لە فارسییەوە (سەرچاوە نادیار)
وەرگێڕانى: سەیران
عاریفەکان ئەقڵیان بە هاوتای زانست زانیوە و بە نوورێکیان چواندووە کە مرۆڤی له تاریکیی نەزانین دەرباز کردووە و یەکێک لە فاکتەرەکانی نزیکبوونەوەیه لە خەڵوەتی حەق، عاریفەکان دڵیان بە دوژمنی هەمیشەیی ئەقڵ داناوە و مشتومڕی بەردەوام و سەرەمڕی ئەوانیان بە حەتمی داناوە و وتووێژی نێوانیان بەو جۆرە نووسیوەتەوە:
دڵ دەڵێت: عیشقم هێناوە.
ئەقڵ دەڵێت: عیشق! عیشق چییە؟
دڵ دەڵێت: مانای بوونە.
ئەقڵ دەڵێت: بوون! بوون بۆچی؟ بۆ کوێ؟
دڵ: بۆ ئەو سەرە.
ئەقڵ: تا ئاسمانەکان؟
دڵ: زۆر بانتر، تا خەڵوەتی تایبەتیی حەزرەتی عیشق!
ئەقڵ: چەنێ باشە! منیش دەتوانم بێم؟
دڵ: تۆ، نەخێر! بەڵام گەر خۆت لەبیرکەیت بە باڵەکانی (ع) و (ش) و (ق) بەڵێ!
ئەقڵ: چۆن؟!
دڵ: (ع) بۆن و بەرامەیە، سروەی دڵگیری ڕۆح..(ع) عەتری دڵگیری باوەڕە بە حەزرەتی یار (خودا)، جیهانی واتایە، بەرهەستبوونە، عەهدە، عەدەمە، نەبوونە، فەنابوونە، سەرلەنوێ ژیانەوەیە!
ئەقڵ: ئەم هەموو مانایەی هەیە؟!
دڵ: هەر کامێکیان دنیایەکن، قۆناغێکن، بۆنی عەتر و بوخورد دەبیستی، هۆگر دەبیت، پاشان دەبێت دڵکەندە بیت، گەر جیهانی مانات دەوێت دەبێت نەمێنیت و فەنا بیت.
ئەقڵ: باشە (ش) چییە؟
دڵ: شیرینیی ئاشناییە، هەنگوینە، شەهادەتە، شەرابە، پاشان شوکرانەبژێرییە، (ش) شمشارە، باڵای بەرزی دولبەرە، گوڵاڵە سوورەیە (شقایق)، شەوق و تاسەی دیدارە. تامەزرۆیی و مەعشوقت دەوێت مەیی عیشقی ئەو بنۆشە، ئەو دەمە عەهدی هاوڕێییت لەگەڵدا دەبەستێت.
ئەقڵ: باشە (ق) چییە؟
دڵ: (ق) واتا هەمان (ق) قەولی خودا، سوێندی خودا، قەڵەمە قەڵەم، دروستکراوی خودایە، گشت وجوودە، (ق) دەسەڵاتی پەروەردگاری بەتوانایە، بنچینەی وجوودە، پەیمانی هاوڕێیەتییە، ئەو هەموومان پێویستمان پێیەتی! (ق) یەکسانییە، دادگەرییە، کە عیشق بە مەعشوق دەگات دەیبینیت! (ع) و (ق) یەکێکن و (ش) ڕاڤەی ئەو دووانەیە، هەموویان یەکێکن، هەموویان عیشقن واتە باڵاترین!
ئەقڵ: باڵاتریش هەیە؟
دڵ: بەڵێ باڵاتریش هەیە، خۆشەویستی( دوست داشتن).
ئەقڵ: ئەویتر چییە؟
دڵ: هاوڕێیەتیکردن بە (د) دەست پێ دەکات، (د) نزای دەمەوبەیانە، بانگێشتە بۆ دیدار، دڵی پڕ دەردە، چاوەکانت خوێنیان لێ دەچۆڕێت، دەبێ دێوانە بیت ئیتر لە عیشق تێپەڕیویت. پاشان بە (و) دەگەیت ئەو یەکە، حەزرەتی عیشق، واجب الوجود لە ناوەکانی ئەوە، مەڵبەندی ئازارە، گەر عاشقی میراتگری میهرەبانیت، گەر دڵ ببەخشیت.
ئینجا دەگەین بە (و) وەصفی جوانی و زیبایی ژوانی عیشق و مەعشوقە، وەهمی سەوزی خۆشەویستییە. بەڵام (س)....(س) واتە، سبحان اللە بکەیت، سوێند بخۆیت و گوزەری نەفس بشکێنیت، ئەو دەمە پیاڵەی عیشق بنۆشیت و ببیتە ساقیی کۆڕی مەستان، پاشان ڕاویاری ڕێ بیت...تا لووتکەی وجوود، (س) واتە بەرماڵی نوێژەکەت ڕاخەیت، لێوڕێژ بیت لە ئەشک و ئەوین تا ببیتە چرای ڕێ و هەمیشەیی بیت، ئەوکات نیگای ئاسمانی بەخۆشییەوە لە دڵدا هەستپێدەکەیت پاشان پەرستش، گەر سواڵتی جەستەت لەڕێی هاوڕێدا بشکێنیت ئەوکات دەگەیت بە (ت)، (ت) واتە تبارک اللە بۆ لای تۆ دەڕوانێت، گەر نەفسی خۆت لەناو ببەیت پاشان بەتاڵانچوونی دڵت لەگەڵ کەژاوەی عیشقدا ببینیت، گەر ببیتە پەیکەری بەرجەستەی شەیدایی ترپەی دڵت دەبیستی کە گوزارشتت لە عیشق کرد. پاشان دەگەیت بە )د) هەر ئەوەی کە داخی ژان و مەخابنی بە تەوێڵی دڵەوەیە لە دووری دڵدار!
گەر حەزرەتی عیشق دەستێکی بە دڵتدا هێنا درەوشانەوەی نوور لە دڵدا دەبینیت. ئەوجا بە ئەلفی (ا) بەژنی یار دەگەیت، لەم ساتدا دەبێت بەوپەڕی دڵسۆزییەوە ئیحرام بپۆشیت، ئەودەم حەزرەتی عیشق وەڵامت دەداتەوە، ئەمەش ناسکترین پاداشتی تۆیە!
کاتێک گەیشتی بە (ش) واتە نیوەی ڕێگاکە هاتوویت، ئەو دەمەیە کە دەبیتە گەواهیدەرێکی زمانشیرین و شاعیرێکی گوفتارشیرین و شوکرانەبژێری بەر دیوانەکەی. دیسان بە (ت) دەگەیت، لەو تێپەڕە کە پێشتر بۆم باسکردیت، بەڵام (ت) هاتووە کە بە تۆ بڵێت بە (توکل)ـەوە هەوڵ بدە. دواجار دەگەیت بە کۆتایی کار واتە (ن) تاوەکو خۆشویستن کامڵ بێت! لێرەدا گەر پەشیمان بیت لە هەڵخلیسانەکانت ڕزگارکەر دێت، واتە نووری ڕزگارکەر، پاشان بەرامەی شەونم و پاکی بۆن دەکەیت، دەبیتە ئێشکگری حەزرەتی عیشق و عومرێک خەریکی نیایشی یار دەبیت، ئەودەمە هاودەمی عیشق و دواجار گەوهەری وجوود دەنۆشیت و هەموو گیانت دەبێتە حزوری سەوزی ئەو، بەس دڵ ساتێک لەگۆ کەوت و ڕووی لە ئەقڵ کرد و ووتی: ئێرە خەڵوەتی تایبەتی حەقە، ئیتر جێی تۆ نییە! ئیتر تۆ توانای دەرککردن تەنانەت بیستنیشت نییە، دەبێت دوای کاری خۆت بکەویت، بەدوای هەمان بەڵگە ڕەق و تەقەکاندا. ئەقڵ بە زویری سەری داخست و لەکاتێکدا پەنجەی حیرەتی دەگەست ڕۆشت تا لە بەستێنی زەویدا بەرۆکی فەیلەسوفێکی نەهیلیزم بگرێت.
دڵ شاگەشکە و هۆزانڤان بەرەو زایەڵەی پەلکەزێڕینە دای لە شەقەی باڵ تاوەکو لەسەر خوانی هاوڕێ پارووی نوور نۆش بکات!