"ڕه‌خنه‌گرتن مافی بێده‌مه‌ته‌قه‌ی نووسه‌ران و خاوه‌ن بیرانه، له‌م ڕوانگه‌یه‌وه خۆشامهدی له هه‌موو ڕه‌خنه‌كان ده‌كرێت. به‌ڵام تێبینییه‌كی گشتی له‌باره‌ی ڕه‌خنه‌گرتنه‌وه هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه پێویسته لایه‌نی ناحه‌زایه‌تی و كه‌فوكوڵی ده‌روون تێكه‌ڵ به بابه‌ت نه‌كرێت، هه‌ر نه‌بێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خوێنده‌واره‌كانمان به‌و پیشه ناڕه‌وایه ڕانهیهن. پێویستیشه بزانین، ئه‌و نووسه‌ره‌ی له زه‌مینه‌ی وه‌رامدانه‌وه‌ی هێرشدا ده‌مودووی ناحه‌زانه به‌كار ده‌هێنێت، گوناهی ئه‌و نووسه‌ره‌ی نییه كه هه‌روا به‌رمه‌یدان و بێلزووم مل له هێرشبردن ده‌نێت. مافی لهسهرخۆكردنهوه، له حاڵه‌تی ڕه‌دكردنه‌وه‌ی هێرشدا، ده‌چێته پاڵ مافی ڕه‌خنه‌گرتن و، ده‌سته ته‌رازووی گلهییلێكردنی سووك هه‌ڵده‌ستێنێته‌وه."1
كتێبی«بۆ ئه‌وانه‌ی وه‌كو خۆمن»، كتێبێكی قانع خورشیده، تێیدا نووسه‌ر، جیاواز له كتێبه‌كانی تری، زیاتر گرنگیی به دڵ و جواننووسی ده‌دات. گه‌ر ڕه‌وا بێت كتێبه‌كانی نووسه‌ر دابه‌ش بكه‌ین بۆ كتێبه ئهقڵخورێنهكان و كتێبه دڵدوێنهكان، ئه‌وا ئه‌م كتێبه له سه‌رووی لیستی كتێبه دڵدوێنهكانهوهیه. وه‌ك خۆی ده‌ڵێت: "بۆ ئه‌وانه‌ی وه‌كو خۆمن دڵنامهی خوێنه‌رانی دهرددیته و خانه‌قای ئه‌هلی حاڵ و خه‌ڵوه‌تگه‌ی چلهنشینانی شه‌یدای ڕووناكییه."2 ئه‌م كتێبه، له چه‌ند به‌رگێك پێكهاتووه و، تا ئێستایش (ساڵی 2019) سێ به‌رگی لێ چاپ بووه .
له به‌رانبه‌ریشدا كتێبی «له ڕه‌خنه‌وه بۆ ڕه‌تكردنه‌وه»، له نووسینی ئارام سدیق، ده‌بینین كه كتێبێكی پێنج به‌شییه و به‌شێكی 39 لاپه‌ڕه‌یی تێدا، له‌ژێر ناوونیشانی "په‌تای گه‌نده‌ڵیی فیكری"، بۆ ڕه‌خنه‌گرتن له دوو به‌رگی سه‌ره‌تای كتێبه‌كه‌ی قانع خورشید ته‌رخان كراوه . هه‌مووان ده‌زانین ڕه‌خنه یانی چاك و خراپ كردن و پاك و پیس جیاكردنه‌وه. ده‌بێت ڕه‌خنه‌گر ئاماژه به جوانی و دزێوی و خاڵی هێز و لاوازیی ئه‌و نووسینه بكات كه ڕه‌خنه‌ی لێ ده‌گرێت، وه‌لێ به داخه‌وه ئارام سدیق له‌م كتێبه‌یدا ددانێكی خێری به قانع خورشید و نووسینه‌كانیدا نه‌ناوه و ترووسكاییه‌ك ڕووناكی و زه‌ڕڕه‌یه‌ك جوانیی تێدا نه‌دیون!
من وه‌ك خوێنه‌رێكی به‌رهه‌مه‌كانی قانع خورشید، وه‌ختێك كتێبه‌كه‌ی ئارام سدیقم خوێنده‌وه، هه‌ندێك شتم به‌ر دید كه‌وت، پێم وا بوو پێویسته شتێكیان له باره‌وه بێژم. به‌نده له‌م نووسینه‌دا تا توانیبێتم هه‌وڵم داوه بێلایه‌نانه قسه بكه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك پارێزه‌ری قانع خورشید و كتێبه‌كه‌ی ده‌رنه‌كه‌وم. وه‌لـێ ئه‌وه‌ی له درێژه‌ی خوێندنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كه‌دا ده‌یبینیت، به زۆری وه‌ك به‌رگریكردن له وی ده‌رده‌كه‌وێت. ئه‌وه‌ی به‌لامه‌وه ڕاست بووه، وتوومه و، دیتوومه كتێبه‌كه‌ی ئارام سدیق بێئینسافییهكی زۆری تێدایه، بۆیه كه سه‌نگی وته‌كانی قانع خورشید قورس‌تر بووه، هیی ئه‌وه‌یه ویستوومه ته‌رازوویه‌كی سه‌نگه‌لا هاوسه‌نگ بكه‌مه‌وه.
پێش چوونه نێو كرۆكی بابه‌ته‌كه‌وه، ده‌مه‌وێت هه‌م به قانع خورشید و هه‌میش ئارام سدیق به تۆی خوێنه‌ر بناسێنم. چون وا پێویسته، تۆ كه شتێكت خوێنده‌وه، بزانیت نووسه‌ره‌كه‌ی كێیه و، بیناسیت. به‌تایبه‌تی له بابه‌تی ڕه‌خنه‌ییدا، كه ڕه‌خنه‌ت خوێنده‌وه، ده‌بێت بزانیت ڕهخنێلێگیراو كێیه و ئه‌و شتهیشی كه نووسیویه‌تی، چییه. ئه‌ی ڕه‌خنه‌گر كێیه؟ چی وتووه؟
بۆ ئه‌وه‌ی بیانناسیت، من لێره‌دا به كورتی باس له هه‌ردووكیان ده‌كه‌م. بۆ ئه‌وه‌ی باشتریش له بابه‌ته‌كه تێبگه‌یت، ئه‌وا به‌رگی یه‌كه‌م و دووه‌می كتێبی بۆ ئه‌وانه‌ی وه‌كو خۆمن و، سێ به‌شی یه‌كه‌می كتێبی له ڕه‌خنه‌وه بۆ ڕه‌تكردنه‌وه، بخوێنه‌وه. خۆ ئه‌گه‌ر خۆت پێشتر خوێندبێتتنهوه، یان لێره‌دا بووه‌ستیت و بڕۆیت بیانخوێنییهوه، ئه‌وه له تێگه‌یشتنی بابه‌ته‌كاندا یاریده‌ده‌رێكی باشت ده‌بن.
ئارام سدیق كێیه؟
ئارام سدیق، لەدایكبووی ساڵی 1981ی زایینیه و له سلێمانی هاتووه‌ته دنیاوه. لە ساڵی (2000)ه‌وه نووسینه‌كانی بڵاو كردووه‌ته‌وه. وەکو ڕۆژنامەنووسی مەیدانی نزیکەی دە ساڵ کاری کردووە و چەند ساڵێکی دیکەیش لە بڵاوکراوە ئەدەبی و کولتوورییەکاندا بەردەوام بووە لە کارکردن و تا هەنووکەيش بەردەوامە. لە بواری خوێندندا تا پۆلی دوازدەی ئامادەیی تەواو کردووە.
لە سەرەتای ساڵی 2016دا لەگەڵ هەریەک لە "زانیار محەمەد و پشتیوان عەلی"دا یەکەم ژمارەی بڵاوکراوەی "شیعر"یان بڵاوکردەوە، کە تایبەتە بە خوێندنەوە و ڕەخنەی شیعری کوردی و وەرگێڕانی شیعری بیانی، تا هەنووکە حەوت ژمارەی لێ بڵاوکراوەتەوە .
لە مانگی 11ی 2018دا لەگەڵ "هۆگر ئارام"دا ناوەندی رۆشنبیریی ڕەهەندی دامەزراندووە و سەرپەرشتیی بەشی چاپ و چالاکییەکانی ناوەندەکە دەکات .
خاوەنی چەندین نووسین و لێكۆڵینەوەی ئەدەبییە لە ڕۆژنامە و گۆڤارە ئەدەبییەكاندا. هاوكات یەكەم كتێبی چاپكراوی لە ساڵی 2005دا بڵاوكردووه‌تەوە. خاوەنی ئەم کتێبە چاپکراوانەی خواره‌وه‌یە:
- دۆزی ژن و هەزارەی نوێ، وتار و چاوپێكەوتن، 2005
- خۆكوژی، لێكۆڵینەوە لە دیاردەی خۆکوشتن، 2007
- نووسەران و هەڵبژاردنی مەرگ، لێكۆڵینەوە، 2008
- گەنج و شوناس، گفتوگۆ لەمەڕ پرسی گەنج، 2008
- ئیستاتیكای گێڕانەوە، لێكۆڵینەوە، 2009
- ناونیشان لە چیرۆكی كوردیدا، لێكۆڵینەوەی ئەدەبی، 2010
- لە تێكستەوە بۆ مانا، لێكۆڵینەوەی ئەدەبی، 2011
- دەستپێك لە چیرۆكی كوردیدا، لێكۆڵینەوەی ئەدەبی، 2012
- سەفەر بە ئەندێشەی پیتدا، لێكۆڵینەوەی ئەدەبی، 2012
- نەمری و گێڕانەوە، لێكۆڵینەوەی ئەدەبی، 2012
- به‌ره‌و ڕۆمانی كوردی، لێكۆڵینەوەی ئەدەبی، 2015
- زمان و شیعرییەت، لێكۆڵینەوەی ئەدەبی، 2017
- چۆن خوێندنەوە بکەین بە کو‌لتوور؟ (وتار و لێکۆڵینەوە) 2018
- لە ڕەخنەوە بۆ ڕەتکردنەوە، وتار و لێکۆڵینەوەی ڕەخنەیی، 2018
قانع خورشید كێیه؟
قانع خورشید، ساڵی 1982، لە گوندی شێخ لەنگەر لە زەنگابادی گەرمیان، هاتووەتە دنیاوە. خوێندنی بنەڕەتی و ئامادەیيی لە ناحیەی «صمود» تەواو کردووە و چووەتە کۆلێژی شەریعەی زانکۆی دهۆک و دوای ساڵێک خوێندن لەوێ، هاتووەتە هەولێر و سێ ساڵەکەی تری زانکۆی، لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر، تەواو کردووە. دوای 9 ساڵ مامۆستایەتی، بۆ درێژەدان بە خوێندن چووەتە "کۆلێژی ئیلاهییات و مه‌عاریفی ئیسلامیی زانینگەی تاران" و، لە سەرەتای ساڵی 2017دا بڕوانامەی ماستەری لە بەشی "ئەدیان و عیرفان"ی ئەو کۆلێژەدا بە دەست هێناوە، ماستەرنامەکەی دەربارەی "دیدگا کەلامی و عیرفانییەکانی ئەحمەدی خانی" بووە.
بەڕێزیان جگە لە پیشەی مامۆستایەتی، کاری سەرەکییان نووسینە، ئەو تا ئێستا 24 کتێبی چاپ بووە و چەند کتێبیکیشی بە هەرسێ زمانی عەرەبی، فارسی و کوردی بۆ چاپ ئامادەیە.
هەروەک درێژەی مامۆستایەتییەکەی چەندین قوتابیی لە دەرەوەی قوتابخانە حکوومییەکانەوە هەیە و بەجدی کار بۆ پێگەیاندنیان دەکات و بەڕێوەبەری ڕێکخراوی هاوسانی بۆ پەروەردە و مهعریفهیە و دەیان بەرنامەی لە تەلەفزیۆن و ڕادیۆکانەوە هەبووە و هەیە و لە چەندین شاری کوردستان کۆڕ و سیمیناری پێشکەش کردووە .
ناوی کتێبە لەچاپدراوەکانی قانع خورشید:
- عیشق لە نێوان عەقڵ و ئاییندا
- چاوەکانی هۆشمەند
- عیشق وەک چەمکێک بۆ ژیان
- مرۆڤ و پەیامداری
- زۆرخۆری و زۆرخەوی
- کەمتەرخەمی
- ژیان چییه؟
- ئەڤین تەنیا بیانووی ژین
- بۆ ئەو گەنجانەی دەچنە زانکۆ
- لە خەڵوەتدا
- قومێک ئاوی سارد بۆ گەروویەکی تینوو
- برینی پرسیار و هەتوانی وەڵام
- فڕی فڕی، قەل فڕی
- مەلای گەورە کوێخای دیوەخانی هزر و میوانی دیوانی شیعر
- ئەبووحامدی غەززالی و تێڕوانینی بۆ زانستی کەلام
- ئیستیمنا لە نێوان شەرعزان و پزیشکاندا
- دیاردەی هەڵگەڕانەوە لە دین (به هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ ڕێناس ئه‌حمه‌ددا)
- دەرکردنی نرخ لە زەکات و سەرفترەدا
- لە شامەوە بۆ شیراز
- بۆ ئەوانەی وەکو خۆمن (سێ به‌رگ)
- تەفسیری مەلای گەورە
- دیوەکەی تری جەلالەدین
- سەلەفییەت، واتا و مێژوو
- سیستەمی ستەمکاری، سەرهەڵدان و ڕووخانی
په‌یكه‌ره شكێنراوهكان3
ڕه‌جا نه‌ققاش له نووسینێكیدا به‌و ناوه‌ی سه‌ره‌وه‌وه، ده‌ست ده‌خاته سه‌ر په‌تایه‌كی كوشنده‌ی گرۆیه‌ك له ئاده‌میزاده‌كان، ئه‌و ده‌ڵێت:
"(كاتێك تازیاری4 ده‌بێت به مه‌ینه‌ت ... )
له ژیاندا، زۆر جار ڕێت له كه‌سی له‌م جۆره ده‌كه‌وێت ...
كاتێك كچێكی جوان ده‌بینێت، بزه‌یه‌كی مانادار دێته سه‌ر لێوی. وه‌ختێك لێی ده‌پرسیت: بۆچی پێده‌كه‌نیت؟ له وه‌ڵامدا پێت ده‌ڵێت: كاكه گیان! ئه‌وه كچێكی بهدڕهوتاره. ئه‌گه‌ر كه‌سێكی سه‌ركه‌وتوویش له شاشه‌ی تیلیفزیۆنهوه ببینێت، ده‌ڵێت: ئه‌و كه‌سه شایه‌نی ئه‌م ناوبانگه نییه، به ڕێكه‌وت و دووڕوویی و ماستاوچێتی, به‌م شوێنه‌ی ئێستای گه‌یشتووه. ئه‌گه‌ر كتێبی نووسه‌رێكی سه‌ركه‌وتوویش بخوێنێته‌وه، تاكه خه‌می ده‌بێت به‌وه‌ی بۆتی بسه‌لمێنێت ئه‌م نووسه‌ره به هه‌ر هۆیه‌ك بێت، كه‌سێكی دۆڕاوه .
نهێنیی ئه‌م جۆره كه‌سانه چییه؟
ئه‌م ئاده‌میزاده یه‌كێكه له‌و جۆره كه‌سانه‌ی چاویان به تازیاریی ئه‌وانی تردا هه‌ڵنایه‌ت، دژایه‌تیی سه‌رتری5 ده‌كه‌ن، له بینینی كه‌سانی خاوه‌ن به‌هره‌ی پرشنگداردا، ترسێكی قووڵیان لێ ده‌نیشێت. پێیان خۆش نییه په‌یكه‌رێكی جوان كه چاوه‌كان به سه‌رسوڕمانییه‌وه لێی ده‌ڕوانن و، دڵه‌كانیش به قوڵترین ههستهكانیانهوه لێی كۆ ده‌بنه‌وه، ببینن. وه‌لێ گه‌ر ئه‌م په‌یكه‌ره بشكێت و ببینن پارچه‌كانی وردوخاش بوون، به ته‌واوه‌تی دڵیان ئاو ده‌خواته‌وه !
كه‌سی تازیار، ڕه‌خنه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆیه بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی خاوه‌ن ده‌روونێكی له‌م جۆره‌ن. چونكه ناتهواوییهكانیان زه‌ق ده‌كاته‌وه و، بۆمانی ده‌رده‌خات ئه‌مانه تا چ ئه‌ندازه‌یه‌ك له‌سه‌ر ته‌خته‌ی ژیاندا ده‌ژین .
ئه‌م هه‌سته‌یش ده‌بێته هۆی پهیدابووونی نیگه‌رانی، به‌ڵكو ده‌بێته هۆی دروستبوونی ترس. ئه‌ی چۆن چۆنی ده‌كرێت به‌سه‌ر ئاگری ئه‌م هه‌سته سووتێنه‌ره‌دا زاڵ ببن؟
ئاخر چۆن ده‌كرێت به ده‌ستێكی خاڵی له سه‌ركه‌وتنه‌وه به‌رانبه‌ر سه‌ركه‌وتن بووه‌ستیت، بێ هیچ هێزێك به‌رانبه‌ر هێز بگریت و بێ هه‌بوونی جوانییه‌كی هاوشان و ته‌ریبیش، به‌رانبه‌ر جوانی ڕاوه‌ستیت؟
ڕێگای ئه‌و كاره، ئه‌وه‌یه ڕه‌خنه له كه‌سی تازیار بگریت، وێنه‌ی بڕووشێنیت، باوه‌ڕ به خۆت پاشان به خه‌ڵكییش بهێنیت، كه ئه‌و كه‌سه هیچ گرنگییه‌كی نییه .
نه‌ك هه‌ر ئه‌مه، به‌ڵكو ئه‌م كاره ده‌بێت به ئه‌رك و په‌یامێكی مه‌زن، ئه‌ركی سه‌لماندنی نهتواناییی كه‌سایه‌تییه هه‌ڵكه‌وتووه‌كان و، گه‌ڕان به دووی هه‌ڵه‌كانیاندا، خۆ ئه‌گه‌ر له ڕاستدا هه‌ڵه‌یان نه‌بوو، به زۆر دروستكردنی ئه‌م جۆره هه‌ڵانه ده‌بێته پیشه و په‌یام!
كاتێكیش كه‌سی هه‌ڵكه‌وتوو داده‌ڕووخێت، ده‌روونی ئه‌و دوژمنانه‌ی كه تازیارییهكهی ئه‌م خولقاندوونی، ئارام ده‌بێته‌وه و، ئاگری ئیره‌ییان داده‌مركێته‌وه و، هه‌موو شتێك هێدی و دڵنیا ده‌بێته‌وه و ئیدی ئه‌و هێزه ده‌ره‌كییه سه‌رتره بێزاریان ناكات . "
ئه‌م نووسینه‌ی نه‌ققاش ڕێك بۆ ئێره و بۆ ئه‌م باسه‌ی ئێمه نووسراوه!
ده‌ردی له‌بیرچوونه‌وه
من سه‌ره‌تا و پێش وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌كانی به‌ڕێزیان له قانع خورشید، ئاماژه به چه‌ند كه‌موكورتییه‌كی نووسینه‌كه‌ی كاك ئارام ده‌كه‌م و هه‌ندی كێمایهسیی ده‌خه‌مه ڕوو.
یه‌كێك له ناخۆشترین شته‌كان، كه له كتێبدا به‌دی بكرێت، دووباره‌بوونه‌وه‌یه. به‌ڕێز ئارام سدیق له كتێبه‌كه‌یدا، له دووباره به‌كارهێنانه‌وه‌ی وشه و زاراوه، تێیپه‌ڕاندووه. له چه‌ندین شوێندا په‌ره‌گراف و چه‌ندین بڕگه‌ی كتێبه‌كه‌ی خۆی دووباره ده‌كاته‌وه، له كاتێكدا كه‌سی ڕه‌خنه‌گر ده‌بێت زۆر وریایانه‌تر بنووسێت و قه‌ڵه‌م به كار بهێنێت.
به‌شی یه‌كه‌می كتێبه‌كه‌ی ئارام سدیق، به درێژی و له 42 لاپه‌ڕه‌دا باس له هونه‌ری ڕه‌خنه‌گرتن ده‌كات، به‌ڵام نووسه‌ر وه‌ك بڵێی بیری نه‌ماوه باسی شتی وای كردبێت، دووباره و له سه‌ره‌تای به‌شی سێیه‌مه‌وه، به درێژایی 7 ڕووپه‌ل، باس له ڕه‌خنه ده‌كاته‌وه! ده‌نووسێت: "به‌ر له‌وه‌ی ڕه‌خنه‌ی كاره‌كانی قانیع خورشید بكه‌م، ده‌مه‌وێت كه‌مێك له‌باره‌ی نه‌بوونی ڕه‌خنه‌وه بدوێم."6
وه‌ختێكیش ده‌گه‌یته لاپه‌ڕه 93ی كتێبه‌كه، هه‌ستێكی سه‌یرت لا دروست ده‌بێت، چه‌ند شتێك ده‌خوێنییه‌وه و، به خۆت ده‌ڵێیت: ئه‌رێ من ئه‌م وشانه‌م له شوێنێكی تردا نه‌خوێندووه‌ته‌وه!؟ پێم خۆشه خوێنه‌ری به‌ڕێز خۆی كتێبه‌كه‌ی ئارام سدیق په‌یدا بكات و چاوێك به لاپه‌ڕه 11دا بخشێنێت، ده‌خوازم دوای ئه‌وه حه‌وسه‌ڵه‌ی درێژه‌دان به خوێندنه‌وه‌ی بمێنێت!
بڕوانن: "كاتێک یازده ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ڕه‌خنه‌یه‌كم له‌سه‌ر دیوانهشیعرێكی هاوڕێیه‌كی شاعیر نووسی، نه‌ك نه‌مده‌ویست ئازاری بده‌م، به‌ڵكو ده‌مویست ببێته خاڵێك بۆ به‌خۆداچوونه‌وه. ئه‌و شاعیره به‌ڕێزه، كه هاوڕێشم بوو، نه‌ك ده‌نگی لێ دابڕیم، به‌ڵكو لای هه‌ندێك هاوڕێی خۆم گوتبووی هه‌ر نایناسم و ئه‌وه كێیه؟! بێگومان ئه‌مه‌ی وه‌كو جۆرێك له سووكایه‌تی گوتبوو، چونكه ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌ی پێ قه‌بووڵ نه‌كرا و تا هه‌نووكه‌ش هه‌ر ده‌نگی لێ دابڕیوم. ئه‌وه بۆ من كێشه نییه كه ده‌نگ داده‌بڕێت یان نا، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی به‌لای منه‌وه كێشه‌یه ئه‌وه‌یه: ئه‌و شاعیره به‌ڕێزه نه‌ك ئه‌و سه‌رنج و ڕه‌خنانه نه‌بوونه هۆی خۆنوێكردنه‌وه‌ی شیعریی، (كه دڵنیام هه‌ندێك خاڵی تێدا بوو ده‌یتوانی به سوودی خۆی وه‌ریبگرێت)، به‌ڵكو به‌رگی دووه‌می دیوانه‌كه‌شی چاپ و بڵاو كرده‌وه و له‌سه‌ر هه‌ڵه شیعرییه‌كانی به‌رده‌وام بوو"7.
"یازده ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ڕه‌خنه‌یه‌كم له‌سه‌ر به‌رگی یه‌كه‌می دیوانه‌شیعری شاعیرێكی هاوڕێم نووسی، كه ژماره‌یه‌كی زۆر ڕه‌خنه‌گری عه‌ره‌ب و كوردیش ستایشێكی زۆریان كردبوو، به‌ڵام من نهكهوتمه ژێر كاریگه‌ریی ئه‌و هه‌موو ستایشه و هاوكات ئه‌و هاوڕێیهتییهشی له‌نێوان خۆم و ئه‌و شاعیره‌دا هه‌بوو. له‌و كاته‌وه تا ئێستا ئه‌و شاعیره‌ی هاوڕێم ده‌نگی لێ دابڕیوم. وه‌ك ئه‌وه‌ی من نووسینه‌كه‌م بۆ دژایه‌تی و سڕینه‌وه‌ی ئه‌و نووسیبێت"8.
كورد ده‌ڵێت: ئه‌مه مشتێكه له خه‌روارێك. چه‌ندین شتی تری وای تێدایه، وه‌لێ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م نووسینه درێژ نه‌بێته‌وه، هه‌ر ئه‌م دوو نموونه‌یه‌م پێ به‌قه‌ده‌ره9.
لێره‌دا ئێمه له‌به‌رده‌م دوو ئه‌گه‌رداین، یه‌كه‌م: كاك ئارام كێشه‌ی بیرچوونه‌وه‌ی هه‌یه و یادگه‌ی یارمه‌تیی نادات، ئه‌گه‌ر وا بێت، ئه‌وه پێویستی به وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر هه‌یه و باشتر وه‌هایه تا چاك ده‌بێته‌وه ده‌ست له نووسین هه‌ڵگرێت، چون ئه‌م مه‌سه‌له‌یه تووشی گرفتی گه‌وره‌ی ده‌كات.
دووه‌م: به‌ڕێزیان چه‌ند زانیاری و مه‌عریفه‌یه‌كی دیاریكراو و كه‌میان پێیه، وه‌لێ بۆ گه‌وره نیشاندانی نووسین و كاره‌كانی پاته‌یان ده‌كاته‌وه. ئه‌مه‌یش هه‌ر ده‌رده و ده‌بێت ده‌رمان بكرێت.
ئاگادارنه‌بوون له كه‌لتووری ڕه‌خنه‌گرتن و نه‌بوونی ئه‌ده‌بی ڕه‌خنه‌گرتن
ئارام سدیق پێی وایه له ساڵانی حه‌فتا و هه‌شتاكاندا ئه‌ده‌ب و كه‌لتووری كوردی "له سه‌ره‌تاییترین ئاستی ده‌ربڕین و زۆر جاریش وێرانترین حاڵ‌دا بوون"10 و ده‌بێژێت: "ئه‌وه‌ی له‌و سه‌رده‌مه‌دا كاری كردووه به زمانێكی وێران و به دیدگایه‌كی كۆڵه‌وار و كورتبینهوه ده‌قی خوێندۆته‌وه و ڕوانینه‌كانی پڕه له بۆچوونی پارادۆكس (پێكناكۆك)."11
ڕاستییه‌كه‌ی وا دیاره ئارام نایه‌وێت ددانی خێر به كه‌ڵه نووسه‌رانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا بنێت و حسێبێك بۆ مه‌لا كه‌ریمی موده‌ڕیس و كوڕه‌كانی، مه‌سعوود محه‌مه‌د، عه‌لائه‌دین سه‌جادی، محه‌مه‌دی خاڵ، شێركۆ بێكه‌س، فه‌رهاد شاكه‌لی، عه‌بدوڵا په‌شێو و ده‌یان ناوی دره‌وشاوه و دیار ناكات، یا هیچ نه‌بێت ئاگای له وتاره ڕه‌خنه‌ییه‌كه‌ی محه‌مه‌د ئه‌مین هه‌ورامانی، به ناوی «كوردواته‌نی»یه‌وه، نییه، كه له ساڵی 1977دا بڵاوكراوه‌ته‌وه و، تێیدا ڕه‌خنه‌ی له دوو نووسینی مه‌سعوود محه‌مه‌د گرتووه و، مه‌سعوود محه‌مه‌دیش له ساڵی 1978دا به كتێبۆڵكهی «به‌ره‌و ڕاسته شه‌قامی ئاخاوتنی كوردیی» وه‌رامی داوه‌ته‌وه. ده‌زانم ئه‌و وتاره‌ی نه‌خوێندووه‌ته‌وه، چون گه‌ر بیخوێندایه‌ته‌وه، ئه‌ده‌بی ڕه‌خنه‌گرتنی له كتێبه‌كه‌یدا ڕه‌چاو ده‌كرد و ده‌یزانی ڕه‌خنه‌كاری ڕاسته‌قینه چۆن چۆنی ڕه‌خنه ده‌گرێت .
له‌وه‌یش پهندئامێزتر ئه‌وه‌یه، ئارام سدیق وته و ئامۆژگارییه‌كانی خۆیشی له‌بیر ده‌چێته‌وه كه ده‌ڵێت: "بێگومان نووسینی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی چالاكییه‌كی ڕۆشنبیرییه و دووره له هه‌ر جۆره جنێودان و ڕقێكی شه‌خسی. ڕه‌خنه‌كار كه نووسینێكی ڕه‌خنه‌یی ده‌نووسێت هه‌وڵی خۆبه‌تاڵكردنه‌وه‌ی ڕقه په‌نگخواردووه‌كانی نادات به‌رامبه‌ر به نووسه‌ر."12، پاشانیش ڕێك پێچه‌وانه‌ی قسه‌كانی خۆی، ده‌ست به جوێندان و سنوورشكێنی و ناوزڕاندن ده‌كات و، قانع خورشید و نووسینه‌كانی، به‌م وشانه وه‌سف ده‌كات: "ئاستنزم، بێفیكر، دهردهدڵنووس، بنووس، بێمه‌عریفه، ساخته، خۆبهنووسهرزان، كۆیله، كاوێژكار، حه‌ماقه‌ت، گه‌مژه‌یی، هیچنه‌گوتن..."13!
له هه‌مووی خهندههێنتر ئه‌وه‌یه، خۆی به "نووسه‌ری ڕاسته‌قینه"14 ده‌ناسێنێت!
(له چه‌ندین شوێنی تریشدا به خۆیدا هه‌ڵده‌ڵێت، له درێژه‌ی ئه‌م نووسینه‌دا ئه‌م ڕاستییه ده‌بینیت!)
قانع خورشید، موڵكی گه‌ڕه‌كێكه!
"دهردهدڵكارێكی وه‌كو قانیع خورشید ئه‌وه‌نده ڕۆژانه‌یی بیر ده‌كاته‌وه، كه ناتوانێ سنووری شار و گه‌ڕه‌كه‌كه‌ی تێپه‌ڕێنێت"15.
ده‌كرێت به ساده‌یی و هێمنی بپرسین: قانع خورشید دانیشتووی گه‌رمیانه، تۆیش نیشته‌جێی سلێمانییت، ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌یتوانیوه سنووری گه‌ڕه‌ك و شاری خۆی تێپه‌ڕێنێت، تۆ چۆن ناویت بیستووه و هه‌ردوو كتێبهكهیشیت خوێندووه‌ته‌وه؟ بۆچی به‌شێكی كتێبه‌كه‌ی خۆتت بۆ ڕه‌خنه‌گرتن له‌و ته‌رخان كردووه؟ !
قانع خورشید، دانیشتووی ناحییه‌ی صموده، پێده‌چێت ئارام سدیق نه‌زانێت صمود شار نییه و شارۆچكه‌یه، ئه‌گه‌رنا ده‌یوت "ناتوانێت سنووری گه‌ڕه‌ك و شارۆچكه‌كه‌ی تێپه‌ڕێنێت"!
بۆ ئه‌م قسه‌یه‌ی ئارام سدیق، مه‌گه‌ر به‌وه پاساوی بۆ بێنینه‌وه بڵێین: ده‌كرێت زۆریی كار و چالاكییه‌كان و، زه‌قیی ناوی قانع خورشید له گه‌رمیاندا، به‌رچاویان له بینینی ناوی ئه‌و له سه‌رانسه‌ری كوردستاندا، گرتبێت.
قانع خورشید، له ده‌ڤه‌ری گه‌رمیانه‌وه بیگره تا ده‌گاته شاره‌زوور، هه‌ڵه‌بجه، چه‌مچه‌ماڵ، سلێمانی، ڕانیه، هه‌ولێر، ده‌ڤه‌ری گۆران و بادینان، كۆڕ و سیمینار و به‌رنامه‌ی بووه و له هه‌موو ئه‌و ناوچانه و به‌ڵكو له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش خوێنه‌ر و گوێگری هه‌یه، ئه‌و یه‌كێكه له‌و كه‌سانه‌ی تا ئێستایش ده‌سه‌ڵات سڵی لێ ده‌كه‌ن و حه‌زیان به ده‌ركه‌وتنی له شوێنی حكوومی و ئیدارییهكاندا نییه، دوایین جاریش له ناوه‌ڕاستی مانگی ئاپریلی ئه‌مساڵ(2019)دا نه‌یانهێشت له زانكۆی گه‌رمیان سیمیناری «گه‌نج و ئامانج» ببه‌ستێت!
ده‌توانین بڵێین، قانع خورشید، گه‌ر له كوردستاندا ڕابه‌ری بیری میانڕه‌وی نه‌بێت، به دڵنیاییه‌وه یه‌كێكه له كه‌سه پێشڕه‌وه‌كانی ئه‌و بوار و سه‌نگه‌ره. ئه‌و، دامه‌زرێنه‌ری «پرۆژه‌ی بیری میانڕه‌و»ه، كه دیارترین پرۆژه‌ی میانڕه‌وانه‌یه بۆ نووسین و وه‌رگێڕانی كتێب و بڵاوكردنه‌وه‌یان و، ئێستایش هه‌ر خۆی ئه‌م پرۆژه‌یه به ڕێوه ده‌بات .
ئه‌مه جگه له‌وه‌ی نه‌وه‌یه‌كی چالاك و میانڕه‌وی له گه‌نجان، له‌سه‌ر ئاستی كوردستاندا په‌روه‌رده كردووه، كه ئه‌وانیش له نێو زانكۆكان و ناوه‌نده ڕووناكبیرییهكانهوه درێژه‌پێده‌ری ڕێی هاوسه‌نگی و دووری له پهڕگیرین و، مژووڵی په‌روه‌رده‌كردنی نه‌وه‌ی سێیه‌م و چواره‌می ئه‌و هزره‌ن!
ئه‌ڵبه‌ت یه‌كه‌مین كتێبی قانع خورشید، كتێبی «عیشق له‌نێوان عه‌قڵ و ئاییندا»یه، كه‌سێتییه‌كی دیاری وه‌ك مامۆستا سه‌یید ئه‌حمه‌د پێنجوێنی پێیدا چووه‌ته‌وه و هه‌ر ڕێنیشاندان و هاوكاریی ئه‌ویش چاپ كراوه، زانراویشه كه مامۆستا سه‌یید ئه‌حمه‌د یه‌كێكه له گه‌وره زانایانی كوردستان و كه‌سێتییه‌كی ناسراو و به‌رچاوه. ئه‌مه یانی قانع خورشید، هه‌ر له یه‌كه‌م كتێبییه‌وه سنووری ناحیه و شار و ده‌ڤه‌ری خۆی تێپه‌ڕاندووه.
پاسیڤبوونی قانع خورشید
ئارام سدیق، قانع خورشید به كه‌سێكی پاسیڤ و نائومێدكه‌ر ده‌ناسێنێت و، ته‌نیا چه‌ند ده‌قێك له یه‌ك كتێبی دێنێت و، خۆی وه‌كو دادوه‌ر، له دادگای پاسیڤناسێنهرهكانهوه، كه كتێبه‌كه‌ی خۆیه‌تی، بڕیاری پاسیڤبوونی قانع خورشید ده‌دات.
وا ده‌زانم شتێكی ڕوون و زانراوه كه فیكر و هزری نووسه‌رێك، به خوێندنه‌وه‌ی كتێب و دووانی ناناسرێت و, پێویست به‌وه ده‌كات هه‌موو یان زۆرینه‌ی كاره‌كانی له به‌رچاو بگیرێت، ئه‌نجا بخرێته به‌ر نه‌شته‌ری ڕه‌خنه.
قانع خورشید، نزیكه‌ی 25 كتێبی، له نووسین و وه‌رگێڕان، چاپ بووه، كتێبی «بۆ ئه‌وانه‌ی وه‌كو خۆمن»، یه‌كێكه له كتێبه‌كانی. ئارام سدیق بێ ئه‌وه‌ی كتێبه‌كانی تری بخوێنێته‌وه و، بۆ ئێمه‌ی خوێنه‌ر باسیان بكات، به‌بێ ئه‌وه‌ی پێمان بڵێت، قانع خورشید زنجیره‌یه‌ك كتێبی بۆ گه‌نجان نووسیوه، كه چه‌ندین لاو، دوای خوێندنه‌وه‌یان، له بیری ڕه‌ش و توند و په‌ڕگر پاك بوونه‌ته‌وه و پڕ بوونه له هه‌ستی چالاكی و مرۆدۆستی و گه‌شبینی. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه چه‌ندین جار، له‌لایه‌ن خاوه‌ن بیره توندڕه‌وه‌كانه‌وه، به نووسین و قسه و هه‌ڕه‌شه هێرش كراوه‌ته سه‌ر ژیان و ماڵ و كه‌رامه‌تی، ئه‌میش بێ گوێدان به‌و كه‌سانه، به‌رده‌وامیی به پرۆژه‌كه‌ی خۆی داوه. بۆیه به بیركردنه‌وه‌یه‌كی خێرا، گورجێ ده‌گه‌ینه ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی ئه‌م قسانه‌ی ئارام سدیق هیچ به‌ڵگه‌یه‌كیان نییه و ده‌كرێت ئێمه له به‌رانبه‌ر ئه‌ودا، به به‌ڵگه‌وه بڵێین: قانع خورشید یه‌كێكه له ئاكتیڤیستترین نووسه‌ره‌كانی كوردستان.
ئایا نووسینه‌كانی قانع خورشید هه‌موویان ده‌رده‌دڵن؟
وه‌ك وتمان، كاك ئارام ته‌نیا چه‌ند ده‌قێكی له یه‌ك كتێبی قانع خورشیده‌وه هێناوه، بۆیه من لێره‌دا، له جیاتیی كاك ئارام، كه ئه‌مه ئیشی ئه‌وه، به كورتی ئاماژه به ناوی هه‌ندێك له‌و نووسین و كتێبه‌كانی خورشید ده‌كه‌م كه جیا كتێبه سۆفییانه و دڵدوێنهكانی، نووسیونی.
قانع خورشید چه‌ندین نووسینی زانستیی قووڵ و لێكۆڵینه‌وه‌ی هه‌یه، له‌وانه:
عیشق له‌نێوان عه‌قڵ و ئاییندا
ئیستیمنا له‌نێوان شه‌رعزان و پزیشكاندا
زۆرخۆری و زۆرخه‌وی
مه‌لای گه‌وره، كوێخای دیوه‌خانی هزر و میوانی دیوانی شیعر
ئەبووحامدی غەززالی و تێڕوانینی بۆ زانستی کەلام
هه‌روه‌ك چه‌ندین كتێبی فیكری و گرنگی هه‌ن، كه تێیاندا تاوتوێی زۆر پرسی هه‌ستیاری كردووه، له‌وانه:
مرۆڤ و په‌یامداری
برینی پرسیار و هه‌توانی وه‌ڵام
قومێك ئاوی سارد بۆ گه‌روویه‌كی تینوو
له شامه‌وه بۆ شیراز
درۆكردن به ده‌م قانع خورشیده‌وه!
زۆر بێزراوه، تۆ شتێكت نه‌وتبێت و، كه‌سێك بڕوات و به درۆوه بڵێت، تۆ ئه‌و قسه‌یه‌ت كردووه.
ئارام سدیق ده‌نووسێت: "ئه‌م نووسه‌ره هه‌ر له ناونیشانه‌كه‌وه پێیان ده‌ڵێت: "خوێنه‌ری ئه‌زیز، ئه‌ی ئه‌وانه‌ی ده‌تانه‌وێت وه‌كو من بیربكه‌نه‌وه، ئه‌م كتێبه بۆ ئێوه‌یه.""16 به بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه بۆ هیچ سه‌رچاوه‌یه‌ك بكات كه، قانع خورشید له چ شوێنێكدا شتی وای نووسیوه؟! چونكه قانع خورشید، نه شتی وای وتووه، نه شتی وای نووسیوه و نه مه‌به‌ستی له ناوی كتێبه‌كه‌یش ئه‌و په‌یامه‌یه!
هیواخوازم خوێنه‌ری بیرتیژ، سه‌رنجی ئه‌و هه‌ڵه ڕێزمانییهیشی دابێت كه، زۆر به زه‌قی له نووسینه‌كه‌ی كاك ئارام‌دا دیاره و له خۆوه سه‌لیقه ده‌شێوێنێت! ئه‌و نووسیویه‌تی: "خوێنه‌ری ئه‌زیز، ئه‌ی ئه‌وانه‌ی ..." له حاڵێكدا "خوێنه‌ر" تاكه و "ئه‌وانه"، له زمانی كوردیدا بۆ كۆ به‌كارده‌هێنرێت ! شێوه ڕاسته‌كه‌ی ئه‌م ڕسته‌یه ئاوایه: خوێنه‌رانی ئه‌زیز، ئه‌ی ئه‌وانه‌ی ده‌تانه‌وێت وه‌كو من بیربكه‌نه‌وه، ئه‌م كتێبه بۆ ئێوه‌یه.
قانع خورشید، هه‌ر له «بۆ ئه‌وانه‌ی وه‌كو خۆمن»دا ده‌نووسێت: "كۆمه‌ڵێك كه‌س وه‌كو مێشههنگن و هه‌ندێكی دیكه ڕێك وه‌كو مێش. ئه‌ویان به‌سه‌ر گوڵه‌وه ده‌نیشێت و ئه‌میان به‌سه‌ر گووه‌وه"17!
ئارام سدیقیش، ئه‌م وتانه به "قسه‌ی زل"18 ناو ده‌بات.
به‌ڵام باسه‌كه‌ی ئێمه ئه‌وه نییه. ئارام سدیق ئه‌و قسه‌یه و قسه‌یه‌كی تری نزیك له‌مه‌یش ده‌بات: "نووسه‌رانیش وه‌كو مێش و مێشهه‌نگ وان، هه‌ندێكیان كه له‌سه‌ر بیری پاك و گه‌ش و پیرۆز ده‌نیشنه‌وه و كتێبی پاك و ڕووناك ده‌نووسن، هه‌ندێكیشیان كه له‌سه‌ر شتی ڕزیو و لاكی تۆپیو دهنشنهوه، كتێبی چه‌وت و قسه‌ی قه‌لپ بۆ خه‌ڵكی جێده‌هێڵن."19 ئینجا ئارام ده‌ڵێت: "وه‌ك له‌م قسانه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌م دهردهدڵكاره خۆی به مێشهه‌نگ ده‌زانێت و خۆشی به نه‌سلی ئه‌و نووسه‌رانه ده‌زانێت كه كتێبی چاك و ڕووناك ده‌نووسن."20
به‌ڵام دووباره، ئه‌م قسه‌یه‌یش هیچ ژێده‌رێكی له‌گه‌ڵدا نییه و، قانع خورشید هه‌رگیز شتی وای نه‌وتووه و، ئه‌وه‌ی بۆ خوێنه‌ر جێهێشتووه كه بڕیار بدات: كێ مێشه و، كێ مێشهه‌نگ؟
پێشتر بینیمان كه ئارام سدیق چۆن خۆی به «نووسه‌ری ڕاسته‌قینه» ده‌زانی. وا دیاره له چاوی خۆیه‌وه بۆ قانع خورشیدیش ده‌ڕوانێت و، وا ده‌زانێت ئه‌ویش داده‌نیشێت و ستایشی خۆی ده‌كات. ده‌كرێت ئارام ئه‌و وه‌همه‌ی بۆ خۆی دروستكردبێت كه: مادام قانع خورشید به خۆیدا ده‌نازێت و، خۆی به مێشهه‌نگ ده‌شوبهێنێت، ئاساییه منیش خۆم به «نووسه‌ری ڕاسته‌قینه» بزانم و، ئه‌وانی دی به «نووسه‌ری پاسیڤیست!»
هه‌ر به‌وه‌وه تێر ناخوات و زیاتر خۆی و هاوڕێیانی، گه‌وره نیشان ده‌دات .
دوای ئه‌وه‌ی حاڵی ڕه‌خنه‌ی ساڵانی حه‌فتا و هه‌شتاكان، به "وێرانترین حاڵ"21 ده‌زانێت، دێته سه‌ر باسی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی له دوای ڕاپه‌رین و، بۆ سێ ئاست دابه‌شی ده‌كات :
یه‌كه‌م: "جنێودان به ناوی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییه‌وه."22
دووه‌م: "ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی له ناوه‌نده ئه‌كادیمییه‌كاندا."23
سێیه‌م: "چه‌ند هه‌وڵێكی جیدیی ڕه‌خنه‌یی."24
ئاستی یه‌كه‌م، دیاره كه شتێكی ناپه‌سه‌نده و، خۆی به به‌شێك له‌و ئاسته نازانێت، ئامۆژگارییشیان ده‌كات!
ئاستی دووه‌م، ناوه‌نده ئه‌كادیمییه‌كانه و، ئه‌مانیش به خراپ داده‌نێت و پێی وایه، "ئه‌كادیمیسته‌كان و فێرخوازانی ئه‌و بواره زۆر سه‌رسامی نالی و مه‌حوی و شێركۆ بێكه‌سن و، جورئه‌تی ڕه‌خنه‌گرتنیان له‌و كه‌سانه نییه"25، بۆیه به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌م به‌شێك نییه له‌م گرۆیه .
ئاستی سێیه‌م، به وته‌ی ئارام: "له پاڵ ئه‌م وێرانه‌یه‌ی دۆخی ڕه‌خنه‌ی كوردی پێیدا تێپه‌ڕیوه، هه‌وڵی جیدی و بیركردنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یی تاكوته‌را بوونیان هه‌بووه، كه ئه‌مانه وزه بوون بۆ ئه‌وه‌ی چرای ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی به‌رده‌وامیی هه‌بێت و تا نووسینی ئه‌م دێڕانه‌ش به‌رده‌وام بێت."26! یانی نووسینه‌كانی خۆی یه‌كێكه له‌و هه‌وڵه جیدییه تاكوتهرایانهی كه هه‌ن!
ده‌كرێت خوێنه‌ری ڕێزدار بڵێت "ئاخر ئه‌و ناوی خۆی نه‌هێناوه و به ناڕاسته‌وخۆ ئاماژه‌ی بۆ خۆی كردووه" و داوای به‌ڵگه‌ی تر بۆ سه‌لماندنی قسه‌كه‌م بكات. ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵمدا بێت، ئه‌وا شتی ڕوونتر ده‌بینیت.
ئه‌و ده‌ڵێت: "ده‌توانم به‌ڕاشكاوانه ئاماژه به هه‌وڵی چه‌ند هاوڕێیه‌كی گروپی ڕه‌هه‌ند بكه‌م..."27
ده‌یشڵێت: "یه‌كێك له‌و خاڵانه‌ی كه له دووساڵی ڕابردوودا هه‌نگاونان بوو به‌ره‌و جیهانێكی ڕه‌خنه‌یی، بڵاوبوونه‌وه‌ی بڵاوكراوه‌ی «شیعر» بوو."28
له‌وانه‌یه تا ئێستایش خوێنه‌ر بڵێت: خۆ هه‌ر باسی خۆی نه‌كرد ! به‌ڵام ئه‌گه‌ر بڕوات بۆ "په‌راوێز و سه‌رچاوه‌كان"ی ئه‌و كتێبه‌ی ئارام سدیق، ده‌بینیت كه "بڵاوكراوه‌ی شیعر، تایبه‌ته به ڕه‌خنه‌كردنی شیعری كوردی و... هه‌ریه‌ك له «زانیار محه‌مه‌د، پشتیوان عه‌لی، ئارام سدیق» ده‌سته‌ی سه‌رپه‌رشتیاری بڵاوكراوهكهن..."29 به‌مه‌یشدا ده‌رده‌كه‌وێت كاك ئارام هه‌ر به ده‌وری خۆیدا ده‌سووڕێته‌وه!
كه‌واته، مێژووی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی، به گوێره‌ی تێگه‌یشتنی ئارام سدیق، به‌مشێوه‌یه‌یه:
1- ساڵانی حه‌فتا و هه‌شتاكان (پێش ڕاپه‌ڕین): ئه‌ده‌ب و كه‌لتوور "له سه‌ره‌تاییترین ئاستی ده‌ربڕین و زۆر جاریش وێرانترین حاڵ‌دا بوون" و "ئه‌وه‌ی له‌و سه‌رده‌مه‌دا كاری كردووه به زمانێكی وێران و به دیدگایه‌كی كۆڵه‌وار و كورتبینهوه ده‌قی خوێندۆته‌وه و ڕوانینینهكانی پڕه له بۆچوونی پارادۆكس (پێكناكۆك)."30
2- ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی له دوای ڕاپه‌رین: ئه‌میش سێ ئاسته :
یه‌كه‌م: جنێودان به ناوی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییه‌وه .
دووه‌م: ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی له ناوه‌نده ئه‌كادیمییه‌كاندا .
سێیه‌م: چه‌ند هه‌وڵێكی ڕه‌خنه‌ییی جیدی.
كه سێیه‌مینیان تاكه گرۆی سه‌ركه‌وتوو بوون .
واته له حه‌فتاكانه‌وه تا ئێستا، ته‌نیا «هاوڕێیانی ڕه‌هه‌ند و چه‌ند گۆڤارێكی تر و بڵاوكراوه‌ی شیعر، كه ئارام سدیق ئه‌ندامی ده‌سته‌ی سه‌رپه‌رشتیاری بووه» به ڕه‌خنه‌گر و "نووسه‌ری ڕاسته‌قینه" داده‌نرێن!
ده‌زانم به‌ڵگه‌ی پێویستم بۆ قسه‌كانم هێناوه‌ته‌وه، به‌ڵام به یه‌ك نموونه‌ی تر كۆتایی به‌م به‌شه ده‌هێنم.
قانع خورشید ده‌ڵێت: "من شاعیر نیم و ناشبمه شاعیر، به‌ڵام شیعر ده‌نووسم!"31 ئارام سدیقیش ئه‌م وته‌یه‌ی بردووه و، به سووكایه‌تیكردن به شیعر لێی تێگه‌یشتووه و، نزیكه‌ی چوار لاپه‌ڕه و نیوی به‌م باسه‌وه ڕهشكردووهتهوه. له كاتێكدا هه‌م به هه‌ڵه له قسه‌كه تێگه‌یشتووه، هه‌میش بێ ئه‌وه‌ی پێویست بێت، زۆر درێژه‌ی پێ داوه .
ده‌كرێت ڕاڤه‌یه‌كی كورتتر و، له ڕاستییه‌وه نزیكتر، بۆ قسه‌كه‌ی قانع خورشید بكه‌ین و بڵێین: مه‌به‌ستی قانع خورشید له‌م وته‌یه، ئه‌وه‌یه، من شاعیر نیم، نووسه‌رم. نه له ئێستا و نه له داهاتوویشدا، نامه‌وێت ببمه شاعیر و وه‌كو شاعیرێك بناسرێم، كاری سه‌ره‌كیی من نووسینه، به‌ڵام جار جاریش شیعر ده‌نووسم !
ڕاڤه‌ی هه‌ڵه، تا ڕاده‌یه‌ك ئاسایییه، چون ده‌كرێت ئه‌و ڕاڤه‌یه‌ی كه من پێم هه‌ڵه‌یه، لای ئه‌و ڕاست بێت و، ئه‌وه‌یشی من پێم ڕاسته، لای ئه‌و هه‌ڵه بێت . به‌ڵام جارێكی تر به درۆوه ده‌ڵێت: "یه‌كێكی دیكه له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی نووسه‌ری پاسیڤیست له‌م جۆره هه‌ڵوێستانه‌یدا ده‌رده‌كه‌وێت، به‌حسابی خۆی موتهوازعه بۆیه خۆی به نووسه‌ر و شاعیر نازانێت."32
سه‌یری قسه‌كه‌ی قانع خورشید بكه، بزانم وتوویه‌تی "من نووسه‌ر نیم."؟
نه‌خێر. ئه‌گه‌ر ئارام كه‌مێك له‌و قسه‌یه‌ی ورد ببوایه‌ته‌وه، ده‌یزانی كه ئه‌و قسه‌یه‌ی ئه‌و ڕێك یانی: "من نووسه‌رم ."!
پێكنه‌هاتن و دژیه‌كیی ئارام سدیق له‌گه‌ڵ خۆیدا!
كاتێك كتێبه‌كه‌ی ئارام سدیق ده‌خوێنییه‌وه، له هه‌ندێك شوێندا وا هه‌ست ده‌كه‌یت به دوو كه‌سه‌وه خه‌ریكی نووسینن و، ئه‌میان ده‌ڵێت من به‌م شێوه‌یه ده‌نووسم، ئه‌وی تریشیان ده‌ڵێت من شێوه‌یه‌كی ترم پێ باشه، وه‌لێ ڕێكناكه‌ون كه هیی كامیان په‌سه‌ند بكه‌ن، بۆیه بڕیارده‌ده‌ن وته‌كانی هه‌ردووكیان (با دژبهیهكیش بن) بنووسن!
له جێیه‌كدا ده‌ڵێت: "یه‌كێك له سیماكانی نووسه‌ری پاسیڤیست و دهردهدڵنووس هه‌وڵدانه بۆ فریودانی خوێنه‌ر ئه‌ویش له ڕێی به‌رزكردنه‌وه‌ی كوالێتیی چاپی كتێبه‌كانی."33
پاش كه‌مێك ده‌نووسێت: "ده‌مه‌وێت ئاماژه بۆ ئه‌وه بكه‌م كه هه‌موو نووسه‌رێك مافی خۆیه‌تی كه به‌رهه‌مه‌كانی به جوانترین شێوه و به به‌رزترین كوالێتی چاپ و بڵاوبكرێته‌وه و ئه‌مه نه‌ك مافیی سرووشتییه، به‌ڵكو خه‌ونی هه‌موو نووسه‌ر و خوێنه‌رێكی جیدیشه."34
وا ده‌زانم پێویست ناكات من هیچ بنووسم.
له شوێنێكی تردا قسه‌یه‌كی قانع خورشید ده‌هێنێته‌وه كه ده‌ڵێت: "گه‌ر له كاتی خوێندنه‌وه‌یدا له شتێكی تێنه‌گه‌یشتیت و به بێ‌مانا تێگه‌یشتیت، هه‌قی خۆته جنێوم پێ بده‌یت و كتێبه‌كه فڕێ بده‌یت، گه‌ردنت خۆش و ئازاد بێت."35
پێی وایه قانع خورشید هه‌ڵه‌یه كه چاوه‌ڕێی جنێو ده‌كات و ده‌بێت "نووسه‌ری ڕاسته‌قینه" به‌رگری له نووسین و "ئایدیاكانی" خۆی بكات.
پاشان وته‌یه‌كی شێركۆ بێكه‌س ده‌هێنێته‌وه: "شێركۆ بێكه‌س كه باڵای دیوانه‌كانی هێنده‌ی باڵای خورشید ده‌بوو، له چه‌ند دیمانه‌یه‌كدا ده‌یگوت: ئه‌گه‌ر له‌و هه‌موو كتێبه شیعرییه ته‌نها چه‌ند كتێبێكی كه‌می شیعریی جوانم بۆ بمێنێته‌وه به‌سمه."36
سه‌ره‌تا، له‌سه‌ر ئه‌م قسه‌یه‌ی شێركۆ بێكه‌س, هیچ سه‌رچاوه‌یه‌ك دانه‌نراوه، بۆیه من تا به‌ڵگه‌یه‌ك نه‌بینم، به قسه‌ی ئه‌وی دانانهم . به‌ڵام ئارام سدیق كه دڵی به‌وه خۆش كردووه كه ئه‌و قسه‌یه هیی بێكه‌سه، قسه‌كه ڕیسه‌كه‌ی خۆی ده‌كاته‌وه خوری و دژی بۆچوونه‌كانی ده‌سه‌لمێنێت!
قسه‌كه‌ی شێركۆ بێكه‌س (ڕێك وه‌ك ئه‌وه‌ی قانع خورشید) بۆ ئه‌و كه‌سانه كردوویانه كه حه‌زیان به به‌رهه‌مه‌كانیان نییه. قانع خورشید ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر له‌م قسانه‌م تێناگه‌یت، كتێبه‌كه‌م فڕێ بده، به‌ڵام ناڵێت كتێبه‌كانی تریشم مه‌خوێنه‌وه، كه له‌وانه‌یه شتی پهسهندتیانی تێدا بێت. جگه له‌مه، ئه‌م قسه‌یه ڕێزگرتنێكه بۆ سه‌لیقه‌ی جیاوازی خوێنه‌ران و مافی ئه‌وه ده‌داته خوێنه‌رێكی وه‌ك ئارام سدیق خۆی، كه نووسینی ئه‌م په‌سه‌ند نه‌كات و به دڵی نه‌بێت.
وه‌كو بێكه‌س، كه مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه، له‌و هه‌موو شیعره زۆر و زهبهنانهی كه نووسیومن، چه‌ند دانه‌یه‌كیان به لای خوێنه‌ره‌وه جوان بن، به‌سمه و ئه‌و ده‌توانێت ئه‌وانه بخوێنێته‌وه كه به دڵێتی .
له چه‌ندین شوێندا وشه‌ی "واعیزكار" و "واعیزبوون" به‌كارده‌هێنێت، دوای ئه‌وه‌ی ده‌یان جار به‌كاری ده‌هێنێت، ئینجا بیری ده‌كه‌وێته‌وه كه پێناسه‌یه‌ك بۆ ئه‌و وشه‌یه بكات، بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر بزانێت مه‌به‌ستی چییه.
ده‌ڵێت: "واعیزبوون چه‌قبه‌ستنه له دۆخێكی دیاریكراودا و بیركردنه‌وه‌یه له‌نێو ڕووداوه‌كانی ڕۆژانه‌دا و چه‌قبه‌ستنه له ئێستادا."37
ئینجا یه‌ك ڕووپه‌ل دواتر ده‌نووسێت: "بێگومان سیفه‌ته‌كانی واعیز هێنده زۆرن ڕه‌نگه نه‌توانم هه‌موویان دیاری بكه‌م."38
وه‌لێ نه ئه‌میان ڕاسته، نه ئه‌ویان.
واعیز، له "وه‌عز" یان "وعظ"ه‌وه هاتووه، كه به مانای ئامۆژگاری و ڕێنموونیكردن دێت. به‌ڵام له‌نێو خه‌ڵكی ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا، وه‌عز به مانای ئه‌و ئامۆژگارییه باوه باشه نییه، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه به‌كارده‌هێنرێت كه، كه‌سێك به‌بێ هێنانه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ی مه‌نتیقی و لێكدانه‌وه‌ی عه‌قڵی و زانستی، خه‌ریكی ڕێنیشاندان و ئامۆژگاریكردنی خه‌ڵك بێت.
بۆ نموونه: مه‌لایه‌ك هه‌میشه ده‌ڵێت نوێژ بكه‌ن، ڕۆژوو بگرن، درۆ مه‌كه‌ن، گه‌نده‌ڵ مه‌بن، بێ ئه‌وه‌ی زۆر باسی ئه‌وه بكات، بۆچی وا بین، یان بۆ وا نه‌بین؟ له‌به‌ر چی ئه‌و كارانه بكه‌ین، یان ئه‌نجامیان نه‌ده‌ین؟
هه‌ر بۆیه ده‌توانین بڵێین، ئارام سدیق به هه‌ڵه له وشه‌ی وه‌عز و واعیزبوون و واعیزكار تێگه‌یشتووه.
له سه‌رووی هه‌موو شتێكه‌وه، خودی به‌ڕێزیان بێ ئه‌وه‌ی بزانێت خه‌ریكی وهعزدانن به خوێنه‌ر. تۆ كه ده‌ڵێیت ده‌بێت "نووسه‌ری ڕاسته‌قینه" ئه‌م كاره بكات و ئه‌ویان نه‌كات، خه‌ریكی وهعزدانهوهیت. به‌ڕێزی كه ده‌فه‌رمووێت نووسه‌ر نابێت وهعزكار بێت، ڕێك له‌و كاته‌دا خۆی كه‌سێكی وهعزكاره!
مه‌ولانا جه‌لاله‌ددینی ڕوومی، له مه‌سنه‌ویی مه‌عنه‌ویدا و له داستانی شێر و ئاژه‌ڵانی دارستاندا قسه‌یه‌كی زۆر جوانی هه‌یه، ده‌ڵێیت ڕێك بۆ ئه‌م حاڵه‌ته وتوویه‌تی!
كورته‌ی چیرۆك و قسه‌كه‌ی مه‌ولانا ئه‌وه‌یه: ڕۆژێكیان، هه‌موو گیاندارانی دارستان كۆده‌بنه‌وه و، بۆ لای شێر ده‌ڕۆن. ئاژه‌ڵه‌كان به شێر ده‌ڵێن: پاشای دارستان، ئێمه بڕیارمان داوه كه له‌وڕۆ به‌دواوه، بۆ وه‌ده‌ستخستنی ژه‌مه خۆراكی ڕۆژانه‌ی خۆتان وامان داناوه نه‌هێڵین به‌ڕێزتان خۆتان ماندوو بكه‌ن. ئێمه لیستێكمان ئاماده كردووه، تێیدا دیاریمان كردووه كه ئێوه له چ ڕۆژێكدا چ گیانه‌وه‌رێك بخۆن. هه‌م بۆ ئه‌وه‌ی ئێوه ماندوو نه‌بن، هه‌م بۆ ئه‌وه‌یشی ئێمه هه‌میشه له دڵه‌ڕاوكێدا نه‌بین و بزانین كه‌ی ده‌مرین. ئیتر لێره‌وه مشتومڕێكی زۆر له‌باره‌ی قه‌ده‌ر و قسمهتهوه ده‌كرێت، شێر بڕوای وایه تا هه‌وڵ نه‌ده‌یت و نهكۆشیت، ڕزقت چنگ ناكه‌وێت و ئه‌وانیش ده‌یانه‌وێت بیسه‌لمێنن كه كۆشش و هه‌وڵدان چ سوودێكی نییه و قسمه‌ت چی بوو، هه‌ر ئه‌وه ده‌بێت، شێریش له كۆتاییدا به‌وه قسه‌یان ده‌بڕێت كه پێیان ده‌ڵێت: "ئێوه هه‌ر ئێستا خه‌ریكی كۆششن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن و خۆتان ماندوو ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بۆ منی بسه‌لمێنن كه كۆشش و هه‌وڵ و خۆماندووكردن سوودی نییه"!
ئه‌گه‌ر ورد له حاڵی ئارامیش بڕوانین، ده‌بینین ڕێك وه‌هایه. ئه‌و خه‌ریكه به وه‌عزدان، بۆمانی ده‌سه‌لمێنێت كه وهعزكردن كارێكی خراپ و بێسووده!
تێنه‌گه‌یشتن له شیعره‌كانی قانع خورشید
ئاسایییه به نه‌بوونی ڕاڤه، له شیعره‌كانی نالی و مه‌حوی مه‌وله‌وی و، شاعیرانی تری كلاسیزم، تێنه‌گه‌یت و، پێویستت به ڕاڤه‌کار یان ڕاڤه‌یه‌ک هه‌بێت. وه‌لێ ئه‌وه‌ی مایه‌ی واقوڕمان و سه‌رسوڕمانه، ئه‌وه‌یه له شیعرێكی زۆر ڕوونی نووسه‌رێكی ئه‌م سه‌رده‌مه نه‌گه‌یت و، پێویستت به‌وه بێت كه‌سێك بۆتی ڕوون و واڵا بكاته‌وه .
قانع خورشید نووسیویه‌تی:
"شاعیر ده‌شته،
كێوه
شاره
ڕووباره ...
وه‌لێ له چاو پێغه‌مبه‌ردا
ته‌شته
دێوه
كونهمشكه
لیكی سه‌گێكی هاره"!39
به ڕای من، خورشید مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه بێژێت: (بیر و هزری شاعیر وه‌كو ده‌شتێكی فراوان، كراوه و پان و به‌رینه. وه‌كو شار، هه‌مه‌ڕه‌نگ و پڕ له ژیانه. مینای ڕووبار، دوانهبڕاو و پاكه و، مایه‌ی ئاوه‌دانییه بۆ ده‌وروبه‌ری خۆی... لێ، وه‌ختێك ویستت ده‌گه‌ل پێغه‌مبه‌ردا به‌راوردی بكه‌یت و، وا بزانیت شاعیرێك به مه‌قامی به‌رزی وی ده‌گات، ئه‌وه بزانه: شاعیر له‌چاو پێغه‌مبه‌ردا، وه‌ك ته‌شت، ئاسۆی بیر و خه‌یاڵی داخراوه. چه‌شنی كونه‌مشك، تاریك و بچووكه و، بۆنی مردنی لێوه دێت. پیس و كه‌م و مایه‌ی نه‌خۆشییه، وه‌كی لیكی سه‌گێكی هار وایه!)
ئارام ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر كه‌سێك ته‌نها خوێنه‌رێكی ڕاسته‌قینه‌ی شیعر بێت، به‌مشێوه‌یه باس له شیعر و شاعیر ناكات و به‌مشێوه‌یه‌ش به ناوی شیعره‌وه ده‌رده‌دڵ ههڵناڕێژێت."40 له كاتێكدا ئارام سدیق، ئاگای له هیچ له‌و بیروباوه‌ڕ و گه‌نگه‌شانه نییه كه له پشتی ئه‌م شیعره‌وه‌ن، دڵنیام نازانێت ئێستا هه‌ندێ بیرمه‌ندی ڕۆشنگه‌ر به زمانێكی عیرفانی و سۆفییانه‌وه، خه‌ریكن هه‌مان تانه و ته‌شه‌ری كافره‌كانی قوره‌یش دووباره ده‌كه‌نه‌وه و ده‌ڵێن وه‌حیی پێغه‌مبه‌رانیش، هه‌ر وه‌كو ئیلهامی شاعیرانه و پێغهمبهرایهتییش، چه‌ند هه‌نگاوێكی كه‌م له سه‌رووی شیعره‌وه‌یه! قانع خورشید له‌م ته‌رزه بیركردنه‌وه‌یه تووڕه‌یه و هه‌ر به شیعر، شیعری داشۆریوه و باسی له كهمییهكانی -به به‌راورد له‌گه‌ڵ پێغه‌مبه‌رایه‌تیدا- كردووه.
حوسێن په‌ناهی، شاعیرێكی پاسیڤیست و، هیچی تر!
حوسێن په‌ناهی: شانۆكار، ئه‌كته‌ر و شاعیری ئێرانی، له به‌رواری 28ی ئابی 1956 له گوندی دژكووھی پارێزگای كوهگیلوویه و بویرئه‌حمه‌د له دایك بووه - له 4ی ئابی 2004 كۆچی دوایی كردووه. دوای ته‌واوكردنی قۆناغی ئاماده‌یی له قوتابخانه، له‌سه‌ر پێشنیازی باوكی، ڕێی خۆی له حوجره‌ی ئایه‌توڵا گوڵپاییگانی دۆزییه‌وه . دواتر وه‌كو كه‌سایه‌تییه‌كی ئایینی بۆ شاره‌كه‌ی خۆی گه‌ڕاوه‌ته‌وه، وه‌لێ ته‌نیا بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێك له‌سه‌ر ئه‌م كاره‌ی به‌رده‌وام بوو. پاشان ژیانی بۆ تاران گواسته‌وه و، له قوتابخانه‌ی هونه‌ریی ئاناهیتا بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ خوێندوویه‌تی و وه‌كو ئه‌كته‌ر و سیناریۆنووس ده‌رده‌چێت.
دواتر له زنجیره‌یه‌كی تیلیفزیۆنیدا به ناوی: «محله بهداشت: گه‌ڕه‌كی له‌شساغی» ده‌ستی به پیشه‌ی نواندن كرد. پاشان له چه‌ند به‌رنامه‌یه‌كی تیلیفزیۆنی تردا ڕۆڵی بینی كه خۆی سیناریۆكانی نووسیبوون و سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون. دواتر به هۆی به‌رنامه‌ی "دوو مراوی له نێو ته‌مدا" كه خۆی سیناریۆنووس و ده‌رهێنه‌ری به‌رنامه‌كه بوو و ڕۆڵیشی تێدا ده‌گێڕا، ناسرا. ئه‌مه پێشكه‌وتنێكی گرنگ و له‌ناكاو بوو بۆ ئه‌و و خه‌ڵكییش داوای دووباره په‌خشكردنه‌وه‌ی به‌رنامه‌كانیان ده‌كرد.
له ته‌مه‌نی 47 ساڵیدا و به هۆی جه‌ڵته‌ی دڵه‌وه گیانی له ده‌ست دا. له شاری سووق و له ته‌نیشت دایكییه‌وه نێژرا.
هه‌ندێك له فیلمه‌كانی:
په‌ناهی له چه‌ندین فیلمی سینه‌مایی و زنجیره درامای تیلیفزیۆنیدا ڕۆڵی بینیوه، لێره‌دا ته‌نیا ئاماژه به چه‌ند فیلمێكی سینه‌مایی ئه‌و ده‌كه‌م:
- گذرگاه (1986)
- تیرباران (1987)
- نار و نی (1988)
- در مسیر تندباد (1988)
- راز کوکب (1989)
- مهاجران (1990)
- سایه خیال (1990)
- هنرپیشه (1992)
- مرد ناتمام (1992)
- قصه‌های کیش (1998)
- بلوغ (1998)
- مریم مقدس (2000)
- بابا عزیز (2003)
هه‌ندێك له كتێبه‌كانی:
حسێن په‌ناهی بێ ئه‌وه‌ی خۆی ده‌ر بخات و به خۆیدا هه‌ڵبڵێت، خه‌ریكی نووسین و شیعرگوتن بووه، چه‌ندین به‌رهه‌می تایبه‌تی چاپ بووه، له‌وانه:
- من و نازی
- ستاره
- گلدان و آفتاب
- پیامبر بی كتاب
- دل شیر
- سلام، حدا حافظ
- افلاطون كنار بخاری
- نمیدانمها
- سالهاست كه مردهام
- به وقت گرینویچ
- دو مرغابی در مه
- چیزی شبیه زندگی
- راه با رفیق
- كابوسهای روسی
ئارام سدیق به هه‌موو توانستی هه‌وڵی داوه ئه‌م پیاوه، حسێن په‌ناهی، له كه‌سێتییه‌كی بێتاقه‌تی نهكارادا كه‌م بكاته‌وه و به وه‌سفی پاسیڤیست بیشكێنێت و وای نیشان بدات هیچ شتێكی جیدیی نه‌بووه و نووسین و شیعره‌كانی قووڵییهكیان تێدا نه‌بووه، به‌مه‌یش كۆشیویهتی ناشیرینی بكات، له كاتێكدا به باڵای كافكا و كامۆدا ده‌خوێنێت و، ده‌یانباته كهشكهلانهی فه‌له‌كدا، وه‌ك بڵێیت ئه‌وان زۆر گه‌شبین و ژیاندۆست و توێژه‌ری زانستی بوونه!
له كۆتاییدا
بابه‌ته‌كه‌م به چه‌ند بڕگه‌یه‌ك له بابه‌تێكی كتێبی «هه‌ندێك تێڕامان له مرۆڤ»ی ڕه‌جاء نه‌ققاش كۆتایی دێنم، كه وا ده‌زانم بۆ وه‌سفی حاڵی زۆر ڕه‌خنه‌گری دونیا گونجاو و پڕبه‌پێسته!
"ترسان له تازیاری، -وه‌ك زانایه‌كی ده‌روونناس ده‌ڵێت- دیارده‌یه‌كی ئاڵۆزه له دیارده‌كانی ده‌روونی مرۆڤ.
ئه‌م دیارده‌یه، دیارده‌یه‌كه دۆڕان و لاوازی ده‌بنه مایه‌ی گڕگرتنی و، هه‌وڵدانیش بۆ ڕێزگرتن و خۆشویستنی تازیاری ده‌بێته مایه‌ی كه‌مبوونه‌وه، به‌ڵكو دامركانه‌وه و نه‌هێشتنی. خۆشویستنی كه‌سی تازیاریش، ئه‌وه‌یه ئینتیمات بۆی هه‌بێت و په‌یوه‌ندیی پێوه بكه‌یت. هیچ مرۆڤێك هه‌ست و چه‌شه‌ی خۆی له‌سه‌ر خۆشویستن و ددانپێدانانی هه‌ڵكه‌وتوویی ڕاناهێنێت، ئیللا دواجار خۆیشی ده‌بێته كه‌سێكی تازیار و ده‌ركه‌وتوو. وه‌لێ خۆشویستنی تازیاری، كار و خوویێكی سه‌خته و پێویستی به هێزێكی ده‌روونیی گه‌وره و، ژینگه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیی وه‌ها هه‌یه، تێیدا هه‌لی یه‌كسان بۆ هه‌مووان فه‌راهه‌م بكات و، ڕێگا به ڕووی گشت تاكێكدا بكاته‌وه كه بیه‌وێت كار بكات و بكۆشێت. هه‌ر بۆیه، هه‌تا كۆمه‌ڵگا زیاتر پێش بكه‌وێت و تێیدا هه‌له‌كانی ژیان فراوانتر ببنه‌وه، كێشه‌ی تاكی تازیار كه‌متر بڵاوده‌بنه‌وه و سه‌ختییه‌كی كه‌متر به خۆیه‌وه ده‌بینێت.
ئاخر كۆمه‌ڵگای پێشكه‌وتوو هه‌میشه پێویستی به تاكه تازیارهكانه و پشتیان پێ ده‌به‌ستێت. هه‌ر وه‌ك چۆن هه‌لی ئه‌وه بۆ هه‌موو تاكێك ده‌ڕه‌خسێنێت كه ژیانی كرده‌یی و ژیانی ده‌روونی به‌وه‌ی سه‌رقاڵی ده‌كات، پڕبكاته‌وه. وایشی لێ ده‌كات له ژیان ڕازی بێت و له خه‌ڵك تووڕه و بێزار نه‌بێت .
سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌وانه‌یش، مرۆڤایه‌تی به ده‌ست ئه‌و جۆره دهروونانهوه ده‌ناڵێنێت كه ڕقیان له تازیارهكانه و لێیان ده‌ترسن، چونكه تازیاری، داهێنان و نوێگه‌ری و ده‌رچوونه له داب و نه‌ریت، خه‌ڵكیش به داب و نه‌ریته كۆنه‌كان زیاتر ده‌حه‌سێنه‌وه -با خراپیش بن- تا ئه‌وه‌ی په‌رۆشییه‌كانی نوێكردنه‌وه و داهێنان بگرنه ئه‌ستۆ.
به‌ڵام له هه‌مان كاتیش‌دا، مرۆڤایه‌تی هێز و نهێنیی خۆی به‌و كه‌سه تازیاره ده‌سپێرێت كه ژیان به‌ره‌و جووڵه پاڵ ده‌نێت و، ڕێگا تاریكه‌كانی ڕووناك ده‌كاته‌وه و، هه‌میشه له‌پێناو دۆزینه‌وه‌ی شتی نادیاری نێو ژیاندا سه‌ركێشی ده‌كات، تا له پاش خۆیه‌وه، خه‌ڵكی به هه‌مان ڕێگادا بڕۆن .
ئه‌وانه‌یشی په‌یكه‌ره جوانه‌كان ده‌شكێنن، یان ده‌یانه‌وێت بیانشێوێنن، له‌وانه‌یه هه‌ندێك جار له‌و كاره‌دا سه‌ركه‌وتوو بن، وه‌لێ ژیان دێته‌وه و دووباره ئه‌م په‌یكه‌رانه دروستده‌كاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ندێك كه‌س خۆشیانبوێن و، هه‌ندێكی تریش ڕقیان لێیان بێت و، بۆ ئه‌وه‌یشی ببێته ئه‌و گوڵه‌ی بۆنی خۆش به لووتی خه‌ڵكیدا ده‌پرژێنێت و تاڵاو و ناڕه‌حه‌تی ده‌خواته‌وه"41
په‌راوێزه‌کان:
[1] مه‌سعوود محه‌مه‌د، به‌ره‌و ڕاسته‌شه‌قامی ئاخاوتنی كوردی، له چاپكراوه‌كانی كۆڕی زانیاریی كورد، چاپخانه‌ی كۆڕی زانیاریی كورد – به‌غداد 1978: 2. (به ده‌ستكارییه‌وه).
[2] قانع خورشید، بۆ ئه‌وانه‌ی وه‌كو خۆمن، كتێبی سێیه‌م:
[3] رجا‌ء النقاش، تأملات في اللانسان، الطبعة السادسة 1989: 9-10.
[4] تازيارى: امتياز.
[5] سه‌رتر: تفوق.
[6] ئارام سدیق، له ڕه‌خنه‌وه بۆ ڕه‌تكردنه‌وه، 2018: 92.
[7] هه‌مان ژێده‌ر: 93.
[8] هه‌مان ژێده‌ر: 11.
[9] به‌قه‌ده‌ر: عه‌ره‌بی: كافی. ئینگلیزی: .Enough
[10] هه‌مان ژێده‌ر: 26.
[11] هه‌مان ژێده‌ر: 27.
[12] هه‌مان ژێده‌ر: 31.
[13] هه‌مان ژێده‌ر: 87 تا 126.
[14] هه‌مان ژێده‌ر: 118.
[15] هه‌مان ژێده‌ر: 111.
[16] هه‌مان ژێده‌ر: 96.
[17] قانع خورشید، بۆ ئه‌وانه‌ی وه‌كو خۆمن، كتێبی دووه‌م: 103.
[18] ئارام سدیق، له ڕه‌خنه‌وه بۆ ڕه‌تكردنه‌وه، 2018: 113.
[19] قانع خورشید، بۆ ئه‌وانه‌ی وه‌كو خۆمن، كتێبی یه‌كه‌م: 105.
[20] ئارام سدیق، له ڕه‌خنه‌وه بۆ ڕه‌تكردنه‌وه، 2018: 113.
[21] هه‌مان سه‌رچاوه: 26.
[22] هه‌مان سه‌رچاوه: 31.
[23] هه‌مان سه‌رچاوه: 31.
[24] هه‌مان سه‌رچاوه: 33.
[25] هه‌مان سه‌رچاوه: 32.
[26] هه‌مان سه‌رچاوه: 33.
[27] هه‌مان سه‌رچاوه: 33.
[28] هه‌مان سه‌رچاوه: 37.
[29] هه‌مان سه‌رچاوه: 44.
[30] هه‌مان سه‌رچاوه: 27.
[31] قانع خورشید، بۆ ئه‌وانه‌ی وه‌كو خۆمن، كتێبی یه‌كه‌م: 8.
[32] ئارام سدیق، له ڕه‌خنه‌وه بۆ ڕه‌تكردنه‌وه، 2018: 104.
[33] هه‌مان سه‌رچاوه: 99.
[34] هه‌مان سه‌رچاوه: 100.
[35] قانع خورشید، بۆ ئه‌وانه‌ی وه‌كو خۆمن، كتێبی یه‌كه‌م: 7.
[36] ئارام سدیق، له ڕه‌خنه‌وه بۆ ڕه‌تكردنه‌وه، 2018: 103.
[37] هه‌مان سه‌رچاوه: 109.
[38] هه‌مان سه‌رچاوه: 110.
[39] قانع خورشید، بۆ ئه‌وانه‌ی وه‌كو خۆمن، كتێبی یه‌كه‌م: 119.
[40] ئارام سدیق، له ڕه‌خنه‌وه بۆ ڕه‌تكردنه‌وه، 2018: 106.
[41] تأملات في الإنسان، رجا‌ء النقاش، الطبعة السادسة – 1989: 17-19.