ئەوەی لە عیشق دەمێنێتەوە!

ئەدەب 2018-11-11 کۆمێنت 1999 جار بینراوە

نووسینی: سارا شه‌وكه‌ت

ئێمە کە دێینە سەر باسی عیشق، گەر بمانەوێت لەسەری بنووسین، ڕۆمی گوتەنی قەڵەمەکان لە ئاستیدا دەشکێن و لە نووسین دەکەون .کە دێین و سەراپا شیعری شاعیران و ژیانی عاریفانمان دەگەڕێین، هێندە زۆر بەرکەوتمان لەگەڵ ئەم وشەیەدا دەبێت، کە مرۆڤ دەوەستێنێت و تووشی تێڕامانی دەکات، ئاخۆ ئەم وشەیە چییە وا سەراپای مێژوومان، ئێستایشمانی پێوە بێت، خاڵی نابێتەوە لێی؟

بیر دەکەینەوە، عیشق چییە؟! ئاخۆ لە نائاگاییی ئێمەدایە؟ یان تا چەندێک ئێمە ئاگایانە عاشق دەبین؟! ئەمانە پرسیارن، چەندێکیش لەسەر عیشق نووسرابێت و گوترابێت، هێشتا ئینسان تا بە ئەزموونێکی غامزدا تێنەپەڕێت و، پاشان لە بێناویدا ناوی لێ نەنێت عیشق، دەستەوەستانە لە تێگەییشتن لێی !گەر باسی عیشق بکەین، نابێت (دایۆتیما)ی مامۆستای سوکراتمان لە یاد بچێت، دایۆتیما لەو دووری دوورانەوە بە ئێمەی گوت :مرۆڤێک کاتێک کە بەدوی ڕێگایەکی ڕاستەوە بێت بۆ خۆشەویستی، دەبێت سەرەتا  بیر لە خۆشەویستییەکی فیزیکی بکاتەوە، کاتێکیش بە شێوەیەکی دروست ئاڕاستە دەکرێت، کە سەرەتا لەگەڵ کەسێکی دیاریکراوی جوان دەکەوێتە خۆشەویستییەوە، پاشان تێبینیی ئەوە دەکات کە جوانیی فیزیکی لە هەر کەسێکدا بە نزیکەیی پەیوەندیی هەیە بە جوانیی فیزیکی لە هەر کەسێکی دیدا، کاتێ دەگاتە ئەو ئەنجامەیش، ئیتر هەموو جەستەیەکی جوانی فیزیکیی خۆشدەوێت و، بەو خۆشەویستییەیش دڵخۆشە کە بە ئەندازەیەکی زۆر بۆ کەسێکی دیاریکراوی هەیە.

قۆناغی دووەمیش ئەوەیە کە خۆشەویستیی ڕووحیی لا بەنرختر دەبێت لە خۆشەویستیی جەستەیی.

پاشانیش جوانیی زانست سەرنجی ڕادەکێشێت و دەبێت بیر لە جوانیی زانستیش بکاتەوە. کاتێکیش چاوەکانی تیشک دەخەنە سەر جوانی بە مانا فراوانەکەی، ئەوکات نابێت بە کۆیلەی خۆتەرخانکردن بۆ یەک جۆر نموونەی خۆشەویستی.

بە چاوبڕینە ئۆقیانووسێکی فراوان  لە خۆشەویستی کە ئێسته‌ ئاگاییی ئەوی داگیر کردووە و، لە خۆشەویستیی ئەودا بۆ ژیری، دەکرێت چەندین بیرۆکە و هەستی جوان و بەنرخ بەرهەم بهێنرێت.

تا لە کۆتاییی ئەم ئەزموونانەدا دەستی دەگات بە زانستێکی بێهاوتا، کە ئۆبجێکتەکەی ئەم جوانییەیە وا لێی دەدوێین ."

ئامانجی کۆتاییی ئەم جوانییە کە دایۆتیما لێی دەدوێت، لەدوای ئەو هەموو ڕەنجانەی کە لە ڕێگه‌ی ئەو جوانییەدا دەکێشرێت، خۆشەویستییە.

ئەم جوانییە جوانییەکی هەمیشەییە، نە دێتە بوون، نە لەناو دەچێت، نە لە شوێنێکدا ناشرینە و لە شوێنێکی تردا جوان، نە لە کاتێکدا جوانە و لە کاتێکی دیدا ناشرین، ئەم جوانییە جارێکی تر لە جوانییەکی فیزیکیدا وەک جوانیی ڕوخسار یان هەر جوانییەکی تر کە لەناو دەچێت خۆی بۆت دەر ناخات.

ئەم جوانییە جوانییەکی ڕەهایە، تەنها لەگەڵ خۆیدا هەیە و تاقانەیە، هەمیشەییە، هەموو شتێکی جوان بەشێکن لەو.

دایۆتیمای مامۆستای حیکمەت، بەردەوام دەبێت و دەڵێت کەسێک کە گەشتێکی وەها دەکات و لە جوانییەکی فیزیکییەوە دەست پێدەکات، زۆر نزیکە لە ئامانجەکەیەوە کە جوانیی مەعریفەیە. لە جەستەیەکی جوانەوە بۆجەستەیەکی جوانی تر، لە ئەوی دییەوە بۆ یەکێکی دی، لەویشەوە بۆ هەموو جەستەیەکی جوان.

لە جوانیی فیزیکییەوە بۆ جوانیی ڕەوشت و، لە جوانیی ڕەوشتەوە بۆ جوانیی مەعریفە، تاوەکو لە جوانیی تەواوی مەعریفە جۆربەجۆرەکانەوە دەگەین بە جوانییەکی باڵا کە ئۆبجێکتەکەی جوانیی ڕەهایە.

با دایۆتیمای یۆنان لێرەدا بوەستێنین و ئاوڕێکیش لە سۆفیزم بدەینەوە، سەید حوسەین نەسر دەبێژێت: "سۆفییەکان زۆرجار وتوویانە بیرکردنەوە لە جوانیی ڕوخساری ژنێک لەلایەن سۆفییەکی پیاوەوە، مانایەکی ڕاستەوخۆیە بۆ بیرکردنەوە لە جوانیەکی ئیلاهی، پێچەوانەکەیشی دروستە.

بۆ نموونە، ئیبن عەرەبی و شابستەری نووسینیان لەسەر ئەوە هەیە کە هەر تایبەتمەندییەکی ڕوخساری ئافرەتێک، بە چ ئەندازەیەک نمایانی چۆنیەتییەکی ئیلاهی دەکات و پەردە لەسەر ناڕوونییەکی ئیلاهی لا دەبات.

ئیبن عەرەبی دەنووسێت، کاتێک لە مەککە بووە و ئافرەتێکی گەنجی فارسی بینیوە، لە کاتی دیتنی ڕوخساریدا هەموو مەعریفەیەکی ناوەکیی لە ناکاودا بۆ دەر کەوتووە!

لە پەیوەندییەکی خۆشەویستیی فیزیکیدا، کە ئێمە جۆری خۆشەویستیمان زۆرە و مەرج نییە تەنها ڕەگەزێک عاشقی ڕەگەزی به‌رانبه‌ر بێت، عیشقی مەولانایش بۆ شەمس نموونەیەکی ئاشکرایە لە پێش چاوماندا، خۆشەویستیمان بۆ ئاو، بۆ شاخە بەرزە سەهۆڵاوییەکان، بۆ گیاندارەکان، بۆ سروشت بە تەواوی حیرەتهێنەرییەکەیەوە، هەر خۆشەویستییە.

بەڵام لە پەیوەندییەکی ڕۆمانتیکیدا کە مرۆڤ دەیەوێت کەسێک هەبێت و هەموو شتێکی بێت، کەسێک هەبێت هاودەمە ڕووحییەکەی بێت و، هەموو شتێکی لێ قبووڵ بکات، کەسێک هەبێت، بەبێ قسەکردن لەیەک تێبگەن! کەسێک هه‌بێت و لەگەڵیدا سەیری خۆرئاوابوون بکەن! کەچی هه‌ر هاتنە سەر ئەرزی واقیع و تاڵ و ترشیی ژیان، بێئومێدی و ئەفسوردەیی زیاتر هیچی تریان بۆ نامێنێتەوە.

وەک (ئالان دێ بۆتۆن) دەڵێ: ڕۆمانتیسیزم دوژمنی خۆشەویستییە و، هەر شتێکیش کە زۆر ڕۆمانتیکی دەر بکەوێت ئایدیایەکی خراپە. هه‌روەها مرۆڤ کە کەسێکی بینی لەباتیی ئەوەی پێی بڵێت به‌بێ تۆ ناژیم و هەر تۆم دەوێت و ژیانت بۆ دەکەمە بەهەشت، پێی بڵێت من کەسێکی ناتەواوم و، تەواو مەترسیدارم بۆ هاوه‌ده‌می ژیان، دەمەوێت تۆ بێیت و یارمەتیدەرم بیت لەم سەختیانەدا، واقیعیترە و یارمەتیدەرترە لە ئایدیای ڕۆمانتیکیی دوور لە ئەرزی واقیع.

هەروەها (ئالان) ئەوەیش پەسەند دەکات کە وەک تێڕوانینی یۆنانییە کۆنەکان خۆشەویستی پڕۆسەیەکی پەروەردەییە، پەروەردەیەکی دوولایەنە.

ماوەتەوە بڵێین؛ مرۆڤ سەرەتا عاشقی جەستەیەک دەبێت و، لە دووریی ویدا حاڵی نامێنێت، بە ئازار و ناڕەحەتییەکی بێئامان دەپلێتەوە و دوور نییە بیر لە لەناوبردنی خۆی بکاتەوە. دوور نییە دەستی ڕق بگرێت و بیەوێت دنیا کاول بکات. جەستەیەک دێت و خۆی دەکات بە حاکمی ژیرێتی و عەقڵ و فەزیڵەتی مرۆ، جەستەیەک دێت و وجوودی مرۆڤ داگیر دەکات، بەڵام کاتێک  هات و مەعریفە دەستی لە کوڵت نەکردەوە و بە دەوربەرتدا سووڕایەوە، ئەوا ئیدی ئەم ئازارە بێئامانانە سەرت جێ دەهێڵن، ئەوا ئەوەی دەڕوات عیشق نیە.. نا، عیشق ئەوەیە کە خۆی پاک دەکاتەوە و، جێ بۆ خۆی دەکاتەوە. لە تەواوی موعاناتەکانی مرۆڤدا کە بە دەست خۆشەویستییەکی جەستەییەوە دەیچێژێت، ئەم بۆ شتێکی باڵاتر دەگەڕێت، دەستت دەگرێت و دەتکێشێت بەو موعاناتانەدا تا ڕووحت لە خڵتە پاک بکاتەوە!

عیشق  دێت و ئازارت دەدات، بێحاڵ و پەشۆکاوت دەکات، بەڵام ئەمە سەرەتاکەیەتی بەم شێوەیەیە، ئەمە عیشقە بۆ ڕێگایەک دەگەڕێت، تا بتبات بەرەو مەقامێکی تر.

سەرەتا تۆ جەستە بە جەستە دەگەڕێیت، دواتر ئازارەکان فۆرمێکی دیکە وەردەگرن، بەجۆرێکی دیکە دەر دەکەونەوە، هەر سات و ئازارێک و لە فۆرمێکی باڵاتردا، هەر سات و موعاناتێک و لەفۆرمێکی نوێتردا. دەتبەن دەتبەن تا سەرت دەکێشن بە ئازادیدا، تا ڕەهات دەکەن، ئازارەکان وازت لێ ‌ناهێنن.

کە ئازاد و ڕەها بوویت، کە گەییشتیتە ڕێگه‌ی مەعریفەت و، لە ئاوی ئەو سروشتە سەرسوڕهێنەرەت نۆش کرد، تۆ لە موعانات و لە تەواوی ئەو ئازارانەی ڕووحت پێیانەوە دەپلیکایەوە، ڕەها دەبیت. تۆ عاشقیت و ماشووقت نییە لە دەرەوەی خۆت! تۆ عاشقیت و هەموو گەردوون لەنێوتدایە و، بۆ کەسێک لە دەرەوەی خۆت ناگەڕێیت!

مانای ئەوە نییە تۆ بە شادی دەگەیت، تۆ کە عاشقیت بیر لە شادی ناکەیتەوە، بیر لە کۆتاییی ڕێگه‌ ناکەیتەوە. تۆ کۆتاییەکت نییە. بە دەستی مەحەببەتەوە، تۆ دەبیت بە گەڕیدەی ڕەهایی و عاشقی نامرۆڤ و ناکات و ناشوێن و نایادەوەریی مرۆییانە، سەمای ئازادی و مەستبوونی ڕەهایی.

مەعریفە؛ سروشتی سامناک و توانای ئەزمووننەکراو!

مەعریفە؛ عیشق و ڕێگای کۆتایی نەهاتوو!

مەعریفە؛ ماشووقی ئەوەڵ و ئەزەل و ئەبەدی!


سەرچاوەکان:

1- the garden of truth, seyd hussen nasr

2- why romanticism killed love, alan de botton

3- symposium, plato


تاگەکان    
زانست زانکۆ شەڕ تەکنۆلۆژیا گۆرانی مۆدێرنە کرێکار ڕۆژاوا قەدەر موناجات دەربارەی کتێب بۆ ئەوانەی وەكو خۆمن مانا کۆرۆرنا ئایین
ئەدەب
2018-11-11 کۆمێنت 1999 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی