دڵم مه‌یلی یادی مه‌ولوودێك ده‌كات

ئەدەب 2017-12-08 کۆمێنت 1673 جار بینراوە

نووسینی: هێمن عومه‌ر خۆشناو

پڕ به‌ دڵ ده‌مه‌وێ به‌ پێپیلكه‌ی یاده‌وه‌رییه‌كانمدا شۆڕببمه‌وه‌، له‌ناو ئه‌و ده‌لاقه‌ تۆز لێنیشتووانه‌دا تێر ­­­تێر بۆنی هه‌ناسه‌كانی ئه‌وێ رۆژێ بكه‌م، ئه‌و رۆژانه‌ی كه‌ ته‌نیا له‌ چوار رۆژدا له‌گه‌ڵ گه‌ردی به‌یانیدا له‌ ماڵ نه‌ده‌سه‌نگراینه‌وه‌ و به‌ره‌و پیلی سرووشتی رووحیانه‌ ده‌چووین، ئه‌و چوار رۆژه‌ی هه‌ردوو جه‌ژنی قوربان و ره‌مه‌زان و ڕۆژی مه‌ولوود و رۆژی نه‌ورۆزان ده‌بووه‌ تریفه‌ی به‌ر مانگه‌شه‌وی هه‌موو هه‌نگاومان و له‌ناو دڵپاكیی خه‌ڵك و سرووشتدا ئاوێته‌ده‌بووین و تێر تێر بۆنی ساده‌ییمان هه‌لده‌مژی.
 ئه‌وڕۆ وه‌ك هیچ ڕۆژێك نییه‌، نازانم بۆ خه‌یاڵ په‌لكێشی مه‌ولوودێكی رووحیم ده‌كاته‌وه‌، مه‌ولوودێكی ناو مزگه‌وتێكی كۆن،‌ دڵێكی پر له‌ هیوا، فرمێسكێكی قه‌تیس ماو، ده‌قێكی به‌ناو پر له‌ خورافیات، به‌ڵام ساده‌ وه‌ك دڵی ئه‌و په‌پولانه‌ی له‌ ده‌وری لامپاوه‌ ده‌هاتن و ده‌چوون، حه‌زین وه‌ك موناجاتی ئه‌ی سه‌ییدی سه‌رداری من، به‌ جۆش وه‌ك مه‌ولاییه‌سه‌لییه‌كه‌ی ناوه‌ندی مه‌ولوودان. هێدی هێدی بۆ ئه‌وێ شۆڕم ده‌كاته‌وه‌. دڵ به‌ره‌و ئه‌و رۆژانه‌ ده‌فڕێ، نه‌ مه‌ولوود خوێن گۆرانی ده‌چڕێ و نه‌ ئاوازی عه‌ره‌بی و فارسی و توركی و هه‌ڵپه‌ركێ ده‌هاته‌ ناو مه‌جلیس و نه‌ ده‌نگه‌ده‌نگی ده‌فێكی پڕ له‌ ڕیا و نه‌ گۆرانیبێژێكی ئه‌ولیای رۆژی مه‌ولوودان و نه‌ كامێرا و ڤیدیۆ ده‌نگ و ڕه‌نگیان هه‌یه‌ و نه‌ خه‌لكیش به‌ كارتی ده‌عوه‌تنامه‌وه‌ به‌ نه‌فه‌سی دیوه‌خانه‌وه‌ ڕوونیشتوون. ڕووح له‌ قوڕنه‌ی مزگه‌وتێكه‌وه‌ به‌ دیار مه‌ولودێكی كۆنه‌وه‌ به‌ ئاوازێكی كورده‌وارییانه‌ له‌ جیلوه‌ی ته‌جه‌للا دایه‌ و ورد ورد ته‌ماشای برۆ و برژانگی ئه‌و پیره‌مێرده‌ ڕووحییانه‌ ده‌كات كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر موناجاتێكدا سه‌ریان به‌ ته‌نافی عومریانه‌وه‌ شۆڕكردۆته‌وه‌ و هێواش هێواش فرمێسكی ئاوێته‌بوونیان ده‌كه‌نه‌ هه‌توانی برینان و به‌ حاڵگرتنێكی رۆحییانه‌وه‌ دڵیان خاوێن ده‌كه‌نه‌وه‌ و بێ ئه‌وه‌ی كه‌س بیانبینێ به‌ ده‌سرۆكی په‌شیمانییه‌وه‌ ڕوویان گه‌رم ده‌كه‌نه‌وه‌ و مه‌قامێك ڕووحیان به‌رزتر ده‌بێته‌وه‌. ئێستا خه‌یاڵ له‌و ده‌لاقانه‌دا به‌ دیار وێنه‌ی ئه‌و دیمه‌نانه‌دا ده‌نكه‌ ته‌سبیحه‌كانی ته‌مه‌ن ئاودیو ده‌كات، بۆ ئه‌و ساته‌ زێرێنانه‌ی كه‌ چه‌ند خۆش بوو نه‌ خواردنی زۆری بێ وزه‌ی ڕووحی و نه‌ ئه‌و شیرینییه‌ ڕووكه‌شییه‌ی ئێستا هه‌بوو، هه‌ر هه‌موو به‌ دیار شه‌ربه‌تێكی ساده‌ی ناو په‌رداخێكی فافۆن چاویان له‌ چاوه‌ڕوانیدا وشك ده‌بوو، ئه‌مما كه‌ ده‌هات، له‌گه‌ڵ وه‌سفی شه‌ربه‌ت و ئاوی كه‌وسه‌ر(له‌ هه‌نگوینی شیرینتر و له‌ به‌فرێ ساردتر و له‌ شیری سپیتر) هه‌ر ده‌تگوت خۆشه‌ویسته‌ و به‌ ده‌ستی خۆی پێشكه‌شمان ده‌كات. ئه‌و خه‌ڵكه‌ داوه‌تنه‌كرابوون، خاوه‌نی مه‌ولوود دیارنه‌بوو، هه‌ر كه‌س هه‌لوه‌دای زوو گه‌یشتنی بوو، نه‌ كه‌س گله‌یی ده‌كرد كه‌ داوه‌تنه‌كرایه‌ و نه‌ له‌به‌ر خاتری خاوه‌نی مه‌ولووده‌وه‌ ده‌هاتن و نه‌ له‌به‌ر خۆشیی ده‌نگی گۆرانیبێژه‌كان و وتاربێژه‌ بێ جه‌وهه‌ر و رووحه‌كانه‌وه‌ ته‌شریفیان دێنا، ئه‌وان رووح كه‌مه‌ندكێشی ده‌كردن،‌ ده‌نگی ساده‌ و حه‌زینی ئه‌و مه‌ولوودخوێنانه‌ بوو كه‌ به‌ دڵ و دڵسۆزییه‌وه‌ له‌وێ بوون جه‌زبیان ده‌كردن و به‌ دڵیكی پڕ وزه‌ی ڕووحییه‌وه‌ شه‌وێ هێدی هێدی به‌ره‌و سه‌كینه‌تی ساده‌ییه‌وه‌ ده‌چوونه‌وه‌ و هائیم هائیم و حه‌یران حه‌یران له‌ به‌خته‌وه‌ری ئه‌و ڕۆژانه‌یان ده‌ڕوانی.

تاگەکان    
سەرفیترە ئایین گفتوگۆ چەواشەکاریی لۆژیکی فیلم ڕۆژاوا زانکۆ ئایا سۆفیا حزبی ئیسلامی دوعا سۆفیگەری ئەیاد قنێبی بوووژانەوە ئابورریی ئیسلامی ستەم
ئەدەب
2017-12-08 کۆمێنت 1673 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی