سه‌ركۆنه‌كه‌ران

ئەدەب 2017-12-10 کۆمێنت 1542 جار بینراوە

جوبران خه‌لیل جوبران
به‌كوردیكردنی: عه‌لی حسێن

پیاوێك كه‌ به‌ سواریی ئه‌سپ به‌ره‌و زه‌ریا گه‌شتی ده‌كرد، ده‌مه‌و خۆرئاوا گه‌یشته‌ خانێك له‌ قه‌راخی ڕێگه‌كه‌دا. له‌ ئه‌سپه‌كه‌ی دابه‌زی و وه‌كو هه‌موو ئه‌و سوارانه‌ی به‌ره‌و زه‌ریا له‌ گه‌شتدان، بێترس له‌ شه‌و و له‌ خه‌ڵك، ئه‌سپه‌كه‌ی له‌پاڵ ده‌رگای خانه‌كه‌دا به‌ دارێكه‌وه‌ به‌ست و چوویه‌ ژووره‌وه‌.

    نیوه‌شه‌و، كاتێك هه‌مووان خه‌ویان لێ کەوتبوو، دزێك هات و ئه‌سپی گه‌شتیارەکەی ڕفاند.

    بۆ به‌یانی، گه‌شتیاره‌كه‌ له‌ خه‌و هه‌ڵستا و زانیی ئه‌سپه‌كه‌ی دزراوه‌. کابرا له‌وه‌ی ئه‌سپه‌كه‌ی ڕفێندرابوو و له‌وه‌شی كه‌سێك بیری بۆ دزی ڕۆیشتبوو، خه‌فه‌تبار بوو.

    ورده‌ ورده‌ میوانانی خانه‌كه‌ هاتن و له‌ ده‌وری گەشتیارەکە كۆ بوونه‌وه‌ و ده‌ستیان به‌ قسه‌ كرد.

    یه‌كه‌میان وتی: چ كارێكی گێلانه‌ت كردووه‌ كه‌ ئه‌سپه‌كه‌ت له‌ ده‌ره‌وه‌ی گه‌وڕه‌كه‌ به‌ستووه‌ته‌وه‌.

    دووه‌م وتی: گه‌وجانه‌تر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌ست و پێی ئه‌سپه‌كه‌شت نه‌به‌ستووه‌ته‌وه‌.

    سێیه‌م وتی: له‌ هه‌ر بارێكدا بێت، گه‌شتكردن بۆ زه‌ریا به‌ ئه‌سپ، كارێكی بێئه‌قڵانه‌یه‌.

    چواره‌میش وتی: ته‌نیا كه‌سانی ته‌نبه‌ڵ و ئه‌وانه‌ی له‌ ڕێكردندا خاووخلیچكن، ئه‌سپ به‌ كار ده‌هێنن.

    سه‌ره‌نجام كابرای گه‌شتیار كه‌ ته‌واو سه‌رسام بووبوو، هاواری كرد: هاوڕێیان، به‌ دزرانی ئه‌سپه‌كه‌م، هه‌مووتان یه‌كسه‌ر ده‌ستتان به‌ پیشاندانی هه‌ڵه‌ و كه‌موكوڕییه‌كانم كرد، به‌ڵام سه‌یر ئه‌وه‌یه‌، یه‌ك وشه‌شتان له‌ سه‌ركۆنه‌ی ئه‌و كه‌سه‌دا كه‌ ئه‌سپه‌كه‌ی دزیوم، نه‌وت.

 

تاگەکان    
بوووژانەوە شەهید چەواشەکاریی_لۆژیکی سیاسەت نیشتیمان بۆ ئەوانەی وەكو خۆمن باران کتێب عێڕاق فیکر چیرۆک سایکس-بیکۆ شەڕ پۆدکاست بوومەلەرزە
ئەدەب
2017-12-10 کۆمێنت 1542 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی