جیاوازى نێوان زمانى شیعر و زمانى رۆژانه

ئەدەب 2018-06-07 کۆمێنت 2717 جار بینراوە

زانیار مه‌حموود

زمان به ‌چه‌ندین شێوه‌ له‌ به‌كارهێنانى به‌رده‌وامدایه‌، ( ههر ژانرێكی ئهدهبی بهزمانی تایبهتی خۆی دهنووسرێت) هه‌رچه‌ندێك ئه‌و به‌كارهێنانانه‌ نزیك بن له‌و زمانه‌ى كه‌ له ‌كۆمه‌ڵگه‌دا به‌كار دێت، ئه‌وا لێكدانه‌وه ‌و شرۆڤه‌كردنى كارێكى ئاسانتر ده‌بێت و  وا ده‌كات لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و زمانه‌ زووتر خۆ به ‌ده‌سته‌وه‌ بدات، چونكه‌ كاركردن له‌سه‌ر زمانێك، كه‌ تاڕادده‌یه‌ك وشه‌كانى ئاسان و تاك واتان، زۆر باشتر ده‌توانین بگه‌ینه‌ ئه‌و ئامانجه‌ دیاریكراوه‌ى كه‌ وێنه‌مان بۆ كێشاوه‌، ئه‌ویش په‌ى بردنه‌ به‌و نهێنییه‌ى، كه‌ ئه‌و زمانه‌ له ‌خۆى گرتووه‌.

پێچه‌وانه‌ى ئه‌وه‌ى باسكردن و شیكردنه‌وه‌ى ئه‌و زمانه‌ ساده‌ و ساكاره‌ى كۆمه‌ڵگه‌ هه‌یه‌تى كارێكى ئاسان و تا ڕاده‌یه‌ك بێ خه‌وشه‌، له ‌زمانى شیعردا به‌كارهێنانى جۆره‌ زمانێكمان به‌ر چاو ده‌كه‌وێت، كه ‌جیاوازه‌ له‌و زمانه‌ى كه‌ له‌ناو خه‌ڵكیدا به‌ كار دێت، له‌م زمانه‌دا له‌سه‌ر شاعیر یان ئه‌و كه‌سه‌ى هه‌ڵده‌ستێت به ‌نووسینى ده‌قه ‌شیعرییه‌كه،‌ پێویسته‌ به ‌شێوه‌یه‌ك بنووسێت هه‌وڵبدات ئه‌و جیاوازییه‌ى كه‌وتووه‌ته‌ نێوان ئه‌م دوو جۆره‌ زمانه‌وه‌ نه‌یهێڵێت یان هیچ نه‌بێت كه‌مى بكاته‌وه‌.

 هه‌رچه‌نده‌ لێره‌شدا شاعیر(نووسه‌ر) به‌ربه‌ستێكى دێته‌ پێش، چونكه‌ هه‌وڵدان بۆ نووسینى جۆرێك له‌ شیعر، كه‌ ناوازه‌ییه‌كى  تیادا بێت به‌و زمانه‌ ساده ‌و ساكاره‌ى كۆمه‌ڵگه‌ هه‌یه‌تى، كارێكى زۆر ئاسان نابێت، ئه‌گه‌ریش ئه‌سته‌م نه‌بێت. ئه‌گه‌ر سه‌یرى شیعرى كلاسیكى كوردى بكه‌ین، ئه‌وا به‌ ڕوونى به‌ر چاومان ده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌و زمانه‌ى شیعره‌كه‌ى پێ نووسراوه‌ زمانێكى تێكه‌ڵه‌ له‌ وشه‌ى بیانى (فارسى، عه‌ره‌بى، توركى).

لێره‌وه‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌وه‌ى به‌كارهێنانى ته‌نیا زمانێك بۆ به‌ده‌ستهێنانى شیعرێكى ناوازه‌ و هه‌ڵگرى لێكدانه‌وه‌ى جیاواز، تا ڕاده‌یه‌ك قوورسه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر بێین و كۆمه‌ڵه‌ وشه‌یه‌كى بیانى(فارسى، عه‌ره‌بى و توركى) به‌ كار بهێنین ئه‌وا ده‌گه‌ینه‌ چه‌ند واتایه‌كى جیاواز، كه ‌له‌ناو زمانى یه‌كه‌مى شیعره‌كه‌ _كوردى_دا، ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ واتا جیاوازه‌ له ‌یه‌ك وشه‌دا گرانه‌ كۆ بكرێنه‌وه‌‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌و وشانه‌ له‌ناو كلتوورێكى جیاوازه‌وه‌ ده‌هێنرێن،  بۆیه‌ ده‌توانرێت لێكدانه‌وه‌ى زیاترى بۆ بكرێت و ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆى ده‌وڵه‌مه‌ندكردنى ئه‌و زمانه‌ى كه ‌شیعره‌كه‌ى پێ ده‌نووسرێت. بۆ نموونه ‌(نالى) به‌ شێوه‌یه‌كى زۆر جوان توانیویه‌تى ئه‌و كلتووره‌‌ جیاوازانه‌ تێكه‌ڵى زمانى كوردى بكات كه‌ بریتین له‌ زمانه‌كانی (فارسى، عه‌ره‌بى و توركى):

(گێل) ئه‌گه‌ر توركى (تعال) ئه‌گه‌‌ر عه‌ره‌بى (بێ) ئه‌گه‌ر كوردى ئه‌گه‌ر فورسى(بیا)
 سه‌رى فه‌رهادم و دندوكى قوڵنگ، ده‌ستى مه‌جنونم و داوێنى چیا‌

گفتوگۆى زاناكان سه‌باره‌ت به ‌جیاوازى نێوان زمانى شیعر(زمانى نائاسایى) و زمانى ئۆتۆماتیك (زمانى ئاسایى)، بۆ مێژوویه‌كى دوور و درێژ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، هه‌ندێكیان دان به‌م جیاوازییه‌دا نانێن بۆ نموونه‌ (وردز ورث) "له‌و باوه‌ڕه‌دایه،‌ كه ‌هیچ جیاوازییه‌ك له‌نێوان (زمانی ئاسایی) و شیعردا نییه‌".

ده‌رباره‌ی پێكهاته‌ی زمانیی زمانی شیعر و زمانی په‌خشان، نووسه‌ر و ئه‌دیبان له‌سه‌ر یه‌ك بیروبۆچوون نیین، ئه‌و وشانه‌ی له ‌زمانی شیعردا به ‌كار دێن جیاوازن له‌و وشانه‌ی زمانی ئاسایی له‌ خۆی گرتووه‌، چونكه‌ شیعر تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه ‌و‌ به ‌شێوه‌یه‌ك داده‌ڕێژرێت، كه ‌كه‌سی گوێگر یان خوێنه‌ر حه‌ز له‌ بیستن یاخود خوێندنه‌وه‌ی ده‌كات به‌و پێیه‌ی وشه‌كانی ڕێكخراو و هه‌ڵبژاێردراون له ‌لایه‌ن هۆنه‌ر(شاعیر)ه‌وه‌.

 (یاكۆبسن) باس له‌‌چۆنییه‌تی به‌كارهێنانی وشه‌كان ده‌كات و ده‌ڵێت:"زمانى شیعر هێرشێكى ڕێكخراوه ‌بۆ سه‌ر زمانى ڕۆژانه‌ "واته‌ یاساو نه‌ریته‌ باوه‌كان تێكده‌دات، به‌م شێوه‌یه‌ دوو زمانى له‌یه‌كجیان.

له‌ زمانى ئۆتۆماتیك په‌یوه‌ندى نێوان هێما و هێمابۆكراو په‌یوه‌ندییه‌كى جێگیر و ڕێكه‌وتنه‌ به‌ڵام له‌ شیعردا وا نییه‌. بۆ نموونه‌ (شێر) له‌ ئاخاوتنى ڕۆژانه‌دا ده‌لاله‌ت له‌ هێمابۆكراوێكی تایبه‌ت و دیار ده‌كات، واته‌ گیانه‌وه‌رێكى دڕنده‌ ده‌كات، ئه‌م ده‌لاله‌ته‌ى نێوان هێما و هێمابۆكراو له‌سه‌ر پێوه‌رێكى تایبه‌ت ئه‌نجام نه‌دراوه‌ و ده‌توانرا وشه‌یه‌كى تر له ‌شوێنى ئه‌و دابنرێت.

به‌ڵام له‌ ده‌لاله‌تى ئه‌ده‌بیدا كاتێك ( شێر) به‌ كار هات و واتاى پیاوى ئازاى گه‌یاند، ئه‌وه ‌په‌یوه‌ندى پیاوى ئازا و شێر ده‌رده‌خات، كهواته ڕێككه‌وتن نییه‌، به‌ڵكو گونجانه ‌و شاعیر ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ ئه‌دۆزێته‌وه‌ و خۆى له ‌كۆت و به‌ندى ڕێككه‌وتن كه‌ زاڵه‌ به ‌سه‌ر ئاخاوتنى ڕۆژانه‌دا، ڕزگار ده‌كات. شیعر به ‌شێوه‌یه‌كى گشتى كار له ‌هێما و زمانى ئۆتۆماتیك به ‌شێوه‌یه‌كى گشتى كار له‌ به‌رجه‌سته‌كردنی ده‌ره‌وه‌ ده‌كات، هونه‌ره‌كانى (جوانكارى واتایى) پتر وه‌ك ده‌روازه‌یه‌كى شیعرى ده‌ژمێردرێن و لێكچوون به‌ بناغه‌ى زمانى شیعر ده‌ژمێردرێت.

زمانى ئۆتۆماتیك(ئاسایی) ئه‌وه‌ى كه ‌له ‌زمانى شیعردا لایه‌نى نائاشنایى خۆى له‌ ده‌ست ده‌دات وه‌رده‌گرێت و ده‌یكاته‌ به‌شێك له‌ خۆى و، زمانى شاعیرانه‌ش هه‌ندێ جار لایه‌نى زمانى ڕۆژانه‌ وه‌رده‌گرێت و پاش به‌ نائاشناكردنیان ده‌یكاته‌ به‌شێك له‌ خۆى، واته‌ زمانى ئۆتۆماتیك به ‌ئاشناكردن و زمانى شاعیرانه‌ به ‌نائاشناكردن ده‌چنه ‌ناو یه‌كتره‌وه‌.


تاگەکان    
نیشتیمان ئایا سۆفیا ڕۆژاوا فەرهەنگ مۆدێرنیتە مۆدێرنە فەڵەستین مردن تەلارسازی فەلسەفەی ئەخلاق تەکنۆلۆژیا سەرفیترە زانست شیرک گێڕانەوە
ئەدەب
2018-06-07 کۆمێنت 2717 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی