نووسینی: هاوكار فهرهج
باوەشی زمانیش ھەر ئامێزی دایکە، سایەی زمانیش ھەر سایەی پڕ لە خۆشەویستی و میھری دایکە. کە لە دایکت دوور دەکەویتەوە، ھەست بە بێتاقەتی و غەریبی دەکەیت، زمانیش ھەر وایە، کە لێی دابڕایت ھەستی پێ دەکەیت. زمانیش ھەر شەرەفە! زمان دایکی خاکە، پێش خاک دەستدرێژیی دەکرێتە سەر، ئەوە بۆیە کە زمان ئەتک کرا، خاکیش بە ئاسانی خیانەتی لێ دەکرێت.
وەختێک بۆ یەکەم جار پێ دەخەیتە سەر خاکی وڵاتێکی دیکە، چەندە ھەست بە نامۆیی دەکەیت؟ وا دەزانیت لە خۆت دوور کەوتوویتەتەوە! ھەینێ بە لای ئەو خەڵکانەدا تێپەڕ دەبیت کە زمانیان لە ھیی تۆ جیاوازە، چەند ھەست بە ئاوارەیی و غەریبی دەکەیت؟ وەک ئەوەی گرێیەک لە ناختدا دروست بووبێت وایە، دەروونت گرمۆڵە دەبێت و خۆت دەخۆیتەوە، ئەی ئەوە نییە لەو غەریبییەدا ھەر کە چاوت بە (ھاوزمان)نێکی خۆت دەکەوێت، ئەگەر نەیشیناسیت، دەست دەکەیت بە دوان و زمان دەبێتە فریادڕەست، داخی دەروون و داخی غەریبایەتی ھەڵدەڕێژیت! ئەم نموونە سادەیە ڕوونی دەکاتەوە، کە زمان چەندە گرینگە، بە ڕادەیەک، نەک ھەر گەل، ناسنامەی سەرەکیی ھەر تاکێکیش ھەر زمانەکەیەتی. زمان، ھەڵگری ھەموو خەون، خەم و خولیاکانی ئینسانە، چەندە لە زمانەکەت دوور بکەویتەوە، ھێندەیش لە خۆت دوور دەکەویتەوە، بە خۆت نامۆ دەبیت.
عەبدوڵڵا ئۆج ئالان لە پەرتووکی پێنجەمی بەرگرینامەکانیدا، دەنووسێت: (کۆمەڵگایەک چەندە زمانی زگماک(دایک)ی خۆی پەرە پێ بدات، بەو ڕادەیە ئاستی ژیانی پێش خستووە. ھەروەھا چەندە دووچاری لەدەستدانی زمان ھاتبێت و کەوتبێتە ژێر ھەژموونگەراییی زمانی دیکەوە، بەو ڕادەیەش داگیر کراوە و تووشی ئاسیمیلاسیۆن و ژینۆساید بووەتەوە.)* ئەوە ڕوونە کە یەکێک لە کاریگەرییە ھەرە خراپەکانی داگیرکاری، شکاندن و سووککردن و بێبەھاکردنی گەلی داگیرکراوە، ئیتر ھەر لە کولتوور و بەھاکانی ئەو کۆمەڵگەیەوە ھەتا زمانی دایک. کۆمەڵگەیەک چەندە خۆی ھەڵواسیبێت بە زمان، بەھا و بیرکردنەوەکانی (داگیرکار)ەوە، بەو ئەندازەیەش ڕووخێنراوە و بچووک کراوەتەوە.
زۆر ئاسایییە حەزمان لە ھەر زمانێک بێت، ھەوڵی خۆفێرکردن بدەین، بەڵام زۆر نائاسایییە بێ ھەبوونی شارەزایی و بەرچاوڕوونی زمان و کولتووری خۆمانمان پێ سووک و بچووک بێت. زۆر کەس ھەن، ھێندەی شەیدا و سەرسامی 'زمانی فارسی'ن و دەخوازن فێری ببن، نیو ئەوەندە شارەزای زمانی دایک نین و گرینگی پێ نادەن! ئەوەندەی شارەزان لە زمانەیلی تورکی، عەرەبی و ئینگلیزی، چارەکێکی ئەوە بەڵەدی زمانی دایک نین! نەک ھەر شارەزایی و سەرنجدانی زمانی دایک، بگرە سووکسەرنجدانی بووەتە جێگەی باس. ئایا ئەمە مایەی شەرم نییە؟ ئایا ئەو ڕوانگەیەی زمانی دایک بە نزم و (ھیچ) دەزانێت، کاریگەریی گەورەی داگیرکاریی بە سەرەوە نییە؟ ئایا ئەمە فرە مەترسیدار نییە؟ ئاخر ئەگەری زۆرە کە 'زمانی دایک'ت لە دەست دا، 'ماڵی دایک'یش کە نیشتمانە، ون بکەیت، ئیتر لێرەوە ڕێگەی ڕووخان و لەدەستچوونی نەتەوەیەک خۆش دەبێت. ئەگەر پێمان وابێت، سەردەمی ئەوەیە واز لە (نەتەوەگەرایی و نیشتیمانپەروەری) بھێنین، زۆر بە ھەڵەدا چووین، چونکە ئەمەیش گەمەیەکی داگیرکارییە، باوەڕت پێ دەھێنێت کە خۆت بە مرۆڤایەتییەوە ببەستیتەوە نەک بە نەتەوەیەکەوە! ھەڵبەت زۆر ئاشکرایە کە ئەمە تا چەندە خزمەت بە ئیمپریالیزم دەکات.
نووسەر و لێکۆڵەرەکانمان لە کوێن؟ تا چەندە ھەوڵی جیددی و ئەکادێمیانە دراوە بۆ خزمەتی زمانی دایک؟ ئەوانەی لەم ڕووەوە قەڵەمبەدەستن، ھێندەی خەریکی ڕەخنەکردن و کەڵەکەکردنی بۆچوونەکانیان بوون، ئەوەندە نەیانتوانیوە خزمەت بکەن، بەرھەمێکی بەکەڵک و پشتپێبەستراو پێشکەش بکەن.
__________
ڕێنووسم ڕاست كردووهتهوه*