تامی گێلاس

ئەدەب 2018-07-28 کۆمێنت 6340 جار بینراوە

ڕانانێک لەسەر فیلمی تامی گێلاس...

نووسینی: دیار به‌رزنجی


ھەموومان بێ ویستی خۆمان، لەسەر بڕیاری دوو مرۆڤی دیکە بۆ ئێرە ھاتووین. لە ئەنجامی پێکگەشتنی دوو کەسدا و لە کردەیەکی پیرۆزدا، کە دوو جەستەی گەرم و ڕۆحێکی بزووتی ئاوێزانی یەکدی كردوون‌، ئێمە دروست بووین. بێ ئەوەی پێشوەختە پێ بزانین کە بۆ کوێ دێین و چیمان بەسەر دێ، لەپڕێکدا چاومان بەم ژینە ھەڵھێناوە. ئیتر لەو ساتەوە مرۆڤبوون بوو بە ناسنامەی ھەر یەکێکمان و، ژیانکردنیش بوو بە ئەرکێک و خۆمان دایە ژێری. بە بڕوای ئێمە، لە ساتێکدا خودا ڕۆحی بە بەرماندا کردووە و ھەر خۆیشی لە ھەر کات و جێیەکدا بیەوێ و بە باشی بزانێ، ژیانمان لێ دەستێنێتەوە. ئەوەی لەسەر ئێمەیە ئەوەیە کە بژین.

وەلێ ھەندێک مرۆڤ ھەن چی تر توانای ڕۆییشتنیان نەماوە و ھێز لە ئەژنۆیان بڕاوە، چی تر حەوسەڵەی بەردەوامییان نییە و لەوە زێتر نایانەوێ لەم خانەی ژینەدا بمێنن. ئەوان چاویان بەم ماڵە ھەڵنایەت، بیانوویەک بۆ مانەوە بە دی ناکەن و ئەو ئاگرەی کە لە ناخیاندا خامۆش بوو، جارێکی دی ھەڵنابێتەوە. ژینیان لێ بووە بە بار و کۆڵێک بە سەریانەوە و، بە ناچاری بەم ھەوراز و بەو نشێودا ڕای دەکێشن. کەللەی سەریان تژییە لە خولیای مەرگ و، تۆسقاڵێک تامی ژینیان لە دەمدا نەماوە. بۆیە ناکارن لەوە زێتر چاوەڕێ بن، لە توانایاندا نەماوە چاوەڕوانی خودا بکەن کەی ویستی ھەبوو لێرە بیانکاتە دەرێ، لە پێش دەستی خودا، ئەمان بۆ خۆیان کۆتایی بە ھەموو شتێک دێنن! ئەوان ئەو کارە دەکەن کە پێی دەبێژن: خۆکوژی!

گەر تۆزێک لەو وشەیە ڕابمێنین، تێدەگەین تەنھا وشەیەک نییە لە فەرھەنگدا بوونی ھەبێت و بەس، بەڵکو ھێندێک جار بوونی خۆی وەک کۆتاچارەسەر بۆ نەھامەتییەکان ڕادەگەیەنێت و لە پڕێکدا لە وشەیەکی نێو فەرھەنگەوە دەگۆڕێت بۆ ئارایشتێکی کرداری و مرۆڤیش دەتوانێ تاقیی بکاتەوە.

مرۆڤ ئەو کاتە دەژی کە ھەست بە ئاسوودەیی بکات، وەختێک ژیان لە بارە، کە ڕۆح تیێدا ئاسوودەیە. مرۆڤ کاتێک تامی ژیان دەکات کە لە قووڵاییی دڵەوە خواستێک بۆ بەردەوامی ھەبێت.

وەختێکیش مرۆڤ ئەم ئاسوودەییەی لێ ون بوو، چی تر ناتوانێ ژیانێکی ئاسایی بەسەر ببات و ڕەوتار و ئاکاری گشت تێک دەچن.

ئەو کات ژین ڕەنگ و تام و بۆی، لە خۆ دادەڕنێ و وەک چیلکەدارێکی وشک و ساردی لێ دێ. مرۆڤ لە وەھا ساتێکدا ئیدی خواستێک بۆ بەردەوامی لە دڵیدا نامێنێ، مانەوەی لە ژیاندا دەبێتە مایەی ئازاری ئەوانی تر و مانایەک بۆ ئارامی نامێنێتەوە لەگەڵیدا، لە ھەمووان زیاتر بەردەبێتە گیانی خۆی و ئازار بە خۆ دەگەیەنێت. کەوایە، چی لەوە باشترە کە ھەر زوو بنە و باری بپێچێتەوە و ماڵئاوایی بکات، بەم چەشنە ھەم خۆی ڕزگار دەکات لەو بارە قورسە،  ھەم ئەوانی تریش لە ئازارچەشتن بە دەستیه‌وە ڕزگاریان ده‌بێ.

من دەزانم ھەموومان بە دەست دەردێکەوە دەناڵێنین، چاوی ھەموومان فرمێسکی تێ زاوە، قوڕگی ھەموومان پڕ لە ھاوارە، ھەموومان لە ساتێکدا تەنیاین و ھەست بەو تەنیاییە دەکەین کە ئاسمانی دڵمانی سمیوە.

ھەموومان تاوناتاوێک ژیان بەرۆکمان دەگرێت و ھێندێک بە ئه‌م لا و ئه‌و لادا ڕاماندەتەکێنێت و ھیلاک و ماندوومان دەکات، ئازار دەچێژین و دڵمان تەنگ دەبێ، زۆرجار بە دەم ڕێگاوە شاخێکی بەرز و بڵند لە بەردەمماندا قوت دەبێتەوە و ڕۆحمان تژی دەکات لە ترس، پێی ئومێدمان دەلەرزێنێ. وەختە بێژین ئیتر ئێرە کۆتاییی ڕێگەیە! وەلێ چارەی ئەمانە مەرگە؟!

مردن و، دەستبەردان لە ھەموو شت چارەسەری گرفتمانن؟

تۆ بڵێی چارەیەک بۆ گرفتمان نەمابێ؟

تۆ بڵێی ئامێزێک نەبێ تێیدا ئارام بگرین، ماڵێك نەبێ کۆڵ و بارمانی لێ داگرین و تێیدا بەشادی دابنیشین، ئاسمانێک نەمابێ بارانی خۆشیمان بۆ ڕەوانه‌ کا؟

دەنگێک نەماوە تەزووی شادی بە گیانماندا بھێنێ، دۆست و یارێک نەماوە ھاودەم و ھاوژینیمان بکات و دەستێک بە ڕۆحی ماندووماندا بێنێ، چۆڕێک ئاومان وێ بدات و گەرووی تینوومان تەڕ بکات؟

ئاخر وا بووایە، ئێستا ھەمووان خۆیان لەناو دەبرد و مەرگ دەبووە تاکە چارەنووسی ھەمووان و شتێک نەدەمایەوه‌ بە ناوی ژیان!

ژیان چەشنی قیتارێک لە ڕۆشتن بەردەوامە تا دەگاتە کۆتایی، مەرگ لە کۆتاییەکەیدا چاوەڕێیە، ھەڵبەتە مەرگ چارەسەرە، لێ لە سەرەتاوە نا، لە دەمی گەنجێتیدا نا.

"-ھیچکەس لەم ژیانەدا بێ کێشە و گرفت نییە، مەحاڵە...ھیچ کەس.

ھەموومان دەردێک و گرێیەکمان ھەیە، بەڵام گرێی سەرەکی وا لە بڕوا و فکرماندا، گەر ئەو چارەسەر بکەین، ھەڵبەت ئەودوای کێشەکان چارە دەبن و ھێدی-ھێدی ھەموو شتەکان ڕێی خۆیان دەگرنە بەر.

قوربان گیان گەشبین بڕوانە، دە تۆ لە ھێندێ شتی قەشەنگ بڕوانە بزانە فکرت چۆناھی دەگۆڕێ و تێدەگەی کامە کار دروستە و کامەش بەد.

-ھەرگیز لە دەمی خۆڕھەڵاتندا، تەماشای ئاسمانت کردووە،

ناتەوێ ببینی کە خۆر چۆن ھەڵدێ؟

ئەی سوورایی و زەرداییی خۆر لە دەمی ئاوابووندا، ناتەوێ چی تر بیبینی؟

مانگت دیوە؟ ئەی ناخوازی ئەستێرەکان ببینیەوە؟

مانگەشەوی زێڕین، دەتھەوێ چاوانت لێک بنەیت و جارێکی تر نەیبینیەوە؟

ناتەوێ جارێکی دی چۆڕێک ئاو لە پاییزدا نۆش کەی؟ دەموچاوت لەو ئاوەیشدا بشۆیت؟

گەر لە چواروەرزەی ساڵ بڕوانیت، ھەر وەرزە میوەیەکمان وێ دەدات، لە بەھاردا میوەیەک و لە زستاندا میوەیەک، ھاوین جۆرەھا میوەمان بۆ دێنێ و و بەھاریش ھەروەھا. چ دایکێک بەفرگری ماڵەوەی بەم میوە ھەمەچەشنانە له‌بۆ منداڵەکانی پڕ دەکات؟

ئەوەی خودا بۆ دروستکراوەکانی خۆی دەیکات، ھیچ دایکێک لەوە زێتر له‌بۆ ڕۆڵەکانی ناکات.

دەتەوێ ھەموو ئەمانە ڕەت بکەیتەوە و دەستبەرداریان ببیت؟

دەتەوێ دەستبەرداری تام و چێژی گێلاس بیت؟"*

ئەم فیلمە کە ناوی (تامی گێلاس)ە، لە ساڵانی ھەشتاکانی سەدەی ڕابوردوودا، کە ساڵانێکی پڕ مەینەتی و بارگرانی بوون بۆ خەڵکی وڵاتی ئێران و دەوروبەری، لە سەردەمی نەھامەتی و جەنگ و تاریکیدا، کاتێک خەڵکی ھیوایەکی ئەوتۆ بە دی ناکەن و ژیانیان لێ دەبێتە مەرگەسات، دێت و پرسێکی ھەستیاری وەک خۆکوژی تاوتوێ دەکات.

فیلمەکە ھێندە ڕووداوی تێدا نییە، لە سەرەتای فیلمەکەوە، پیاوێک کە چی تر حەوسەڵەی ژیانکردنی نەماوە، پیاوێکی قۆز و خودان ماڵی دنیا، دەیھەوێ ژیانی کۆتایی پێ بھێنێت و بە دووی کەسێکدا دەگەڕێ تاکو ھاریکاریی بکات لە خۆکوژییەکەیدا. چەن کەسێکی لە ناوشاردا گیر دەبێ کە ئەم داوایه‌یان لێ دەکات ھاوکاریی بکەن لە خۆکوژییەکەیدا، ئیتر لە نێوانیاندا گفتوگۆ سەبارەت بە ژیان و مەرگ دەست پێ دەکات، ئەمیان باس لە خەم و بێھیوایی و وەستان دەکات، ئەوی تر لە ھیوا و ئومێد و بەردەوامی دەدوێ.

ئێوە ئومێد لە ھەر کوێیەکدا بوو ھەڵیچنن، خەمیش لە بیر مەکەن.

 

 

*ئەوانە وتەی کارەکتەرێکی نێو فیلمەکە بوون، کە ئەو کابرای دەیویست خۆی بکوژێ داوای لێ کردبوو ھاریکاریی بکات لە خۆکوژییەکەیدا و ئیشەکەی بۆ تەواو بکات، ئەمیش بەم وتانەی دەیویست تامی ژیانی لە لا شیرین بکاتەوە.

تاگەکان    
چەواشەکاریی لۆژیکی فیلم عێڕاق دەروون فەرهەنگ حەج مانا نوێژ ئاوی زەمزەم زانست گەنجان گفتوگۆ موناجات #پیری حەمەدۆک
ئەدەب
2018-07-28 کۆمێنت 6340 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی