ئێسته‌یش ئه‌وه‌م لێ ڕوون نییه، چ هێزێک بۆ نووسینی وه‌ها باسێک په‌لکێشم ده‌کات، مه‌سه‌له‌یه‌ک که چه‌ندین ڕۆژ-بگره چەندی ساڵه- بووەته که‌ڵکه‌ڵه‌ی سه‌رم و ده‌ستم لێ به‌رنادات و هه‌ر ته‌پا و تلم پێ ده‌کات.
زۆر که‌ڕه‌ت و له جێیهلێکی فره‌یش، مه‌لی خهیاڵکم باڵ ده‌گرێت و کون و که‌له‌به‌ری په‌یوه‌سته‌گی مرۆ به شوێنه‌وه، تهی ده‌کات. هه‌نگێ به دووی یاده‌وه‌ریی مرۆ لێل شوێندا، ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ ده‌مه‌وبه‌یانی مێژوو و هێدی هێدی و به‌کاوه‌خۆ پێیدا دێم، ئه‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌ری دنیا ده‌که‌م، سه‌ر ده‌رناکه‌م، نازانم به‌م ئاوه چ ئاشێک ده‌گه‌ڕێت و له‌م بارانه چ مه‌زرایه‌ک شین ده‌بێت، لێ ئه‌مجاره‌یان به ده‌ردی وانی دی، به کامی دڵ و به سوێی ناخی ناکه‌م، ئه‌وه‌تا ناوی خوام لێ هێناوه و، قه‌راره ڕاده‌ستی فه‌رامۆشیی نه‌که‌م.
شوێن، چ جوگرافیایه‌کی زانراو، یان له جێپێیهکهوه بگره هه‌تا ده‌گاته زه‌ویی به‌رین و ئاسمانی فراوان و دیارده زه‌به‌لاحه‌کانی ناویان، به هاوڕێیه‌تیی زه‌مه‌ن و مرۆ، ئه‌وه چێده‌که‌ن که به مێژوو ناسراوه.
تۆ ته‌ماشا بکه، هه‌ر ڕووداوێک هه‌ر له دروستکردنی چاوهخانوویهک یان هێلانه‌ی پەڕهسێلکه و قه‌تێ و چی و چیی تره‌وه، زیاتر بڕۆ هه‌تا ده‌گه‌یته مه‌یدانی پێکدادانی دوو ئۆرد و، ئه‌وسا شار و ئاوایی ڕازاوه، خاکی ژێر پێی دوو ئه‌ویندار، ئه‌ستێڵی ئاو و کێڵگه‌و باخچه، ته‌یمان و پهچا، ته‌ون، خه‌له و خه‌رمان، ڕه‌ز و بێستان، پرد و ئۆتوبان، باڵه‌خانه و خومخانه، نوژداری و تیمارگه... سه‌دان و هه‌زارانی تر، تێکڕا له‌سه‌ر شوێنێک یان سه‌رزه‌مێنێک جێپێی خۆیان قایم کردووه و ڕه‌گیان داکوتاوه.
له‌سه‌رێکی تره‌وه، شوێن له ته‌ک یادگه و یاده‌وه‌ریی مرۆدا، بووه‌ته ئاوه‌ڵ و بگره دوانه‌یه‌کی لێکدانه‌بڕاو لێک جیانه‌بووه‌وه.
هه‌رچی شه‌ڕ و شۆڕی دنیایه، زۆرێکی له‌سه‌ر بایه‌خ و قیمه‌تی شوێن بووه، ئه‌مه له لای سیاسی و ده‌وڵه‌تان.
لێ له‌کن بابایه‌کی هاکه‌زایی چه‌شنی مه، شوێن شتێکی دییه و مانایه‌کی ههروهتری هه‌س. ده‌شێت گومناوترین ناوچه و ده‌ڤه‌ر و پێنهزانترین بستهزهوی، به لای من و تۆوە بایه‌خ و گرنگیی له به‌هاترین شار و شارستانیی پێشکه‌وتوو گه‌ر زێده‌تر نه‌بێت، که‌متر نه‌بێت.
بڕێک جار له‌سه‌ر گازهرای پشت ڕاده‌کشێم و چاو له کونجێکی دوور ده‌بڕم، (عه‌لی شه‌ریعه‌تی)ئاسا، ده‌چمه‌وه گوند، باڕه‌ی به‌رخ و لرفه‌ی لافاو ده‌ژنه‌وم، حهیارهکهی ئه‌وبه‌ر ئاوایی، بان قه‌ڵا و ڕێچکه و زمسانه و تهنگهسێپا و بانی شه‌ماڵ و مۆردهکه و قوشهلانهکه و ... کوێ و کوێی تر، چه‌شنی وێنه‌ی ناو ئاوێنه‌یه‌ک، ده‌خزێنه بیناییمه‌وه.
هه‌ر به‌و ئاوایه، به شوێنپێیه‌کانی باوکم، مامم، باپیره، داپیره، دایکم و که‌سوکاره دێرینهکانمدا ده‌چمه‌وه، سه‌رباری ئه‌وه‌ی، مه‌ئوای من ئاواییه‌کی دووره‌ده‌ستی ناوچه‌ی زه‌نگه‌نه‌ی گه‌رمیانه، که چه‌ند مانگێکی که‌می ساڵ، سه‌ری سه‌وزه، ئیتر وه‌رزه‌کانی تری چه‌شنی پاییز، ئاوات و خۆزگه‌کانی ڕه‌نگی گه‌ڵای ههڵوهریویان گرتووه. لێ هێشتایش بستێک له خاکه‌که‌ی به مرواری و زێڕ، قومێک له ئاوه سوێره‌که‌ی به هه‌رچی شه‌رابی دنیایه ناگۆڕمه‌وه، قه‌تره‌یه‌ک ئارهقە که له‌وێ دهنشێته ته‌وێڵم به هه‌وای فێنکی بههارانهترین ناوچه‌ی دنیا به‌راود ناکرێت!
هه‌ر به‌ڕاستی مرۆ سه‌یر دڵبه‌ندی شوێنه. هه‌ر ئێژی دره‌خته و له ئاخه‌وه سه‌ری ده‌رهێناوه، وه‌ها سوکنایی و به‌نگی ئاو و هه‌وا و زێدی خۆی ده‌بێت، شاعیروتهنی له هه‌رجێیه‌ک بێت، تاسه و کامی دڵی ناشکێت و، ده‌ڵێی قامیشێکی له قامیشه‌ڵان دوورخراوه‌یه، هه‌رچی فوی پیاده‌کرێ ئاوازی غه‌ریبی و چیرۆکی دابڕان ده‌گێڕێته‌وه.
نازانم له کوێ بۆ کوێ ده‌چم و، گه‌یشتوومه‌ته کوێ؟
لێ، ئه‌ز ده‌زانم چه‌ند شار و سه‌یرانگه و جێگه‌ی بهنێوبانگم دیتووه، به‌ڵام لەبری شاگهشگهبوون و دڵاوایی، دڵم تووند و ته‌نگ بووه! له کاتێکدا هه‌ر به ده‌رکه‌وتنی دوندی قه‌ڵای ئاواییه‌که‌م -ئه‌گه‌ر له خه‌یاڵیشدا بێت- شادییه‌کی سه‌یر دامده‌گرێت و چاک ده‌ژێمه‌وه و سه‌د ڕووح ده‌چێت به بهدهنمدا، ئیتر ئه‌وه بۆ من بارانێکه و تۆز له گڵی ته‌نم هه‌ڵده‌ستێنێت.
ده‌لاقه‌یه‌کی گرنگتری شوێن ئه‌وه‌یه، مرۆ خۆی بکوژێت و ببڕێت، له ناوچه و جێیه‌ک زارۆیهتیی تروکاوه، لێ له سه‌مه‌ره‌ی ئینسانه که باری وه‌های به‌سه‌ردا دێت، که چه‌ندین شار و ناوچه و زێ و ڕووبار و که‌ژ و کۆی نه‌دیو و نه‌ناس، ده‌بن به نیشتمان و به‌شێک له یاده‌وه‌ری و هه‌ستیان پێ ده‌کات و ته‌کیاندا ده‌ژی.
ئه‌من، هه‌تا هه‌نگێ ته‌نێ ناو و وێنه‌ی هه‌ندێ شار و جێم بینیووه، به‌ڵام له ناخه‌وه خۆشم ده‌وێن، هه‌ست ده‌که‌م وێندهرییم و، بیره‌وه‌ریم له‌و شوێنانه هه‌یه، جار جاریش دێمه سه‌ر ئه‌و باره‌ی که قاژێک له ڕووحم له‌و شوێنانه ده‌ژی، ئیلاهی ئه‌مه چ سڕێکه؟
ئه‌وه نییه که باسی سنه و مه‌هاباد، شیراز و کاشان و ئه‌سفه‌هان، قۆنییه و جزیره، قورتوبه و ئیشبیله، هه‌مه‌دان و ڕه‌ی و گورگان، ده‌کرێت، ته‌زوو به سه‌رمدا دێت و ترپه‌ی دڵم خێراتر ده‌بێت.
هه‌ندێک جاریش، ناوچهیهکت به هۆی که‌سێکه‌وه خۆش ده‌وێت، ئه‌دی کۆیه، مه‌هاباد، شنۆ، سموود، شیراز، حه‌له‌ب، دیمه‌شق، که‌ربه‌لا، مه‌شهه‌د و خهرەقان...هتد، به خاتری ئه‌وه نییه ئازیزانێکی لێیه. مه‌دینه‌یش هه‌ر به خاتری گیانی گیانان، ئه‌و سه‌رداره‌ی که هه‌ر که‌س به سورمه‌ی ئه‌وینی وی چاوی نهڕهشتبێت، هاوار به ماڵی و هه‌ش به‌سه‌ر خۆی، وا سه‌وداسه‌ری بووین و بۆی ههڵقرچاوین. ئه‌ی خانه‌قای مه‌ولانا خالید و مه‌حوی و مزگه‌وتی گه‌وره‌یش، مه‌زنییان هیی ئه‌وه نییه مه‌زار و یادگه‌ی مهولانایهلێکن که کاریگه‌ری و سیحریان هه‌تا ئه‌مڕۆیش بزوێنه‌ری ژیان و بلوێری دڵداران و باده‌ی ده‌ستی بیماران و قوتی هه‌ناوی هه‌ژاران و لانه‌ی حه‌وانه‌وه‌ی بێنه‌وایانه؟!