سێبه‌ری پیری

ئەدەب 2019-11-14 کۆمێنت 2893 جار بینراوە

نووسینی: زانا لاهووری



«شیعر بۆ ئه‌وانه‌یه‌ كه تا‌ كۆتایی ته‌مه‌ن به‌ منداڵی ده‌مێننه‌وه.»‌

ئه‌م قسه‌یه‌ی سادقی هیدایه‌ت، به‌رده‌وام له‌ گوێمدا ده‌زرنگێته‌وه‌. ڕه‌نگه‌ ئه‌و وه‌ك تانه‌دان له‌ شیعر وای وتبێ، لێ دیوه‌ جوانه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه،‌ شیعر لێ ناگه‌ڕێ پیر بین‌! ئه‌گه‌ر بڕیاره‌ شیعر وابێ، ده‌بێ هه‌موومان ده‌ست به‌ دامێنی شیعره‌وه‌ بگرین. ئاخر ئه‌وه‌ شیعره‌ له‌ زه‌بری ته‌مه‌ن ده‌مانپارێزێ. كێمان هه‌یه‌ بیر له‌ پیری ‌بكاته‌وه‌‌ و ژیانی لا پووچ و بێمانا نه‌بێ؟! ئه‌لپاچینۆ له‌ یه‌كێك له‌ دیمەنەکانی فیلمی«بێخەوی-Insomnia»دا ده‌ڵێ: «ژیان گه‌لێك گرنگه‌، چۆن ده‌بێ هێنده‌ شكستۆك بێ1 چه‌ند بیر ده‌كه‌یته‌وه،‌ ڕێگه‌یه‌ك نییه‌ له‌و مۆته‌كه‌یه‌ ده‌ربازت كا، چاره‌نووسێكه‌ و ده‌بێ به‌ره‌و ڕووی هه‌نگاو بنێین، بۆیه‌ ڕۆژانه‌ هه‌ر یه‌كه‌مان له‌ژێر په‌رده‌یه‌كدا خۆمان له‌ بیركردنه‌وه‌ لێی ده‌دزینه‌وه‌...

دایكم، منداڵه‌كه‌می فێر كردووه‌ به‌ «دایه‌« بانگی بكات، نه‌ك «دادا»! هه‌ر كات ده‌ڵێ «دادا، نه‌نه‌«، بۆی ڕاست ده‌كاته‌وه‌ كه‌ بڵێت دایه‌، ئاخر وشه‌ی «دادا» زه‌نگی هاتنی پیرییه‌! هه‌میشه‌ پیاوان خه‌می ئه‌وه‌یانه‌ ژنێ بكه‌ن به‌ هاوسه‌ریان، چه‌ندین سا‌ڵ له‌ خۆیان گچكه‌تر بێت، ده‌ڵێن گوایه‌ ژن زووتر پیر ده‌بێ، لێ ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ پیاو نایه‌وێ پیر بێ، ده‌یه‌وێ هه‌میشه‌ هاوڕێی كه‌سێك بێت، كه‌ به‌ منداڵی بیهێڵێته‌وه‌!

هه‌ندێ جار ده‌چمه‌ به‌رده‌م ئاوێنه‌، تاوێ له‌ خۆم ڕاده‌مێنم و ده‌ڵێم، شێوه‌م بۆ وا ناشیرین بووه‌، بۆ وه‌ك ئه‌و وێنه‌یه‌ نیم كه‌ چه‌ند مانگێ پێش ئێستا گرتم؟ تاوێ ده‌ڵێم: ئه‌م جاره‌ ده‌لاكه‌كه‌ باش قژی لانه‌بردووم، یان ده‌ڵێم نا، هیی ئه‌وه‌یه‌ ڕیشم درێژ بووه‌... چه‌ندین بیانوو دێنمه‌وه‌‌ و ساتێ نامه‌وێ بیر له‌وه‌ بكه‌مه‌وه‌ ته‌مه‌نم گه‌وره‌ بووه‌ و ئیتر خانه‌كانی ده‌م و چاوم، هه‌مان خانه‌كانی جاران نین!

تا كاتێك لاوی، هیچ كات نه‌ بیر له‌وه‌ ده‌كه‌یته‌وه‌ و نه‌ هه‌ستیش به‌وه‌ ده‌كه‌ی كام خواردنه‌ت لێ دێ و به‌ كام خواردنه‌ تووشی دڵه‌كزه‌ ده‌بیت، لێ كاتێ ته‌مه‌نت ده‌چێته‌ سه‌ره‌وه‌، ئینجا ده‌زانی كۆمه‌ڵێ خواردن هه‌ن كه‌ بۆ تۆ ناشێن... له‌ جێگه‌یه‌كدا خوێندمه‌وه‌ پیاوێك وتبووی كاتێك زانیم پیر بوومه‌، كه‌ له‌ناو پاسدا لاوێك هه‌ستا و وتی مامه‌ گیان وه‌ره‌ له‌ جێگه‌كه‌م دانیشه‌!

ده‌بینی، گه‌نجێك وێنه‌یه‌كی داناوه‌ و له‌سه‌ره‌وه‌ نووسیویه‌تی «ئاخ له‌ده‌ست پیریخۆ هێشتا گه‌نجیشه‌‌، به‌ڵام ترس له‌ پیری، وای لێ كردووه‌ چاوه‌ڕێی هاوڕێكانی بێ له‌ كۆمێنتدا بۆی بنووسن، «نا نا، هێشتا گه‌نجیبه‌ڵكو كه‌مێ سوكنایی بۆ بێت! قه‌ت بیرتان له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ بۆچی به‌رنامه‌ی «FaceApp» ئاوا زوو له‌ هه‌موو جیهاندا ده‌نگی دایه‌وه‌ و ئه‌و هه‌موو به‌كارهێنه‌ره‌ی په‌یدا كرد؟ ئاخر ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر هه‌قیقی پیریمان پیشان ده‌دات، ئه‌و هه‌موو به‌كارهێنه‌ره‌ كاتێك وێنه‌ی خۆیان به‌ پیری پۆست ده‌كرد و له‌ په‌نایه‌وه‌ ستیكه‌رێكی پێكه‌نینیان داده‌نا، له‌ قووڵایی ناخیاندا بیریان له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌: یانی منیش ئاوام لێ دێ؟ تۆ بڵێی ڕۆژێ سه‌ر و ڕیشی منیش ئاوا سپی بێ؟ له‌ ڕاستیدا هه‌ر بڵاوکردنەوەی ئه‌و هه‌موو وێنه‌یه‌ نیشا‌نه‌ی ئه‌و ترسه‌ ده‌روونییه‌یه‌ كه‌ له‌وانه‌یه‌ زۆرێكمان هه‌ستی پێ نه‌كه‌ین. دڵنیام چه‌ندین كه‌س، كاتێ به‌و به‌رنامه‌یه‌ سه‌یری پیریی خۆیان كردووه‌، تاوێك ڕاماون و دیسان به‌ وێنه‌یه‌كی تر خۆیان پیر كردووه‌، كاتێك ده‌بینن هه‌مووی هه‌ر یه‌ك چاره‌نووس و چه‌ندین لۆچه‌ له‌ ڕووخساردا، ئیدی به‌ بێده‌نگی وێنه‌كه‌یان سڕیوه‌ته‌وه‌ و بڵاویان نه‌كردۆته‌وه‌.

پیری ترسناكه‌، ڕه‌نگه‌ گه‌وره‌ترین خۆزگه‌ی هه‌ر یه‌كه‌مان ئه‌وه ‌بێ،‌ ژیان خاڵی بێ له‌ پیری‌... هه‌ر ئه‌وه‌یه‌‌ پێغه‌‌مبه‌ر(د.خ) هه‌موو به‌یانیان و ئێوارانێك نزای ده‌كرد: خوایه‌ په‌نات پێ ده‌گرم له‌ پیری... «رب أعوذ بك من الكسل وسوء الكبر

1. Life is so important, how can it be so fragile!


تاگەکان    
حەوتەمین کۆڕبەندی هاوسانی خێوەتگە حزبی ئیسلامی زانست دەروونناسی نەتەوایەتی كتێب کۆمەڵکوژیی بۆسنە موناجات نیشتیمان خاڵبەندی تەنیایی کۆیلایەتی ڕەزا بابایی زمان
ئەدەب
2019-11-14 کۆمێنت 2893 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی