نووسینی: زانا لاهووری
مەسەلەی خۆکوژی، بەردەوام دەغدەغەی سەرم بووە، هەموو جار دەگەمە ئەو ئەنجامەی خۆکوژی، جگە لە خۆپەرەستییەکی پەتی، هیچی دیکه نییە. گومانم لەوە نییە کەسانێک کە پەنا وە بەر خۆکوشتن دەبهن، چاویان جگە لە خۆیان، هیچی دیکە نابینێ. ههر ئهوه بوو فهرهاد پیرباڵ چەند ڕۆژێک پێش مەرگی حەمە عومەر وتی "خۆکوژی بێ ئەخلاقییه!"
حەمە عومەر عوسمان، کە سەرەتای شیعر نووسینی دهگهڕێتهوه بۆ کۆتایی ساڵانی حەفتا، تا ساڵی 1991، جوانترین شیعرەکانی خۆی نووسی و لە دیوانی (لە غوربەتا)دا، لە چاپی دان. ئەو بەو کۆمەڵە شیعرەی، ناوی کەوتە نێو ناوان و باسی کەوتە سەر زاران، دواتر وەکو شاعیرێک لەنێو خەڵکدا، ناسرا. هەر کەس گومان لە جوانیی شیعرەکانی ئەو زهمهنهی بکات، ئەوە لە شیعر و ئەدەبیات تێ نەگەیشتووە. لێ لەو ماوەیە بە دواوە، بە وتەی خۆی لە ساڵی 1991 بە دواوە، شیعرێکی ئهوتۆی نەنووسیوە. واتە ئەم شاعیرە بۆ ماوەی 28 ساڵ لە شیعرنووسین کەوت... کێ دەزانێ، ڕەنگە ئەمە یەکێ بێ لە هۆکارەکانی خۆکوشتنی!
لە یەکێ لەو بەرنامانەی کەناڵی کوردسات لەگەڵیدا سازی داوە، باس لەوە دەکات کە ئێستایش دەتوانێ جوانترین شیعر بنووسێ و دەنگی خۆی لە شاعیرانی دیکە جیا بکاتەوە، لێ لە دوای ساڵی 1991وە، بە هۆی بچووکیی خانووەکەیان و بێ شوێنییەوە، جگه له چهند كورته شیعرێك، نەیتوانیوە هیچ شیعرێک بنووسێ. یاخود دەڵێ لەم وڵاتەدا، لەناو شار و گەڕەک و تەنانەت ماڵی خۆتیشدا، هەست بە غەریبی دەکەی، بۆیە شیعرنووسین بۆ كهسانێك كه وهک کەڕی ناو شایی وان، هیچ سوودێکی نییە! ڕاستییهکهی ئەمانەی باسی دەکات، بۆ خۆیان کەرەستەیەکی باشن بۆ شیعرنووسین، نەک ڕێگر بن لەبەردەم شیعردا. ئاخر شیعر کە سەرچاوەی دڵە، چ حەوجێی بە شوێنی گەورەیە بۆ لەدایکبوون!
دەبینم، کەسانێک لێرە و لەوێ دەڵێن بێزاریی وای لەو شاعیرە کرد، خۆی بکوژێ، زۆر بە حەسرەتەوە باسی دەکەن و گەلێک هۆنراوە بۆ کۆتاساتەکانی ژیانی، دەهۆننەوە! لە ڕاستیدا خەم خواردن بۆ ئەوەی شاعیرێکمان لە دەست داوە، خەمێکی پیرۆزە، لێ پاساو هێنانەوە بۆ خۆکوژییەکەی، کارێکی تا بڵێی ناڕەوایە. ئەو خاوەنی شیعری جوان بوو، لێ ژیانێکی جوانی نەبوو. چەندین ساڵە بە گیرفانی خاڵی و جگەرەکەی دەستییەوە، بێ ئیش و کار، بێ ئامانج و سەرگەردان بە نێو سلێمانیدا دەسوڕێتەوە، ئاخر ئینسانێکی وا، پێویست ناکات موعجەبی شێوازی مردنەکەی بین، لەڕاستیدا لە بری ئەوە دەبێ وەک نەخۆشێک سەیری بکەین و بەزهییمان بە حاڵیدا بێتەوە. ئهو نموونهیهكی باشی ئهو بۆچوونه بوو كه دهڵێت شاعیران كهسانی بێ كار و خهیاڵی و دوور له واقیعن! بەپێی توێژینەوەکان، ئینسان کاتێک واز لە هەموو چالاکییەک دەهێنێ، ئیدی ژیان لای هیچ مانایەکی نامێنێ و تووشی خەمۆکی (depression) دەبێ، یەکێ لە هۆکارەکانی خۆکوژییش، خەمۆکییە. ئەو تەنانەت لە کاتی دەرکەوتنیدا لە تەلەفزیۆنیش، جگەرەکەی نەدەکوژاندەوە!
بە وتەی حەمەسەعید حەسەن، شێرکۆ بێکەس بە مانای وشە، شاعیر بوو. دەڵێ ئەو بەردەوام بە بەرهەمی نوێ، سەرسامی دەکردین. دەڵێ شێرکۆ، هەر خۆی پێشی خۆی دەدایەوە. بە بۆچوونی ئەو، شاعیرێ تەنیا چەند شیعرێکی کەمی هەبێ، ناکرێ نازناوی شاعیری بە بەریدا بکەین. بە لای ئەوەوە، هۆزانڤان، بەردەوام دەبێ بە بەرهەمی تازە، خوێنەرانی تووشی حەپەسان بکات. ئاخر ئەوە کارەساتە خەڵک بۆ خۆکوشتنی میدیاکارێک، هەموو تووشی شۆک ببن، کەچی بۆ مهرگی شاعیرێ، نەک شۆک نەبن، بەڵکو بۆ کۆمەڵێکیش چاوەڕوانکراو بێت. ڕاستە، لەوانەیە بەشێکی بە هۆی ناهۆشیاری کۆمەڵگاوە بێ، لێ حەمە عومەر بە هۆی ئەو ژیانە پاسڤەی (Passive life) بۆ خۆی ساز دابوو، خەڵک چاوەڕێی وەها شتێک بوون لێی. شاعیر دەبێ، وەک شیعرەکانی جوان بێ، تژی بێ له پهیامی باڵا و بهردهوام پڕ بێ لە ژیان. ئەو شاعیرە نەیهیڵیستانەی هاوشێوەی حەمە عومەر، کە هەڵگری پەیامی مەرگ دۆستی و پووچیی ژیانن، ڕەشی و ناشیرینییەکانی ژیان دەکەن بە کەرەستەی شیعری جوان، لێ کۆی پەیامیان، لە گۆڕنانی تروسکەی هەر ئومێدێکە، کە ئینسان بەم ژیانەی هەیە. بەڵام دواجار، ئەو هەرچییەک بێت، ڕاستگۆ بوو لەگەڵ پەیامەکەی خۆیدا، ئەو چەشنی سادقی هیدایەت، هەر ئەوەی کرد، کە دەیوت... "ئای.. كهی بێ چهقۆی ژێر سهرینهكهت.. له قوڵپی خوێنتا گهرم ببێتهوه؟" [1]
1دیوانی (له غوربهتا)، شیعری (خۆكوشتن)، ل22