نووسینی:
ڕوئیا حوسێن
شەو
بەشێكی تری تەواوكەری كات_زەمان_ە لە تەجەلاكردنی دەسەڵات و حەقیقەتی ئیلاهی، ههروهها
دەرفەتی ڕەخساندنی هەلومەرجی بیركردنەوەی سالمانەیە تا لە بهرانبهر
تەواوكەرەكەیدا كە (ڕۆژ)ە بە باشترین شێوه بێتە جێبەجێكردن.
شەو
ساتی بەیەكگەیشتن و وەسڵی عاشقانە، دەمی عروج و خەڵوەتی توولانییە و، جێگهی
گۆڕینەوەی ڕاز و نیازە، كە بە نەزەرم لە هیچ كاتێكدا بەم ئاستەی شەو قووڵ نابێتەوە!
چون مرۆڤ لە جیهانی مانادا ڕۆڵ دەگێڕێت و پێویستە هەموو كردەوەكانی بێ خەوش و بێ
نواندن و دوور لە چاوی هەموو ئافرێندراوان بێنە جێبەجێكردن.
مرۆڤ
بەو ئەندازەیهی كە تایبەتمەندییە مرۆییەكانی ڕێگره له ڕەهابوونی تواناكانی، لێرەدایە
شەو دەبێتەوە مەنزڵگەی ئانێ سكوونەت و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی توانا مرۆییەكانی.
نالی
ئێژێ:
مەڵێن
زوڵمەت خەراپە
وەسڵی
پەروانە هەر لەشەودایە
شەو
نەبێت، هەرگیز پەروانە پەی بە وجوودی شەمع نابات و نایناسێت. ناسین و فیداكاری، پەیامی
شەون و مرۆڤ بە تێڕامان بەرەو ئەوجی كەماڵ ڕادەكێشێت و دەرگیری پەیبردن بە
حەقیقەتە ئیلاهییەكانی دەكات. هەروەك جوانترین فیداكارییش لە شەودا بەرجەستە
دەبێت، كە چۆن بە هەڵهاتنی پرشنگی هەتاو، ون و فەنا دەبێت. بەهەمان شێوە سكوت و
شەو ساز و هاوئاهەنگن و، لێرەدا مرۆڤ درك بەوە دەكات لەودیوی جیهانی بینراوەوە
شتگەلێك هەن هەر بە سكووت دەتوانێت دركیان بكات و هەر لە دۆخی سكووتیشدایە
دەتوانێت جوانترین دەربڕینی هەبێت بۆیان، چونكە كۆمەڵێك حەقیقەتی ئیلاهین و دەم لە
ئاستیاندا نایەتە گۆ، بانتر لەوەن بە نوتق و نووسین مانای تەواوی ئەو دۆخە بكات.
یەكێك
لە دەركەوتە سەرنجڕاكێشەكانی پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و شەو، عیشق و تەنهاییە. تهنیایی
هاوڕێی دڵخواز و هەمیشەییی ژینی عاشقه، بە ئەندازەیەك كە هەست بە بێگانەیی و نامۆبوون
بەرانبهر تەواوی بونەوەرەكانی جیهانی مادی دەكات و، ڕوو لە جیهانی مەعنەوی دەنێت،
ئیتر شەو بۆ ئەم دهبێته دەرفەتی دووركەوتنەوە لە جیهانە مادییەكە و ڕووكردن لە
جیهانە مەعنەوییەكە. چون تەیكردنی ئەم ڕێگه ستوونییە پێویستی بە خۆداڕنینە لە گشت
وابەستەبوونە دنیاییەكان و دڵبەستەبوون بە ماشووقی حەقیقی و سەنتەربوونی (ئهو) لە
بیر و هزریدا. كە ئەمەیش مانای هەمان نامۆبوون و هەستكردن بە تەنهایی دەگەیەنێت
لەهەمبەر هەموو ئەوانەی كە زمان و جیهانبینیی هاوبەشیان تەنها لە جیهانە
مادییەكەدایە و، ئەوان بە نیسبەت ئەمەوە یەك هەنگاویان لە جیهانە مەعنەویەكە
نەبڕیوە.