‌كانی حه‌للاج سامناكتر، وه‌لێ ئیبن ته‌یمییه و ئیبن قه‌ییمیش پاساویان بۆ هێناوه‌ته‌وه و گوتوویانه قسه‌كانی ته‌ئویل هه‌ڵده‌گرن و ئه‌ویشی ته‌ئویل نه‌كرێت؛ له حاڵی مه‌ستی و غه‌رقبوون له یاد و ئه‌وینی حه‌قدا گوتوونی و له‌و حه‌له‌دا مرۆڤ قه‌ڵه‌می له‌سه‌ر هه‌ڵده‌گیرێت. ئه‌ڵبه‌ت درۆ و خورافاتی زۆریشی دراوه‌ته پاڵ !
جارێك ئه‌حمه‌دی كوڕی خهزرهویی به‌ڵخی هاته خزمه‌تی، بایه‌زید لێی پرسی: تا كه‌ی هه‌ر به ده‌وری زه‌ویدا ده‌سووڕێیته‌وه؟ ئه‌حمه‌د گوتی: ئاو كه نه‌ڕوات ده‌گه‌نێت و بۆنی ناخۆش ده‌بێت. بایه‌زید گوتی: ده‌ریا به تا به وه‌ستان بۆنت تێك نه‌چێت !
ئه‌و گوتوویه: به‌نده تا ئه‌و كاته‌ی نه‌زانه، عاریفه و ئه‌و ده‌مه‌ی نه‌زانییه‌كه‌ی نه‌ما مهعریفهتهكهیشی له به‌ین ده‌چێت! هه‌ر ئه‌و ده‌ڵێت: تا ئه‌و وه‌خته‌ی مرۆڤ وا بزانێت له نێو خه‌ڵكدا له‌و خراپترێك هه‌یه، به لووتبهر و خۆبه‌زلزان حسێب ده‌كرێت !
ده‌یشڵێت: ئه‌گه‌ر كه‌سێكتان دیت هێنده كه‌رامه‌تی هه‌بوو، چوارمشقی له حه‌وادا داده‌نیشت، به كهرامهتهكهی مه‌خه‌ڵه‌تێن تا بزانن له به‌رانبه‌ر فه‌رمان و نه‌هیه‌كانی خوا و پاراستنی سنووره‌كانی و به‌جێهێنانی شه‌ریعه‌ته‌كه‌یدا چۆنه .
یه‌كێك له قسه زۆر گرنگه‌كانیشی ئه‌وه‌یه كه ده‌ڵێت: كۆتایی ڕێی صیدیقان سه‌ره‌تای ڕێگه‌ی پێغه‌مبه‌رانه. ئێژێتیش: دوازده ساڵ ئاسنگه‌ری نه‌فسی خۆم بووم !