ده‌رباره‌ی ڕۆمانی (الشرق المتوسط)ی عه‌بدولڕه‌حمان مونیف
نووسینی: زانا لاهووری
له نیوه‌ی كتێبه‌كه‌دا بووم، ساتێ به‌رگه‌كه‌یم داخست و نێوچه‌وانم نا به سه‌ر به‌رگی كتێبه‌كه‌وه و تێر بۆنم كرد، له دڵی خۆمدا وتم: ده‌كرێ وشه ئه‌و هێزه گه‌وره‌یه‌ی هه‌بێ؟! ده‌كرێ ئینسان هێنده جوان بنووسێ؟! ئیدی له‌به‌ر خۆمه‌وه ده‌مگوت چ شاكارێكت خولقاندووه به‌ڕێز مونیف!
كاتێ ڕه‌جه‌ب ده‌یه‌وێ ده‌رباره‌ی (هادی)ی هاوڕێی بنووسێ، دوودڵه و په‌شیمان ده‌بێته‌وه، ده‌نووسێ و ده‌یسووتێنێ، ئاخر هه‌میشه ئه‌و هه‌سته‌ی لا دروست ده‌بێ كه ئایه ئه‌م وشه بێكهڵكانهی من، له ئاست گه‌وره‌یی هادیدا ده‌بن؟ ناكرێ به‌م وشه بچووكانه، په‌سنی پیاوێكی وا مه‌زن بكرێ. منیش ته‌واو دوودڵم كه له‌سه‌ر ئه‌م ڕۆمانه ده‌نووسم، ئاخر نووسین ده‌رباره‌ی هه‌ندێ شت، هه‌ر وا ساكار نییه.
ڕه‌جه‌ب ئیسماعیل، كه زیندانییه‌كی سیاسییه و له ده‌ستپێكی ڕۆمانه‌كه‌دا له زینداندایه، حوكمی حه‌وت ساڵی به سه‌ردا دراوه و دوای ته‌واو كردنی چوار ساڵ، ئازاد ده‌كرێ. له‌به‌ر ئه‌شكه‌نجه‌ی زۆر له كاتی به‌ندیدا، تووشی نه‌خۆشی ڕۆماتیزم ده‌بێ و چیتر توانای به‌رگه‌گرتنی نامێنێ، ناچار (ئیعتراف) ده‌كا و واژۆی وازهێنانی له سیاسه‌ت ده‌كات، پاشان ڕێگه‌ی ده‌ده‌ن ئازاد بێ. كێشه‌كان لێره‌وه ده‌ست پێ ده‌كه‌ن، وه‌ك خۆی ده‌گێڕێته‌وه ئه‌و ڕه‌جه‌به‌ی پێش چوار ساڵ، زۆر جیاوازه له‌م ڕه‌جه‌به‌ی ئێستا. چه‌ندین جار به (ئه‌نیسه)ی خوشكی ده‌ڵێ، ئه‌و ڕه‌جه‌به مرد، ئێستا هه‌موو شت جیاوازه. جگه له‌وه‌ی ئه‌شكه‌نجه ته‌واوی جه‌سته‌ی وێران كردووه، سه‌ره‌ڕای هه‌موو نه‌خۆشییه‌كانی، (هه‌ستی خیانه‌تكردن) هه‌موو ڕۆژێ ده‌یكوژێ، ئاخر ئیمزاكه‌ی له ڕۆژنامه‌كاندا بڵاو ده‌بێته‌وه و هه‌موو كه‌س به چاوێكی تره‌وه تێی ده‌ڕوانن، یان هیچ نه‌بێ ئه‌م وا بیر ده‌كاته‌وه.
ڕه‌جه‌ب خاوه‌ن كه‌سایه‌تییه‌كی تایبه‌ته، به نهێنی له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌كیدا له دژی پارتی ده‌سه‌ڵاتداری وڵاته‌كه‌ی كار ده‌كات. ئه‌ویندار و شاعیره، به‌ڵام هه‌رچی ده‌نووسێ، یان لای خۆی هه‌ڵیده‌گرێ، یان ده‌یسووتێنێ. جاری وا بووه چه‌ندین شه‌و و ڕۆژ له ژوورێكدا ماوه‌ته‌وه و ته‌نیا خه‌ریكی نووسین بووه، تا دره‌نگانێكی شه‌و نووسیه‌تی و له به‌ره‌به‌یاندا سووتاندوونی. پێش چوونه زیندان، خوێنه‌رێكی سه‌یره و وه‌ك ده‌گوترێ كرمی نێو كتێبانه. به به‌رده‌وامی ده‌خوێنێته‌وه. ئه‌نیسه‌ی خوشكی ده‌ڵێ هه‌ر كاتێ ڕۆمانێكی ده‌خوێنده‌وه، خێرا فڕێی ده‌دا، كه ده‌مپرسی بۆ فڕێی ده‌ده‌ی؟ ده‌یگوت ئه‌گه‌ر به ده‌ستمه‌وه بێ، جارێكی تریش ده‌یخوێنمه‌وه!
دوای ده‌رچوونی له زیندان، هه‌میشه له شه‌ڕێكی به‌رده‌وامدایه له‌گه‌ڵ خۆیدا، به‌شێكی گه‌وره‌ی ڕۆمانه‌كه، مۆنۆلۆگی ڕه‌جه‌به ده‌رباره‌ی دانپێدانانه‌كه‌ی. ئه‌و هه‌سته هه‌موو ڕۆژێ ده‌یكوژێ، بیر ده‌كاته‌وه چۆن ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی كرد و په‌ڕه زه‌رده‌كه‌ی واژۆ كرد. هه‌رچه‌نده دكتۆره‌كان پێیان ڕاگه‌یاندبوو، به مانه‌وه‌ی له زینداندا، گیان له ده‌ست ده‌دات. تاوێ بیر له ڕابردووی ده‌كاته‌وه چۆن توانیویه‌تی ئه‌و هه‌موو ساڵه به‌رگه بگرێ، چۆن له گه‌رمه‌ی ئهشكهنجهداندا تفی له‌نێو چاوانیان كردووه. چۆن كاتێ خراپترین جۆره‌كانی ئه‌شكه‌نجه‌یان له‌سه‌ر تاقی كردووه‌ته‌وه، ئه‌و هێشتا باوه‌ڕی پته‌وتر بووه. هه‌ڵواسینی بۆ ماوه‌ی حه‌وت ڕۆژ، جگه‌ره كوژاندنه‌وه له‌سه‌ر جه‌سته‌ی، دار كردن به كۆمیدا... شكاندنی شانی له كاتی لێدانیدا و چه‌ندین ئازاری قورس‌تر، ئه‌و هێشتا وه‌ك سنه‌وبه‌ر وه‌ستاوه و به‌رگه‌ی گرتووه.
هه‌ر وه‌ك چۆن (سته‌م) و (ئازار) به درێژایی مێژوو باڵی به‌سه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا كێشاوه، ئاواهیش په‌ڕه به په‌ڕه‌ی ڕۆمانه‌كه، بۆنی ئازار و خوێنی لێ دێ. ئه‌و بێ ئه‌وه‌ی ناوی هیچ وڵاتێكی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ببات، سته‌م و ئازار ده‌كاته بابه‌تی گرنگی ڕۆمانه‌كه‌ی. له‌وانه‌یه به ناونه‌هێنانی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، بیه‌وێ ئه‌و په‌یامه بگه‌یه‌نێ كه ته‌واوی وڵاتانی سه‌ر ده‌ریای ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، یه‌كسانن له ئازاردان و سته‌مكردن به‌رانبه‌ر به ئازادیخوازان.
دوای ده‌رچوونی له زیندان، هه‌ست ده‌كات شتێك كه به‌رده‌وامی پێ ده‌به‌خشی، لێی ون بووه! بۆشاییه‌كی گه‌وره له ناخیدا دروست ده‌بێت. بیر ده‌كاته‌وه و به خۆی ده‌ڵێ: "لێدان باوه‌ڕی مرۆڤ ناگۆڕێ. له‌وانه‌شه پێچه‌وانه‌كه‌ی ڕاست بێ. هه‌ر كه ده‌ستیان بۆ بردم، زیاتر سوور بووم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی یه‌ك وشه نه‌ڵێم، له‌گه‌ڵ هه‌ر لێدانێكی نوێ‌دا زیاتر له ڕووخان دوور ده‌كه‌وتمه‌وه.. مرۆڤ پێش هه‌موو شتێ بریتییه له باوه‌ڕ!". بۆیه باوه‌ڕیش یه‌كێكی تره له بابه‌ت(Theme)ه گرنگه‌كانی ڕۆمانه‌كه. ئه‌و پێی وایه مرۆڤ باوه‌ڕی پته‌و بوو، به‌رگه‌ی هه‌موو شت ده‌گرێ، ئاخر ئه‌وه باوه‌ڕه ژیان ده‌به‌خشێ، یان له‌ناوی ده‌بات، نه‌ك به‌شه فیسیۆلۆجییهكهی مرۆڤ. ئه‌و له سه‌ره‌تای ڕۆمانه‌كه‌وه به‌م باوه‌ڕه‌وه ده‌ژی، به‌ڵام دواتر كه ئیعتراف ده‌كات، له‌و شه‌ڕه ده‌روونییانه‌ی كه له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌یانكات، زۆر شت ده‌گێڕێته‌وه. له ماوه‌ی به‌ندكردنیدا، دایكی ده‌مرێت، (هودا)ی خۆشه‌ویستی شوو به كه‌سێكی دیكه ده‌كات. هه‌میشه ده‌یه‌وێ بیانوو بۆ كاره‌كه‌ی بهێنێته‌وه، چه‌ندین جار به خۆی ده‌ڵێ: نه‌خۆش بووم، ده‌مردم. دایكم له ده‌ست دا، كه هه‌موو كات وره و ژیانی پێ ده‌به‌خشیم، هه‌ر كات سه‌ردانی ده‌كردم، ده‌یگوت له‌سه‌ر باوه‌ڕی خۆت بمێنه و سه‌ریان بۆ نه‌وی مه‌كه. دوای مردنی دایكی، ڕۆژێ پرسیاری خوشه‌ویسته‌كه‌ی له ئه‌نیسه ده‌كات، كاتێك پێی ده‌ڵێ شووی كردووه، ئیتر ده‌ڕووخێ، ڕووخانێكی وێرانكه‌ر. چی دی توانای به‌رگه‌گرتنی نامێنێ. هه‌میشه ده‌ڵێ: ئه‌و دوو كه‌سه منیان به جیهانی ده‌ره‌وه ده‌به‌سته‌وه، مانای ژیانیان پێ ده‌به‌خشیم. به‌ڵام كه ده‌مرن، ئیدی لای ئه‌م، هه‌موو شت بێ مانا ده‌بن، بۆیه توانای به‌رگری نامێنێ و ئیمزای په‌ڕه زه‌رده‌كه ده‌كات.
سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌م بیانووانه، ئه‌و باوه‌ڕه به‌هێزه‌ی كه له قووڵایی ڕووحیدایه، ناهێڵێ ئارام بێت. "به‌ندێتی كۆتایی دێ، به‌ڵام سه‌رشۆڕی و ڕیسوایی دواییان نایه‌ت." هه‌میشه ئه‌م بیرانه ئازاری ده‌ده‌ن، ده‌یگوشن و خه‌ریكه له‌ناوی ده‌به‌ن. بۆ ئینسانی ویژدان زیندوو، له ده‌ستدانی باوه‌ڕ گه‌وره‌ترین ڕووخانه، ناپاكی له ڕووی نیشتیمان، حیزب، هاوڕێ، خراپترین جۆری دۆڕانه. خۆزگه به‌رپرسه‌كانی ئێمه‌یش ئه‌م ڕۆمانهیهن ده‌خوێنده‌وه، ئه‌و كات ده‌یانزانی چه‌ند گڵاو و قێزه‌ونن.
دوای ئازادبوونی له زیندان، ده‌ڕوا بۆ فه‌ڕه‌نسا و باسی نه‌خۆشییه‌كه‌ی بۆ دكتۆره‌كان ده‌كات، (دكتۆر فالی) كاتێ ده‌زانێ به هۆی ئه‌شكه‌نجه‌ی زۆری زیندانه‌وه تووشی نه‌خۆشی بووه، لاوێتی خۆی بیر ده‌كه‌وێته‌وه. له‌گه‌ڵیدا داده‌نیشێت و گوێ له ڕه‌جه‌ب ده‌گرێ، پاشان د. فالی باسی ڕۆژانی سه‌ختی وڵاته‌كه‌ی و خه‌باتی بهرهدهوامیان له پێناو سه‌ربه‌ستیدا بۆ ده‌گێڕێته‌وه و به ڕه‌جه‌ب ده‌ڵێ: "كه ده‌جه‌نگیت ده‌مه‌وێ به قینه‌وه بجه‌نگیت. قین چاكترین فێركهره.. ته‌نیا به‌م ڕێگایه‌ش ده‌توانیت سه‌ربكه‌ویت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێ وره بیت، ئه‌وا ده‌به‌زیت و لێ ده‌بیته‌وه. وه‌ك مرۆڤێك ده‌به‌زیت. هه‌روه‌ها وه‌ك كێشه‌یه‌كیش لێ ده‌بیته‌وه." كاتێ دكتۆره‌كه باسی درێژه به باسی خه‌باتی خۆی ده‌دات، ڕه‌جه‌ب له ناخه‌وه هه‌ست به شه‌رمه‌زاری ده‌كات، ئاخر دكتۆر فالی له‌و ڕێگه‌یه‌دا برا، دایك و باوكیشی له ده‌ست داوه و هه‌ر كۆڵی نه‌داوه. ئیدی ئه‌مه ده‌بێته باوه‌ڕ بۆی، دووباره دایده‌گیرسێنێته‌وه و سه‌رله‌نوێ هه‌ستی مردووی زیندوو ده‌كاته‌وه. دكتۆر پێی ده‌ڵێ ده‌بێ پشوو بده‌یت، غه‌مبار نه‌بیت، په‌ست و تووڕه نه‌بیت، زۆر شادیش نه‌بیت! چون ئه‌مانه كاریگه‌ری خراپیان له‌سه‌ر نه‌خۆشییه‌كه‌ت ده‌بێت و له‌وانه‌یه ببێته هۆی مردنت. به‌ڵام لای ڕه‌جه‌ب دره‌نگی كردووه بۆ ئه‌م قسانه، ئاخر ئه‌و بیری له جێگه‌یه‌كی دیكه‌یه، ئاگری (هه‌ستكردن به ناپاكی)، گڕی له ته‌واوی جه‌سته‌ی به‌رداوه، بۆیه هه‌میشه بیری لای ئه‌وه‌یه چۆن كارێ بكات قه‌ره‌بووی ئه‌و ئیمزا شوومه‌ی بكاته‌وه.
بڕیار ده‌دات بچێ بۆ (جنێڤ) و سكاڵای نه‌ته‌وه‌كه‌ی به‌وان بگه‌یه‌نێ، له‌ولایشه‌وه مێردی ئه‌نیسه‌ی خوشكی ده‌گرن به بیانووی ئه‌وه‌ی ڕه‌جه‌ب ده‌مێكه چووه و نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه. ئه‌نیسه له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كی ڕه‌جه‌بدا باسی حاڵی خۆیان ده‌كات و پێی ڕاده‌گه‌ینێ له حاڵێكی خراپدان. ئیدی ڕه‌جه‌ب دوای ته‌واوكردنی كاره‌كه‌ی و باسی سته‌می ده‌سه‌ڵاتدارانی وڵاته‌كه‌ی له جنێڤ، به سه‌ربه‌رزی ده‌گه‌ڕیته‌وه وڵاته‌كه‌ی، هه‌ست ده‌كات ته‌واو پاك بووه‌ته‌وه، له ناخه‌وه تامی ئازادی ده‌كات، ئیدی ده‌بێته ڕهجهبهكهی جاران، كه تۆپه‌ڵێكه له باوه‌ڕ و كار و چالاكی. دوای سێ ڕۆژ مانه‌وه‌ی له ماڵه‌وه، دێن ده‌ستگیری ده‌كه‌ن، وه‌كو ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانیان بێت، به لایه‌وه ئاسایی ده‌بێت. پێیان ده‌ڵێ: دوا كه‌وتن! ئاخر ده‌زانێ فشاری جنێڤ بۆ سه‌ر وڵاته‌كه‌ی زیادی كردووه. دوای هه‌فته‌یه‌ك مانه‌وی له زیندان، شه‌وێكی دره‌نگ به نیوه مردوویی له‌به‌ر ده‌رگه‌ی خۆیان فڕێی ده‌ده‌ن. كاتێ ده‌یبه‌نه ماڵه‌وه، ده‌بینن هه‌ردوو چاویان كوێر كردووه، به‌ڵام هێشتا ڕووی له جاران خۆشتر و باوه‌ڕی له پێشووتر پته‌وتره. ده‌زانێ كاتی مردنێتی، بانگی ئه‌نیسه‌ی خوشكی و منداڵه‌كان ده‌كات، دوای ئه‌وه‌ی لێی نزیك ده‌بنه‌و، ماچیان ده‌كات. پاش چه‌ند ڕۆژێكی كه‌م، حاڵی به ته‌واوی تێك ده‌چێ و دڵه پڕ باوه‌ڕه‌كه‌ی بۆ دوا جار له لێدان ده‌كه‌وێ.
شتێكی تر كه زۆر سه‌رنجڕاكێشه، ته‌كنیكی گێڕانه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه‌یه، چون تا بڵێی جوان و جیاوازه. له كاتی خوێندنه‌وه‌یدا، گێڕه‌ره‌وه جارێك ئه‌نیسه‌ی خوشكێتی، جارێك حامیدی مێردی ئهنیسهیه و جارێكیش ڕه‌جه‌ب خۆیه‌تی، ئه‌م شێوازی گێڕانه‌وه‌یه زۆر ده‌گمه‌نه له ڕۆماندا. كاتێ ده‌گه‌یته كۆتایی ڕۆمانه‌كه، ئه‌و ده‌م ده‌زانی ئه‌م ته‌كنیكه چۆن دروست بووه: ئه‌و كاته‌ی ڕه‌جه‌ب له له پاریسه، به بیریدا دێ ڕۆمانێك بنووسێ، به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی جیاواز. له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كیدا سێ نامه ده‌نێرێ بۆ حامید، ئه‌نیسه و كوڕه گه‌وره‌كه‌یان. پێیان ده‌ڵێ هه‌ر یه‌كه‌تان به‌و زمانه ساده‌یه‌ی خۆی و بێ زۆرله‌خۆكردن، باسی (ئازار)ی ئه‌و باردۆخه‌ی كه تێیدان بكات. هه‌روه‌ها خۆیشی له‌و باره‌یه‌وه ده‌نووسێ. دوای ئه‌وه‌ی ئه‌وان هه‌ر كه‌سه‌یان به‌شی خۆی ده‌نووسێ، هاوڕێیه‌كی هه‌مووی ده‌گه‌یه‌نێته ده‌ستی و ئه‌میش له جانتاكه‌یدا ده‌یپارێزێ. له دوای مردنی، ئه‌نیسه‌ی خوشكی هه‌موو ئه‌و نووسراوانه چاپ ده‌كات و ئه‌م (ڕۆمانه قه‌شه‌نگه‌ی) لێ ده‌رده‌چێ! له ڕاستیدا ئه‌مه هونه‌رێكی به‌رزی گێڕانه‌وه‌یه كه له‌م ڕۆمانه‌یدا پێڕه‌وی كردووه.
ئه‌وه‌ی ماوه، ده‌ستخۆشی له هه‌ردوو وه‌رگێڕی به‌توانا (ساڵح محه‌مه‌د) و (ئه‌نوه‌ر عه‌لی) بكه‌م، كه پێكه‌وه ساڵی 1981 وه‌رگێڕانێكی زۆر ناوازه‌یان بۆ ڕۆمانه‌كه كردووه، خوا نموونه‌ی وه‌رگێڕی وا له‌ناو كورددا زیاد كات.