ڕقم لێته‌، خۆشم ده‌وێیت!

ئەدەب 2018-01-02 کۆمێنت 4100 جار بینراوە

نووسینی: د. موسته‌فا مه‌حموود
وه‌رگێڕانی: یووسف مه‌لا خه‌لیل

كاتێك كچێك به‌ دۆسته‌كه‌ی ده‌ڵێت: من هه‌ر به‌ڕاستی له‌ تۆ بێزارم و ڕقم لێته‌، ئیدی توانای دیتنیشتم نه‌ماوه و‌، له‌ دڵه‌وه‌ ده‌مه‌وێت به‌ گوللـه‌‌یه‌ك مێشكت بپرژێنم و، دیداری مردنم گه‌لێك له‌ بينينی تۆ پێ ساناتره‌.

وه‌ختێك شڵه‌ژان سه‌راپای جه‌سته‌ی داده‌گرێت و له‌تاو تووڕه‌ییدا، پرچی خۆ داده‌ڕنێت و له‌ ڕقاندا، ده‌سته‌كانی به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌ به‌رز ده‌كاته‌وه‌‌ و نینۆكه‌كانی له‌ ئاسمان گیر ده‌كات، بێگومان له‌و ساته‌دا له‌باری سۆز و ڤیندایه‌‌ نه‌ك دۆخی خه‌شم و قین!

چ جیاوازییه‌ك له‌ نێوان ڤین و قیندا نییه‌، ئاخر هه‌ردووك ئاگرن و، گرنگیپێدانێكی ڕاده‌به‌ر و پێوه‌ندییه‌كی گه‌رمی نێوان دوو دڵ، هێناونیه‌ته‌ كایه‌وه‌.

بێگومان ئه‌وه‌ گه‌ر بایه‌خپێدان نه‌بایه‌،‌ خوێنی به‌و شێوه‌یه‌ فڕكه‌ی نه‌ده‌هات و، ده‌ماری به‌و جۆره‌ گرژ و ئاڵۆز نه‌ده‌بوو.

ڕقه‌به‌رایه‌تی گه‌لێك له‌ خۆشه‌ویستی زێتری تێ ده‌چێت، ئاخر ئه‌ویان له‌ سۆنگه‌ی مرۆڤه‌وه‌، هه‌ستێكی نامۆیه‌ و پێچه‌وانه‌ی سروشتیه‌تی، بۆیه‌ ته‌واو وه‌ك جه‌سته‌یه‌ك وایه،‌ بیه‌وێت پێچه‌وانه‌ی هێزی كێشكردنی زه‌وی بجووڵێته‌وه‌، به‌ دڵنیایییه‌وه‌ حه‌وجێ به‌ هێزێكی زێتر و خه‌رجدانی وزه‌ و سووته‌مه‌نییه‌كی پتر له‌و پێناوه‌دا، ده‌بێت.

ڕق فراژیبوونێكه‌، به‌ره‌و ژێره‌وه‌ ڕۆ ده‌چێت نه‌ك به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌ هه‌ڵكشێت و، گه‌شه‌كردنێكه تێیدا مشه‌خۆر و خانه‌خوێ، هه‌ردووك خودی خۆین و هێدی هێدی خه‌ریكی خواردنی به‌شبه‌شی خۆیه‌تی.

ئه‌و ئه‌وینه‌ی كتوپڕ له‌ شه‌یدایییه‌كی گڕداره‌وه‌ بۆ قینێكی بڵێسه‌دار ئاوه‌ژوو ده‌بێت‌، ته‌نێ ڤینێكی ئاره‌زووبازانه‌ی خۆپه‌رستانه‌ی بچووكی ئاسۆته‌نگه‌، كه‌ به‌ هیچ كلۆجێك ژیری و تێگه‌یشتن میوانی نییه‌!

ئه‌و وه‌رگه‌ڕانه‌ خێرا و له‌ناكاوه‌ی، له‌مپه‌ڕی په‌رۆشییه‌وه‌ بۆ ئه‌وسه‌ری بێهه‌ستی، وه‌نه‌بێت ئه‌وه‌ بگه‌یه‌نێـت، عه‌قڵی به‌ تێگه‌یشتنێكی قووڵ شكا بێت، یان ده‌روونی به‌ ڕووی دڵنه‌رمییه‌كی به‌خشنده‌ئامێزدا كرابێته‌وه‌، یاخود په‌ی به‌ هه‌سته‌یلێكی ڕووحیی پاك و به‌رین بردبێت، نا به‌ڵكه‌ ته‌نێ ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌ن، له‌ چرووكی و كینه‌دۆزی بترازێت، دڵی چ به‌هایه‌كی دیكه‌ی تێدا جێ نه‌بووه‌ته‌وه‌ و، ئه‌وه‌ش ده‌سه‌لمێنێت ئه‌می كچ، ده‌روونی خۆی ته‌نێ به‌ هه‌وه‌سێكی تاكڕه‌وانه‌ی خۆویستانه‌ یان چێژێكی سنوورداره‌وه‌ شه‌ته‌ك داوه‌، تا هه‌ركات زۆریان بۆ هات و، كه‌ڵكه‌ڵه‌ی ده‌ستبه‌رداربوون كه‌وته‌ سه‌ریان، بێ سڵه‌مینه‌وه‌ یه‌كڕاست، ئه‌وینی له‌بننه‌هاتووی بۆ قینی بێ كۆتا وه‌رچه‌رخێنێت و، ئیدی ماچه‌كانی بكێشێته‌وه‌ و له‌برییان، زلله‌ له‌ناكاوه‌كانی پێشكه‌ش بكات!

 به‌ دڵنیایییه‌وه‌ ئه‌و هه‌رگیز، پیاوه‌كه‌ی خۆی به‌ڕاستی له‌ ڕیشه‌وه‌ خۆش نه‌ویستووه‌، به‌ڵكه‌ ته‌نیا خودی خۆی خۆش ویستووه‌ و، خۆپه‌سه‌ندی و ڕێز و چێژ و به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی لا مه‌به‌ست بووه‌ و به‌س، ئه‌ویشی تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ خۆش ویستووه‌، كه‌ ئه‌و پێویستییانه‌ی بۆ جێبه‌جێ كردووه‌، لێ ئه‌مێستاكه‌ به‌ته‌واوی بوونیه‌وه‌ ڕقی لێیه‌تی، چون وه‌ك جاران، بۆشاییه‌ ده‌روونی و ماددییه‌كانی بۆ پڕ ناكاته‌وه‌ و، سه‌ركێشیی له‌ به‌رانبه‌ر ویسته‌كانیدا نیشان ده‌دات و، خه‌ریكه‌ به‌ ته‌واوی ده‌ستی لێ به‌ر ده‌دات‌‌.

‌ئاگری دووانه‌ی ڤین و قین له‌ بنه‌وادا، یه‌ك ئاگر بوون، ئاخر ئه‌و ئاگره‌ ته‌نیا شیفته‌ی خودی خۆیه‌تی و چێژ له‌وه‌ ده‌بات ڕازی ده‌كات و، هه‌ر شتێكیش برینداری بكات یاخود ئازاری بدات، بێ پرینگانه‌وه‌ ڕه‌تی ده‌كاته‌وه‌.

ڕقلێبوونه‌وه‌ و غیره‌كردن و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌، سۆزه‌یلێكی شه‌ڕانی و دزێون، كه‌ له‌ سه‌رچاوه‌ی خۆپه‌رستیی ئاو ده‌خۆنه‌وه‌ و، له‌ ده‌روونێكی نه‌نگی داخراوی به‌رژه‌وه‌ندیخوازه‌وه‌ هه‌ڵده‌قووڵێن، كه‌ ناخێكی پیسكه و چاوبرسی ئاڕاسته‌ی ده‌كات و، له‌ به‌رانبه‌ر له‌ده‌ستچوونی بچووكترین شتیدا، بێ ئه‌ندازه‌ په‌شیمان و تۆقیو دێته‌ پێش چاو و، بێئۆقره‌یی و شڵه‌ژانیش له‌ كاتی به‌جێمان و شكستیدا، پیشه‌ی به‌رده‌وامیه‌تی.

به‌دڵنیایییه‌وه‌ كینه‌دۆزی درێژه‌ ناكێشێت...

 ئاخر ئه‌و به‌ درێژایی كات، به‌ هۆی ئه‌و هه‌موو سزایه‌ی له‌و‌ پێناوه‌دا ده‌یچێژێت و، ئه‌و دوودڵی و په‌رۆشییه‌ی له‌و ڕێگه‌یه‌دا تووشی ده‌بێت، خه‌ریكی سووتاندنی خودی خۆیه‌تی...

پاشان له‌ كۆتاییدا، هێدی هێدی تێگه‌یشتنی له‌ دونیا فراوانتر ده‌بێت و، جیاواز له‌ جاران، هه‌ستێكی نه‌رمونیان و به‌سۆزانه‌ی به‌رانبه‌ر سروشتی كه‌س و شته‌كان، به‌ ڕوودا ده‌كرێته‌وه‌.

دواتر خۆشه‌ویستیی دووه‌م دێته‌ ئاراوه‌، دیاره‌ ئه‌میان ئه‌وینێكه، چێژه‌كه‌ی‌ قووڵ و درێژخایه‌ن و به‌رزه‌فڕتره‌ و، یادگارییه‌كانیشی گه‌لێك جوان و شیرینترن.

بێگومان ئه‌وینی سێیه‌میش له خۆشه‌ویستیی دووه‌م قووڵتر و ڕه‌سه‌نتره‌...

 خاترجه‌م به‌‌ كه‌ كۆتا ئه‌ڤین، گرنگترین و قووڵترینه‌، چون له‌میاندا ئه‌وی ژن، مێرده‌كه‌ی به‌ هه‌موو بوونیه‌وه‌ ده‌وێت و، به‌ ته‌واوی ئه‌زموونی تاڵ و شیرین و، ڕابردووی تژی له‌ هه‌وراز و نشێوه‌وه، پیاوی ژیانی هه‌ڵبژاردووه‌ و قبووڵیه‌تی.

بۆیه‌ ئه‌وه‌ ڕاست نییه‌ كه‌ ده‌ڵێت، یه‌كه‌مین ئه‌وین مه‌زنترینه‌، به‌ڵكه‌ یه‌كه‌مین ڤین، بچووكترینه‌ و، گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌یه‌كیش كه‌ پیاو تێێ بكه‌وێت ئه‌وه‌یه‌، له‌ یه‌كه‌مین ئه‌وینیدا، هاوسه‌رگیری دوابڕیاری بێت.

تاگەکان    
ئەیاد قنێبی جەنگی هۆشیاری دەروون فێمینیزم تەنیایی قودس فیلم وەرزش زانایان چەواشەکاریی لۆژیکی مانا زمان یاسا باران نائومێدی
ئەدەب
2018-01-02 کۆمێنت 4100 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی