خاڵبه‌ندی به‌شێكه له زمانی نووسین كه له هه‌ندێك نیشانه و ڕێسای تایبه‌ت پێكهاتووه, له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا تایبه‌تمه‌ندییه‌كی هه‌ره گرنگی زمانی نووسینه و پێویسته ڕه‌چاوی بكه‌ین. هێماكانی ئاماژه یاخود خاڵبه‌ندی له نووسیندا ئه‌و نیشانه و ئاماژه و هێمایانه‌ن له زمانی نووسیندا كه هه‌ر كامیان ئه‌ركێك یاخود چه‌ند ئه‌ركێكیان هه‌یه و خوێندنه‌وه‌ی نووسینه‌كان ئاسان و واتادار ده‌كه‌ن.
خاڵبه‌ندی لایه‌نێكی گرنگی نووسینه و به‌بێ ڕه‌چاوكردنی خاڵبه‌ندی هیچ نووسینێك ته‌واو ڕێزمانی نییه و مه‌به‌ست و واتای سه‌ره‌كیی خۆی ناگه‌یه‌نێت.
خاڵبه‌ندی كۆمه‌ڵێك هێما و نیشانه له خۆ ده‌گرێت كه هه‌ر هێما و نیشانه‌یه‌ك بۆ مه‌به‌ستێك به‌كار دێت و به‌ستنه‌وه و نه‌به‌ستنه‌وه‌ی وشه‌كان ده‌خه‌نه ڕوو.
هـێـمـاكـانـی خـاڵـبـهنـدی
بۆ ئه‌وه‌ی ده‌قێكی ڕێزمانی و درووست بنوسین، پێویسته شاره‌زا و ئاشنای نیشانه‌كانی خاڵبه‌ندی ببین. ئه‌مانه به‌شێك له نیشانه و هێما گرنگه‌كانی خاڵبه‌ندین:
یه‌كه‌م: خـــاڵ ( . )
خاڵ له نووسیندا به واتای ته‌واوبوونی ڕسته‌یه‌ك دێت، واتا له كۆتایی ڕسته‌یه‌كی واتادار و سه‌ربه‌خۆدا داده‌نرێت.
خاڵ له‌م شوێنانه‌دا داده‌نرێت:
1. له كۆتاییی هه‌موو ڕسته‌یه‌كدا دێت، جگه له ڕسته‌ی پرس و سه‌رسوڕمان:
أ- ئازاد هات.
ب- شێخ مەحموود شۆڕشگێڕێكی قاره‌مان بوو.
2. له كۆتاییی په‌ره‌گرافدا داده‌نرێت. واته دوای ته‌واوبوونی په‌ره‌گرافێك هێمای خاڵ داده‌نرێت.
3. له دوای پیتێك یان نێوان دوو پیت دێت، وه‌ك نیشانه‌یه‌ك بۆ كورتكراوه‌ی وشه، نازناو، پیشه و ڕێكه‌وت:
أ- ساڵی 2018ی ز. یه‌كه‌م ژماره‌ی گۆڤاری شه‌به‌نگ بڵاو بوویه‌وه.
ب- م. بێستوون عه‌بدولكه‌ریم؛ مامۆستا بێستوون عه‌بدولكه‌ریم
ت- پ.ی.د. لوقمان خه‌یاڵی؛ پرۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر دكتۆر لوقمان خه‌یاڵی
پ- كۆمه‌ڵه‌ی (ژ.ك)؛ كۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی كوردستان
ج- پێغه‌مبه‌ر (د.خ.) له مه‌ككه له دایك بووه.
4. له ڕسته‌ی سهرسوڕمانیشدا دێت، به‌و مه‌رجه‌ی وشه‌ی سه‌رسوڕمانی لەنێو ڕسته‌كه‌دا هه‌بێت، چونكه هه‌ر كاتێك وشه‌ی سه‌رسوڕمانی له ڕسته‌دا هه‌بێت، ئه‌وا دوای وشه‌كه نیشانه‌ی سه‌رسوڕمانی دێت و له كۆتایی ڕسته‌كه‌دا خاڵ (.) داده‌نرێت:
أ- ئۆخه‌ی! وا به‌هار هات.
سه‌رنج: خاڵ، ده‌بێت بلكێنرێت به وشه‌كه‌ی پێش خۆیه‌وه و بۆشاییی هه‌بێت له‌گه‌ڵ وشه‌كه‌ی دوایدا.
دووه‌م: جووتخاڵ (دووخاڵ) ( : )
جووتخاڵ، بۆ درێژه‌دان، ڕوونكردنه‌وه و ڕاكێشانی سه‌رنجی خوێنه‌ر به‌كار دێت؛ له‌م شوێنانه‌دا داده‌نرێت:
1. له پێش ئاخاوتنێكه‌وه كه وه‌ك خۆی بگێڕدرێته‌وه، یاخود گێڕانه‌وه‌ی ئاخاوتنی كه‌سێك:
أ- باران وتی: ”من خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵاتم.“
ب- دیكارت ده‌ڵێ: ”بیر ده‌كه‌مه‌وه، كه‌واته من هه‌م.“
2. له كاتی ژماردنی به‌شه پێكهێنه‌ره‌كانی شتێك یان له نێوان شتێك و به‌ش و جۆره‌كانیدا یاخود پێش هێنانه‌وه‌ی نموونه، له‌بری: (وه‌ك، وه‌كوو، بۆ نموونه، بۆ وێنه، كه بریتین له و له‌وانه) داده‌نرێت:
أ- له میرنشینه كوردییه‌كانی سه‌ده‌كانی نوێ: بابان، سۆران، بادینان و بۆتان... هتد.
ب- هاوڕێ دوو جۆره: هاوڕێی خۆشی و هاوڕێی ته‌نگانه.
ت- له هه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كدا گرنگه ڕه‌چاوی: ڕاستگۆیی، كرانه‌وه‌یی و گوێگرتن بكرێت.
3. له دوای وشه‌كانی: (فه‌رموویه‌تی، فه‌رمووی، ده‌فه‌رمووێت، ده‌یگووت، گوتی، ده‌ڵێت، ئێژێ و... هتد) داده‌نرێت:
أ- پێغه‌مبه‌ر (د.خ) فه‌رموویه‌تی: ”پێكه‌نین به‌ڕووی به‌رامبه‌ره‌كه‌تدا خێر و چاكه‌یه.“
4. له دوای ئه‌و وشانه‌ی ده‌مانه‌وێ ما‌نایان لێك بده‌ینه‌وه:
أ- فاریزه: بۆر، كۆما، وێرگول.
5. زۆر جار له نێوان كاته‌كانی كاتژمێرێكدا هێمای جووتخاڵ داده‌نرێت:
أ- 10:34 (كاتژمێر 10 و 34 خولهك)
سه‌رنج: جووتخاڵ ده‌بێت بلكێنرێت به وشه‌كه‌ی پێشیه‌وه و بۆشاییی هه‌بێ له‌گه‌ڵ وشه‌ی دوایدا.
سێیه‌م: بـــۆر ( ، )
بۆر، نیشانه‌ی پشوویه‌كی كورته، له‌و شوێنانه داده‌نرێت كه وا له ڕسته‌كه بكات ئاسان بخوێنرێته‌وه، ڕوون بێت و به‌باشی تێبگه‌یه‌نرێت. بۆر چاره‌سه‌رێكی باشه بۆ ڕسته‌ی دوورودرێژی پشووبڕ.
بۆر (،) له‌م شوێنانەدا داده‌نرێت:
1. له دوای ناوی بانگكراوه‌وه:
أ- ئازاد، كتێبه‌كه داخه.
ب- ئیلاهی، بمانبه‌خشه.
2. له‌و شوێنانه‌ی كه ژماردن و دووپاتبوونه‌وه‌ی تێدایه:
أ- سوید، دانیمارك، نه‌رویج، فینلاند، ئایسله‌ندا وڵاتانی ئهسكهندهنافین.
3. له پێش ئامرازی لێكده‌ری (یا، یان و یاخود)ه‌وه دێت، به مه‌رجێك نه‌كه‌وتبێته سه‌ره‌تای ڕسته‌وه:
أ- یا نامه‌كه بنووسه، یان په‌رتوكه‌كه بخوێنه‌ره‌وه.
4. له دوای ئامرازی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی (به‌ڵێ و نه‌خێر)ه‌وه دێت:
أ- به‌ڵێ، نامه‌كه‌م نارد.
ب- نه‌خێر، من نایه‌م.
5. له باتیی فرمانێك بۆ ئه‌وه‌ی دووباره نه‌بێته‌وه:
أ- من ده‌چم بۆ سلێمانی و ئه‌ویش، بۆ هه‌ولێر.
6. له ڕسته‌ی لێكدراودا، ده‌توانرێت له‌بری ئامرازی لێكده‌ری (و) به‌كار بهێنرێت: ئازاد هات، نه‌سرین رۆیشت.
7. له پێش ئامرازه‌كانی: (كه، به‌ڵام، چونكه، له‌به‌رئه‌وه‌ی، بۆیه، كه‌چی، بۆ، ئه‌گینا، له‌وانه‌یه و له‌به‌رچی) دێت:
أ- ئارام دێته سلێمانی، به‌ڵام نایه‌ته ئێره.
ب- مناڵه‌كه ده‌گریا، چونكه نه‌خۆش بوو.
8. له نێوان ڕسته‌ی كورتی واتاداردا:
أ- كه من ڕۆیشتم، ئه‌وان له‌وێ نه‌بوون.
9. له نێوان ده‌سته‌واژه‌ی مه‌رج و وه‌ڵامی مه‌رجدا:
أ- ئه‌گه‌ر گوڵ نیت، دڕكیش مه‌به.
10. له كاتی سوێندخواردندا:
أ- بەخوا، هه‌ر ده‌بێ نه‌ڕۆی.
11. له دوای ئامرازه‌كانی گواستنه‌وه و په‌یوه‌ندی: (له‌گه‌ڵ ئهمەیشدا، هه‌رچه‌ند، له كۆتاییدا، له سه‌ره‌تادا و به‌مجۆره) دێت:
أ- به‌مجۆره، مهم و زین ئه‌ڤینداری یه‌كتر بوون.
ب- له كۆتاییدا، گه‌شتم به ئامانجه‌كه‌م.
12. له نێوان ئه‌و ڕسته تهواونهكراوانهی كه پێكه‌وه ڕسته‌یه‌كی ته‌واو پێك ده‌هێنن:
أ- گوڵ بۆ بۆنكردن، نه‌ك بۆ ههڵپڕووزاندن.
سه‌رنج: بۆر، ده‌بێت بلكێنرێ به وشه‌كه‌ی پێشیيهوه و بۆشاییی هه‌بێ له‌گه‌ڵ وشه‌ی دوایدا.
چواره‌م: خاڵبۆر ( ؛ )
خاڵبۆر، وچانگرتنێكی دریژتره له بۆری ساده. له‌م شوێن و كاتانه‌دا به‌كار دێت:
1. ئه‌م هێمایه بۆ به‌یه‌كه‌وه‌به‌ستنی ڕسته‌یه‌ك به‌كار ده‌هێنرێت، كه له ڕووی ڕووخساره‌وه سه‌ربه‌خۆیه، به‌ڵام له ڕووی واتاوه په‌یوه‌ندداره به ڕسته‌یه‌كی تره‌وه، یاخود له نێوان ئه‌و ڕستانه‌دا دێت، كه ڕستهكهیان هۆكار بێت بۆ ڕوودانی ڕسته‌كه‌ی دوای خۆی:
أ- له‌م ساڵانه‌ی دواییدا، كوردێكی زۆر په‌ڕیوه‌ی هه‌نده‌ران بوون؛ كورده‌كان ده‌توانن سوودێكی زۆر به گه‌له‌كه‌یان بگه‌یه‌نن.
2. خاڵبۆر، بۆ جیاكردنه‌وه‌ی لیستێك له ده‌سته‌واژه، كه بۆ خۆیان به بۆر له یه‌كتر جیاكراونه‌ته‌وه بەکار دێت:
أ- هیوا كتێبی سێ نووسه‌ری خوێندووه‌ته‌وه: قانع خورشید، كه ”له شامه‌وه بۆ شیراز “ی نووسیوه؛ ئاری عوسمان خه‌یات، كه ”قابیل ژنی خۆی ته‌ڵاق ده‌دا، هابیل پێده‌كه‌نێ “ی نووسیوه؛ هێمن خورشید، كه ”ده‌ست بردن بۆ ئاگر “ی نووسیوه.
پێنجه‌م: نیشانه‌ی پرس (؟):
1. نیشانه‌ی پرس، ده‌خرێته كۆتاییی ئه‌و ڕستانه‌ی كه پرسیاریان تێدایه:
أ- ئایه ده‌زانی گۆڤاری شه‌به‌نگ كه‌ی ده‌رچوو؟
2. بۆ ده‌رخستنی گومان و دڵنیابوونه‌وه له شتێك:
أ- نالی ساڵی 1797(؟) له دایك بووه. (واته، لێره دڵنیا نین كه نالی به‌ڕاستی له‌و ساڵه‌دا له دایك بووبێت.)
شه‌شه‌م: نیشانه‌ی سه‌رسوڕمان ( ! )
نیشانه‌ی سه‌رسوڕمان له‌م شوێنانه‌دا به‌كاردێت:
1. له كۆتاییی ڕسته‌ی سه‌رسوڕمان یان سه‌رسامیدا:
أ- ڕۆژگارێكی سه‌یره گوڵم!
3. له دوای هاواركردن یان دوای ده‌ربڕینی ناخۆشی:
أ- ئای، چیم به خۆم كرد!
4. له دوای ده‌ربڕینی خۆشی:
أ- وه‌ی وه‌ی، چه‌ند جوانه!
5. له دوای پاڕانەوە:
أ- خودایه، ڕه‌حممان پێ بكه!
6. له دوای بانگكرنی كه‌سێك:
أ- وه‌ره ئێره!
7. له كاتی پێدانی هه‌واڵێك یان ڕاگه‌یاندنی مه‌ترسییه‌ك:
أ- ئاگر! ئاگر!
ب- خنكا! خنكا!
8. له‌نێو ڕسته‌دا له دوای وشه‌ی سه‌رسوڕمانه‌وه به‌كار ده‌برێت:
* ئۆخه‌ی! ئاڵای كوردستان هه‌ڵكرا.
9. هه‌ندێ جار له كۆتاییی ئه‌و ڕستانه‌ی كه فرمانپێدان یان داواكردنیان تێدایه، به‌كار ده‌برێت:
أ- بڕۆ ده‌ره‌وه!
ب- ده‌رگاكه داخه!
حه‌وته‌م: جووتهكهوانهی بچووك « »
1. كاتێ بمانه‌وێت گرنگیی تایبه‌تی بده‌ین به وشه‌یه‌ك، یان ده‌سته‌واژه‌یه‌ك، یان ڕسته‌یه‌ك:
أ- زانایان «زمان» به كۆڵه‌كه‌ی نه‌ته‌وه داده‌نێن.
2. له كاتی گێڕاندنه‌وه‌ی گوته‌یه‌ك كه ڕاسته‌خۆ له كه‌سێك یان سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه وه‌رده‌گیرێت، به‌بێ ده‌سكاری:
أ- عه‌لی شه‌ریعه‌تی ده‌ڵێت: «ویژدان به‌رز و باڵاتره له دادپه‌روه‌ری.»
3. بۆ وه‌رگرتنی نووسراوێك له ده‌قێك یان سه‌رچاوه‌یه‌ك به‌بێ ده‌ستكاریكردن وه‌كو خۆی، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ی ڕێزمانی و واتاییشی هه‌بوو، نابێ ده‌ستكاریی بكرێ، ئه‌وكاته ده‌خرێته ناو جووتهكهوانهی بچووك.
4. له كاتی وه‌رگرتنی ئایه‌تی قورئان، فه‌رمووده و قسه‌ی فه‌یله‌سوفان، زۆرجار ناوونیشانی بابه‌ته‌كانیش ده‌خرێنه ناو جووتهكهوانهی بچووك.
سه‌رنج: ئه‌گه‌ر ڕسته‌كه به خاڵ، بۆر، هێمای پرس، هێمای سه‌رسوڕمان یان هه‌ر هێمایه‌كی دیكه كۆتاییی هاتبوو، ئه‌وا ئه‌و هێمایهیش ده‌خرێته ناو جووتهكهوانهكهوه.
هه‌شته‌م: كه‌وانه‌ی ئاسایی ( )
كه‌وانه‌ی ئاسایی به‌م مه‌به‌ستانه به‌كار دێت:
1. له كاتی بوونی دوو وشه بە هه‌مان واتا:
أ- ڕاناو (جێناو)ی كه‌سی یه‌كه‌می تاك.
2. خستنه‌ڕووی وشه یان ده‌سته‌واژه‌یه‌كی ڕاڤهكهر، كه له‌وانه‌یه واتای زۆرتر به وشه‌ی پێش كه‌وانه‌كه ببه‌خشێ یان نموونه‌ی بۆ به‌ده‌سته‌وه بدات:
أ- ئێمه هێشتا زمانی فه‌رمی (ڕه‌سمی) مان نییه.
ب- شاری هه‌ولێر (ئه‌ربائیلۆ، ئه‌ربیل) به قه‌ڵاكه‌ی ده‌ناسرێته‌وه.
3. وشه‌یه‌ك، یان ڕسته‌یه‌ك ده‌خرێته نێوانی، كه واتایه‌كی تایبه‌تی تری هه‌بێت:
أ- پیره‌مێرد (حاجی تۆفیق) له وه‌رگێڕانی هۆنراوه‌دا، ده‌ستێكی باڵای هه‌بووه.
4. كاتێك ڕوونكردنه‌وه‌ی زیاتر له‌سه‌ر بابه‌تێك ده‌ده‌یت:
* گۆڤاری شه‌به‌نگ (كه خوێندكارانی زانكۆی گه‌رمیان ده‌ریده‌كه‌ن) له كانوونی دووه‌می ساڵی 2018دا یه‌كه‌م ژماره‌ی بڵاو بوویه‌وه.
5. له كاتی به‌كارهێنانی وشه‌ی بێگانه:
أ- بۆ نووسین به كوردی پێویسته ته‌خته‌كلیل (keyboard )ێكی كوردی دامه‌زرێنی.
6. له كاتی نووسینی بهروار له‌ناو نووسراوێك:
أ- هه‌موو ساڵێك له (21/3) یادی نه‌ورۆز ده‌كرێته‌وه.
7. بۆ ده‌ستنیشانكردنی ساڵی ده‌ستپێك و كۆتاییی ڕووداوێ، یان ساڵی له‌دایكبوون و كۆچكردنی كه‌سێ:
أ- حه‌مه پاشا (1783 – 1846)، كه به پاشای كۆره به‌ناوبانگه، توانیویه‌تی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان ڕابگه‌یه‌نێت.
8. بۆ دیاریكردنی سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ناو ده‌قێكدا:
أ- (قه‌ره‌چه‌تانی، 2016، 37)
9. یاخود وه‌ك ئاماژه‌كردنێك به (مێژوو، ناوبانگ، نازناو، ...هتد) بەكار دێت:
أ- ئه‌مڕۆ (21/3/2019) یه‌كه‌م ڕۆژی وه‌رزی به‌هاره.
ب- مه‌سعوود محه‌مه‌د (مامۆستا) یه‌كێكه له گه‌وره‌ترین فه‌یله‌سوفانی كورد.
سه‌رنج: وشه‌كانی ناو كه‌وانه‌كان نابێ له‌گه‌ڵ كه‌وانه‌كاندا بۆشایییان هه‌بێت.
نۆیه‌م: كه‌وانه‌ی گۆشه‌دار { }
ئه‌م هێمایه له‌م كات و شوێنانه‌دا داده‌نرێت:
1. له كاتی گێڕاندنه‌وه له ده‌قێكه‌وه، كاتێك ده‌مانه‌وێت ساغكردنه‌وه یان ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك له ده‌قه گێڕدراوهكه زیاد بكه‌ین.
2. كاتێك وه‌رگێڕ بیهه‌وێ، یا به پێویستی بزانێ ڕسته‌یه‌ك بۆ ده‌قێك زیاد بكات. له‌و حاڵه‌ته‌دا وشه یان ڕسته‌كه ده‌خاته نێو كه‌وانه‌ی گۆشه‌دار.
3. له كاتێكدا نووسه‌ر له نووسینه‌وه‌ی بابه‌تێك یان توێژینه‌وه‌یه‌كدا، ڕای خۆی بخاته ڕوو، ئه‌وا ده‌خرێته ناو ئه‌م جۆره كه‌وانه‌وه.
4. ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه به‌شێك نه‌بن له مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی:
أ- مامۆستاكه هاته ناو پۆله‌وه {قوتابییه‌كان بێده‌نگ بوون} و له جێی خۆی دانیشت.
5. له كاتی ساغكردنه‌وه‌ی ده‌ستنووسه كۆنه‌كاندا، وشه په‌یوه‌ستداره‌كان له‌گه‌ڵ ڕوونكردنه‌وه‌ی پێویستدا ده‌خرێنه ناو كه‌وانه‌ی گۆشهدارهوه:
أ- جه‌نابی وه‌زیری مه‌عالی {ئه‌مین زه‌كی به‌گ} تاریخنووسێكی ناوداری كورد بوو.
ده‌یه‌م: هێڵی لار (/)، (\)
1. هێلی لار (/)؛ بۆ جیاكردنه‌وه‌ی ڕۆژ، مانگ و ساڵ به‌كار دێت:
أ- شاری ڕانیه له (5/3/1991) ڕزگار كرا.
2. بۆ نووسینی دابه‌شكردن له‌ناو ده‌قێكدا، كه پیتی (كورتكراوه)ی تێدا به‌كار هاتووه:
أ-نخێراییی تیشك، نزیكه‌ی (300 هه‌زار كم\چركه) یه.
3. بۆ جیاكردنه‌وه‌ی فۆنه‌تیكی وشه له فه‌رهه‌نگدا:
أ- هاوار /hawar /.
4. بۆ جیاكردنه‌وه‌ی بڕگه یان نیوه به‌یته‌كانی شیعرێك:
أ- پاییز/ پاییز/ بووكی پرچ زه‌رد/
5. له نێوان دوو وشه‌ی هاوڕێنووس یان هاوواتا:
أ- به‌رگدوورین/ به‌رگدروون.
ب- جوان/ قه‌شه‌نگ
یازده‌هه‌م: ته‌قه‌ڵ (هێڵ) ( ــ )
1. زۆرجار به مه‌به‌ستی جیاكردنه‌وه‌ی گفتوگۆی نێوان دوو كه‌س دێت، له‌جیاتیی ناوی ئاخێوەر ئه‌م هێمایه ده‌نووسرێت:
أ. - مامۆستا هات؟
- نه‌خێر نه‌هات.
2. كاتێك كه دوو وشه پێكه‌وه دوو ڕووی جیاوازی یه‌ك مه‌به‌ست ده‌ربخه‌ن:
أ- زانسته كۆمه‌ڵایه‌تی- مرۆییه‌كان به‌شێكی گرنگی په‌روه‌رده‌ن.
3. له‌جیاتیی وشه‌كانی (تاكو، هه‌تا)به‌كار دێت، وه‌ك:
أ- لاپه‌ڕه ( 25-10) گرنگه بۆ تاقیكردنه‌وه.
4. له نێوان ژماره و ژمێردراودا، ئه‌گه‌ر كه‌وته سه‌ره‌تای ڕسته‌وه، هه‌رچه‌نده ده‌كرێت خاڵیش دابنرێت:
أ- له مه‌رجه‌كانی بڵاوبوونه‌وه‌ی بابه‌ت:
1- ڕه‌چاوكردنی ڕێنووسی كوردی.
2- ڕه‌چاوكردنی خاڵبه‌ندی.
3- سه‌رچاوه‌ی دیاریكراو.
دوازده‌هه‌م: ئـهسـتـێـره (*)
ئه‌م هێمایه له دوو حاڵه‌تدا به‌كار دێت:
1. بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی وشه‌یه‌ك له په‌راوێزدا، زۆرجار له‌جیاتیی ژماره له‌سه‌ر وشه‌كه‌وه دێت، بۆ زیاتر ڕوونكردنه‌وه‌ی وشه‌كه:
أ- هه‌ولێر* شارێكی جوانه.
2. زۆرجاریش وه‌ك هێمایه‌ك بۆ ده‌ستپێكردنی بابه‌تێكی نوێ به‌كار دێت.
سێزده‌هه‌م: سێ خاڵ ( ... )
ئه‌م هێمایه له‌م كات و شوێنانه‌دا به‌كار دێت:
1. بۆ پیشاندانی وشه و ڕسته‌ی سڕدراوه و به‌رده‌وام:
أ- هه‌واڵ چه‌ند جۆرێكه: هه‌واڵی سیاسی، هونه‌ری، وه‌رزشی، ...
2. بۆ پیشاندانی قسه‌ی ته‌واونه‌كراو:
أ- من... من... ببووره ناتوانم.
3. بۆ پیشاندانی درێژكردنه‌وه‌ی قسه:
أ- بڕوانه ئه‌و بانه! ئه...ها ڕووخا.
4. بۆ شاردنه‌وه‌ی ئه‌و وشه و ده‌سته‌واژانه‌ی كه ڕه‌نگه كۆمه‌ڵگا ڕێگه به ئاشكرادركاندنیان نه‌دات:
أ- پیر، كه كۆخی و ...، دووره له مردن هێشتا.
سه‌رچاوه‌كان
1. نه‌ریمان عه‌بدوڵڵا خۆشناو، ڕێنووس و خاڵبه‌ندی، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات، هەولێر، ٢٠١٦
2. ڕێبوار سیوه‌یلی و موسلیح ئیروانی، خالبهندیی پراكتیكی، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ژیان، هه‌ولێر، 2003
3. ئیدریس عه‌بدوڵڵا، بنه‌ماكانی لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی، چاپی دووه‌م، چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات، هه‌ولێر، 2006
4. كه‌یومه‌رس نیكرهفتار، خاڵبه‌ندی له نووسینی زمانی كوردیدا، چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری، سلێمانی، 2005
5. جه‌عفه‌ر شێخولئیسلامی و په‌خشان سابر، (لێكدانه‌وه‌ی چه‌ند پرسێكی په‌یوه‌ندیدار به خاڵبه‌ندییه‌وه)، پژوهشنامه ادبیات كوردی، ئێران، ساڵی چواره‌م، ژماره (5)، به‌هاری 1397ی هه‌تاوی
6. سایتی فێرگه‌ی زمانی كوردی