تروسكاییه‌ك له‌ یادی مه‌لا ئه‌حمه‌دی كۆر و مه‌لا ئه‌حمه‌دی ئۆمه‌رگومبه‌دی

ئەدەب 2018-03-07 کۆمێنت 1344 جار بینراوە

نووسینی: عه‌بدوڵڵا به‌حركه‌یی

له‌ مێژووی ده‌وڵه‌مه‌ندی كه‌م له‌سه‌ر نوسراوی شاعیر و زانایانی كورددا، زۆر شاعیر و دانا هه‌بوون كه ‌ناو و شۆره‌تیان له‌ یه‌ك نزیك بووه،‌ بۆیه‌ هه‌م ژیان و سه‌ربرده‌یان و هه‌م شیعره‌كانیشیان تێكه‌ڵی یه‌كتر بوونه‌ و له ‌یه‌ك جیاكردنه‌وه‌یان و ناساندنیان وه‌ك دوو زانای جودا كارێكی سانا نییه‌، كه‌م نووسه‌ریش خۆی له ‌قه‌ره‌ی ئه‌و كاره‌ گرنگه‌ داوه‌، وایش ده‌بێت له‌سه‌ریان نووسیوه ‌و خۆشیان كه‌وتونه‌ته‌ هه‌مان هه‌ڵه‌ی خه‌ڵكانی تر.

دوو له‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی ژیانیان له‌لای مێژوونووسان و شاره‌زایان تێكه‌ڵی یه‌كتر بووه،‌ (ئه‌حمه‌دی كۆری ئۆمه‌ر گومبه‌تی) و (ئه‌حمه‌دی كۆری سابلاغی)یه‌، كه‌ مامۆستایان جه‌میل ڕۆژبه‌یانی و هه‌ژاری موكریانی و عه‌زیز موحه‌ممه‌د پوری لێكۆڵه‌ری دیوانی ئه‌حمه‌دی كۆر پێیان وایه‌ له‌ ڕاستیدا هه‌ردووكیان هه‌ر یه‌كێكن، به‌شێكیش له ‌نووسه‌ران له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی دان به‌وه‌دا ده‌نێن كه‌ دوو زانای جودان، به‌ڵام به‌ بێ‌ به‌ڵگه‌ی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ به‌شێك له ‌شیعره‌كانی ئه‌حمه‌دی كۆری سابلاغیان داوه‌ته‌ پاڵ ئه‌حمه‌دی كۆری ئۆمه‌رگومبه‌تی له‌وانه‌: به‌ڕێز سیروان سه‌رگه‌ڵوویی.

له‌م نووسینه‌ كورته‌ی به‌رده‌ستتان به‌ كورتی ژیان و سه‌ربرده‌ی هه‌ردوو كه‌سایه‌تی ده‌خه‌ینه‌ به‌رده‌ستی خوێنه‌ر له‌وه‌ی چه‌نگمان كه‌وتبێت و پێمان وابێت ڕاستن یاخود له‌ ڕاستییه‌وه‌ نزیكن، زیاتر ئه‌و خاڵانه‌مان ئاماژه‌ پێكردووه‌ كه‌ جیاوازی ژیانیان ده‌رده‌خا، تا بۆ ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی گرنگی به‌م بابه‌تانه‌دا ده‌ده‌ن بۆیان بسه‌لمێت ئه‌م دوو ناوه‌ دوو كه‌سی جیان .

سه‌باره‌ت به‌ جیاكردنه‌وه‌ی شیعره‌كانیشیان هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك له‌به‌ر ده‌ست نییه‌ ئه‌وه‌ بسه‌لمێنێت كه‌ ئه‌حمه‌دی كۆری ئۆمه‌ر گومبه‌تی شاعیر بوبێت تا شیعره‌كانی تێكه‌ڵ به‌ شیعره‌كانی شاعیره‌كه‌ی تر ببێت .

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

مه‌لا ئه‌حمه‌دی كۆری ئۆمه‌ر گومبه‌تی

مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌دی كۆر كوڕی بابه‌ڕه‌سوولی كوڕی خورشیده‌، له ‌نه‌وه‌ی پیرخدری شاهۆیه‌، دایكی ناوی ده‌وڵه‌ت خانمی كچی ئه‌حمه‌ده‌، خوشكی حاجی قادری كۆیی بووه‌، له‌ ساڵی 1829ز به‌ پێی نووسینی مامۆستا شێخ موحه‌ممه‌دی خاڵ، یان له ‌ساڵی 1825ز به‌ پێی نووسینی مامۆستا سه‌ركه‌وت سه‌رگه‌ڵوویی، له ‌گوندی ئۆمه‌ر گومبه‌دی سه‌ر به ‌شاری كۆیه‌ له ‌دایك بووه‌. به‌ مه‌لا ئه‌حمه‌دی كوێر ناسراوه‌، چونكه‌ چاوه‌كانی زه‌عیف بوونه‌، هه‌روه‌ها به ‌مه‌لا ئه‌حمه‌دی ئاشه‌وان ناسراوه‌ چونكه‌ (وه‌ك ده‌ڵێن) ماوه‌ك له‌ بریفكان ئاشه‌وانی كردووه‌. كاك ئه‌حمه‌دی شێخ كه‌ نامه‌ی بۆ مه‌لا عه‌بدوڵای جه‌لی زاده‌ ناردووه‌ فه‌رموویه‌تی: ((سه‌لام له ‌ئاشه‌وان ده‌كه‌م)) مه‌به‌ستی مه‌لا ئه‌حمه‌ده‌ بووه‌، هه‌روه‌ها شێخ مه‌حمودی حه‌فید به‌ یه‌كێك له ‌نه‌وه‌كانی مه‌لا ئه‌حمه‌دی كوێری وتووه‌ كه‌ باپیره‌ت لای ئێمه‌ به‌ ئاشه‌وان ناسراوه‌.

بۆ خوێندن ‌چه‌ندین شوێن گه‌ڕاوه‌، له‌وانه‌: (كۆیه‌، كه‌ركوك، سلێمانی، بریفكان)،  له‌ بریفكان ته‌ریقه‌تی له ‌خزمه‌ت شێخ نووره‌دینی بریفكانی وه‌رگرتووه‌، هه‌روه‌ها له‌ خزمه‌ت موحه‌ممه‌د فه‌یزی زه‌هاویش ده‌رسی خوێندووه‌.

زانایه‌كی لێهاتوو و به‌توانا بووه‌، هه‌روه‌ك خواناس و دوعاگیراو و كه‌ڕامه‌تداریش بووه‌، مامۆستا مه‌سعود موحه‌ممه‌د چه‌ند كه‌ڕامه‌تێكی لێ‌ گێڕاوه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها ئێمه‌ش له ‌مامم مامۆستا مه‌لا ته‌یبی به‌حركه‌یی كه‌ڕامه‌تی ئه‌و زاته‌مان بیستووه‌ له‌و كاته‌ی مه‌لا ئه‌حمه‌د هاتووه‌ بۆ هه‌ولێر و له ‌خزمه‌ت مامۆستا مه‌لا ئه‌بوبه‌كر ئه‌فه‌ندی ماوه‌ته‌وه‌ .

مه‌لای موحه‌ممه‌دی كۆیی له‌وه‌سفیدا ده‌فه‌رموێ‌: "مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌دی ئۆمه‌ر گومبه‌دی زاتێ‌ زۆر گه‌وره‌ بوو، ئه‌توانم بڵێم به ‌حه‌ق وه‌لی بوو، عومرێ‌ زۆری له‌ شه‌رع و ته‌قوا ڕابوارد... خوا ده‌ره‌جه‌ی عالی كا، به‌ به‌ره‌كه‌تی وی له‌مه‌ش خۆش بێ‌."

هه‌روه‌ها مامۆستا مه‌سعوود موحه‌ممه‌د له‌ باسیدا ده‌ڵێت: "له ‌كۆیێ‌ دیندارێكی بێ فێڵی بێ‌ مانه‌ند بووه‌ پێی گوتراوه‌ مامۆستا كۆره‌، ئه‌م دینداره‌ یه‌كێك بوو كه‌ شۆره‌تی ڕاستی و ئیمانی به‌ لای هه‌موو كۆیه‌وه‌ له‌ گومان به‌ده‌ر بووه‌، باوكم عه‌شقێكی ئه‌م كوێره‌ی له‌ دڵدا بوو هه‌رگیز كز نه‌بووه‌وه‌.

مه‌لا ئه‌حمه‌د له‌ گوندی ئۆمه‌ر گومبه‌ت كۆچی دوایی كردووه‌، له ‌ساڵی 1911ز به‌ پێی وته‌ی به‌ڕێز سیروان سه‌رگه‌ڵوویی، یاخود له‌ ساڵی 1916ز به ‌پێی نووسینی دكتۆر عوسمان ده‌شتی، هه‌رچی شێخ موحه‌ممه‌دی خاڵیشه‌ ساڵی 1335ك داناوه‌ كه‌ به‌رانبه‌ر به ‌هه‌ردوو ساڵی 1916-1917ز، له ‌گوندی ئۆمه‌ر گومبه‌د به ‌خاك سپێردراوه‌.

كوڕه‌كانی:

1 . نوور موحه‌ممه‌د: له‌ ساڵی 1880ز له ‌دایك بووه‌، له‌ ساڵی 1933ز كۆچی دوایی كردووه‌، كوڕێكی له ‌پاش به‌جێماوه‌ به‌ ناوی فاتیح له ‌ساڵی 1998ز كۆچی دوایی كردووه‌.

2. موحه‌ممه‌د نوور: له‌ ساڵی 1883ز له ‌دایك بووه‌، زانایه‌كی به‌توانا بووه‌، له‌ ساڵی 1948ز كۆچی دوایی كردووه‌، كوڕێكی له‌ پاش به‌جێماوه‌ به ‌ناوی ئه‌حمه‌د ئێستا – 2018ز – له ‌ژیاندا ماوه‌.

3. عه‌بدوڵڵا: له ‌ساڵی 1886ز له‌ دایك بووه‌، له ‌ساڵی 1943ز كۆچی دوایی كردووه‌، ئه‌ویش كوڕێكی له‌ پاش به‌جێماوه‌ به‌ ناوی عبدالحمید له‌ ساڵی 1980ز كۆچی دوایی كردووه‌.

4 . عبدالرحمن.

ئه‌وه‌ی مابێت و پێویست بێت له ‌ژیانی ئه‌م زانایه‌دا باسی بكه‌ین، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زانایه‌كی تر هه‌بووه‌ به‌ ناوی مامۆستا ئه‌حمه‌د ئیبراهیم ئۆمه‌ر گومبه‌دی له‌ ساڵی 1829ز ئیجازه‌ی زانستی له‌ خزمه‌ت مامۆستا یه‌حیای مزوری وه‌رگرتووه ‌و جیایه‌ له‌گه‌ڵ مامۆستا ئه‌حمه‌دی كۆری ئۆمه‌ر گومبه‌دی كه‌ باسمان كرد.

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

ئه‌حمه‌دی كۆری سه‌بلاغی

زانیارییه‌كی وا له ‌به‌رده‌ستدا نییه‌ له ‌لای مێژوونووسان له ‌باره‌ی ژیانی ئه‌م شاعیره‌ی ناوچه‌ی موكریان، ئه‌وه‌ی باسكراوه‌ به‌ پوخته‌كراوی ئه‌مه‌یه‌ :

ئه‌حمه‌دی كۆری سه‌بلاغی كوڕی مه‌لا موحه‌ممه‌ده‌، له ‌ساڵی 1779ز له ‌دێی شیوه‌سماكی سه‌ر به‌ سابلاغ له ‌دایك بووه‌، نه‌خوێنده‌وار بووه‌ و چاوه‌كانی به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه‌ كوێر بوون، مه‌شره‌ب سۆفی بووه‌، به‌هۆی شیعره‌كانییه‌وه‌ ناوی ده‌ركردووه ‌و دیوانی شیعری هه‌یه‌ كه‌ چه‌ند جار چاپ كراوه‌،  له ‌ساڵی 1861ز له‌ ده‌وروبه‌ری بۆكاندا له ‌گوندێك به‌ ناوی عه‌مبار كۆچی دوایی كردووه‌، هه‌ر له‌وێش نێژراوه‌، دوو كوڕی له ‌دوا به‌جێماوه‌ به ‌ناوه‌كانی: (عبدالقادر) و (محمد).

وه‌ك له‌خوێندنه‌وه‌ی ژیانی ئه‌و دوو زاته‌ ده‌رده‌كه‌وێت خاڵی وێكچوونی ژیانیان ته‌نیا كوردبوون و سۆفی بوونه‌ جگه‌ له‌ نازناوه‌كه‌یان كه‌ (كوێر)ه‌.  

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

سه‌رچاوه‌كان :

1 . ئه‌نجومه‌نی ئه‌دیبان/ ئه‌مین فه‌یزی: لا 9

2 . ته‌فسیری كوردی له‌ كه‌لامی خوداوه‌ندی/ مه‌لا محمدی كۆیی:  لا 3/ 78

3 . مفتی زه‌هاوی/ شێخ موحه‌ممه‌دی خاڵ: لا 31

4 . حه‌مه‌ ئاغای گه‌وره‌/ مه‌سعوود محه‌مه‌د: لا 66 - 67

5 . دیوان و شه‌رح و حاڵی شێخ ئه‌حمه‌دی كۆر/ عه‌زیز موحه‌ممه‌د پور: لا 6

6 . مێژووی ناودارانی كورد/ بابه‌شێخ مه‌ردۆخ ڕۆحانی: لا 1/ 275-276

7 . مێژووی وێژه‌ی كوردی/ سدیق بۆره‌كه‌یی: لا 2/84-94

8 . مێژووی زانایانی كورد/ مه‌لا تاهر مه‌لا عبدالله به‌حركه‌یی: لا 1/72-73

9 . مه‌لا مه‌عسومی هه‌ورامی مه‌لاو زاناو وڵات په‌روه‌ر/ د. عوسمان ده‌شتی: لا 57 و 58

10 . مه‌لا ئه‌حمه‌دی كۆر ئه‌ستێره‌یه‌كی دره‌وشاوه‌ی ئاوایی ئۆمه‌ر گومبه‌ت/ سیروان سه‌رگه‌ڵوویی: لا 24-51



تاگەکان    
تەوبە نامە #پیری چەواشەکاریی_لۆژیکی کۆیلایەتی کونە ڕەشەکان زانکۆ دیزاینی زیرەک چیرۆک پارەی ئیلیکترۆنی عێڕاق نائومێدی سیاسەت بوووژانەوە دەروونناسی
ئەدەب
2018-03-07 کۆمێنت 1344 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی