كومەڵێك پەندی نەبیستراو

ئەدەب 2018-01-25 کۆمێنت 3985 جار بینراوە

لە كتێبی (الأحلام)ی د.موستەفا مەحموودەوە وەرگیراوە

وەرگێڕانی: ڕێناس ئەحمەد

1) مرۆڤ هەمیشە شەیدای قوربانیدانە. لەسەرەتای تەمەنییەوە خۆی وەك قوربانییەك بۆ خودا سەردەبڕێت، پاشان كاوڕێك سەردەبڕێت، ئێستایش كەسانی تر سەردەبڕێت.

سەربازێكی خانەنشین

2) ڕازیكردنی ویژدان ئەستەمە، ئەو كاتانەی هەست دەكەیت كە ویژدانت لێت ڕازییە، لەڕاستیدا لێت ڕازی نەبووە، بەڵكو مردووە.

دەردچەشتوویەك

3)  من حەزم بە لەدەستكردنی كاتژمێر نییە، چونكە سەرەتا من ئەو بەگوێرەی دیدارەكانم رێكدەخەم، كەچی لەدواییدا ئەو من كۆنترۆڵ دەكات.

ئاژاوەچییەك

4) ئێمە زۆر لە پڵنگ دڕندەترین، پڵنگ نێچیرێك دەكوژێت بۆ ئەوەی بیخوات، بەڵام ئێمە دەیكوژین بۆ ئەوەی  لە شاخی ئەو ئاژەڵەی كوشتوومانە، دەسكێك بۆ گۆچانەكەی دەستمان دروست بكەین.

بازرگانێكی گۆچان لە تەنتا

5) ڕاستگۆیی، درۆیەكە كە هێشتا پەردەی لە ڕوو هەڵنەماڵراوە.                      ڕەشبینێك

6) گەر مۆتەكەی بێزاریی چنگی لە قوڕگت توند كرد، بەدوای یەكێكی تردا بگەڕێ تا لەگەڵتدا هاودەرد بێت.

پسپۆڕێكی دڵنەوایی

7) دیپلۆماتكار، ئەو پیاوەیە كە لەگەڵمدا دەدوێت و، ڕقیشی لێمە، وایش دەزانم خۆشی دەوێم.

باڵوێزكارێكی پێشوو

8) خۆشەویستی، تاكە شێتیی ماقووڵە لە دونیادا.                                            عاشقێك

9) تاكە ڕێگایە كە وا لە ئافرەتێكی بێگوێ بكەیت گوێت لێ بگرێت، ئەوەیە پێی بڵێی دەتخوازم.

دكتۆری قورگ و لووت و گوێ

10) ئەو تەنەكە خۆڵەی كە هەموو كردەوەكانمانی تێ فڕێ دەدەین، وشەی قسمەت و نسیبە.

كارگوزارێكی شەقامی فەلسەفە

11) پیاوێك كە دە ئافرەتی خۆش دەوێت، ژیانی بەتاڵە و، پیاوێكیش كە تاكە ژنێكی خۆش دەوێت، ژیانی پڕە. 

ڕۆمیو

12) گەر دیتت درۆ دەكەم، سەرزەنشتم مەكە، سەرزەنشتی خۆت و حەوت ملیار مرۆڤ بكە كە لەم جیهانەدا دەژین، چونكە ئێوە واتان لە ژیانی من كردووە كە بەبێ درۆ نەڕواتە ڕێوە.

درۆزنێك

13) هاوسەرگیری وەك ئاوە و، خۆشەویستیش وەك ئاولیمۆ، دەكرێت ئاولیمۆ تامی خۆشتر بێت، بەڵام ئاو زۆر پێویستە بۆ ژیان و پایەی ژیانی لەسەر وەستاوە.

پسپۆڕێكی بواری خۆشەویستی و خێزان

14) عاشقی غیرەكار، سەرەڕای بوونی هەزار چاو، هێشتا هەر كوێرە.                    عاشقێكی دڵسۆز

15) ئەگەر خۆشەویستی لە خۆپەرستی، چێژی سێكسی و، حەزی وەچەخستنەوە دابڕنرێت، ئەوە هیچی لێ نامێنێتەوە جگە لە ئینسانییەت.

هەڵگرێكی ماستەر لە پەیوەندییە سۆزدارییەكان

16) یارەكەت لە جامۆڵكەكەی دەستت تێرئاو بكە، ئامان لە ناخی خۆتی تێرئاو نەكەیت! چونكە كاتێك ئێمە بەشێك لە خۆمان دەبەخشینە ئافرەتێك، دواتر ناتوانین وەریبگرینەوە، چۆن شەكر لە ئاودا دەتوێتەوە، ئێمەیش لەواندا دەتوێینەوە، لێكجوێكردنەوەیشمان جارێكی تر ئەستەمە بێ پەنابردن بۆ ئاگر و كوڵاندن و هەڵماندن.

كاتێك پیاو لە ئافرەتدا دەتوێتەوە، لاواز دەبێت و، وەك سێبەری ئەوی لێ دێت. ئافرەتیش پیاوی لاوازی خۆش ناوێت هەتتا ئەگەر خۆیشی هۆكاری لاوازییەكەی بێت, بۆیە تەنها یەك كەس شایەنی پەرستنە، ئەویش خودایە نەك ژن.

شاعیرێك كە ئافرەت لەناوی بردووە.

17) كاتێك دەمەوێت ڕووخساری خۆم ببینم، سەیری ئاوێنە دەكەم، كاتێكیش دەمەوێت سەیری ناخی خۆم بكەم، سەیری چاوی یار دەكەم.

عاشقێك

18) ژنێك سووربێت لەسەر ئەوەی هاوسەرەكەی و یارەكەشی لە یەك كاتدا لە ژیانیدا بهێڵێتەوە، لەڕاستیدا هەردووكیانی خۆش ناوێت، بەڵكو خۆی خۆش دەوێت.

پیاوێكی دابڕاو لە زەواج، دابڕاو لە عیشق

19) منداڵەكان چیرۆكە پۆلیسییەكان دەخوێننەوە تا شەوگاری پێ بەسەر بەرن، پیرەكان چیرۆكەكانی خۆیان دەخوێننەوە تا بنوون.

خاوەن كۆشكێكی كتێب

20) جوانیی ئەوین لە شاراوەیی و تایبەتێتییەكەیدایە. كاتێك ئەوینێك لەنێوان دوواندا چێدەبێت، بوونی كەسی سێیەم گەر تەنها بەناویش بێت، شتێكی زۆر بێمانایە.

عاشقێك

22) هەرگیز لە مێژوودا نەبیستراوە كە مێروولەیەك شۆڕش بەسەر شارەمێروویەكدا بكات، دەرەنجامەكەشی ئەوەیە كە دەبینی، مێروولە تا ئێستاش هەر مێروولەیە و، هەر بە مێروولەییش دەمێنێتەوە و پەرەناسێنێت.

ڕەخنەگرێت

23) جوانترین شتی هاوسەرگیری، خۆئامادەكردنە بۆ هاوسەرگیری.

پیاوێكی دابڕاو لە زەواج

تاگەکان    
ئایین زمان ئەیاد قنێبی پەروەردە وەرزش بۆ ئەوانەی وەكو خۆمن ئەدەبیاتی فارسی بوومەلەرزە لۆجیک نیشتیمان ڕانانی کتێبب مێژوو یاسا نەتەوایەتی جەنگی هۆشیاری
ئەدەب
2018-01-25 کۆمێنت 3985 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی