نووسینی:
هێمن خورشید
هێدی..هێدی به‌سه‌ر جاده‌كه‌دا ده‌ڕۆیشت، وێنه‌یه‌كی
زه‌به‌لاحی به‌دواوه بوو. جارجار ئاوڕی ده‌دایه دواوه، نه‌وه‌ك یه‌كێك به‌م
نیوه‌شه‌وه به‌شوێنییه‌وه بێت، ئاخر شاره‌كه پیسه، گومانی هه‌موو شتێكی لێ ده‌كرێت.
تاریكی، دیواری خانووه‌كانی كه‌نار جاده‌كه‌ی
داپۆشیبوو، تاوناتاوێك بروسكه‌یه‌ك له لای ڕاسته‌وه ده‌رده‌كه‌وت، به بێ ئه‌وه‌ی
ده‌نگی بێت، وا دیار بوو ئاسمانیش نیازی فرمێسكڕشتنی هه‌یه. هه‌ورێكی ڕه‌ش ڕووی
ئاسمانی گرتبوو، دوو ئه‌وه‌نده‌ی تر دیمه‌نی زه‌مینی ترسناك كردبوو.
له ڕۆیشتن به‌رده‌وام بوو، له‌پڕ وه‌ستا و
جگه‌ره‌یه‌كی داگیرساند، گڕی ئاگری جگه‌ره‌كه‌ی ده‌می، به‌ڕوونی له‌ناو تاریكاییه‌كه‌دا
ده‌دره‌وشایه‌وه. چه‌ند جارێك هه‌نگاوی به‌ره‌ودوا نا، به‌ڵام دووباره گه‌ڕایه‌وه
و ڕاسته‌ڕێی خۆی گرته‌وه به‌ر. بۆ چه‌نده‌مین جار نه‌فره‌تی له خۆی كرد، تفی
كرده سه‌رزه‌وی، وه‌ستا، سه‌ری بادا، به‌ڵام له ڕۆیشتنه‌كه‌ی هه‌ر به‌رده‌وام
بوو. چاره‌نووسی خۆی و ئه‌م ڕۆیشتنه‌ی نه‌ده‌زانی، له پڕ كه‌وته ناو ده‌ریایه‌كی
بێسهروبنهوه، ده‌ریایه‌ك كه ڕابردوو و داهاتووی به شێوه‌یه‌كی ته‌ماوی تێكه‌ڵ
كردبوو.
قسه‌ی
ئه‌و براده‌ره‌ی كه هه‌موو جارێك ئامۆژگاریی ده‌كرد، "خوا گه‌وره‌یه، ئه‌م
هه‌وره‌یش هه‌ر ده‌ڕه‌وێته‌وه، ئافه‌رین بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی خۆی له تیشكی ڕۆژ مه‌ئیووس
ناكات" له‌ناو سه‌ریدا ده‌نگی ده‌دایه‌وه، وا دیار بوو زۆر شهكهژۆ بووه،
پاش ماوه‌یه‌ك له ده‌ریای خه‌یاڵ هاته ده‌ره‌وه، سه‌ری به‌رز كرده‌وه و بینی
وا ها له به‌رده‌م كۆشكه‌كه‌دا، هه‌ناسه‌یه‌كی قووڵی هه‌ڵكێشا.
دیواره‌كانی حه‌وشه‌كه ده‌تگوت ده‌گرین، به
زمانی حاڵ پێیان ده‌گوت بگه‌ڕێره‌وه ئه‌مه ڕێگای هه‌موو كه‌سێك نییه.. له دڵی
خۆیدا گوتی وا چاكه ماوه‌یه‌ك دانیشم و ئه‌مجار ده‌ست پێ بكه‌مه‌وه.
دانیشت، له‌شی لێ بووبوو به بار، حه‌زی نه‌ده‌كرد
هه‌ڵسێته‌وه، له‌ژێر سێبه‌ری دیواری حه‌وشه‌ی كۆشكه‌كه‌دا نقووم بووبوو. چه‌ند مه‌ترێك
دوور بوو له دیواره‌كه، چه‌ند جارێك هێزی دایه به‌ر خۆی هه‌ڵسێت، به‌ڵام نه‌یتوانی،
چه‌ند وێنه‌یه‌كی ته‌ماوی به به‌رچاویدا ده‌هاتن و ده‌چوون، كه وێنه‌ی هه‌وره
ڕه‌شه‌كه‌یان هێنده‌ی تر ڕه‌ش كردبوو. ئه‌م وێنانه ده‌بوون به یه‌كێك و پاشان به
سێ جۆر ده‌گۆڕان، جارێك به منداڵێكی ساوا ده‌هاته به‌رچاو، نیشانه‌یه‌ك به
گۆنایه‌وه بوو، جارجارێك پێده‌كه‌نی و جارجاریش توڕه ده‌بوو. كه‌ڕه‌تێك له شێوه‌ی
نیمچهپیرێكدا ده‌رده‌كه‌وت، كه هێشتا تاڵه سپییه‌كانی ڕیشی به‌سه‌ر تاڵه ڕه‌شه‌كاندا
زاڵ نه‌بووبوون، به‌ڵام وا دیار بوو خه‌ریكه زاڵ ده‌بن، پارچه‌یه‌كی ڕه‌ش به‌سه‌ر
چاوهكانییهوه بوو، دایپۆشیبوون، چاوه‌كانی نه‌ده‌بینران، نه‌ده‌زانرا چۆن زه‌قی
كردوونه‌ته‌وه!
جارێكیش چه‌شنی پیرێك نیشانی ده‌دا، وا دیار
بوو زۆر تامه‌زرۆی ته‌مه‌نی لاوێتیی خۆیه‌تی. جارجار هاواری ده‌كرد، به‌ڵام له‌پڕ
بێده‌نگ ده‌بوو، خه‌ریك بوو بزه‌یه‌ك ده‌كه‌وته سه‌ر لێوه‌كانی، هێشتا بزهكه
ته‌واو لێوه‌كانی دانه‌پۆشیبوو، دووباره ده‌ینه‌ڕاند و هاواری لێ به‌رز ده‌بوویه‌وه.
ئه‌م وێنانه ده هێنده بێزاریان كردبوو. حه‌زی ده‌كرد وێنه‌كان ببن به وێنه‌ی
ڕاسته‌قینه و ده‌ستیان بۆ ببات و پارچه‌پارچه‌یان بكات!
ورده ورده وێنه‌كان له‌به‌رچاوی لاچوون.
ڕووناكییه‌ك له دوور ده‌ركه‌وت، هێواش هێواش به‌سه‌ر جاده‌كه‌دا ده‌هاته پێشه‌وه.
كه‌مێك ترسا، خۆی گرمۆڵه كرد، ڕه‌نگی گۆڕا.. خه‌ریك بوو هاوار بكات، به‌ڵام خۆی
گرت، ئه‌و شته‌ی به ده‌ستییه‌وه بوو و تا ئه‌و ساته ته‌نیا وه‌ك دارده‌ستێك لێی
ده‌ڕوانی، جووڵاندییهوه. ڕووناكییه‌كه تا ده‌هات نزیكتر ده‌بووه‌وه، ترسه‌كه‌ی
ئه‌میش زیادی ده‌كرد. له‌پڕ ڕووناكییه‌كه وه‌ستا، تیشكی لایتی ئۆتۆمبێلێك بوو!
پاش وه‌ستانی ئۆتۆمبێله‌كه، پیاوێك كه
ژێرملی گۆشت گرتبووی له جامی ئۆتۆمبێله‌كه‌وه سه‌ری ده‌رهێنا، چه‌ند جارێك ئاوڕی
به لای ده‌رگای حه‌وشه‌ی كۆشكه‌كه‌دا
دایه‌وه. به‌ڵام سه‌یری ئه‌و جێگایه‌ی نه‌كرد كه ئه‌می لێ ڕاوه‌ستا بوو. ئه‌گه‌ر
سه‌یریشی بكردایه، ڕه‌نگه هه‌ر ئه‌می نه‌بینیایه، چونكه ئه‌م كه‌وتبووه نێوان
دوو دیوار، كه به‌ته‌واوی دایان پۆشیبوو. پاش ئه‌وه‌ی ماشێنه‌كه به‌ره‌و دوا گه‌ڕایه‌وه،
ڕه‌نگی هاته‌وه سه‌ر خۆی، لێدانی دڵی هێواش هێواش خاو بووه‌وه، به‌ڵام ترسی
كابرا كه له ئۆتۆمبێله‌كه‌وه سه‌ری هێنابووه ده‌ره‌وه هه‌ر له دڵیدا مابوو!
بڕیاری دا بگه‌ڕێته‌وه، هۆشی ڕۆیشت، له
دونیای واقیعه‌وه به‌ره‌و دنیای ئه‌ندێشه باڵی گرته‌وه. بیری له‌و ئێوارانه ده‌كرده‌وه
كه هێشتا ڕۆژ ئاوا نه‌بووبوو، په‌ڵه په‌ڵه هه‌وره سووره‌كان وێنه‌یان له‌سه‌ر
ڕووی ئاسمان كێشابوو، ئه‌میش به جلێكی تۆزاویی دڕا‌و و پێڵاوێكی شڕه‌وه، له‌به‌ر
ده‌رگای حه‌وشه‌ی خۆیاندا وه‌ستابوو. به‌ترسه‌وه له ده‌رگای دا، قه‌یرێك وه‌ستا،
وه‌ڵام نه‌بوو. دوو جار لێی دا، سێ جار لێی دا.. ده‌نگی خشه‌خشێك په‌یدا بوو له
ده‌نگی پێی نه‌عل له‌پێ ده‌چوو. ده‌رگا كرایه‌وه، ماوه‌یه‌ك هه‌ردووكیان چاویان
له چاوی یه‌كدی بڕیبوو و به بێده‌نگی ته‌ماشای یه‌كتریان ده‌كرد، له‌پڕ په‌روین
له پرمه‌ی گریانی دا، به ده‌م گریانێكی جه‌رگبڕه‌وه ده‌نگی هه‌ڵهێنا و گوتی، ئه‌وه
ئێستا دێیته‌وه؟ خۆ مردم ئه‌وه‌نده بگریم و چاوهڕوێت بكه‌م! به‌په‌رۆشه‌وه
پرسی: چییه؟! چی ڕووی داوه؟! زووكه بڵێ!
په‌روین له كاتێكدا فرمێسك به‌سه‌ر ڕوومه‌تیدا
ده‌هاته خواره‌وه گوتی: جا چی نه‌بووه؟! ئه‌مڕۆ كاتژمێر نۆی به‌یانی، كاتژمێرێك
پاش ده‌رچوونی تۆ له ماڵ، شێركۆی كوڕی حه‌سه‌ن بازرگان هاتبوو بۆ داوای قه‌رزه‌كه‌یان،
له‌ملایشه‌وه حاجی ڕه‌سوڵ هاتبوو بۆ كرێی خانوو. ده‌یگوت ئه‌مه دوو مانگ و نیوه
كرێتان نه‌داوه، دۆلاریش به‌رز بووه‌ته‌وه، ده‌بێ ئه‌م مانگه 50 دینار له
مانگه‌كانی پێشوو زیاتر بده‌ن. ئاخر چۆن نه‌گریم؟ مهلۆتكهكهمان له به‌یانییه‌وه
شیری لێ بڕاوه و به‌رده‌وام ده‌گری، له‌گه‌ڵ هه‌ر تكێك له فرمێسكهكانیدا ده‌بم
به دڵۆپه ئاوێك و ده‌توێمه‌وه. خۆیشم دڵۆپێك شیر چییه نیمه بیده‌مێ، نان نه‌بێ
بیخۆیت، شیر له كوێ بێت؟ چۆن شێت نه‌بم؟! نانی ئێواره‌مان نییه، مناڵه‌كانم به‌و
فێڵه چاو له خه‌و كردووه، گوایه تۆ دێیته‌وه و خواردنیان بۆ ده‌هێنیت!
ئه‌م بیرانه له‌ناو سه‌ریدا ده‌نگیان ده‌دایه‌وه.
دووباره نقووم بووه‌وه: ڕیشی هاتوو، پێڵاوی لهتلهت، شه‌رواڵی پینهپینه، گوێی
له ده‌نگی ئه‌و ژنانه بوو كه وه‌كوو قه‌له‌ڕه‌ش له ده‌رگای حهوشێكدا كۆمه‌ڵ
بووبوون و ده‌یانگوت، ئه‌م ئاخرشه‌ڕه حه‌وت منداڵ و ژنێكی چاره‌ڕه‌شی له مله،
كه‌چی به‌ره‌ڵا به‌ره‌ڵا به‌م ناوه‌دا پیاسه ده‌كات، ده‌ڵێی سه‌رخۆشه! یه‌كێكیان
گوتی: ئاخر نا‌بینیت چه‌ند حاڵی خۆشه، كڵاشی په‌ڕۆ و قاتی شاڵ! هه‌موویان له
قاقای پێكه‌نینیان دا...
بیره‌كان وه‌كو هه‌وری به‌هار به په‌له به
دوای یه‌كدا ده‌ڕۆیشتن، كاتێك به ئاگاهاته‌وه بینی فرمێسك به‌سه‌ر ڕیشه درێژه‌كه‌یدا
هاتووه‌ته خواره‌وه. سه‌ری هه‌ڵبڕی و سه‌یری ئاسمانی كرد، ئاسمان خه‌ریك بوو له
گریانه‌كه‌ی ده‌ستی هه‌ڵده‌گرت، ته‌ماشایه‌كی ئه‌و شته‌ی كرد كه به ده‌ستییه‌وه
بوو، تفێكی لێی كرد. له‌پڕ فڕێی دایه سه‌ر عه‌رزه‌كه، وه‌ك بڵێی چهنێكه خه‌به‌ری
نه‌بێت پێیه‌تی! له‌به‌ر خۆیه‌وه گوتی: ئه‌ی دڕنده‌ی كهڵپهدهر چۆنت خواردین،
چۆنت داین به گژ یه‌كتردا، چۆن سه‌رت لێ شێواندین! ویستی به پێله‌قه بچێته سه‌ری،
به‌ڵام سارد بووه‌وه.. هه‌ڵی گرته‌وه و نای به‌سه‌ر سنگییه‌وه و گوتی نازداره‌كه‌م،
تاقه هیوام!
هه‌ستی كرد دره‌نگه، ده‌بێت په‌له بكات. چوو
چه‌ند به‌ردێكی زلی كۆ كرده‌وه و به‌سه‌ر یهكێوهی نان، چووه سه‌ر كه‌ڵه‌كه‌كه،
بینی هێشتا نزمه، دابه‌زی و چه‌ند به‌ردێكی تری خسته سه‌ری، ئه‌مجاره باش بوو.
به‌رده‌كان به‌قه‌د دیواره‌كه‌دا زۆر جوان كه‌ڵه‌ك كرابوون، ئاسمان له‌چاو ماوه‌یه‌ك
به‌ر له ئێستا ساف بوو.. باران نه‌مابوو، دونیا زۆر كپ بوو، نزیك كاتژمێر دووی
نیوه‌شه‌و بوو. كه‌س به‌خه‌به‌ر نه‌بوو مه‌گه‌ر.....!
دووباره
چووه‌وه سه‌ر به‌رده‌كان، چه‌كه‌كه‌ی فڕێدایه سه‌ر دیواره‌كه و خۆیشی پێیدا هه‌ڵگژا..
بێده‌نگیی دنیا له هه‌موو لایه‌كه‌وه ده‌نگی ده‌دایه‌وه.. ده‌ستی توانای هه‌ڵگرتنی
له‌شی نه‌بوو، چه‌ند جارێك هێزی دایه خۆی، له‌ناكاو ده‌نگی ته‌قه‌ی ته‌نه‌كه‌یه‌كی
بیست له باڵه‌خانه‌ی كۆشكه‌كه‌وه به‌رز بوویه‌وه. زۆر ترسا، قه‌یرێك بێ چركه
و جووڵه خۆی كپ كرد، ترسه‌كه‌ی ڕه‌وییه‌وه، له دڵی خۆیدا گوتی ڕه‌نگه پشیله
بووبێت، به‌ڵام هێشتا هه‌ر كپ بوو، ماوه‌یه‌ك چاوه‌ڕوان بوو ده‌نگێك ببیستێت، هیچی
نه‌بیست، دووباره سه‌ری به‌رزكرده‌وه و به دیواره‌كه‌دا ههڵگژایهوه، دیواره‌كه
به‌رز بوو، عهزێتێكی زۆری ده‌ویست تا سه‌ر بكه‌وێت، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به
به‌رد له خواره‌وه شوێنپێی خۆی هه‌ڵچنیبوو، ئیشه‌كه‌ی ئاسانتر كردبوو.
ئاسمان، زه‌مین، دیواره‌كان، كۆشكه‌كه... هه‌موو
پێكه‌وه به زمانی حاڵ ده‌گریان، دههیانگوت تا ئێره‌ش هاتی قه‌ینا، به‌ڵام
ئێستایش بگه‌ڕێره‌وه!
هێشتا قاچێكی له خوار دیواره‌كه‌وه بوو، ده‌نگی
چه‌خماخی تفه‌نگێك كه تێكه‌ڵ به ده‌نگی هه‌وره‌تریشقه، له باڵه‌خانه‌ی كۆشكه‌كه‌وه
به‌رز بوویه‌وه، یه‌كێك له سه‌ربانه‌وه تێی خوڕی: كێی كوره؟! له جێی خۆیدا وشك
بوو، نه ده‌یتوانی قاچه‌كه‌ی تری بخاته سه‌ر دیواره‌كه و نه ده‌یتوانی دابه‌زێت!
نه ده‌یتوانی هاوار بكات و نه ده‌یشیتوانی به بێ ده‌نگی بمێنێته‌وه!
ئاسمان دووباره تاریك بوو، باران دووباره ده‌ستی
پێ كرده‌وه به‌ڵام نم نم.. هێدی هێدی دڵۆپه بارانه‌كان به‌ره‌و ڕووی زه‌وی ده‌هاتن
و هه‌واڵی بێده‌نگییان به‌رگوێ ده‌كه‌وت. دووباره تێ‌یان خوڕی: كوژرایت!
ده‌نگێ كه له ناو هه‌وادا بڵاو بوویه‌وه له
دوور ده‌نگی دایه‌وه، ده‌ستی برد بۆ چه‌كه‌كه‌ی به‌ڵام قورس بوو، بۆ مرۆڤێك كه
گوللـه‌یه‌ك له سینگی‌دا بێت هه‌موو شتێك قورسه.. ئه‌و پێش جووڵاندنی ده‌ستی ده‌ستڕێژێكی
به‌ركه‌وت!
هێشتا گیانی ده‌رنه‌چووبوو، دووباره ڕابردوو:
برسێتی، شه‌ونخوونی، گریانی منداڵی، بێبه‌رگیی خێزان، گاڵته‌ی ژنانی سه‌ر كۆڵان...
وه‌ك شریتی سینه‌ما به بیریدا تێپه‌ڕین.
...........................
ته‌رمه‌كه‌ی به‌سه‌ر دیواره‌كه‌وه كه‌وتبوو،
قاچێكی له دیوی ده‌ره‌وه و ئه‌ودوای لاشه‌كه‌ی له‌ودیوی حه‌وشه‌وه، خوێن له
سنگییه‌وه بڵقی ده‌دا.
ئه‌و ئیتر له ژیاندا نه‌مابوو، ماوه‌یه‌ك بوو
مردبوو.. ده‌سته‌كانی یه‌كێكیان به چه‌كه‌كه‌وه و ئه‌ویتریان به‌قه‌د دیواره‌كه‌وه
وشك بووبوون. ئینجا نۆره‌ی سبه‌ینێ و لێكۆڵینه‌وه‌ی پۆلیس و له‌عنه‌تی خه‌ڵكییه.
سێشه‌ممه
2/4/1996
صموود
*
ئه‌م چیرۆكه له ته‌مه‌نی 16 ساڵیدا نووسراوه. یه‌كه‌مین و تاقه هه‌وڵی نووسه‌ره
له بواری چیرۆكنووسیندا. ساڵی 2007 له گۆڤارێكی ئه‌ده‌بیدا بڵاوكراوه‌ته‌وه.
22/7/2018 له ڕووی ڕێنووس و زمانه‌وانه‌وه، كه‌مێك ده‌ستكاری كراوه و ڕێكخراوهتهوه.