نووسینی: ئەمجەد شاکەلی
بهشی یهکهم
دواجار کاک حەکیمم بینی، لە نەخۆشخانەی یەڤلە (Gävle ) بوو، ئەو شارەی لە سوێد تێیدا دەژیا. 16ی ئوکتۆبەری 2018 بوو. کاک ئۆمیدی کوڕی ویستی عارەبانەکەی باوکی بباتە خوارەوە و منیش هەر دەمگوت نەخێر خۆم دەیبەمە خوارێ. ژوورەکەی کاک حەکیمی تێدا بوو، لە نهۆمی دەیەمی نەخۆشخانەکە بوو و بۆ جگەرەکێشان دەبوو بچووبایە خوارێ و لە دەرێی نەخۆشخانەکە جگەرە بکێشێت. کاک حەکیم وەک هەموودەم تامەزرووی جگەرەکێشان بوو، هەموودەم بە چێژەوە مژی لێدەدا و تەنانەت لەو ڕەوشەیشیدا هەردەبوو بیکێشابا. ساڵانێک بوو، ڕێک لە ساڵی 1989 بە دواوە، کە ئیدی بۆ خۆم وازم لە جگەرەکێشان هاوردبوو، هەمیشە هەوڵم لەگەڵ دەدا بۆوەی واز لە جگەرەکێشان بهێنێت، چون من بۆ خۆم دەردی جگەرەکێشانم دیتبوو و بە هۆیشییەوە گیرۆدەی گەلێ ناساغی بووبووم. ئەو هەوڵانەی من لەگەڵ کاک حەکیمدا، هەرگیز سوودی نەبوو و هەمیشە دەیگوت:"بەخوا ئەوە خوویەکی خراپە لە تۆدا، کە هەمیشە باسی دەستبەردابوونم لە جگەرەکێشان دەکەیت". حەزم دەکرد جێینەهێڵم و زۆرترین کات لەگەڵی بم، بۆیە گەرەکمبوو هەر خۆم بە عارەبانەکەوە بیبەمە خوارێ، بۆوەی بتوانین زیاتر قسان بکەین. ئیدی لە ژوورەکەیەوە تا نێو ئەسانسۆرەکە و بڕینی دە نهۆم بۆ خوارەوە و لەوێشەوە بۆ دەرێی نەخۆشخانەکە و کێشانی جگەرەیەک و هەندێ دەردەڵ و قسەگۆڕینەوە و دیسان گەڕانەوەمان بۆ ژوورەکەی، نزیکەی سێچارەکە سەعاتێکی پێدەچوو و ئیدی ئەوە بۆ خۆی دەرفەتێک بوو، بۆوەی پتر قسە بکەین. سێ جاران ئەو جگەرەی کێشا و منیش لەگەڵیدا چوومە دەرێ. بۆ سبەینێی ڕۆژی دواتر 17ی ئۆکتۆبەر، دەبوو بگەڕێتەوە بۆ کوردستان. لە یەکەم چوونە خوارەوەماندا، بە ڕوویەکی خۆش و دەم بە خەندەوە پێی گوتم:" دەزانی گەلێ دڵخۆشم"، گوتم:"یاخوا هەمیشە دڵخۆش بیت"، گوتی:"دەزانی لە خودا پاڕاماوە، هێزم بخاتەوە بەر و ژیانم لێ نەستێنێ، تا ڕۆمانەکەم تەواو دەکەم، خودا بە هانامەوە هات و نزاکەمی قەبووڵ کرد و ئەو بەشەی کۆتایی ئەم دواڕۆمانەم، کە ساڵانێکە خەریکیم، تەواو کرد، ئیدی ئەگەر بشمرم چ کێشەیەک نییە و بە ئارامی و دڵخۆشی سەردەنێمەوە، چونکە لە نووسینی ڕۆمانەکەم بوومەوە و ناردیشمەوە بۆ کوردستان"، گوتم:"هیوادارم هەر بمێنی و دەیان ڕۆمانی دیکەش بنووسیت". گوتی:"نا نا ئەوە ئیتر، کە نابێت، من تەواو و هیچم نەماوە". ناڵێم هێندەی کاک حەکیم، بە تەواوکردنی ڕۆمانەکەی دڵخۆش بووم، چونکە ئەوە داهێنان و ڕۆمانی ئەو بوو، لێ دنیایەکم پێ خۆش بوو و حەمکەیەک بەو هەواڵەی گەشامەوە و دەمزانی بێگومان کارێکی جوان و داهێنانێکی کردووە و ئەوەش دەبێتە ستوونێک و کۆڵەکەیەک، بۆ ژێر دەوار و ماڵۆچکەی ئەدەبییاتی کوردی.
ماڵمان لە گەڕەکی هێلێنەلووند(Helenelun )ی شاری ستۆکهۆڵم بوو، پاش شیو، ئێوارەیەکی کۆتایی هاوین یا دەسپێکی پاییزی 1984بوو، دۆست و هاوڕێم کاک فەرهادی عەبدولقادر(فەرهاد ئازاد)، زەنگێکی بۆ لێدام، ئەودەمی تەلیفۆنی ماڵان هەبوو، دوای چاک و خۆشی و ئەوانە، گوتی:"بۆ نایەن بۆ ئێرە، بۆ ماڵی خۆمان، هاوڕێیەکی کەرکووکیی خۆمانەیش، کە تازە هاتووە لێرەیە و پێمخۆشە لە نزیکەوە یەکتر بناسن". منیش پرسیاری ناویم کرد و ئەویش پێی گوتم:"ناوی حەکیم عەبدوڵڵایە". منیش بە کاک فەرهادم گوت:"مادام کەرکووکییە، بێگومان خۆمانەیشە، ئەوە ئیدی بەرامەی گەرمیانی لەگەڵ خۆیدا هێناوە، ئەو هاوڕێیە میوانی تۆیە، میوانی منیشە و ئێوە کەستان میوان نین و ئێوە بفەرموون بۆ لای ئێمە و ماڵ ماڵی خۆتانە، لە خزمەتتاندا دەبین و لە ڕووی کردەییشەوە من ئۆتۆمبیلم نییە و هاتنی ئێوە ئاسانترە". ئیدی لە کاک فەرهاد خوڵک لە من خوڵک، کاک فەرهاد کاری ڕاست بێ، قایل بوو و خۆی و خێزانی و هەردوو کوڕە گچکەکانی و کاک حەکیمیش خۆی و خێزانی و هەردوو کوڕە گچکەکانی هاتن. ئێمەیش "سوعاد"ی خێزانم و "ناز"ی کچم، کە ئەودەمە تەمەنی هەر حەفت هەشت مانگێک دەبوو، کاک حەکیم، تازەکی لە کوردستانەوە هاتبوو و ئەو بەرامەی باران و دۆمەڵان و گوڵاڵەسوورە و گڕە و گەردەلوولی گەرمیان و نێرگزی کوێستانی کوردستانی لەگەڵ خۆیدا هاوردبوو. وێکڕا ئێوارەیەکی خۆشمان بەدەم باسی کەرکووک و گەلێ شتی دیکەوە بەسەر برد و هەر دەتگوت دەیان ساڵە لەگەڵ کاک حەکیمدا یەکدی دەناسین. ئەوە یەکەم دیداری کاک حەکیم عەبدوڵڵا، کە دواتر عەبدوڵڵاکەی نەما و بوو بە حەکیم کاکەوەیس و بەندە بوو، ئیدی لەو دەمیەوە(1984) تا ئەو ڕۆژەی لە ژیاندا بوو(17-11-2018) و ڕۆژی دواتر بەجێیهێشتین، کاک حەکیم، دۆست و هاوڕێیەکی گەلێک نزیکم بوو و بە درێژایی ئەو هەموو ساڵانە، نێوانمان تا دەهات خۆشتر و گەرمتر دەبوو و هەرگیز بۆ یەک چرکەیش زویری یا لێکتێنەگەیشتن نەکەوتە نێوانمانەوە.
کاک حەکیم، لە یەکەمجاری یەکتر ناسینمانەوە، ئیدی نەک هەر تەنی هاوڕێی من بوو، بەڵکە هاوڕێی منداڵەکانیشم بوو و منیش هاوڕێی منداڵەکانی ئەو بووم. کە دەهاتە سەردانمان، کچەکانم، ناز، ڕاز و پەری، لە ئێمەی گەورەکان زیاتر کەیفساز دەبوون و دەگەشانەوە. کە لەم دواییەدا لە نەخۆشخانە بوو، کچەکان گەلێک بە پەرۆشەوە بوون، سەردانی بکەن و لە نزیکەوە چاویان پێی بکەوێ و هەر بەو جۆرەشمان کرد و وێکڕا چووینە سەردانی. کە ڕاز و پەری بینین، ماشەڵڵای دەکرد و دەیگوت؛"ماشەڵڵا ئەو کچانە چەندە میهرەبان و ڕێکوپێکن و کێ دەزانێ ئەوانە منداڵەکانی جارانن. ئەو پەرییە، کە سێزدە و چواردە ساڵان بوو، جارێکی جلکی پەڵەپەڵەی کەسکی سەربازی لەبەر کردبوو و جووتێ کەوش (پۆستاڵ)ی ئەستوور و قەبەی سەربازیی لەپێ کردبوو، ئەودەمە کەس نەیدەوێرا قسەی لەگەڵ بکات، کەچی ئێستا ئەم مرۆڤە نیان و میهرەبانەی لێ دەرچووە". لەگەڵ (ڕاز)ی کچمدا نزیکییەکی پتری لە کچەکانی دیکەم هەبوو. ئەوەش بۆ خۆی چیرۆکێکە. ڕاز، هێشتا شەش حەفت هەشت مانگان بوو، لە گالیسکەی منداڵاندا دادەنیشت، ئەگەر هەموو ڕۆژێک نەبووایە، زۆرینەی ڕۆژەکانی حەفتە و بۆ ماوەی چەند مانگێک، لەگەڵ دایکی و لەگەڵ مندا، دەچووینە سەردانی نەخۆشخانەی کارۆلینسکا(Karonliska ), لە گەڕەکی سۆڵنا (Solna )ی شاری ستۆکهۆڵم, بۆ سەردانی کاک ئازاد موستەفا، کە ئەودەمی لەوێ بۆ وەرگرتنی چارەسەر بۆ نەخۆشییەکەی، کە شێرپەنجە بوو، دەمایەوە. ڕاز، گچکە بوو و لەو چەند سەعاتەی لەوێ دەبوو، لەنێو گالیسکەکەیەوە، بەدەم هەموو ئەو کەسانەی سەردانی کاک ئازادیان دەکرد، پێدەکەنی و دەگەشایەوە و ئەوانیش بە خەندە و بزەیەک بەرسڤیان دەدایەوە. ڕاز، لەگەڵ کاک حەکیمدا پێوەندێکی تایبەتی پەیدا کردبوو و نێوانیان گەلێک خۆش بوو. ئەو پێوەندەی کاک حەکیم و ڕاز، هەر بەردەوام بوو، تا ئەو ڕادەیەی لە خۆشەویستیی ڕازەکەی من، کاک حەکیم ناوی ڕازی لە تاقە کچەکەی خۆی نا. دواجار، کە چوومە لای کاک حەکیم، (ڕاز)ی کچم، بە مندا ئاوی زەمزەمی بۆ نارد، کاک حەکیم گوتی:" مادام ڕاز بۆی ناردووم، باوەڕم پێیەتی و بە هیوای چاکبوونەوە، دەیخۆمەوە". ئەو چەند جارانەی دوایی، کە چوومە سەردانی، خورماوڕۆنم بۆ دەبرد، دەمزانی ئەوە جوانترین دیارییەکە، کاک حەکیم دڵخۆش دەکات و هیچ شتێک لە سەرووی ئەوەوە نییە، دەمگوت:"کاک حەکیم، خورماوڕۆنم بۆ هێناوی، خورماوڕۆن، یەکەمی بێ ڕکابەر و دەرمانی حەوت دەردان" ئای کە پێی خۆش بوو، ئای کە پێی دەگەشایەوە. دەیگوت:" ئەشهەدو وایە و زیاتریش...".
هەر جارێک نامەم بۆ ناردبا یا بە تەلیفۆن قسەمان کردبا، دەمگوت:"کاک حەکیم سڵاوم بە هەموو کاکەوەیسان بگەیەنە" و ئەویش سڵاوی بۆ هەموو شاکەلییان دەنارد. من ئەوم وەک یەکێک لە شاکەلییان و ئەو منی وەک یەکێک لە کاکەوەیسان دەبینی و دەژمارد. ئەو لە ماڵی ئێمەدا و من ماڵی ئەواندا نامۆ نەبووین، خۆیی بووین و پێویستیمان بە خوڵک و فەرموو فەرموو و ئەوانە نەبوو. کاک حەکیم، خۆشەویستی و ڕێزێکی تایبەتی بۆ باوکم هەبوو و باوکیشم خوێنەرێکی باشی نووسینەکانی ئەو بوو و هەموو جارێ بە ئەرێنی باسی دەکردن و دەیگوت:"بەخوا ڕێک لەبنی هەمبانەکە دەدات و قسەی دڵی ئێمە دەکات".
دوو شتی یەکجار گرنگی هاوبەشی نێوان کاک حەکیم و من، کە دانیشتن و دیدار و قسەوباس و تەلیفۆن و نامە و کرۆکی هەموو بوونمانیان داگیرکردبوون، کەرکووک و خورما بوون. سەدلەسەد لە هەموو باسوخواس و دید و بۆچوون و بیروڕایەکماندا لەمەر کەرکووک و خورماوە، کۆک بووین و موو بە نێوانماندا نەدەچوو و هاوڕا بووین، تەواو هاوڕا. ئێمە کە باسی کەرکووک و خورمامان دەکرد، وەک دوو عاشق، وەک دوو دڵدار، چۆن باسی مەعشووق و دڵدار و خۆشەویستەکانیان دەکەن، بەو جۆرە باسمان دەکردن. جارێک لەم ساڵانەی دواییەدا بۆ یەکەمجار لە کەرکووک پێکەوە بووین و پیاسەیەکی باشی ئیمام قاسم و قەڵا و کەمێکیش ڕەحیماواما و ئەو ناوەمان کرد. بۆ کەرکووک دەسووتاین و دنیایەک تێبینی و سەرنج و بیرۆکە و نەخشەمان هەبوون، لێ لە خۆمان زیاتر تاکە سیاسییەکی هەوساربەدەستی کورد، هەرگیز گوێی لە ئێمە و خەڵکانی مانەندی ئێمە نە دەگرت و نە دەگرێ. کاک حەکیم، هەموو جارێک لێی دەپرسیم:"ئەگەر خودا کاریکی وا بکات و بچیتەوە عیراق و لەنێو دەسەڵاتی بەغدادا کارێکت پێ بسپێرن، ئیدی وەک وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی و ئەوانە، حەز دەکەیت بکرێی بە چی؟". دەمگوت:"کاک حەکیم تا مشەخۆر و مەراییکار و کاسەلێس هەبن، کەسانی مانەندی تۆ و من و ئێمەئاسا چۆن دەکرێین بەوەزیر یا بەڕێوەبەری گشتی! تۆ لە خودات گەرەکبێ دارکاریمان نەکەن" دەیگوت:"دەی ئەمە دنیایە و لەوانەیە هەڵە بکەن و لە دەستیان دەرچێ و کارێکی وەهات پێ بسپێرن". بێ یەکودوو دەمگوت:"وەزیری خورما". دەیگوت:"ئەی ئەگەر بەڕێوەبەری گشتی بیت". دەمگوت:"بەڕێوەبەری خورما". دەیگوت:"ئەی لەوە خوارەوەتر". دەمگوت:" هەرشتێک پێوەندی بە خورماوە هەبێت دەیکەم". ئیدی هەر خەیاڵم بۆ کارێکی سەر بە خورما و پێوەند بە خورما دەچوو و بە دەوری خورمادا دەسووڕایەوە و لە بازنەی خورما نەدەهاتە دەرێ. دەیگوت:"دەی ئەگەر ئەوانە نەبوون". دەمگوت:"کەی کێشەیە، وردەوردە دێمە خوارێ تا خورمافرۆشیی سەر عارەبانەشم قەبووڵە، مادام پێوەندی بە خورماوەیەوە و هاوڕێی خورمام". ئیدی سەدان خەیاڵی هاوبەشمان لە دەوری خورما و جۆرەکانی خورما و خورماوڕۆن، تا ڕادەی ڕواندنی "دارخورماوڕۆن"، هەڵدەچنین و بە سەعاتان لەسەر ئەو باسە درێژەمان بە قسان دەدا. وەنەبێ ئەوە تەنیا یەک جار ڕوویدابێ، بەڵکە هەر کە یەکدیمان دەدی یا زەنگمان بۆ یەکدی لێدەدا یا نامەمان بۆ یەکدی دەنارد، کەرکووک و خورما، دوو بابەت بوون، هەرگیز لای ئێمە کۆتاییان نەدەهات و لەبن نەدەهاتن.
لینکى بەشەکانى تر:
بهشی دووهم