نووسینی: هیوا مهحمود
مەحویش هەر ئەم دەردی چاوەڕوانییەیە كە هێشتووێتیەوە، ئەویش قەصیدەیەكی جوانی هەیە كە لەگەڵ ئەوەی نالیدا لە دووانەی یەك داك و باب دەكەن:
دڵم دەرهات و تۆ هەر دەرنەهاتی!
نەهاتی هەر نەهاتی هەر نەهاتی!
لە بەیتێكی دیكە بە تەعبیری مامۆستا (مسعوود محمد)ی ڕەحمەتی، (نالی) لە هەوایێكی ژوورووی كۆمەڵدا وشكە مەلە ناكا، گەلەك پتر لە پسپۆڕێكی كۆمەڵایەتی مووچەخۆری ئیمڕۆ، بەناو پەند و نەریت و گفتوگۆ و دڵ و دەروونی كۆمەڵدا دەگەڕێ و دەستەگوڵی ڕەنگاو ڕەنگی هەڵبەست دەهۆنێتەوە.......
با بۆ زێتر نیشاندانی ناسكی شاعیر و قوڵی بیری سەرنجی ئەم بەیتە بدەین كە تێیدا چ وەسفێكی زوڵفی خۆشەویستەكەی دەكا، ئایا دەگونجێ زوڵف تەرازوو بێ، ئەی ئەگەر تەرازوو بێ چ دەكێشێ؟!
زوڵفی دووتایی تەرازوو مەسەلی دڵكێشت
ڕوح دەكێشن بە دووسەر ئەم بەسەرێ ئەو بەسەرێ
زوڵفەكان وەك تای تەرازوو هەر تایەیان بەقەد ئەوی تر و هاوكێشی یەكترن، هەر دوو زولفەكەش تەرازووی یەكترن، دڵ دەكێشن لەبەر نازدارییان، تەرازووش ئالەتی كێشانە كە تەرازووی عادەتیش لەوە تێناپەڕێنێ زێڕ و ئەڵماس و گەوهەری پێ بكێشرێت، كەچی تەرازووی زولفی یار ڕۆح دەكێشن.
تەرازوو كە بابەتی عادەتی پێ كێشرا هەر تایەكی ماڵە نرخدارەكەی تێ دەكرێ، دەستەكەی تری پارسەنگێكی تری تێ داوێژرێ. هەر كاتێك ماڵە نرخدارەكە گەیشتە سەنگی ئەو پارسەنگە و لەگەڵی جووت بوو، مامڵەتەكە كۆتایی دێ.
بەڵام تەرازووی تای زوڵفی ئەو نازدارە بە هەردوو سەران ڕوح دەكێشن، واتە: هەتا لەسەرێكیان وەزنی ڕوح زیاد دەكەی، دەبێ وەزنی سەرەكەی تریشی زیاد كرێ. ئیتر ئەم كارەی ڕووح كێشان لە هەردوو سەرەوە كۆتاییی نایێ. تەرازووی زولفی دووتای یار، هەتا هەتایێ، بە دووسەران ڕوحدەكێشێ، یاڕەبی دەستی خۆش بێ!
هەتا یەكێك بە مردنی خۆی دەمرێ، دوو عاشق بە دەست زوڵفەكانەوە گیان دەسپێرن.... چ شاعیرێكت بینیووە هێندەی نالی تەرازووناس؟!
شایانی گوتنە (وەفایی)شاعیریش بەیتێكی نزیك و خزمی چوون ئەمەی نالی هەیە :
گەر ببینێ تاقی پەیوەستی برۆت فەرهادی چین
ڕۆحی شیرینی بە قوربانی بە صەد ناڵین دەبا
پێچ و تاوی زوڵفی خاو و ڕەمز و غەمزەی سیحری چاو
ئەو لە لایێ (ڕۆح) دەكێشێ ئەم لە لایێ دین دەبا
چ لە شیعرەكەی (نالی) یا ئەوەی (وەفایی): زوڵفەكان هەر وەنییە زینەتێكی جوان و زێدەتر دەرخستنی ڕازاوەی ئافرەت بن، بەڵكو بوونەتە ڕووح كێشێكی بێ ئامان، ئەگەر مەلائیكەی ڕووح كێش( ملك الموت) بە پەنهانی و نا ئاشكرایی بێت و گیان لە مرۆ بسێنێتەوە، ئەوا زوڵفەكان هەتا شاردراونەتەوە بێ زیانن، ئەمما بە ڕەهاكردنیان و بەردانەوەیان ئیتر ڕووح لەبەر گرۆی عاشقان دەبڕن و ژیانیان لێ دەستێننەوە. ئەمە ئەو پەڕی ئیستاتیكا و هەستناسكی و، بە هەڵدابوونی خەیاڵی دونیای شیعر دەردەخات.
نالی زیهنێكی هێندە هەستیاری هەبووە، هەر دەڵێی جامی كامێرایە لە ترووكەیەكدا وێنەی جیهانێكی بەرینی تێدا نەقشبەستوو دەبێ، هەر بە وێنەگرتنی ڕواڵەتەوە كۆڵ نادات، بەڵكو وێنەی دەروون و ووردیلەكانیشی دەكێشێ، بێگومان هونەركار لە نەخشەكێشانی وورد و قوڵدا، مەبەستی تایبەتیشی نەبێ، وێنەكەی پڕ دەبێ لە ناوەڕۆك:
یا عەكسی ئاسمانە لە ئاوێنەدا كەوا
ئەستێرەكانی ڕادەكشێ وەك شیهابی نوور
ئەم بەیتەی لە وەسفی سەرچاوەی سەرچناردا گوتووە، نەخشەكێشانەكەی كەمتر نییە لە كاری كامێرا، بەڵام كامێرایەكی زیندووی زیرەكی هەستیار.
ئەگەر مەبەست لە ئەستێرەكانی ناو ئاوێنەكە ئەستێرەكانی ئاسمان بێت بۆ بەیتەكە دەبێتە عەیبە، چونكە ئەستێرەكان خۆیان شیهابی نوورن، مانا لێكدانەوەكەش دەبێتە ( تفسیر الماو بالماو) گەلێك كەسیش تێیدا خلیسكاوە.
وشەی ئاوێنە لە ڕێنووسی كۆندا دەگونجا بە ئاوێنە: مراە) بخوێنرێتەوە، دەشگونجا بە ( ئاوینە) بخوێنرێتەوە كە وشەیێكی ( وەصفی)یە لە ( ئاو) داتاشراوە وەكو وشەكانی ( گڵینە، زێڕینە، مەسینە) بەواتای لە گڵ و زێڕ و مس دروستكراو. كە وترا ئاوینە بەواتای (لە ئاو دارێژراو، دروستكراو) ئەوسا دەبێتە سەرچنار كە خۆی بریتییە لە ئاو.
وشەی ئەستێرەكانی، هەروەك مومكینە (كۆ)ی ئەستێرە بێ، مومكینیشە هەڵی وەشێنی و بیكەیەوە ( ئەستێرە- كانی) كە هەردوویان حەوزی ئاون.
لەم بەیتەدا نالی ئەوەی كردووە كە پێی دەڵێن ( تشابك- تێك ئاڵان) بەڵام تێك ئاڵانی وشەو واتا، نەك هەر وشە یاخود هەر واتا، نالی هاتووچۆ بە زینت دەكا لە میان ئاسمان و زەویدا. كە هاتی بڵێی دەستم بە ئاسمانەوە گیر بوو، خێرا دەتهاوێتەوە ناو ئاوی سەرچنار. كە دڵنیاش بووی لەوە مەلە لە سەرچنار بكەی، هەڵت دەداتەوە بۆ تاقی ئاسمان. شاعیرێكی عەرەب لە دوو بەیتدا ( تشابك)ێكی جوانی دروست كردووە، بەڵام نیو هێندەی بەیتەكەی نالی نابێ:
تشابه دمعی اژ اجری و مدامتی
فمن مپل ما فی الكاس عینی تسكب
فوالله ما ادری ابالخمری اسبلت
جفونی ام من عبرتی كنت اشرب
دەڵێ: فرمێسك و شەرابەكەم وەها لەیەك دەچن، نازانم چاو شەراب دەڕێژن، یا لە فرمێسكم شەراب دەخۆمەوە؟ لەگەڵ ئەم سەركەوتنەی لە تێك ئاڵاندنی شەراب و فرمێسكدا، بەڵام نە لە تشابكەكەی نە لە ئارایشتی وشە و ووردەكاری نیوەی ڕێی نالی نەبڕیووە.
(ابن الفارض)ی گەورە شاعیری عەرەب تشابكێكی جوانی هەیە:
فلولا زفیری اغرقتنی دمعی
ولولا دموعی احرقتنی زفرتی
نالی ئەم واتایەی هێناوە و گوێزاوەتیەوە بۆ ناو بەیتێكی خۆی:
ناری سینەم گەر نەبێ غەرقم ئەمن
ئاوی چاوم گەر نەبێ سووتاوم ئەز
هونەری نالی لەوەدایە گرەوی لەخاوەن ماڵ بردووەتەوە كە ( ابن الفارظ)ە، چونكە ( ابن الفارظ) هەر زوو بێ هەناسە بڕكێی خوێنەر هۆ و ئەنجام دەدات بە دەستەوە كە هۆی خنكانی فرمێسكی چاویەتی و، سەبەبی نەخنكانیشی هەناسەی سینەیەتی، ئەمما نالی لەوەدا زاڵە كە تینووت دەكات نە لە بەیتی یەكەمدا پێت دەڵێ بەهۆی چییەوە غەرق دەبێ، نە لە نیوەی دووەمیشدا پێت دەڵێ هۆی سووتانەكەی چییە، لە هەردوو باردا گەشتی زیهنیت پێ دەكات دەبێتە لە هەر بەیتێكیاندا دەستەودامانی بەیتەكەی تر بیت، هەتا لێوەی بگەی بە چاوگەی واتا و كردنەوەی گرێ، بە قەولی مامۆستا دوجاران تینووت دەكا و هەردوو جارانیش دوای گەشتێكی فكری تینوەتیت دەشكێنێ .
پاش ئەمە دەچینە لای پارچەیەكی دیكەی نالی كە زیاتر گوزارشت لە ڕووداوێكی واقیعی سەردەمی لاوێتی خۆی دەكەن:
لەپاش وەصفی یارەكەی باسی چوونە پەرێزی دەكات، هەناسەی تێكەڵ بە زوڵفی دەبێت و زۆر شتی دیكەش دەگێڕێتەوە، لە دەمی لێ نزیك كەوبوونەوەیدا دەڵێ:
بە نەشئەی سستی و مەستی وەها مەستوور و مەخموورە
نەزانم خەو لە چاوتدایە یا چاوت لە خەودایە
تەنانەت دەگاتە دامێنی چاوی یار و وەها وەصفی دەكا چون ئاوێنەیەك بەرامبەری دانرابێت. وشەی (مستور) لە عەرەبیدا بە واتای ( داپۆشراو) و، ئەگەر كوردیش (مەستوور) بێت بە واتای زێدە مەست دێت، وەك ( ڕەنج ڕەنجوورو ، گەنج گەنجوور..). لە بەرامبەردا وشەی ( مخمور) دوو واتای هەیە یەكیان ( سەرخۆش) كاتێك لە(خمر)ەوە وەرگیرابێت، ئەویتریان ( ڕووپۆشكراو) ئەگەر لە (خمار)ەوە هاتبێ، لەمەڕا جارێكیان دەبێتە خزم و هاودەنگی (مەست) و جارێكیشیان هی ( مەستوور).
واتە: مەستی چاوەكان لەگەڵ سستی نەخۆشییان و خەو لێكەوتن و وەزعی كەوتنە سەر یەكی برژۆڵە و پێڵوەكانیان، وەها پەنهان و ژێر پەردەی كردوون هەردەڵێی ( ستار و خمار) یان بەسەردا هاتووە،چاوەكە پەنهانە، سستە، مەستە، بەرەو ئەوە دەچێ وەك خەوی لێ بەسەربێ كە ئەویش بۆ پەنهانە لە چاوەكەدا، خەوخۆی ( سستی مطلق)ە.
كە ئەم هەموو سستی و مەستی پەنهانییە لەو چاوە خەو لێكەوتووانەدا كۆبووەوە، نالی هەقیەتی بشێوێ و بڵێ:
نەزانم خەو لە چاوتدایە یا چاوت لە خەودایە
نالی لەم بەیتەدا بە تەنین و هۆندنەوەیێكی ساحیرانە. وشەی ( مادی و معنوی)ی وەها تێك هەڵكێشاون كە خەوی (موهوم) لەگەڵ چاوی ( موجود) وەك ئەسڵ و وێنەیان لێ هاتووە.... لە یەكتر جودا ناكرێنەوە نازانرێ كامیان لە كامیاندایە؟!
لە سایەی كفری زوڵفت دڵ ( فنا فی النور)ی ئیمانە
مەڵێن ( ظلمە) خراپە وەصڵی پەروانە لە شەودایە
(كفر) مانای شاردنەوەی حەقیقەتەو پێچەوانەی (ایمان)ە ، نالی لەم نیمچە ڕستەیەی ( لە سایەی كفری زوڵفت) چوار تاریكایی كۆكردۆتەوە، ئەمن بۆ خوێنەری بەجی دەهێڵم، دەنا مامۆستا هەرچواری بە جوانی دەستنیشان كردووە.
زولفەكەی داناوە بە (كفر) لەبەر سەختی و خەستیی ڕەشایی ڕەنگەكەی. كفریش كە شاردنەوەی ڕاستییە، لەوەڕا زولفەكە و كفر هەر دوویان وەك یەكترن، چونكە زولفەكەش ڕووناكایی ڕووی داپۆشیوە. ڕووەكەش وەك (نووری ئیمان) وایە لەبەر زێدەپاكی و سپێتی و بێ گەردی. دڵەكەی ( فنا فی النور) بووە، لەناو ڕووناكایی ( فانی) بووە و تواوەتەوە.
مەڵێن ( ظلمە) خراپە وەصڵی پەروانە لە شەودایە
ئەو شەوەی كۆتایی بەیتەكە، چ شەوی ڕاستەقینە بێ كە نالی تێیدا چووە بۆ پارێزی یارەكەی، چ سێبەر و كفری زولف بێ كە ڕووی یاریان لەناو خۆیاندا گیر كردووە و بەناو واندا نالی لێوی بۆ دێنێ، لە هەردوو حاڵدا نالی، وەك ئەو پەروانەیە وایە كە لە تاریكایی شەودا لە دەوری شەوقی مۆم یا ئاگر هەڵدێ و بە وەسڵ دەگا، هەرچەند لەو وەسڵەشدا دەسووتێ. دڵی نالیش كە ( فنا فی النور) بووە، پەروانەیە و بە ئاوری وەسڵ سووتاوە لە شەودا، كە شەوی ڕاستەقینە یا مووی زوڵف بێ.
هەناسەم زوڵفەكەی لادا و مەیلێكی نەكرد چاوی
نەسیم ئەنگوت و شەو ڕابرد و نەرگس هەر لە خەودایە
ئەم بەیتەیان هێندە ئاشكرا و مانا ڕوون و بەناوبانگە، هێندەش نازكە لە ڕووی داڕشتن و واتا و وێنەكێشان و تەشبیهەوە، دەستی لێ نەدرێ چاترە. وەك بلوورێكی پاك و ساف و بێگەرد وایە، هەموو شوێن پەینجەیێكی لێ دەبێتە عەیب!
نیمە ڕستەی نەرگس هەر لە خەودایە دەلالەتێكی سەریحە لەسەر ئەوەی كە نالی نەیوێراوە هێندە لێو لە لێو و ڕوومەتی یار هەڵسووی بەخەبەری بێنێ .
لە (دووری) تۆیە ئەی خورشیدی پرتە و بەخشی شەوگەردان
كە نالی وا لە حاڵاتی محاقی ماهی نەودایە
ئەم بەیتە كە ئەنجامی بەیتەكانی پێش خۆیەتی، مانای ئەو پەڕی نزیكی نالی لە یارەكەی نیشان دەدا، تاكو دەتوانین بڵێین غەزەلەكە مست بووە لە وەسڵ و نێزیكی، با بزانین چۆن:
وشەی (دوور) لە ڕێنووسی كۆندا دوو جۆر واتا هەڵدەگرێ، یەكێكیان ( دوور- بعیدی عەرەبی) كە زۆربەی لێكدەرەوەكانی شیعری نالی بەو تەڵەیەوە بوون، دووەمیان (دەور)ە كە بەواتای تەنیشت و ڕۆخە.
واتاكەشی دەبێتە: ئەی خورشیدی ڕووناكی بەخش بۆ ئەوانەی بە شەودەگەڕێن كە نالی خۆی یەكێكە لەوان و بەشەو چۆتە بالینی یارەكەی، لەبەر نێزیكی لەدەور و تەنیشتی تۆدا نالی كەوتۆتە حاڵاتی محاقی مانگی نوێ_ مانگ كاتێك دەكەوێتە حاڵەتی (محاق)ەوە كە یەكجار لە ڕۆژەوە نێزیك بێ، نەك لێی دوور بێ، كە لێی دووركەوتەوە دەبێتە ( بدر).
مانگ هەتا لە ڕۆژەوە نێزیك بێت جورمی نامێنێ، بەو پێیە هەرچەند لە ڕواڵەتدا ( محاق) نەمان و فۆتان ڕادەگەیەنێ، لەڕاستیدا ئەوپەڕی نێزیكی و گەیشتن بە یار لەو محاقەدایە، نالی هەرگیز لەو حاڵەی خۆشتر نەبووە و نابێ كە هێندە لە یاری نێزیك بووەتەوە، وەك هیلالی كاتی محاقی لێ هاتووە و لەگەڵ ڕۆژدا جووت بووە. نالی لەگەڵ ئەوەشدا ڕێی هەیە خۆی بە هیلالی حاڵەتی محاق دابنێ، چونكە یارەكەی دانا بە خورشید و خۆیشی لە نووری ئەودا غەرق بوو بوو.
هێنانی وشەی ( نەو)ی كۆتای بەیتەكە لە خۆڕا یان بۆ ڕاگرتنی قافیە نییە، بەڵكو زێدە جوانكردنی مانای بەیتەكەش هەر لە بەكارهێنانی ئەو وشەیەدایە.
هیلال (مانگ) لە دوو باردا خۆی لە محاقدا دەبینێ: یەكەمیان، لە كۆتایی مانگ واتە 29 و 30 مانگی عەرەبی. لەم حاڵەتەدا هەڵاتنی لەگەڵ ڕۆژ لە سبەینەدا دەبێ .
دووەمیان، ئەو محاقەیە كەوا بەر سەرەتای مانگ دەكەوێ، واتە هیلالەكە لە محاقی سبەینەوە كەمە كەمە بەرەو دوای قورسی ڕۆژ دەبێتەوە تا وای لێ دێ ئاوابوونی مانگەكە لە ئێوارەدا دەكەوێتە سەر حسابی شەو.
لەمەڕا مەعلووم دەكەیت كە هیلالی مانگی كۆن، بەسەر ڕۆژی ڕووندا دێت كە ئەمە هیچ لەگەڵ مەزوعی نالیدا ڕێك ناكەوێت. بەڵام ( محاقی ماهی نەو) كە هیلال تێیدا بەرەو شەو دەبێتەوە ئەمەیان حاڵی ڕاستەقینەی (نالی)یە، نالی وەك ئەو هیلالە وایە كە لە كۆتایی شەودا لە یارەكەی دوور دەكەوێتەوە، ( وجود) پەیدا دەكاتەوە، چ سەیر نییە دوای ئەو خۆشییە زلەی گەیشتن بە یارو وە دەستهێنانی پیرۆزی سەركەوتنی وەها گەورە، نالی وەك مانگ لە زیادكردندا بێ.
لە پایاندا منیش بە زوبانی مامۆستا مەسعوودەوە پڕ بە دڵ دەیێژم:
دەسكێك گوڵ، دەسكێك نێرگز مەرگی كورد و كوردستان نەبینم هەرگیز
تێبینی: ئەوەی نووسراوە بەندە لە پاش خوێندنەوەی كتێبی ( چەپكێك لە گوڵزاری نالی)یەكەی مامۆستا (مسعوود محمد)دا لام كەڵەكە بوو_ هەڵبەت سەراپای ئەم نووسینە لە بەشی یەكەمی چەكێك لە گوڵزارەوە زەنەیان كردووە، كە لە چوار بەش پێكهاتووە_ تێیدا شەرحێكی ناوازەی چەند بەیتێكی مناسەبە جۆاروجۆری نالی كردووە، ئەو كارەی ئێمەش پێشاندانی زۆرێك لە ڕاڤەكانی مامۆستا (مسعوود محمد)ە، لە پاڵ هەندێك كەف و كوڵی دڵ و_ئەگەر ناوبنرێت_ خوێندنەوە و واتالێكدانەوەیێكی هەژارانەی كانیاوی شیعرەكانی نالی پایەبەرز.