ڤین، ڕێك مینه !
قانع خورشید
ئه‌وین دنیایه‌كه پڕ له دژیه‌كی، تژی له جوانی و دزێوی، ژیری و شێتی، قوربانیدان و خۆویستی، به‌رزی و نزمی، غه‌م و شادی، به‌نده‌یی و ئازادی... مه‌حوی گوته‌نی "مه‌حه‌ببه‌ت ئیش و ئێشی زۆره "!
یه‌كێك له‌و شتانه‌ی ده‌بێت له مه‌یدانی ئه‌وینداریدا وریای بیت ئه‌وه‌یه ڕێی تێ ده‌چێت یاری ئێستات، سبه‌ی لێت ببێته ئه‌غیار، هیچ دوور نییه ئه‌وی ئه‌مڕۆ خۆتی به قوربان ده‌كه‌یت و ئه‌ویش نه‌رم نه‌رم خۆیت ڕاده‌ست ده‌كات، چه‌ند ڕۆژێكی تر لێت هه‌ستێته‌وه و به قوربانی خۆی و خه‌ون و خولیا و حه‌زه‌كانیت بكات... ئیتر بۆیێ ده‌بێت یه‌كجار وریا بیت، كارێك نه‌كه‌یت كه ویستیشت ده‌ستی لێ به‌ر بده‌یت و له كۆڵی خۆتی بكه‌یته‌وه، پێت نه‌كرێت و نه‌توانیت پێی هه‌ڵبستیت .
فه‌رمانڕه‌وایانی ئه‌و وڵاتانه‌ی له‌گه‌ل دراوسێكانیاندا به شه‌ڕ دێن، زۆر جار بۆ ئه‌وه‌ی به‌ر به هێرشی دوژمن بگرن سنووری نێوان دوو وڵات و به‌شێك له خاكی خۆیشیان مینڕێژ ده‌كه‌ن، بێ‌ئاگا له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر دوژمن نه‌هاته پێش، یا دوای ته‌واوبوونی جه‌نگ –كه ڕۆژێك هه‌ر ته‌واو ده‌بێت- كشایه‌وه پاش، هاونیشتیمانیانی خۆیان ده‌بنه قوربانیی ئه‌و مینانه. ده‌چنه هه‌ر نسارێ، هه‌ر هه‌وارێ، بنی هه‌ر خێمه و دیوارێ... مینێكیان پێدا ده‌ته‌قێت و یا ڕووحیان له‌به‌ر ده‌بڕێت، یا ئه‌ندامێكی له‌شیانی به‌هۆوه ده‌په‌ڕێت !
تۆیش ئه‌و كاتانه‌ی كه‌سێكت زۆر زۆر خۆشده‌وێت، كارێك مه‌كه له هه‌ر پێچ و پلیچی ژوور و ماڵ و ده‌شت و ده‌رێكتدا یادگارییه‌كی لێوه جێبێڵیت، ڕوو ده‌دات كه شه‌یدای كه‌سێك ده‌بیت، مۆری وجوودی له دار و دیوار و په‌نجه‌ره و ده‌رگای ماڵ و، جلوبه‌رگ و خه‌ون و خولیا و حه‌زه‌كانت ده‌ده‌یت و له ته‌نیاترینی ته‌نیاییه‌كانیشتدا دیسان بۆنێك، ڕه‌نگێك، ده‌نگێكت له‌وه‌وه له‌ته‌كدایه... ئه‌مه كاره‌ساتێكی دژوار و ڕووداوێكی نه‌خوازراو و له‌كۆڵه‌وه‌نه‌بووه !
ترمزی له ئه‌بوو هوره‌یره‌وه ده‌گێڕێته‌وه كه پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم فه‌رموویه‌تی: "أحبب حبيبك هونا ما عسى أن يكون بغيضك يوما ما, وأبغض بغيضك هونا ما عسى أن يكون حبيبك يوما ما" یانی: خۆشه‌ویسته‌كه‌ت كه‌مێك به‌ئه‌ندازه و له‌سه‌رخۆ خۆشبوێت نه‌بادا ڕۆژێك ببێته بێزراو و له‌به‌رچاوكه‌وتووت، حه‌زپێنه‌كراوه‌كه‌یشت كه‌مێك به‌ئه‌ندازه و له‌سه‌رخۆ ڕق لێ بێت، نه‌بادا ڕۆژێك ببێته خۆشه‌ویستت. ئه‌م قسه‌یه چ فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ر و چ قسه‌ی پێشه‌وا عه‌لی بێت –وه‌ك زۆرینه‌ی فه‌رمووده‌ناسان ده‌ڵێن- یه‌كجار ورد و پڕحیكمه‌ته. له هه‌ر دۆخێك‌دا ده‌بێت مرۆڤ بیری لای دۆخه دژه‌كه‌ی بێت، ئاخر دنیا ده‌وره !
هه‌رچی ده‌كه‌یت ئه‌وه‌نده مین به چوارده‌وری خۆتدا مه‌چێنه كه نه‌توانیت به ناویدا بگه‌ڕێیته‌وه دوا، دوایی به هه‌ر هه‌نگاوێك ده‌بێت ڕووحێكت حازر بێت بۆ به‌خشین و هه‌ر ده‌قه‌ی جارێك ده‌چیته سه‌ر شه‌راره‌ی مه‌رگدا... ئه‌ڤین مینه، زۆری لێ به‌ئاگا به !