دڵم تاسه‌ی خه‌ڵوه‌تێ ده‌كات

ئەدەب 2018-05-26 کۆمێنت 4194 جار بینراوە

 قانع خورشید



 ئه‌ی كتێب
!

 تاقه‌ ده‌ریچه‌ی گه‌یشتن به‌ كامه‌رانى!

دوا ده‌رمانی ده‌ردی بكوژی حه‌یرانی!

ئه‌ی ته‌كهاوڕێی زه‌مه‌نی تاڵی ته‌نیایی!

تاكه‌ ڕێگای هه‌ڵزنین به‌ره‌و ڕۆشنایی!

وه‌ره‌ و له‌م بنی ژووره‌ تاریكه‌مدا

دوور له‌ قیڕه‌ی سیاسییه‌ كڵاودووره‌كان

دوور له‌ هاواری بازرگان و دوكاندار و

شتفرۆشه‌كانی كۆڵان،

دوور له‌ هه‌ڵپه‌ و لرفه‌ی

كه‌للە‌ی تژی له‌ ئاره‌زوو و

گه‌ده‌ی برسی بۆ پارووه‌نان...

دوور له‌ دنیا،

له‌وی لێیوه‌ هه‌ڵتۆقیوه‌ و

تا ئه‌ژنۆی تێیدا چه‌قیوه‌،

دوور له‌ گشت كه‌س

له‌ هه‌موو شت،

به‌س هه‌ردوكمان

دوور له‌ چاوی كامێرا و

هه‌ستی سیخوڕ و

خۆهه‌ڵقورتاندنی نزیكانی بێئیش...

 بۆ ته‌مه‌نێ،

بۆ زه‌مه‌نێ،

بۆ عه‌یامێكی دوور و درێژ

پێكه‌وه‌ دابنیشین و قسه‌ له‌ تۆ و

له‌ منیش ته‌نیا بێده‌نگی،

ته‌مبێ له‌ تۆ و

له‌ منیش هه‌ر گوێڕایه‌ڵبوون،

جنێو له‌ تۆ و

له‌ منیش به‌س سه‌رنه‌ویكردن،

بیرهێنانه‌وه‌ له‌ تۆوه‌ و

له‌ منیش ته‌نێ واقوڕمان!

تۆ هه‌ر بڵێ و منیش هه‌ر ده‌بیستم...

وه‌ره‌ و بكه‌ خاتری خوا

با وا بكه‌ین

هه‌ر هه‌ردوكمان...

ڕێگه‌ نه‌ده‌ین شتاق مرۆڤ،

یه‌ك ئاده‌می،

تاكه‌ شتێ...

خۆی بكاته‌ به‌ینمانه‌وه‌،

مه‌گه‌ر جار جار

بۆ خۆشتركردنی خه‌ڵوه‌تمان

بۆ بۆنداركردنی كۆڕی نوورین

په‌رداخێ چای

بۆ چه‌ند ساتێك

له‌ به‌ینمانا دانیشێت و

لێو و گه‌رووی من گه‌رم گه‌رم و

به‌ هه‌ڵمیشی ڕوخساری تۆ

ته‌ماوی كات...!

وه‌ره‌،

ئه‌من و تۆ

به‌ حزووری پڕ له‌ نووری

په‌رداخه‌ چای

سه‌ری حیكایه‌تێكی بێكۆتا

بكه‌ینه‌وه‌...

خۆ ده‌زانیت،

ئه‌من و تۆ

قسه‌ و باسی فره‌مان هه‌س،

ده‌بێت ساڵانێكی زۆر

به‌ نێو دارستانی پڕ له‌ درۆی

دیرۆكی مرۆڤایه‌تیدا

بێین و بچین...

له‌ زه‌لكاوی پڕ له‌ خوێنی

جوگرافیای به‌شه‌ردا

ده‌ست كه‌ینه‌ مه‌له‌ و

له‌ كووچه‌ و كۆڵانی

به‌ درۆ و خیانه‌ت و بێئه‌مه‌كی

بۆیه‌كراوی شاردا

گه‌شتێك بكه‌ین...

دڵنیام ناوه‌ ناوه‌یش

ڕێمان ده‌كه‌وێته‌ شوانێكی پاك و

پیرێكی چاك و

ته‌نیایه‌كی دڵ و ڕوومه‌ت سپی و

كوانوویه‌كی گه‌رم و

زمانێكی نه‌رم و

نیگایه‌كی پڕ له‌ شه‌رمیش

خۆیمان پێ نیشان ده‌دات و

ڕوون پێكه‌وه‌

ئه‌و گشته‌ جوانییه‌مان

له‌پڕێكدا به‌رچاو ده‌كه‌وێت...

ئیتر سانا

ده‌مانكرێت له‌ پاڵ پشكۆ سووره‌كانی

كوانووه‌كه‌دا

له‌به‌ر تیشكی نیگاكه‌دا

گوێ بۆ قسه‌ی ئه‌و زمانه‌

هه‌ڵبخه‌ین و

به‌ دڵی خۆ پشوو بده‌ین...

هه‌ر به‌وه‌نده‌یش

ماندوویه‌تیی گشت گه‌شته‌كه‌

به‌ ئه‌سپایی و به‌ خێرایی

له‌ گیان ده‌ركه‌ین!

وه‌ره‌ و تا فرسه‌تێك ماوه‌

با وا بكه‌ین،

له‌مه‌ زیاتر

ماتڵ نه‌بین،

له‌مه‌ زۆرتر

به‌ ئاره‌زووی سبه‌ینێوه‌

ئه‌مڕۆ به‌خۆڕایی نه‌خۆین!

تاگەکان    
جوانی تەلارسازی ئابورریی ئیسلامی ڕانانی کتێبب عاشوورا فەلسەفەی ئەخلاق ئەنیمی کۆمەڵکوژیی بۆسنە دەربارەی کتێب جەنگی هۆشیاری فێمینیزم موناجات ڕەزا بابایی پەروەردە زانکۆ
ئەدەب
2018-05-26 کۆمێنت 4194 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی