عه‌وداڵی ئارامی

ئەدەب 2018-06-03 کۆمێنت 2489 جار بینراوە

یووسف خەلیل

بۆ هیچ شتێك له‌ ژیاندا ئاماده‌ نیم؛ سواڵ له‌ هیچ كه‌س بكه‌م، لێ لێت ناشارمه‌وه‌، گه‌ر ئۆقره‌ له‌ هه‌ر شوێنێك، لای هه‌ر كه‌سێك، له‌ هه‌ر شتێكدا به‌دی بكه‌م، بێ سێ و دوو كردن، بێ گوێدانه‌ خاوه‌نه‌كه‌ی حازرم، نه‌ك هه‌ر ده‌رۆزه‌یی، به‌ڵكوو له‌پێناو وه‌چنگخستنی تاوێك ئۆخژنیدا، لێیشی بپاڕێمه‌وه‌!

بریا ده‌بوو؛ بۆ كه‌متر له‌ چركه‌یه‌كیش بووه‌ هه‌سته‌ مه‌عنه‌وییه‌كان، تاوێك وه‌ك به‌رجه‌سته‌یه‌ك، مینا زه‌لامێك، ڕووبه‌ڕووم زه‌ق زه‌ق ڕاده‌وه‌ستان، ئاخر هێندێكیان هێنده‌ داخ و ئازاریان ڕۆ كردووه‌ته‌ نێو ڕووباری شادییه‌كانمەوە، ئه‌وه‌نده‌ ژه‌هریان فڕێداوه‌ته‌ نێو هه‌نگوینی كامه‌رانییه‌كانمەوە، جگێكیان له‌ ترۆپكی خۆشییه‌كاندا، له‌ به‌رزترین شوێنی بوونمه‌وه، هێنده‌ به‌ریان داومه‌ته‌ خواری خواره‌وه‌‌، ‌بڕوا بكه‌ ئه‌وه‌نده‌ مه‌راقیان وێ داوم، گه‌ر ده‌ستم لێیان گیر ببێت، بۆ چركه‌یه‌كیش چییه‌، كات به‌فیڕۆ ناده‌م و ده‌ستبه‌جێ، په‌نجه‌ ماندووه‌كانم توند توند له‌ بینه‌قاقایان گیر ده‌كرد و به‌ هه‌موو توانامه‌وه‌، به‌ مه‌به‌ستی بردنیان تا ئه‌ودیو مه‌رگ، ده‌ستم لێ هه‌ڵنه‌ده‌گرتن، بۆ ئه‌وه‌ی چی دی ئومێدی زیندووبوونه‌وه‌یان نه‌متۆقێننه‌وه‌!

ئاخر ئه‌وان هه‌ستانه‌، هێنده‌ بێ به‌زه‌یین، ئه‌وه‌ی من شوێن، كه‌س، كات نه‌ما تێیدا، به‌ دوویدا وێل وێڵ نه‌گه‌ڕێم، لێیان سه‌ندوومه‌ته‌وه‌، ئه‌وان بۆ ساتێكیش چییه‌؛ پشوو به‌ منی شه‌كه‌ت ڕه‌وا نابینن!

بۆ هه‌ر كوێیه‌ك تاو ده‌ده‌م هه‌ر له‌ ڕێوه‌؛ ده‌رگاوانێك، كه‌ باش باش یه‌كتر ده‌ناسین، به‌ ده‌م و چاوه‌ هه‌میشه‌ گرژومۆنه‌كه‌یه‌وه‌ بێشه‌رمانه پێم ده‌ڵێت؛ ئه‌وه‌ی تۆ به‌ شوێنیدا شێت و شه‌یدایت، ده‌مێكه‌ ئه‌م هه‌واره‌ی چۆڵ كردووه‌ و بڕۆ و گۆڕت گوم كه‌، ده‌نا هێنده‌ی دی برینه‌كانت ده‌كولێنمه‌وه‌، منیش به‌رده‌وام وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆم چاوه‌ڕێی هه‌مان كه‌س و هه‌مان وه‌ڵام بم، بێ واقوڕمان، به‌ شوێنپێی خۆمدا، چۆن هاتووم وا به‌ بێئومێدی ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌!

نازانم من بۆ دایم ده‌ڵێیت ئاگرێكی به‌تین له‌نێو ئاگردانی دڵمدا كڵپه‌ ده‌سێنێت، ژێرم به‌رده‌وام بۆ پڕه‌ له‌ پشكۆ‌ی گه‌ش؟! سه‌یرم به‌ خۆم دێت، قه‌ت ئۆقره‌ ناگرم!

ئاخر كاتێك شنه‌بای دڵخۆشی خه‌ریكه‌ دڵ و ده‌روونم كه‌مێك فێنك ده‌كاته‌وه‌، یه‌كڕاست خۆم هێنده‌ نامۆ دێته‌ پێش چاو، وه‌ك چۆن یه‌كێك هێنده‌ به‌ قه‌فه‌سی زیندانی و تاڵیی ته‌نیایی ڕاهاتبێت، له‌ ڕۆشنایی دونیا و جوانی و به‌رینيی گێتی غه‌ریبيی بێت، وه‌ك بڵێیت شتێك، چێژێكم له‌وه‌ی ڕابردوودا به‌دی كردبێت، یان كه‌ره‌سته‌یه‌كی گرانبه‌های خۆمم تێدا ون كردبێت، وه‌ها حه‌ز به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌وێنده‌ر، بوونم داده‌گرێت‌‌، به‌م جۆره‌ له‌ خۆشییه‌ ڕواڵه‌تییه‌كانیش هه‌ڵدێم و، كه‌ بۆ كونجی غه‌م و دڕدۆنگییه‌كه‌یشم ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌، ئازار و ڕه‌شی، وه‌خته‌ هه‌ناوم له‌ت له‌ت بكه‌ن!

خودایه‌ هاوار، خودایه‌...

ئه‌و كاتانه‌ی كه‌مێك ڕاده‌مێنم و جگێك به‌ قووڵی به‌ شته‌كاندا ڕۆ ده‌چم و ئاڵۆزیم لێ ده‌چۆڕێت؛ خۆم له‌ خۆم ته‌ریق ده‌بمه‌وه‌ و هه‌ست ده‌كه‌م لێم نایه‌ت، بۆیه‌ خێرا بۆ ساده‌ییه‌كه‌ كه‌ هی خۆمه، ده‌كۆشم بگه‌ڕێمه‌وه‌، ساتێكیش سه‌راویانه‌ و دڵسافانه‌ باسوخواسه‌كان لێك ده‌ده‌مه‌وه‌ و ته‌نیا ساكاریم لێ ده‌بارێت، خۆمم وه‌ك په‌یكه‌رێك له‌ فریودراوی یان دڵسافێكی خۆشباوه‌ڕ دێته‌ پێش چاو!

ڕاستیت بوێت هاوڕێ؛ ئه‌ز ته‌نێ له‌ یه‌ك شت تۆقاوم، ده‌ترسم ئه‌وه‌ی من له‌نێو ئه‌و هه‌موو هه‌را و زه‌نا، ئاڵۆزی، پێچوپه‌نا، تاریكی، دووره‌ڕێیه‌دا بۆی وێڵ بووم، ڕۆژێك له‌ ڕۆژان، ئه‌و كاتانه‌ی ده‌ركه‌وتن و هاتنی چ دادێكم نادات، به‌ڵكوو زامه‌كانم هێنده‌ی دی به‌سوێ ده‌كاته‌وه‌، هه‌ر له‌ په‌نای خۆمدا و له‌ نزیكترین شوێنی بوونمه‌وه‌ به‌ ئاسپایی، مینا زارۆكێكی هاروهاج، وه‌ك بڵێيت عه‌یامێكه‌ چاوشاركێم له‌گه‌ڵ بكات و ئاستی ژیری و داناییم تاقی بكاته‌وه‌، سه‌رێك ده‌ربێنێت و له‌ ناكاودا بڵێت؛ ها ئه‌وه‌ خه‌ریكی چیت؟! له‌ دووی چی ده‌گه‌ڕێیت؟! ئه‌وه‌ خۆمم، له‌ هه‌موو كه‌س لێته‌وه‌ نزیكتر بووم، به‌ڵام هه‌ر بۆ خۆشی ویستم یاریت له‌گه‌ڵ بكه‌م و بزانم چه‌نێك منت خۆش ده‌وێت و تا چ ئاستێك له‌پێناومدا ئاماده‌ی قوربانیدانیت، به‌ڵام مه‌خابن سه‌د مه‌خابن، ده‌رنه‌چوویت و دۆڕایت!

خودایه‌، دادی كۆتاییم هه‌میشه‌ هه‌ر بۆ لای تۆیه و‌ كاتێك ڕامچڵه‌كێنه‌، بتوانم فریای خۆم بكه‌وم و، به‌ر له‌ مردن، زۆر نا هه‌ر قومێك، له‌ ئاوی سازگاری ئارامی و قه‌ناعه‌ت، نۆش بكه‌م.


تاگەکان    
عەبدولکەریم سرووش گفتوگۆ شیعر دوعا عێڕاق پەروەردە هاوڕەگەزخوازی کتێب حەج بووژانەوە بۆ ئەوانەی وەكو خۆمن شیرک ڕانانی کتێب فێمینیزم نامە
ئەدەب
2018-06-03 کۆمێنت 2489 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی