نووسینی: قانع خورشید
ئێمه‌ی مرۆڤ، خاڵی هاوبه‌شمان ته‌ك یه‌كدا زۆره، خاڵی جیاوازیشمان فره‌س. وه‌ك چۆن قه‌د و باڵا و شێوه و ڕوخسارمان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یدا لێكچوونی زۆریان هه‌یه، وێكیش ناچن، هه‌ر ئاوه‌هایش دڵمان و له‌خۆگریی بۆ ئه‌وین و یادی ئازیزانمان لێك جودان، وه‌لێ وێكچوونیشیان هه‌یه!
كه‌سی وامان هه‌یه دڵی ڕێك كورسییه‌كی یه‌كنه‌فه‌ره‌ی بچووكه و له یه‌ك كه‌س زیاتر ناگرێت، هه‌مانه دوو -سێ كه‌سێك هه‌ڵده‌گرێت و له‌وه به‌ولاوه‌ی پێ ئیداره ناكرێت، هه‌یشه وه‌كو قیتار، ژماره‌یه زۆر و به‌رچاو خه‌ڵكی تێدا جێ ده‌بێته‌وه، ده‌گمه‌ن كه‌سانێكیش هه‌ن، به ئه‌ندازه‌ی ئه‌وانه‌ی ڕێیان لێیان ده‌كه‌وێت، دڵیان به‌رین ده‌بێت و هه‌رگیز بۆ جێ كێشه‌یان نابێت!
من زۆر كه‌س ده‌ناسم، هه‌ر كه له‌گه‌ڵ كه‌سێكی تازه‌دا بوونه‌ته دۆست، هاوڕێیه‌كی كۆنیان سڕیوه‌ته‌وه، یا له‌ته‌ك گرێبه‌ستی هاوسه‌رێتیدا دایك و باوكیان فه‌رامۆش كردووه، ئه‌وینی خوشكیان له به‌رپێی ده‌زگیراندا سه‌ربڕیوه و خۆشه‌ویستیی برایان كردووه‌ته قوربانی مێردی دووڕۆژه‌یان، تا كڕیارێكی تازه‌یان چاو پێ كه‌وتووه، مه‌عمیلی چه‌ند ساڵه‌یان پشتگوێ خستووه! ئه‌مانه زۆرن و له هه‌ر كۆڵانێكدا چاو بسووڕێنیت، یه‌ك دووانێك یا چه‌ندانێكیان لێ ده‌بینیت. بۆیه وا باشه واز له‌مانه بێنم، چون باس و داخیان، بابه‌تی ساڵانێك گفتوگۆیه. له‌مه‌دا مرۆڤه‌كان جیاوازییان زۆره و پله‌یان له سفره‌وه تا ده‌یان هه‌زار ده‌گۆڕێت، ئه‌وی ده‌مه‌وێت كه‌مێك زیاتر له‌باره‌یه‌وه بدوێم.
خاڵێك له‌و خاڵانه‌ی هه‌مووان تێیدا هاوبه‌شین ئه‌وه‌یه وه‌ختێك عاشقی كه‌سێك ده‌بین، شێتانه خۆشمانده‌وێت، به‌ڵام هه‌ر كه ببینین جه‌فای بێ سه‌فای زۆر ده‌نوێنێت، یا هه‌ست بكه‌ین دوای ماوه‌یه‌ك ئه‌و بۆن و به‌رامه‌یه‌ی هه‌وه‌ڵی نامێنێت و سیحری مه‌عشووقبوونی له ده‌ست ده‌دات، یاخود بۆمان ڕوون ببێته‌وه ئه‌و مرۆڤه نییه وا سه‌ره‌تا چاوه‌ڕوانی بووین، ئه‌گه‌ر ڕێمان له ئه‌وینێكی نوێ بكه‌وێت، به‌ئه‌سپایی و له‌سه‌ره‌خۆ ئه‌وینی یه‌كه‌ممان له بیر ده‌باته‌وه، پاش موده‌تێك وه‌ختێك به ئاگا دێینه‌وه ئه‌م عیشقه نوێیه له‌بری ئه‌وی پێشوو له‌سه‌ر عه‌رشی دڵمان دانیشتووه. دڵنیام تازه‌عاشقێكی حاڵگرتوو، یا دڵشكاوێكی به كامی دڵ نه‌گه‌یشتوو ئه‌م قسه‌یه‌ی منی پێ قووت نادرێت و به هیچنه‌زان له دنیای ئه‌وینداریدا، له قه‌ڵه‌مم ده‌دات، گه‌ردنی ئازاد بێت، ئه‌و تا ئه‌و قۆناغه چووه و ناحه‌قی نییه نكووڵی له شتێك بكات پێی نه‌گه‌یشتووه و په‌یی پێ نه‌بردووه. وه‌لێ من له‌سه‌ر قسه‌ی خۆم سوورم و گومانێكم له‌وه نییه كه مرۆڤ سروشتی وه‌هایه، به تێپه‌ڕبوونی كات بۆنی ئه‌وینێكی كۆنی ده‌نێت به كه‌سێكی تازه‌وه و هێدی هێدی ئه‌می نوێ جێگه‌ی ئه‌وی كه‌ڤنی بۆ پڕ ده‌كاته‌وه.
باو و بینراوه دایكێك یا باوكێك خۆشه‌ویستیی بۆ كوڕ یا كچه‌كه‌ی ده‌گوازێته‌وه بۆ نه‌وه‌كه‌ی، هاوڕێیه‌ك له جێی هاوڕێیه‌كی بێده‌ربه‌ستی، ڕه‌فیقێكی تر هه‌ڵده‌بژێرێت، دوور نییه قوتابییه‌ك شیفته‌ی مامۆستای مامۆستاكه‌ی ببێت و مامۆستایه‌كیش بۆنی قوتابییه‌كی بنێته قوتابیی قوتابییه‌كییه‌وه!
ئه‌وی ڕاستی بێت چه‌ند جارێك گه‌ره‌كم بوو باسه‌كه له‌م خاڵه‌دا ببڕمه‌وه و زۆری له‌سه‌ر نه‌چم، چون گه‌ر بمه‌وێت به دڵی خۆم ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ڕوون بكه‌مه‌وه زۆری ده‌وێت، گه‌ر ڕوونیشی نه‌كه‌مه‌وه، كه‌میی زۆری تێدا ده‌مێنێته‌وه و هه‌ر خوێنه‌رێك ده‌توانێت و مافی ڕه‌وای خۆیه‌تی چه‌ندین ئیشكال له قسه تێكه‌ڵوپێكه‌ڵه‌كانم بگرێت. له‌لایه‌كی تریشه‌وه ئه‌م جێگه‌یه بۆ بابه‌تی درێژ و توێژینه‌وه و ڕوونكردنه‌وه گونجاو نییه! وه‌لێ ناچارم ته‌واوی بكه‌م.
وا بزانم ناوه‌ندگری له گشت بژارده‌یه‌ك باشتره، ئیتر بۆیه به ناچاری كه‌مێ باسه‌كه پوخت و جه‌موجۆر ده‌كه‌م و له‌سه‌ری به‌رده‌وام ده‌بم...
هه‌ندێ ئه‌وین هه‌ن، ئه‌وه‌نده زاتین، وه‌كو ڕازێك ده‌مێننه‌وه و كه‌س په‌ی به هۆكه‌یان نابات، كه ئێژم زاتی، مه‌به‌ستم له زاتی ئه‌وینداره‌كه نییه، به‌ڵكو چاوم له‌سه‌ر زاتی یاره، یانی كه‌سێكت خۆشده‌وێت ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وه! ئه‌ڵبه‌ت هه‌رچی ئه‌وینداری دنیایه وا له ئه‌وینه‌كه‌ی خۆی ده‌ڕوانێت و وه‌های به خه‌یاڵدا دێت ئه‌و، یاری خۆی له‌به‌ر خودی یاره‌كه خۆشده‌وێت و هیچ مه‌رامێكی تر له پشت ئه‌وینه‌كه‌یه‌وه نییه، وه‌لێ بێباكانه ده‌ڵێم له ملیۆن عیشقدا ئه‌گه‌ری هه‌یه یه‌ك دانه‌یان وه‌ها بێت، ئه‌ویش ئه‌گه‌رێك زیاتر نییه! دڵنیام نه دڵی من و نه دڵی تۆ تا ئێستا عیشقێكی وا پێی تێ نه‌خستووه. چون ئه‌مه ته‌نیا له حاڵێكدا ڕێتێچووه كه مه‌عشووق دارای سیفه‌ته‌یلێ بێت له هیچ كه‌سێكی تردا چنگ نه‌كه‌ون، له‌م حاڵه‌یشدا ئه‌گه‌ر به خه‌یاڵ وای دابنێین ده‌كرێت كه‌سێكی تر هه‌مان ئه‌م سیفه‌تانه‌ی هه‌بێت، ئه‌م ئه‌وینه‌یش زاتیبوونه‌كه‌ی نامێنێت و جێگرتنه‌وه‌ی ئه‌وینی دووه‌م بۆی، ده‌بێته شتێكی مومكین.
ئێمه هه‌میشه له خه‌یاڵدانماندا ته‌واوییه‌كی خوازراو وێنا ده‌كه‌ین، ئاره‌زوویه‌كی خه‌ونپێوه‌بینراومان دێنینه به‌رهه‌ست، دواتر ئه‌و ته‌واوی و پڕی و بێكێمایه‌سییه له كه‌سێكدا به‌رجه‌سته ده‌كه‌ین، ئیتر عاشق ده‌بین، عاشقی ئه‌م په‌یكه‌ری كه‌ماڵ و جوانی و بێگه‌ردییه... ڕۆژ به ڕۆژیش بۆ ئه‌وه‌ی نا‌ئومێد و هیوابڕاو نه‌بین، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی شتی پێچه‌وانه‌ی خه‌ون و خه‌یاڵه‌كانمان له‌م په‌یكه‌ره‌دا ده‌بینین، هه‌ر ئاوی نه‌مامی ئاره‌زووه‌كه‌مان ده‌ده‌ین و به زۆر چرۆی خه‌یاڵه‌كه‌مان ده‌كه‌ینه شینه‌دارێكی ڕیشه‌كوتاو، تا ئه‌و ساته‌ی ڕێمان له په‌یكه‌رێكی گونجاوتر بۆ له قاڵبدانی خه‌یاڵ و ئاواته‌كانمان ده‌كه‌وێت، ئه‌وێ وه‌ختێ ورده ورده وێنه‌ی ناته‌واوییه‌كانی یاری پێشوو گه‌وره ده‌كه‌ین و له‌سه‌ریان ده‌وه‌ستین و لێیان ڕاده‌مێنین، ڕاستگۆیانه‌تر له‌گه‌ڵ خۆماندا ڕووبه‌ڕوو ده‌بینه‌وه، چون ترسێكمان له‌وه نه‌ماوه خه‌ونه‌كانمان هه‌ڵبوه‌رێن و خه‌یاڵه‌كانمان ببنه هه‌ڵم، ئیتر ئازایانه و ئازادانه واقیع ده‌سه‌لمێنین، لێره‌وه‌یه جێگره‌وه بۆ ئه‌وینی كۆن قه‌بووڵ ده‌كه‌ین و زۆریشمان لا ئاسایی ده‌بێت.
وه‌لێ ئه‌گه‌ر نێزیكی و ناسینی ته‌واوی مه‌عشووقێك بووه گرێ له دڵماندا و هه‌رگیز نه‌مانتوانی تێكه‌ڵی ببین و بۆمان نه‌لوا سه‌ر بۆ شه‌قام و كۆڵانه‌كانی ده‌روونی بكێشین، یا په‌یكه‌رێكی جوانتر و ته‌واوتر بۆ خه‌ونه‌كانمان نه‌هاته سه‌ر ڕێگه‌مان، ئه‌وه هه‌میشه یادی یه‌كه‌م دڵبه‌ر ده‌بێته حه‌سره‌تی سه‌ر دڵمان و وایش خه‌یاڵ ده‌كه‌ین چون ئه‌وینه‌كه‌مان زاتی بووه، بۆیه ناتوانین كه‌سی تری له جێ دانێین. وه‌لێ بۆ من ڕوونه كه وا نییه!
مرۆڤ عاشقی وێنه نابێت، عاشقی مانایه‌ك ده‌بێت كه وا گومان ده‌بات له‌و وێنه‌یه‌دا شێردراوه‌ته‌وه. مه‌عشووق بۆ ئه‌وه‌ی عیشقی عاشقه‌كه‌ی به كڵپه‌سه‌ندوویی بهێڵێته‌وه، یه‌كێك له‌م دوو ئه‌ركه‌ی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆ: یان ده‌بێت هه‌رگیز ڕێگه نه‌دات هه‌موو ڕازێكی لای ئه‌وینداره‌كه‌ی ڕۆ ببێت و ده‌ركه‌وێت و لێنه‌گه‌ڕێت ده‌ستی دڵداره‌كه‌ی بگاته گشت قوژبنێكی ڕووحی، یان پێویسته هه‌میشه له تازه‌بوونه‌وه و هه‌ڵزنیندا بێت بۆ لوتكه، یانی تا عاشق گه‌زێك به باڵای ڕووحیدا هه‌ڵده‌گه‌ڕێت، ئه‌م دوو گه‌ز باڵای به‌رزتر بكات!
ڕێیشی تێ ده‌چێت عاشق، -وه‌ك چۆن كه‌سێك به هۆی نه‌خۆشییه‌كه‌وه كه تووشی ده‌بێت، چه‌شه‌ی ده‌گۆڕێت و خواردنێكی له به‌رچاو ده‌كه‌وێت - به هۆی ده‌ردێكه‌وه هه‌ست و ڕوانینی بشێوێت و مه‌عشووقی لا دزێو یا ئاسایی ببێت، له‌م حاڵه‌دا با مه‌عشووقیش هه‌ر له فڕین و هه‌ڵزنیندا بێت، سوودێكی بۆ بووژاندنه‌وه‌ی عیشقه‌كه نابێت، چون كه‌مییه‌كه له‌وسه‌ره‌وه‌یه و په‌یوه‌ندیی به‌مه‌وه نییه، ئه‌و وه‌خته یان ده‌بێت دووباره ڕووح بچێته‌وه به‌ر عاشقه‌كه‌دا یا تاهه‌تایه ئه‌و عیشقه ده‌مرێت.
خوڵاسه‌ی قسه ئه‌وه‌یه ده‌ست بگرنه سه‌ر دڵتانه‌وه و مه‌هێڵن مه‌لی مه‌حه‌ببه‌ت چۆڵی بكات و ئاگری ئه‌وینی تێدا بكوژێته‌وه، ئیتر ئه‌و ته‌یری ئه‌وینه شه‌یدای كێها دانه و ئه‌و ئاگری عیشقه به كامه سووته‌مه‌نی ده‌گڕێت، گرنگ نییه، گرنگ خودی ئه‌وینه‌كه‌یه.