نووسینی: عەلی قوبادی
کاتێک پەیام بوونی نەما، یانژی بنووس گاڵە و گیڤەی لا بووە پیشە، لەوکاتەدا هەموو بوونهوهران بە زیندوو و مردووەوە لە خۆڕا دەدرێنە بەر نەشتەر. بنووس خۆی بە زماندا دەئاڵکێنێت، دوو واوی لێ دەبێت بە یەک و، یائێک بە دووان. وهک بڵێی فووکردن بە کەڕەنایان بەم سپاردووە، بەیانی دەکات من لە بنووسەیلی دی جوێم، ڕێنووسی تایبەت بە خۆمم هەیە. سوپاس بۆ خوا نەگەیشتووین بە ڕۆژانێک ئەو کەسانە بوینین کە دەڵێن: بەندە تەنانەت لە ڕەچاوکردنی خاڵبەندیشدا یاسای تایبەت بە خۆمم هەیە! وای چەندین دەجال یەخەی زمانی کوردییان گرت و، عیسایەک نەهات ببێ بە ڕزگارکەری!
زمان هێند پرۆسەیەکی هەستیارە، ناکرێت بەڕێزتان دەگەڵ ئەو خانەيهی کتێبەکەتان بۆ لە چاپ دەدات بە کێوی زماندا هەڵگژێن، تایبەتتر زمانی بێدایبابی کوردی، کە هەر ڕۆژەی نەهامەتییەکی تازەی بۆ دەخوڵقێنن. تۆ گەر ڕۆشنبیریت، بنووسیت، وەرگێڕیت یان بەڕێوەبەری خانەیەکی چاپیت، لێت دەپرسین کێ مافی ئەوەی بە ئەنگۆ دا، زمان بگۆڕن، دەستکاریی بنەماکانی درووستکردنی وشە بکەن؟ بەبێ ئامادەکردنی تفاقی پێویست، ئەوە نەزانە کە خۆی لە ڕێی دوور دەدات!
دەبێت ئاگاداری ئەوە بن گەر لە وڵاتێک یاسایەک دەرچوو، چ باش، چ خراپ، کەس مافی بەزاندنی ئەو یاسایەی نییە، بە خودی دادوەریشەوە. دەبێت بەو شێوازەیش لە زمان بڕوانین. وای بۆ ساتێک کاتێک لەیاسادەرچوون دەبێتە مۆرکی ڕۆشنفکری!
دیبیللیە (1525 – 1560 ز) کاتێک لە سەردەمی ڕێنیسانسدا بەرگریی لە زمانی فەڕەنسی دەکرد، زمانی فەڕەنسی ئەو زمانە تۆکمەیەی ئێستا نەبوو! چەشنی زمانی کوردیی ئێستا لەنێوان دوو زمانی بەهێزی ڕۆمانی و لاتینیدا گیری خواردبوو، تێمابوون ئایا دەبێت سوود لەو دوو زمانە وەرگرن یان بە تەواوی جوێوە بن و هەر زمانەو ڕێگەی خۆی بگرێت. دیبیللیە گوتی: «دەبێت زمانی فەڕەنسی بە لاساییکردنەوە و وەرگرتنی ئەدەبی کۆنی یۆنان و ڕۆمان خۆی دەوڵەمەند بکات. هەڵبەت ئەم دەوڵەمەندکردنە تەنیا بە وەرگرتنی وشەی یۆنانی و لاتینی نابێت. بۆ دەوڵەمەندکردنی زمان دەبێت سوود لە شێوەزارەکان وەرگرین»
پێنجسەت ساڵ پێش ئێستا ئەم قسەیە کراوە و، بە جێبەجێکردنی، زمانی فەڕەنسی، ئێستا یەک لە زمانە هەرە زیندووەکانی جیهانە. کەچی تا ئێستا کێشەی ئەوەمان هەیە، ئایا پێویست بەوە دەکات، وشەی شێوەزاری هۆرامی یان بادینی بەکار ببەین لە نووسینماندا!
زمان پێچەوانەی ئامێر وایە، بە بەکارهێنانی چالاک و تۆکمەتر دەبێت. زمان مامەڵەکردنە، بەکارهێنانە، مەرج نییە زمانێک لە پەروەردەدا بەکار هات، بتوانرێت لە یاسایشدا بەکار بهێنرێت. زمان دەبێت ڕەنگ بداتەوە لە ژیاندا، پێی بفکرین، هەستکانمانی پێ دەرببڕین. زمانی ئینگلیزی ڕۆژانە وشەی نوێی بۆ زیاد دەبێت. دەیان دەزگهی کۆڵینەوەی زمانیان هەس، بۆ ڕووداو و کاری نوێ وشەی نوێیان هەن.
(bird strike) ئەو وشەیەیە لەم ساڵانەی دواییدا زیاد کراوە بۆ زمانی ئینگلیزی، بۆ ئەو بارهیه کە باڵندەیەک لە ئاسماندا بەر فڕۆکەیەک دەکەوێت. چۆن کڵۆشەکرێک بە وردکردنی زووتر لە ئاودا دەتوێتەوە، گەر زمانیش بۆ هەر کارێک وشەی خۆی هەبوو، زووتر لە بەر دڵان دەنیشێت و، جێی خۆی لە پەروەردە و فێرکردندا تۆکمە دەکات.