ئه‌و ده‌مه‌ی خه‌ونێك له‌ گۆڕ ده‌نرێت

ئەدەب 2017-11-14 کۆمێنت 2450 جار بینراوە

نووسینی: زانا لاهووری

كاتێك منداڵ بووم، چه‌ندین شه‌و تا خه‌وم لێ ده‌كه‌وت، به‌ په‌نجه‌م  له‌سه‌ر دیواری پشته‌وه‌ی سه‌رینه‌كه‌م، وشه‌م ده‌نووسی و وێنه‌م ده‌كێشا، هه‌ندێ جار ئه‌و شتانه‌م ده‌سڕیه‌وه‌ كه‌ به‌ خه‌یاڵی خۆم ده‌مكێشان، ئاخر وام هه‌ست ده‌كرد هه‌ر به‌ ڕاستی قه‌ڵه‌مێكم به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌ و خه‌ریكی وێنه‌ كێشانم. وا ده‌زانم ئه‌وه‌ سه‌ره‌تای دروستبوونی حه‌زی من بووبێ بۆ وێنه‌كێشان، تا گه‌وره‌تر ده‌بووم، هه‌ستم ده‌كرد ئه‌م خولیایه‌م زیاتر ده‌بێ. هێشتا ته‌مه‌نم نزیكه‌ی 15 ساڵ بوو، لای باوكم ئیشم ده‌كرد، پیشه‌كه‌ی باوكم هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ خولیاكه‌ی منه‌وه‌ نه‌بوو، ئاخر باوكم وه‌ستای سه‌لاجه‌ بوو، نه‌شده‌كرا یارمه‌تی نه‌ده‌م، له‌و ده‌مه‌دا، به‌رانبه‌ر دوكانه‌كه‌مان، دوكانێكی كاره‌بایی هه‌بوو كه‌ خاوه‌نه‌كه‌ی كه‌سێكی شیعه‌ بوو به ‌ناوی محمد، ئه‌م پیاوه‌ 13 ساڵ له‌ ئێران زیندانی كرابوو، له‌ ماوه‌ی زیندانییه‌كه‌یدا زۆر هونه‌ریان فێر كردبوو، یه‌كێ له‌و شتانه‌ی فێربووبوو، هونه‌ری وێنه‌كێشان بوو. زۆر به‌ جوانی وێنه‌ی ده‌كێشا، نازانم چون بوو ڕۆژێ زانیم كه‌ ده‌ستڕه‌نگینێك له‌ناو ئه‌و هه‌موو كاسبكاره‌دا هه‌یه‌! له‌ دوای ئه‌وه‌وه‌ كه‌ پێم زانی، هه‌میشه‌ ده‌چوومه‌ لای تاوه‌كو فێری وێنه‌كێشانم كا، خۆم له‌ باوكم ده‌دزییه‌وه‌ و ده‌چووم بۆ لای ئه‌و، ئه‌ویش به‌ پێی مه‌جال فێری ده‌كرد و یارمه‌تی ده‌دام. جارێكیان كتێبێكی عه‌ره‌بی بۆ هێنام كه‌ باسی هونه‌ری وێنه‌كێشانی ده‌كرد، هه‌موو بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌و هونه‌ره‌ی تێدا بوو، ئه‌گه‌رچی من عه‌ره‌بیم نه‌ده‌زانی ئه‌و كاته‌، به‌ڵام ئه‌و كتێبه‌م زۆر لا خۆشه‌ویست بوو، به‌رده‌وام ده‌مخوێنده‌وه‌ و ڕاهێنانم له‌سه‌ر ده‌كرد، فێری هه‌ندێ وێنه‌ بووم زۆر دڵم پێیان خۆش بوو. یه‌كێ له‌و نیگارانه‌ی دایم ده‌مكێشا، ماڵكی دوور بوو، كه‌ ڕێگایه‌كی‌ پڕ گوڵ و گوڵزاری بۆ ده‌چوو، له‌ ده‌وروبه‌ری ڕا هه‌موو دار و ده‌وه‌ن بوو. هه‌ستم ده‌كرد ورده‌ ورده‌ به‌ره‌و پێش ده‌چم، وێنه‌م ده‌هێنا و له‌سه‌ری دووباره‌ ده‌مكێشایه‌وه‌، هه‌رچی نیگارێكی سه‌رنڕاكێشم بدیایه‌، دووباره‌ ده‌مكێشایه‌وه‌، ئیدی حه‌زی وێنه‌كێشان بووبوو له‌ به‌شێك له‌ ژیانم.

كه‌مێك گه‌وره‌تر بووم، وه‌ك هه‌ر لاوێكی تر به‌ هۆی فكری زاڵی سه‌له‌فییه‌ته‌وه‌، له‌گه‌ڵ براده‌رێكم چووین بۆ لای مامۆستایه‌كی سه‌له‌فی و ده‌ستمان به‌ خوێندنی (ده‌رس) كرد، بیری سه‌له‌فیزم به‌ ته‌واوی به‌سه‌رمدا زاڵ بوو، ئه‌گه‌ر چی ئه‌و كاتیش تێبینیم له‌سه‌ریان هه‌بوو، به‌ڵام به‌ گشتی وه‌كو ئه‌وان بیرم ده‌كرده‌وه‌ و به‌ پێی بنه‌ماكانی ئه‌وان له‌ دینم ده‌ڕوانی. تا ئه‌و كاته‌ش حه‌زی بوون به‌ نیگاركێشم تێدا نه‌مردبوو، به‌ڵام به‌ره‌و لاوازی ده‌چوو، ئاخر ئه‌وان وێنه‌كێشان به‌ كارێكی حه‌رام ده‌زانن و پێیان وایه‌ "هه‌موو وێنه‌كێشێك له‌ ئاگردایه‌،" مه‌گه‌ر كه‌سێك ته‌نیا وێنه‌ی ده‌شت و دار و كێو بكێشێت. پارادۆكسی ژیانی من لێره‌وه‌ ده‌ستی پێكرد، له‌و كاته‌دا كه‌ قوتابییه‌كی سه‌له‌فی بووم، له‌ هه‌مان كاتدا چووم بۆ سه‌نته‌ری گه‌نجان بۆ ئه‌وه‌ی فێری وێنه‌كێشان بم، ئاخر بیستبووم م. كامه‌ران كۆرسی وێنه‌كێشان ده‌كاته‌وه‌.

هه‌ر یه‌كه‌م ڕۆژ كه‌ چوومه‌ ئه‌وێ، بینیم چه‌ندین فێرخواز له‌وێن و په‌ڕه‌یه‌كی سپیان له‌به‌رده‌مدایه‌ و ته‌نیا خه‌ریكی ڕه‌شكردنه‌وه‌یین، سه‌ره‌تا تێنه‌گه‌یشتم بۆ وا ده‌كه‌ن، دواتر زانیم كه‌ ئه‌مانه‌ ده‌بێ ئه‌و ڕاهێنانه‌ بكه‌ن تاوه‌كو ده‌ستیان نه‌رم بێت له‌گه‌ڵ وێنه‌كێشاندا، ئاخر ئه‌وان تازه‌ بوون له‌و هونه‌ره‌دا. منیش ویستم ده‌ست بكه‌م به‌و ئیشه‌ی ئه‌وان، به‌ڵام مامۆستاكه گوڵدانێكی بۆ دانام و وتی وێنه‌ی بكێشه‌، كاتێك وێنه‌كه‌م كێشا، سه‌یری كرد و وتی تۆ پێویست ناكا ئه‌و ڕأهێنانه‌ی ئه‌وان بكه‌ی، چونكه‌ تێتپه‌ڕاندووه‌. زۆر دڵخۆش بووم به‌مه‌، له‌ هه‌مان كاتدا هه‌ستم كرد مامۆستاكه‌ گرنگی زیاترم پێ ده‌دا و من له‌وان جیا ده‌كاته‌وه‌، ئه‌مه‌ متمانه‌به‌خۆبوونێكی زۆری پێ به‌خشیم. چه‌ند ڕۆژێكی كه‌م ده‌وامم كرد، ڕۆژێكیان فێرخوازه‌كان هه‌موو ڕۆیشتنه‌وه‌، م. كامه‌ران به‌ ته‌نیا بانگی كردم بۆ لای خۆی، كۆمپیوته‌ره‌كه‌ی خسته‌ ئیش و چه‌ندین تابلۆی هونه‌رمه‌نده‌ جیهانییه‌كانی پیشان دام، هه‌ر تابلۆیه‌‌ك كه‌ پیشانی ده‌دام، باسی نیگاركێشه‌كه‌ و ساڵی دروستكردنه‌ی پێ ده‌وتم له‌گه‌ڵ هه‌ندێ ڕوونكردنه‌وه‌ی تردا، هه‌مان ئه‌و كاته‌ی كه‌ ئه‌و به‌ دڵ و به‌ گیان وێنه‌ی پیشانم ده‌دا و دنیایه‌ك ئومێدی پێم هه‌بوو، من بیرم لای ئه‌وه‌ بوو هه‌موو ئه‌مانه‌ وێنه‌ی ئینسانن و حه‌رامن، بۆیه‌ له‌ پڕ قسه‌كانم پێ بڕی و وتم من ئه‌و شتانه‌ ناكه‌م، چونكه‌ حه‌رامه‌! ئه‌ویش حه‌په‌سا، وتی كێ ده‌ڵێ حه‌رامه‌؟ وتم فڵان مه‌لا و فڵان مامۆستا، ئیتر قسه‌ی زۆری بۆ كردم و باسی له‌ گرنگی تابلۆ و وێنه‌ كرد‌، به‌ڵام هێند كه‌له‌ڕه‌ق بووم، باوه‌ڕم پێ نه‌ده‌كرد، ئه‌وه‌ بوو هه‌ر ئه‌و ئێواره‌یه‌ی كه‌ ئه‌وێم به‌جێ هێشت، جارێكی تر نه‌گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ لای، ئه‌وه‌ ئه‌و ئێواره‌یه‌ بوو كه‌ خه‌ونێكی گه‌وره‌ی من له‌ گۆڕ نرا، خه‌ونێك كه‌ له‌ منداڵییه‌وه‌ له‌گه‌ڵمدا گه‌وره‌ بووبوو.

ئێستا كه‌ گه‌وره‌ بوومه‌ و خۆم بوومه‌ به‌ مامۆستا و ته‌له‌به‌م هه‌یه‌_نه‌ك له‌ بواری وێنه‌كێشان_ له‌وه‌ تێده‌گه‌م مامۆستای وێنه‌‌م چه‌ندی ئازار چه‌شتووه‌ كه‌ من نه‌گراومه‌ته‌وه‌ بۆ لای، ئاخر كاتێك هیوا و ئومێد له‌سه‌ر قوتابییه‌كمان داده‌نێن و ئه‌و بێباكه‌ له‌و هه‌موو خه‌مه‌مان، ئه‌و ده‌م ده‌زانین مامۆستایی چی بارێكی قورسه‌ و هه‌موو كه‌س توانای هه‌ڵگرتنی نییه‌. تێڕوانینی هه‌ڵه‌ بۆ دین و لێكدانه‌وه‌ی ڕووكه‌ش بۆ ده‌قه‌كان، ئه‌م ده‌رئه‌نجامانه‌ و خراپتریشی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌، دڵنیام نه‌ك خه‌ونی من، سه‌دان و هه‌زارن به‌هره‌ و خه‌ونی دیكه‌ به‌ هۆی فیكرێكی واوه‌ له‌ناو چوون و له‌ گۆڕ نراون.

تاگەکان    
خاڵبەندی ستەم دەروونی ئابورریی ئیسلامی گێڕانەوە ڕانانی کتێبب زانست حەوتەمین کۆڕبەندی هاوسانی پەروەردە شەهید گفتوگۆ نەتەوایەتی عیرفان حەمەدۆک عەبدولکەریم سرووش
ئەدەب
2017-11-14 کۆمێنت 2450 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی