نووسینی: هاوكار فهرهج
ئەوی دەیهەوێت لە تینوویەتی قوتار ببێت؛ هانا بۆ ئاو دەبات. ئەوانەی دەخوازن لە تووڕەیی و خەمەکانیان هەڵبێن؛ بۆلای مەی دەچن. وەلێ بۆ وەلانانی گەوجێتی و سڕی؛ تەنێ یەک شت هەیە و ئەویش –چایی- یە. یوو لوو لە سەتەی هەشتەمدا وەهای گوتووە. لە دونیای نووسینی کوردییدا، یەكێک لەو بابەتانەی کە هەڵدراونەتە نێو چاڵی فەرامۆشییەوە نووسین و کۆڵینەوەیە لەسەر چایی، نەوەکوو تەنیا کۆڵینەوە و نووسینی بابەتییانە بەڵکە لەنێو دیوەخانی ئەدەبیشدا چایی پشت گوێ خراوە و، قەدری وی نەزانراوە. ڕاستییەکەی من لام سەرسووڕهێن بوو وەختێک بینیم ئەوەندەی کتێب و لێکۆڵینەوە دەربارەی چایی هەن، کە خوێندنەوە و تەماشاکردنیان خۆتەرخانکردنی گەرەکە. تەنیا لە وڵاتی چین هێندە کتێب و نووسین و لێکۆڵینەوە لەسەر چایی هەن کە مەحاڵە لە کتێبخانەی کوردییدا، لەسەر هیچ بوارێک، هێندە کتێب بەردەست بن.
ئاخۆ چەند جار لە تاریکەشەوی ئێشدا، بۆ ساتێکی کەمیش بووبێت، چایی چنگێک ئومێدی پێ بەخشیوین و تەمی خەمی ئاییندەی لەبەر چاومان ڕەواندووەتەوە؟ زۆر جار کەسمان لا نەبووە و تەنیا بووین، کەچی چایی بە دیار خەموکەسەری بێدارمانەوە شەوارەکێش بووە. گەلێک جار مێشکمان لە سووچی هیلاکی و بێهومێدییدا خۆی گرمۆڵە کردووە؛ چایی دەستی کردووەتە ملی و دڵی داوەتەوە. ئەرێ قەت نەبووە لەو ڕۆژانەی باران حەشری بە زەمین کردووە، لە قووڵاییی دڵەوە بخوازین بۆ ساتێک دەست لە دونیا بشۆین؛ بە دیار سەماوەرێکەوە ئازار بکەین بە نەوت و خەم بە هەڵم و تا ئۆخەی دەکەین چایی هەڵبقۆڕێنین. ئای ئێمە چەندێک زوو ڕێگەی وەفا گووم دەکەین؟ چایی ڕەشایی جەرگی دەخوات هەتا سپێتی بە ڕۆحمان ببەخشێت. دیلێکی نێو کۆشکی قۆرییە و باڵ بە خەونەکانمان دەبەخشێت. خودانبرینێکی کڵۆڵە و هەتوان بۆ کۆژانمان دەستەبەر دەکات. لەوەتەی هەیە سەری دەبڕن تاکوو سەر لە ماڵی دڵمان بدات. چایی نابینایەکە، بۆ بینینی شادییەکانی ژین، چاوێکی لێ قەرز دەکەین؛ نابیستێکە خەم و دەردی لا هەڵدەڕێژین؛ هاندیکاپێکە ئازای بەدەنمان ناهێڵێت و کە لە حوزووریدا دەبین هەرچیی ئەنداممان هەن لە ئێش دەکەون. چایی خۆی دەکوڵێت و گەرمایەتی سەری دەخوات؛ هەتا فێنکایی بۆ دەروونی سووتاومان بهێنێت. کێی دیکە هەیە وەک چایی بێباکانە خۆی بکاتە حەیرانی خەمەکانمان. ئەر بەردەکەی کابە گوناحی بونیادەم ڕەشی داگەڕاندووە؛ چایی خەم و ئێشەکانی ئینسان بەو ئاوایەیان بەسەردا هێناوە.
یەکەمین چاوهەڵهێنانی چایی.
شەکری ئەو ڕاستینەیە لە دەمی هەموواندا تواوەتەوە کە یەکەمین چاوهەڵهێنانی چایی بۆ وڵاتی چین دەگەڕێتەوە، هەرچەندە وەکوو ڕووەکێک تەمەنی چایی تا چاو هەتەر بکات درێژە و، باس لە پێنجهەزار ساڵی پێش زایین دەکرێت، لێ وەک سەردەمی کەوتنەناودەم و هاتنەدۆزینەوە؛ یەکەمجار لە چین و لە ساڵی ٢٧٣٧ پێش زایین بووە. چەند سەتەیەک پێش ئەوەی ڕۆژاوا هەر بشزانێت چتێ بە ناوی(چایی) هەیە، لە چین چایی بووبووە خواردنەوەیەکی باو.
هەر لە چین لە سەتەی یەکەمی پێش زاییندا، کتێبێک دەربارەی چایی نووسرا و بڵاوکرایەوە، سەیر لەوەدایە هەر لەو سەردەمەدا زانیاریگەلێکی فرە لەسەر چایی هاتوونەتە ئاشکراکردن. دواتر لە ساڵی پەنجاوشەشی پێش زایین، وانگ بائۆ بەناوبانگترین کتێبی لەسەر كڕین و ئامادەکردنی چایی، نووسی، کە بە یەکەمین سەرچاوەی نووسراو دادەنرێت دەربارەی كڕین و ئامادەکردن و قاپوقاچاخی پێوەندیدار بە چایییەوە. لەم وەختانەیشدا لە چین هێشتاکێ چایی تایبەت بووە بە چینی باڵاوە و، خاڵکانی ئاسایی لێی بێبەش بوون. پاشانیش لە کۆتاییی سەتەی هەشتەمدا کەسێک بە ناوی لوو یوو، کتێبێکی دوورودرێژ و گرینگی دەربارەی بنەڕەتی پەیدابوونی چایی و لایەنە ڕۆحی و دەروونییەکانی نووسی. تا ئێستایش ئەم کتێبە بە یەکێک لە سەرچاوە هەرە گرینگەکان دادەنرێت.
ئاخۆ چۆن بوو یەکەمین جار مرۆڤ هەبوونی چایی کەشف کرد؟ چۆن پەی بەوە بردووە بەم ئاوایەی ئێستاکێ چایی لێ بنێت؟ چۆن بونیادەم توانی چایی بکاتە هاودەمی خۆی و ئاگریش بکاتە هاوڕازی وی؟
چەند حەکایەتێک دەربارەی دۆزینەوەی چایی دەگێردڕێنەوە، ئەوەی لە بنی قۆرییەکەی مێژوودایە ئەوەیە؛ ئیمپراتۆری وڵاتی چین (شێن نۆنگ) کە هاووەخت ڕووەکناس و حەکیم بووە و، بە (باوکی کەشاوەرزی و پزیشکیی میللی) ناسراوە. دەگێڕنەوە؛ لە ساڵی ٢٧٣٧ پێش زاییندا، شێن نۆنگ لە ڕۆژێکی هاوینەدا لەبەر سێبەری درەختێکدا دانیشتووە، لەم وەختەدا یەکێک لە خزمەتکارەکانی مژووڵ بووە بە کوڵاندنی ئاوی خواردنەوەوە؛ بە ڕێکەوت چەند گەڵایەک لە درەختێکی نێزیکەوە بەربوونەتەوە نێو مەنجەڵی ئاوکوڵاندنەکە، بەمەیش ڕەنگی ئاوەکە بۆ قاوەیی گۆڕدراوە، ئیمپراتۆر بڕیار دەدات لەو گیراوە سەیرەی، کە بە ڕێکەوت خوڵقا، بخواتەوە! پاشانیش حەزی لێ دەکات و لێی دەکۆڵێتەوە، دواتر باس لە سوودەکانی دەکات و وەک ڕووەکێکی بەسوود دەیناسێنێت. پاشانەکینێ چایی لە وڵاتی چیندا، بە شێوەیەکی بەربڵاو دێتە خواردنەوە و، دەبێتە سەرەکیترین خواردنەوەی میللی.
لە هیندستان حەکایەتێکی دیکە بەر گوێ دەکەویت؛ یەکێک لە گرینگترین کەسایەتییەکانی بودیزم (دهارما) بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی فێرکاری و ڕێنوێنییەکانی بودیزم، لە هیندستانەوە بۆ چین گەشت دەکات، دهارما پەیمان بە خۆی دەدات کە ماوەی نۆ ساڵی خشت لە خەڵوەتدا بمێنێتەوە و، لەو ماوەیەیشدا خەو لە خۆی بتۆرێنێت و بە هیچ کلۆجێک پێڵوو لێک نەنێت! لێ لە کۆتاییی ساڵی سێیەمدا، تەواو شەکەت دەبێت و دادەهێزرێت؛ دهارما بڕێک گەڵای چایی دەست دەخات و دەیجوێت، بەمەیش چایی هێز و توانی پێویستی پێ دەبەخشێت هەتاوەکوو شەش ساڵەکەی دیکەیش بە بێداریی بمێنێتەوە.
هەمان ئەم حەکایەتە بەم شێوەیەیش گێڕدراوەتەوە؛ دوای ئەوەی دهارما قەول دەدات نۆ ساڵان بەخەبەر بێت، وەلێ پاش ماوەیەک خەو دەیباتەوە، وەختایێ لە خەو ڕادەبێت، زۆر لە خۆی قەڵس دەبێت و، پێڵووی هەردوو چاوانی هەڵدەکەنێت و فڕێیان دەدات! تا دڵنیا بێت چیدی بێ خواستی خۆی خەو نابێتە خانەخوێی خانەی دەروونی؛ لەو جێگەیەی کە پێڵووەکانی کەوتنە سەر زەوینەکە (چایی) سەری لە خاک دەرهێنا و خوڵقا کە خودان هێزێک بوو پێڵووی چاوانی بە کراوەیی دەهێشتنەوە.