نووسینی: ئالان حەسەن
ئەوەی مایەی تەسەلای مرۆڤە و بە دونیاوە بەستوویەتییەوە، بریتی نییه لە چێژەکانی ژیان، پێک نەهاتووە لە دڵبەستەیی ئەو بە جوانییەکانیەوە، چێژە ئازارەکانی نییە بە مەراق چەشتنەکانیەوە، ئەوی بنیادەمی وا لێکردووە ئولفەت بەژیانەوە بگرێ و (مەرگ) وەک بوونێکی سەپێنراوی حەتمی ببوغزێنێ، تەنیا حەزی ئەوە بۆ مانەوە، مرۆڤ سەرسامە بە هەبوونی خۆی، تەنیا خەمی نەمریی خۆی دەخوات، (خلود) حەزی دانەمرکاوی ئەم بوونەوەرە کاکڵەدار و پڕ ڕازەی خودایە .
دیوتانە کاتێ خودا لە قورئاندا مژدە بە بەهەشتییەکان دەدات دەفەرموێ: (ادخلوها بسلام ذالك يوم الخلود)* یان کاتێک دۆزەخییەکان دەترسێنی مانەوەی هەتا هەتاییان پێ ڕادەگەیەنێ لە ئاوردا و پێیان دەڵێت: (أولائك اصاحب النار هم فيها خالدون)*. مانەوە بۆ مرۆڤ پۆپەی مەرامی ئەوە لە بووندا، کەسیش وەک خودا بەندەکانی خۆی بە باشی ناناسێت، ئاخر هەر ئەوە لە نەبوون چێی کردوون و هێنانیە سەر زەوی و بەڕاز و نیاز و نهێنی و نیهادەکانیان ئاگادارە و زانایە .
چاو لێکەن ئەگەر بوونی ئەم حەزە نەبا ئێستا هیچ کام لە شارستانیەتەکان نەدەهاتنە بوون، مرۆڤ لەڕێی دروستکردنی بینا و باڵاخەنە و پرد و بازاڕ و ڤێلا و چووزانم تەواوی شوێنەوار و جێدەستەکانیەوە و بە تەواوی ئەو کاولکارییانەی بەسەر سروشتیدا هێناوە، دەیەوێ بەگەردوون بڵێ (من هەم، من نامرم، من بەردەوام دەبم، من، من...هتد) وەلێ تەواوی ئەم ئەنانییەت و خۆپەرستییەی مرۆڤ نەیتوانیوە خلوود و مانەوەی هەتاهەتایی بە هیچ مرۆڤێ ببەخشێ، مرۆڤ بۆ ڕۆشتن دروست کراوە، ئێرە گوزەرگایەکی کاتییە، سێبەرێکه بۆ تاوێک پشوو، ماڵی ئێمە ئێرە نییە، ڕۆژانە بە پێش چاومانەوە هاوجنسەکانمان جانتای سەفەر دەپێچنەوە و خەونی مانەوەی هەتاهەتییان ئامێتەی خاک و گۆڕنشینی دەکەن. ئەمەبوو حیکایەتی مرۆڤ، ھەر وەک *حیکایەتی ئەو قامیشەی لە قامیشەڵانی هەڵبڕاوە و بووە (نەی) و لەوەتەی هاتووەتە سەر زەوی لە دووری قامیشەڵانەکەی ناڵەی دێ و خامۆش نابێ .
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
*سورەتی(ق)
*سورەتی(البقرە)
*ئاماژەیە بە دەقی شیعرێکی مەولانای ڕۆمی .