دیسان له‌گه‌ڵ (شه‌ریعه‌تی)دا!
قانع خورشید
ڕێك یه‌ك ڕۆژ دوای ئه‌وه‌ی سه‌ردانی ماڵه‌كه‌ی (عه‌لی شه‌ریعه‌تی)م كرد و له نزیكه‌وه تێكه‌ڵ به كه‌شوهه‌وای خانووه‌كه‌ی بووم و چاوم به ئۆتۆمبێل و جلوبه‌رگه‌كانی كه‌وت، به خه‌یاڵ گه‌ڕامه‌وه ئه‌و ده‌مانه‌ی مۆسكۆفیچه‌كه‌ی كردووه‌ته حه‌وشه‌وه و ئیحسان و سارای جگه‌رگۆشه‌ی هاتوونه‌ته پیرییه‌وه و ئه‌میش له باوه‌شی گرتوون، دواتر چۆن سه‌لامی له خاتوو پوورانی خێزانی كردووه و چتۆ به نۆشكردنی پیاڵه چایه‌ك سه‌رئێشه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی دامركاندووه‌ته‌وه و بێ گومان بۆ به بادانی غه‌مه‌كانیشی چه‌ند جگه‌ره‌یه‌كی كێشاوه... دوای ئه‌وه‌ی بیرم له‌و كاتانه كرده‌وه كه له‌م خانووه‌دا ده‌ستگیر كراوه و بۆ زیندانی كۆمیته‌ی هاوبه‌شی دژ به خراپه‌كاری (زندان کمیته مشترک ضد خرابکاری) براوه و دواتر سه‌ید عه‌لی خامه‌نه‌ئی هاتووه‌ته سه‌ردانی خانه‌واده‌كه‌ی و هه‌واڵی سه‌لامه‌تیی بۆ هاوسه‌ر و مناڵه‌كانی هێناوه ...
ڕێك ڕۆژێك دوای ئه‌م تێكه‌ڵبوونه به فه‌زا و حاڵی ماڵه‌كه‌ی شه‌ریعه‌تی و له ڕۆژی چوارشه‌ممه 25/5/ 2016دا هاوڕێ له‌گه‌ڵ هه‌ردوو خۆشه‌ویست (ئیدریس عومه‌ر مه‌حموود و كاروان عوسمان خه‌ییات)دا، چوومه سه‌ردانی ئه‌و زیندانه كه ئێستا بووه‌ته مۆزه‌خانه و ناونراوه مۆزه‌خانه‌ی په‌ندوشیره‌ت (موزه عبرت )....
ئه‌وێ ڕۆژێ وه‌ها زه‌ینم شڵه‌قا بوو، نه‌مده‌زانی له چ قۆناغێكی مێژوویی‌دا ده‌ژیم، خوتووره‌ی ئه‌وه‌م به مێشكدا ده‌هات كه ها له‌پڕێكدا حوسه‌ینی یا منوچهری بێنه ژووره‌وه و به خۆیان و په‌رویزی سابتی و ئاره‌شه‌وه ده‌ورمان بگرن و ده‌ست و پێمان له‌و ته‌خته‌به‌ند و ئاپۆلۆ و ده‌زگای ئه‌شكه‌نجه‌دانانه توند بكه‌ن و به قامچی و كێبڵی كاره‌با، ده‌ست به داپڵۆسینمان بكه‌ن. سه‌ره‌تا كه چووینه ژووره‌وه و له په‌نای ماشێنه‌كانی به‌رپرسانی زیندانه‌كه‌دا وه‌ستاین، م.ئیدریس سه‌ری نه‌وی كرد كه له ناوه‌وه‌ی یه‌كێك له‌و ئۆتۆمبێلانه بڕوانێت و له‌پڕ وه‌ها ڕاچڵه‌كی منیشی تۆقاند، تومه‌ز په‌یكه‌ری یه‌كێك له‌و جه‌لادانه‌یان له نێو ماشێنه‌كه‌دا دروست كردووه كه له حاڵی خوێندنه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌دایه !
ڕاست بوو، هه‌ر له سه‌ره‌تای چوونه‌ژووره‌وه‌ی زیندانه‌كه‌دا تابلۆیه‌كی هه‌ڵواسراو ده‌بینرا كه لێی نووسرا بوو (لێره دیواره‌كانیش قسه ده‌كه‌ن)... ناوی هه‌زاران كه‌س به دیواری حه‌وشه‌ی زیندانه‌كه‌وه كوترابوو، كه هه‌موویان له‌و كه‌سانه بوون له چوارچێوه‌ی ئه‌م دۆزه‌خه‌دا جۆره‌ها شێوه‌ی دڕندانه‌ی ئازاردانیان به‌سه‌ردا تاقیكرابووه‌وه. ئه‌وه‌ی مووی له جه‌سته قیت ده‌كرده‌وه ئه‌وه بوو، ناوی ده دوازده برا و خوشك و ئامۆزا به ته‌نیشت یه‌كه‌وه ده‌بینرا !
دوور نه‌چم و تا سه‌ره‌داوی بابه‌ته‌كه‌م له ده‌ست نه‌پساوه، بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ر باسی هه‌وه‌ڵم. عه‌لی شه‌ریعه‌تی، یه‌كێك له‌و كه‌سێتییانه بووه كه له‌م زیندانه‌دا نزیكی ساڵ و نیوێك به‌ند كراوه. ئه‌و به گوێره‌ی گێڕانه‌وه‌ی یه‌كێك له هاوبه‌نده‌كانی پێی گوتراوه پێغه‌مبه‌ری به‌ندی شه‌شه‌م، هه‌میشه به ده‌نگی به‌رز و قسه‌ی گوندییانه پاسه‌وانه‌كانی ئه‌و دۆزه‌خه‌ی دوواندووه و كه‌مێك ئازاری له‌سه‌ر به‌ندكراوانی تر سوك كردووه .
له‌وێ دووباره چوومه‌وه نێو دنیای خه‌یاڵه‌وه، دوو كتێب له‌و كتێبانه‌ی شه‌ریعه‌تییم بینی كه له په‌نای كتێبه‌كانی مه‌هدی بازرگان و یه‌ك دوو نووسه‌ری تردا دانرا بوو و له‌و كتێبانه بوون كه به هه‌ر كه‌س گیرابان، به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ریان زیندانی بكرێت! چوومه‌وه نێو ئاگری تووڕه‌یی ئه‌م بیرمه‌نده‌وه و له‌وه ده‌فكریم كه داخۆ له‌و ده‌مه‌دا چۆن بیری كردووه‌ته‌وه و چی به مێشكدا هاتووه؟ چۆن له‌به‌ر خۆیه‌وه تووڕه‌ییه‌كانی خاڵی كردووه‌ته‌وه، چاوه‌ڕێی چی چاره‌نووسێك بۆ ئه‌و ده‌سه‌ڵات قسه‌نه‌ژنه‌وه بووه كه ئه‌می له‌م ئه‌شكه‌نجه‌خانه‌دا گیرداوه .
بیرم له‌وه ده‌كرده‌وه ده‌بێت چه‌ند له‌و نووسینانه‌ی ئێمه به سادیی ده‌یانخوێنینه‌وه، به‌رهه‌می ئازار و بێڕێزییه تاقه‌تپڕووكێنه‌كانی ئه‌م جه‌هه‌ننه‌مه بووبێت و چ ئێش و ئاوات و خولیا و ڕامانێكی له پشته‌وه بووبێت !
باسی ئه‌م ئازارگه‌یه زۆر دوور و درێژه و پێده‌چێت ماده‌ی چه‌ندین نووسینی تر بێت بۆ من، هه‌ر ئه‌م قسه‌یه ده‌ڵێم و ده‌یبڕمه‌وه، كه عه‌سر هاتمه‌وه زۆر شه‌كه‌ت بووم، سه‌رم خسته سه‌ر سه‌رین و خه‌و چووه چاوم، وه‌لێ له‌و دوو سه‌عاته‌یدا كه گوایه خه‌وتبووم، هه‌ر له‌و زیندانه‌دا بووم و قیژه و هاواری زیندانیانم ده‌بیست، له نێویشیاندا ده‌نگ و سیمای شه‌ریعه‌تی زه‌ق زه‌ق دیار بوو !