دایکم وای گوت

ئەدەب 2018-08-26 کۆمێنت 2598 جار بینراوە

نووسینی: هاوكار فه‌ره‌ج


- با ھەموو منداڵەکان لە یەک شوێن خڕ بکرێنەوە.

- ئینجا ئەو شوێنە فرەوانە، دەبێت کوێ بێت؟

- نازانم. شوێن کێشە نییە، بەڵام ئەو مەراق و دەردوکوڵەی ئەوان، کێ ھەڵی دەگرێت؟

- منیش نازانم!

تۆ بڵێی ئەم زەوینە بەرینە، شوێنێکی بۆ منداڵەکان لێ نەمابێت، دەبێت سواڵی شوێنێک بکەین، شوێنێک ھەموو منداڵەکان لە خۆ بگرێت، دەرکەی خەمخۆرانی منداڵ دەکوتین.

 ھەنووکە ھەموو شتێک ئامادەیە، ھەر منداڵێک خەم، خەون، ھەرچیی شتێکی ھەبێت، دەتوانێت بە دڵی خۆی قسان بکات. ئیمجا خۆ ئێمە بە منداڵی زمان لە دەمماندا نەبوو، نووکە زۆرم پێ خۆشە زارۆک بتوانن بدوێن و، بە قسەی دڵی پڕیان، مێشکی خاڵیی گەورەکان، بخەنە جووڵە.

- دڵنیان ھەموو منداڵەکان میزەڵانیان پێیە؟

- بەڵێ، ھەموویان میزەڵانی سوور و ڕەشیان پێیە.

- زۆر باشە، با دەست پێ بکەین.

- ئەمە یەکەم منداڵە، بەڵام دەستی نییە!

- یەکێک مایکەکەی بۆ بگرێت.

(سڵاو. حیچ پێویستی نەدەکرد، من لێرە بم، دڵنیام ئەم دونیایە بە منەوە جوانتر نەبووە! ھەرگیز لە دایکم خۆش نابم... لە باوکیشم!)

ئەم منداڵە ھەر ئەوەندە دەڵێت، ئیتر لە پڕمەی گریان دەدات.

دەمودەست ئاسمان ڕەش دەچێتەوە.

- تەواو گوڵەکەم؟

- گوڵ نیم، بەڵێ تەواو.

- با منداڵێکی دیکە بێتە سەر سەکۆکە.

- (ئێمە، من و برام و خوشکەکەم، لەو دەمەوەی فێر بووین، ڕۆشناییی گڵۆپی سەر جادەکان و، ڕووناکیی ئەستێرە، لە یەک جیا بکەینەوە، ھەر خەریکی بۆیاخکردنی پێڵاو، فرۆشتنی کلێنکس، بنێشتی سەھم و لەزگەی دەستین، ڕەنگبێ ھەتا دەشمرین، ھەر ئەم ئیشانە بکەین.)

- ھیچت ھەیە بۆ دایکوباوکت؟

- (دایکم پێش ئەوەی بمرێت، گوتی "ئێمە دوو جار فەرامۆش کراوین، جارێک لە لایەن خەڵکەوە، کەڕەتێکیش خودا" بەڵام شتێکی بیر چووبوو، ئێمە سێ جار نەفرەتمان لێ کراوە، سێھەمینیش دایکوباوکمانن!)

یەکڕاست ھەموو منداڵەکان، ڕێژنەی چەپڵە دەبارێنن.

ئاسمان ڕەش دادەگەڕێت.

- با منداڵێکی دیکە قسان بکات.

- (من و زارۆڵەکانی دیکەی گەڕەکەکەمان، ھەرگیزاوھەرگیز ئەو شتانەمان نەبوون، کە لە تەلەڤزیۆن بینیومانن.

وەکوو ئەوەی لە چیرۆکی منداڵاندا ھەبوو، من قەت ژووری تایبەتم نەبووە، قەت باوکم پێی نەوتووم خۆشم دەوێیت، ھەمیشە ھەستم کردووە، بارێکم بەسەر شانی باوکمەوە. بەڵێ، من و منداڵانی دیکەیش، لەسەر شانی دایکوباوکمانین بەڵام لەناو دڵیاندا نین! لە ژیانی خۆمانەوە ئەمە دەزانین.)

ھەموو منداڵەکان بێدەنگ بوون. لەو شوێنەوەی تایبەت بوو بە "دایباب" باوکێک ھەڵی دایێ: ئەمە گاڵتەجاڕییە و، ئەم قسانە درووست کراون، دەنا بەڕێزان، منداڵ چوزانێت ئەم قسانە بکات؟

- تکایە بەردەوام بن. با منداڵێکی دیکە قسە بکات.

- (من پشتگیریی قسەی منداڵەکانی دیکە دەکەم.

من دایکم پێی وتم "بە زۆری باوکت، تۆ ھاتیتە دونیاوە، من ئامادە نەبووم،" کەچی باوکم ئێستە لە ھەندەران دەژیێت!

دایکم مردووە و، ئێستا نازانم چی لە ژیانم بکەم؟ تکایە بەسە ...)

- بێگومان گریانیش داد نادات. با منداڵێکی دیکە بێت.

منداڵێک، دارشەقێکی پێیە، لەوە دەکات شانزدەساڵان بێت، بە زەحمەت خۆی دەگەیەنێتە سەکۆی قسەکردنەکە. قەیرێک دەوەستێت ھەتا خەڵکەکە لە سەیرکردنی ببنەوە! بە کلێنکسێک چاوی دەسڕێت:

- ( من گلەییم لە سێ کەس ھەیە: دایکم، باوکم و خودا. دەبوو خوداوەند، ھێنانەدونیای ئینسانی بەم ئاوایە، نەخستبایەتە نێو دەستی مرۆڤ خۆیەوە! ھەتا ھەندە بێ-قیمەت نەبێت ...)

پۆلێک میزەڵانی ڕەش بەرز دەبنەوە.

لەو شوێنەی "گەورە"کانی لێ بوون، ھەراوھوریا درووست بوو، ھەندێکیان شوێنەکەیان بە جێ دەھێشت، بەڵام بڕێک کەس لەوە دەچوون پاسەوان بن، ڕێگەیان لێ گرتن.

منداڵێکی دیکە دەچێتە سەر سەکۆکە:

- (ڕەنگە ئێمە " لە برساندا نەمرین" بەڵام ژیان ھەر ئەوەندە نییە. پێم سەیرە، ئاخر ئایا گەورەکان لە ژیانی خۆیان ڕازین؟ مانایەکیان بۆ ژیان دۆزیوەتەوە؟ کێشەی ئەوان لەوەدایە، وەھا دەزانن "منداڵ" ماناکەیە، بەڵام وا نییە.)

- ڕاستت گوت، منداڵخستنەوە، دوورونزیک پێوەندیی بە مانای ژیانەوە نییە. ئەی ئێمەیش بۆیە لێرەکانێ کۆ بووینەتەوە. ڕاستییەکەی ئەرکەکە قورستر دەکات، چونکە دەبێت مانا بە ژیانی منداڵەکەیشت ببەخشیت!

با منداڵێکی دیکە قسان بکات.

کچێک تەمەنی لە ھەژدە دەدات، کاغەزێکی پێیە، لەوە دەچێت تەمای ھەبێت بیخوێنێتەوە، گورج دەگاتە سەر سەکۆکە:

- (دایکم پێی گوتم "باوکت لە پێناوی ئەم وڵاتەدا مرد، لە پێناوی ژیانی من و تۆ و ھەزاران کەسی دیکەیشدا، ژیانی خۆی کردە قوربانی، قەتی لە بیر مەکە." من نازانم باوکم و ئەوانەی لە ڕابوردوودا وەک ئەو بوونەتە قوربانی، گوایە ئەو ژیانەی بۆ ئێمەیان بونیاد ناوە، ئەمەیە؟ کوا؟ چییان پێشکەشی ئێمە کردووە؟

ببوورن، دەبێت بڵێم، دایکوباوکی گشتمان، ئومێدم نییە و ئێوەیش ھەر وا دەبن، چونکە دەستیان بەتاڵ بووە، چونکە ھیچیان پێ نەبووە بە ژیان و بە مرۆڤایەتی ببەخشن، لەبەر ئەوەی ھەموو شتێکیان لە دەست داوە، بۆیە منداڵیان خستووەتەوە! ڕاستییەکەی جووتبوونێکی وا، دواپلەی دۆڕاندنە ...)

- تکایە ئەو مایکەی لە دەست دەر بھێنن. لا حول ولا قوە... ببوورە، قسەکانت بە نەشیاو وەسپ دەکەم. لەگەڵ بنەوای باوەڕی ئێمەدا، یەک ناگرنەوە. تکایە با منداڵێکی دیکە بێتە سەر سەکۆکە.

ژنێک، بە ڕاکردن خۆی دەگەیەنێتە سەر سەکۆکە، دوو پیاو بە دوایەوەن، لەگەڵ پاسەوانەکان شەڕ دەکەن و خۆیان دەرباز دەکەن.

ژنەکە داوای مۆڵەت دەکات و، دەیەوێت قسە بکات، بە ھەناسەبڕکێوە دەدوێت:

- (بەسی بکەن ... بەس. با منداڵەکانیشم گوێیان لێ بێت، ئەمن ھەشت منداڵم ھەن، واتە ھەشت جاران مردووم، ھەشت جاران قیامەتم دیوە، ھەشت کەڕەت خۆزگەی مەرگم خواستووە. بێ-قیمەت مەبن، ژن دەستگای منداڵخستنەوە نییە. ئەی ئەو ھەموو نووسەر و شاعیرە گەوجانە ئیشیان چییە؟ مەگەر دایکیش ھەر "یار و دڵبەر و ئەویندار و نامچی نییە؟"

وەکوو چۆن مرۆڤکوشتن تاوانە، با ئیتر منداڵخستنەوەیش تاوان بێت، ئاخر من ...)

گوللەیەک، کە ڕێک بەر سەری دەکەوێت، قسەکەی پێ دەبڕێت.

ھەموو لایەک دەبێت بە ژاوەژاو و قیژەقیژ.

میزەڵانەکان بەرەڵڵا دەبن، ئاسمان سوور و ڕەش دەچێتەوە.


تاگەکان    
یاری ستەم گەڕان تەنیایی مردن نەتەوایەتی سۆفیگەری خاڵبەندی لۆجیک کتێبی هاوسانی ئەیاد قنێبی پۆدکاست عاشوورا فیکر ئیسرائیل
ئەدەب
2018-08-26 کۆمێنت 2598 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی