تاوانێک لە تاریکیدا

ئەدەب 2019-01-18 کۆمێنت 1124 جار بینراوە

نووسینی: سه‌لامه‌ مووسا
وه‌رگێڕانی: دیار به‌رزنجی

   ئەوەی لێرەدا دەیگێڕینەوە چیرۆکێکی خەیاڵی نییە، بەڵکو تاوانێکە و لە ڕاستیدا ڕووی داوە. ئەوی خوێنەر لێرەدا بەرچاوی دەکەوێ، خودی نووسەری ئەم بابەتە لە تاوانبارەکەی ژنەفتووە. گەر تاوانباریش لە ژیاندا بمایە ئەوا حەزمان نەدەکرد و ڕێگەمان بە خۆمان نەدەدا ئەم چیرۆکە بھێنینە باسکردن، تاکە مەبەستیشمان لە گێڕانەوەی ئەم چیرۆکە بە ورد و دڕشتیەوە، تەنھا ھەڵچنینی پەند و ئامۆژگاریی دەروونییە سەبارەت بە پەروەردەی منداڵ.

(مەحموود) لە کەشێکی نائاسایی و توندڕەودا گەورە بوو، چونکو دایک و باوکی لە ژینگەیەکی وادا پەروەردەیان کردبوو. ھەڵەی پەروەردەییان  لەوەدا بوو کە نازکێشان و لاواندنەوە تاکە ڕێگەی ڕازیکردنی ئەو منداڵە بوو، گەر مەحموود لە سنووری خۆی دەرچووبا و تاوانێکی ئەنجام بدایە، نە لە دایک و نە لە باوکییه‌وه‌ ھیچ سزا و کاردانەوەیەکی نەدەبینی، چونکو ئەو کوڕی تاقانەی خێزان و خۆشەویستی دڵی ھەردووکیان بوو.

لە ئەنجامدا توندڕەوی بوو بە شێوازی ژیانی ئەو و ڕەگی داکوتی. گەر مەیلی لە ھەر شتێک بکردایە، گەر ویستی گەییشتنی بە ئامانجێک ھەبووایە، ئەوا بۆ بەدەستھێنانی پەنای بۆ زەبر و زەنگ دەبرد و گورج دەیکرد بە ھات و ھاوار، تەنانەت ئەگەر بیتوانیایە ئەو شتە بەئارامی و بێکێشەیش بەدەست بھێنێت، ئەو ھەر پەنای وەبەر توندڕەوی دەبرد!

ئێمەی مرۆڤ گرۆیەک لە ھەست و سۆزمان ھەنە، لەوانە توندڕەوی و بەزەیی، خۆشەویستی و ڕق، ترس و ئومێد... دەبینین ھێندێک جار یەکێک لەو ھەستانە بەسەر دەروونی ئێمەدا باڵ دەکێشێت و لەوێوە ڕەفتاری ڕۆژانە و ئەو شێوازەمان بۆ دیاری دەکات کە پێی دەژین. بۆیە ئاسوودەیی، لە  تەباییی کۆمەڵایەتیدا دەبینینەوە و، تاکڕەویش بەدبەختی و دڵتەنگیی لێ دەکەوێتەوە.

چونکێ ڕەفتارمان وابەستەی ھەست و سۆزەکانمانن، ھیچ چالاکی و بزاوتنێکیشمان بە بێ ئەوان پێ ناکرێ و ھەمووی لە ڕێگەی ئەوانەوە ئەنجام دەدرێ.

بێگومان  کەسانی ئاسایی لەنێوان ئەم ھەستانەدا ھاوسەنگیی دەروونیان ڕادەگرن و، لەم ھاوسەنگییەوە مەودایەک بۆ بیرکردنەوە دەدۆزنەوە، بەم چەشنە ڕێگەی ژیرانە لە ڕەفتاردا ھەڵدەبژێرن.

وەلێ مەحموود، نازێکی لە ڕادە بەدەری لە دەورانی منداڵی و گەنجیدا دیتبوو، دەیشیزانی  لە تاوانەکانی خۆش دەبن، بۆیە ھێندەی تر تیایدا ڕۆچوو!

لێرەدا خاڵێک ھەیە سەرنجی خوێنەری بۆ ڕاده‌کێشین، ئەویش ئەوەیە کە توندوتیژی سیفەتێکی باڵایە لە حەزی سێکسیدا و تێکەڵی یەک دەبن، ئێمە دەڵێین حەز نەک خۆشەویستی، چونکو سەرچاوەی خۆشەویستی، لە بنەڕەتدا لە پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتییەوە دێتە بوون. خۆشەویستی، لە  دایکەوە سەرچاوە دەگرێ، وەک خۆشەویستیی منداڵێک بۆ دایکەکەی، ئەم خۆشەویستییە میھرەبانی و سۆز و بەزەیی و پەرستنە. وەلێ حەزی سێکسی، دەکرێ توندڕەویی تێکەڵ ببێ. بۆ نموونە کاتێک ژنێک لە کردەی سێکسیدا وای دەردەخات کە ئازاری ھەیە، یانیش ھەر بە ڕاستی نەختێک ئازار دەچێژێ، دەرخستنی ئەم ژانە لە لایەن ژنەوە چێژی پیاوەکە دەبزوێنێ، زۆرجاران حەزی زۆری پیاو بۆ ئەو چێژە زیاد دەکات تا دەگاتە ئاستی شێتی و، خاوەنەکەی ناچاری ئازاردانی ژن و بریندارکردنیشی دەدات.

بۆ خۆم لە چەندین کەسدا ئەم حاڵەتەم دیوە کە ڕق و کینە ئاوێزانی سێکس دەبن، وەختێک گەنجێک لە یەکێکی دی پەست و تووڕە دەبێ، لە خەونیدا دەبینێ کە دەستدرێژی دەکاتە سەری و ئەتکی دەکا، لێرەدا ئەم ھەوەسە سێکسییە کە دەردەکەوێ، دەرەنجامی ئەو ھەڵچوون و ڕق و توندڕەوییەیە و، لە خەونێکی وادا بەرجەستە دەبێ.

گەر حەزی سێکسی ئازارکەوتنەوەی لێ کەوتەوە، یانیش بڵێین خاوەنەکەی حەزی بە ئازاردانی ئەوانی تر کرد، ئەوا دەچێتە خانەی نەخۆشیی (سادیزم)*ەوە، ئەگەریش ئازارخواستنی لێ بوویەوە، یانی خودی کەسەکە مەیلی ئازارچەشتنی ھەبێ، ئەوا پێی دەڵێن(مازۆکی)*. لەگەڵ ئەو خاڵە جیاوازانەی نێوان ئەم دوو حاڵەتە، ھاوکات ھێڵێکی تەنکی ھاوبەش لە نێوانیاندا ھەیە، ئەم ھێڵە ھاوبەشەی نێوانیان لەو کەسانەدا دەردەکەوێ، کە لە کردەی سێکسیدا ئازاری ئەوانی تر دەدەن و ھاوکات خۆشیان ئەزێت دەدەن و بەم جۆرە دەگەنە چێژی خوازراو.

مەحموودیش لەبەر ئەو نازە زۆرەی لە منداڵیدا پێی درابوو، کەسێکی شەڕانگێزی لێ پەیدا بوو، پاشان ھەوای ئارەزوو و سێکس لەلای بوون بە ئامرازی ئەو توندڕەویەی.

ئەم پێشەکییە پوختەشم بۆیە باس کرد تاکو باسی ئەو تاوانەی کە لەسەری دەنووسم، بە جوانی بۆ خوێنەری ڕوون کەمەوە.

مەحموود لە تەمەنێکی زوودا ژنی ھێنا و ھەر لە مانگەکانی سەرەتای ھاوسەرگیرییدا بەردەبوویە گیانی ژنەکەی و لێی دەدا، ئەم لێدانە بەردەوامانە، ھەموو ھۆکارەکەی سادیزمێکی کپکراو بوو لە دەروونی مەحمووددا، چونکو ئەو بەو لێدانە، گوێی لە نرکە و ئاخ و ھاواری ژنەکەی دەبوو و، وردە وردە بەو دەنگانە مەیلی سێکسیی خۆی بە تەواوی تێر دەکرد. ئەنجا ئاشت دەبوونەوە و ئەو شەڕ و ھەرایەیان نەدەما، بەڵام تەنھا بۆ ماوەیەکی کورت...

ھیچ کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتووش نییە لە دنیادا بە ئاسانی جێگەی پیاوێکی وەھا نازپێدراوی تێدا بێتەوە، بە تایبەت گەر ئەو نازەی شێوازێکی وەھا شەڕانگێزانەی وەرگرتبێت، بۆیە مەحموود ھەمیشە تەنیا دەکەوت و زۆرجاران بە درێژاییی چەندین ڕۆژ بە تاقی تەنیا لە ژوورێکدا دەمایەوە، چونکو لە دنیادا تاکە دۆست و ناسیاوێکی نەبوو، ئەم تەنیاکەوتنەیشی دیسانەوە چێژی بە مەحموود دەدا،  چونکە کە تەنیا دادەنیشت، خەیاڵی بە ستەم و شەڕانگێزییەکانی خۆیەوە دەکرد و ھەستی بە سەرکەوتن و بەھێزیی خۆی دەکرد. لە پاش مردنیشی کوڕەکەی بۆی گێڕامەوە کە ئەو کاتانەی بەتەنیا لە ژوورەکەیدا دەبوو، گوێیان لێ بوو لەبەر خۆیەوە بە دەنگی بەرز جوێنی دەدا، بەردەوام ئەو جوێنانەی لەبەر خۆیەوە دووبارە دەکردەوە، ئەمانیش بەم حاڵەی وی ڕاھاتبوون بۆیە ھیچیان پێ نەدەوت و ھەقیان بەسەریەوە نەبوو.

جارێکیان مەحموود لەگەڵ خەزوورەیدا کە دەکاتە باوکی ھاوسەرەکەی، دەبێتە شەڕیان (تاوانەکە لێرەوە دەست پێدەکات). ئەمە شتێکی ئاساییە و دەشێ لە ھەندێ خێزاندا ڕوو بدات. گەر ھەردوو لا خودان پەروەردەیەکی کۆمەڵایەتیی دروست بن لەسەر بنەمای یەکترقبووڵکردن و ئاشتەوایی، ئەوا ھەر زوو کێشەكه‌ بنبڕ دەبێ و دەست لە ملی یەک دەکەنەوە، وەلێ مەحموود وەھا پەروەردەیەکی نەدیتبوو، چونکە دروشمی ژیانی ئەو تەنیا و تەنیا توندڕەوی بوو، بۆیە پەنای وەبەر تۆڵەسەندنەوەیه‌کی سەیر برد لە خەزوورەی، کە ئەویش بریتی بوو لە ئەتککردن و دەستدرێژیکردنە سەر ژنی خەزوورەکەی، کە دەکاتە دایکی ھاوسەرەکەی خۆی.

لێرەدا کۆمەڵێک مانای گرێدراو ھەنە: توندڕەوی، دەستدرێژیکردن، مەیلی سێکسی، سادیزم، تۆڵەسەندنەوە، ھەموویان پیوەندییەکی جۆراوجۆریان پێکەوە ھەیە و لە جێیەکدا وابەستەی یەکدی دەبن.

دەبێ ئەوەیش بێژین مەحموود کە پەنای وە بەر نەرم و نیانی نەبردووە، لەبەر ئەوە نەبووە کە لە دڵگەورەییی خەزووری بێئومێد بووبێ، بەڵکو ئەم بە مەبەست ئەوەی کرد، چونکو لەو دەستدرێژییەدا چێژێکی سادیزمیی وەھای بە دی دەکرد کە وەک ھیچی تر نەبوو بۆی، چێژێکی ئاشنا بە ژیانی ئەو، چێژی توندڕەوی و ئازاردانی ئەوانی تر... ئەو چێژەی کە ھەموو ژیانی لەسەری گۆش بووبوو.

لە شەوێکی ڕەشی نەگریسدا، خەسووی بۆ ماڵەوەیان بانگھێشت کرد و داوای لە ھاوسەرەکەی کرد خوانێکی تایبەت بۆ دایکی خۆی ئامادە بکات، ھەموویان تێری سکی خۆیان خوارد و پاشان لە یەک ژووردا لێی نووستن.

ئەو دەمەی مەحموود ئەمەی دەگێڕایەوە، ڕوخسار و بەدەنی پڕ دەبوون لە ھەستکردن بە تۆڵەسەندنەوە و بە ئاسانی ئەوەت تێدا بە دی دەکرد، تەنانەت قاقا پێدەکەنی ئەو کاتەی باسی تۆقینی ھاوسەرەکەی خۆی دەکرد لەم ڕووداوە!

ئیتر، لەو دەمەی ئەم سەرقاڵی دەستدرێژیی سێکسیی خۆی بوو لەسەر جەستەی خەسووەکەی، ھاوسەرەکەی ڕایدەکێشا و پاڵی پێوە دەنا تا لە جەستەی دایکی دووری بخاتەوە! تۆقینی ھاوسەرەکەی، دەرئەنجامی ئێدمەیەکی دەروونیی کوشندە بوو.

ئەم تاوانە لە تاریکیدا تەواو بوو و ھەر زوو پەردەی بەسەردا درا، ھەموو ئەوانەی کە لەو خێزانە ئاگه‌داری ڕووداوەکە بوون بەناچاری لێی بێدەنگ بوون، چونکو بڵاوبوونەوەی ئەم باسە، دەبووە ئابڕووچوونێک و ھەموویانی دەگرتەوە.

ئەوەی لەم چیرۆکە بە ئازارەوە بۆم دەردەکەوێ ئەوەیە، ھەموو ئەوەی ڕووی دا بەرھەمی منداڵیی مەحموودە کە دایک و باوکی زۆریان دا بە دەمیەوە و ھەمیشە چاوپۆشییان لە شەڕانگێزی و سنوورشکێنییەکانی دەکرد، ھەر شتێکی بویستایە بۆیان جێبەجێ دەکرد و بە تەواوی ملکەچی دەبوون.

ئەمە یەکێکە لەو دەیان تاوانە تۆقێنەرانەی ئەنجامی داوە، کە ڕەنگە باسکردنیان بۆ خۆی کتێبێکی تایبەتی بوێت.

ئەم مەحموودە حەفتا ساڵی تەمەنی بەسەر برد بێ ئەوەی تاکە دینارێک دەربکات و لە باخەڵی بنێت، بەڵکو تا ئەو ڕۆژەی مرد ھیچ شێوازێکی بۆ پارەپەیداکردن نەدەزانی جگە لە تاوانی ئاشکرا نەبێت وەک دەستدرێژی و ڕفاندنی خەڵکی، یانیش تاوانی بە نھێنیی وەک دزیکردن لە ماڵ و موڵکی کەسانی دەور و پشتی. بۆیە دزیی لە دایک و ھاوسەر و برای خۆی دەکرد. لە دایک و برا و ھاوسەری خۆی دەدا. ئەو چەشنی گورگێک پەلاماری دەدا و ئەوه‌ی بناسیایە بەر گازندی دەدا.

ئامان دایکان و باوکان، ناز بە منداڵەکانتان مەدەن و مەدەن بە دەمیانەوە، وەکتریش مەیانچەوسێننەوە:

چونکو چ چەوساندنەوە و چ نازپێدانی زۆر، ھەردووک وەک یەک لەڕێیان دەردەکەن.

بەڵکو وەک ئەوەی ئێوە مامۆستایەکی نامۆ بن و ئەوانیش منداڵانێکی نامۆ، بە ئەوین و یەکسانییەوە ڕەفتاریان لەگەڵدا بنوێنن.

تاوان و خۆکوژی و شێتی لە منداڵەکانتان دوور خەنەوە، بە دوورکەوتنەوە لە نازپێدان یان چەوساندنەوەی لە ڕادە بەدەر.



*سادیزم: واتە تاک بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ جۆرێ لە توندوتیژی و ئازاردانی جەستەیی یان دەروونی، یان هەردووکیان لەگەڵ هاوبەشەکەی لە پەیوەندیی سێکسیدا، پراکتیزە دەکات، ئیدی ئەو هاوبەشه خۆی ئارەزووی ئەو مامەڵە توندوتیژه بکات و ملکەچ بێت، یان ڕەتی بکاتەوە و ناچار بکرێ.

*مازۆکی: تێکچوونێکی دەروونییە، واتا تاک چێژ لەو ئازارانە دەبینی کە ڕووبەڕووی دەکەنەوە، ئەو ئازارچەشتن بە چێژێکی بزوێنەر دەبینێ و پێیخۆشە ئازاری ئاراستە بکرێت.


تاگەکان    
هاوڕەگەزخوازی نەتەوایەتی عێڕاق ژیانی پێغەمبەر ڕۆژاوا خێوەتگە كتێب مردن ئازادی ئیلحاد حەوتەمین کۆڕبەندی هاوسانی زانکۆ چیرۆک گۆرانی شیرک
ئەدەب
2019-01-18 کۆمێنت 1124 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی