خانووی دێوودرنج
نووسینی: ڕوزبە موعین وەرگێڕانی: عەلی قوبادی
ئەدەب
2020-05-02
کۆمێنت
2623 جار بینراوە
بەوەی چەندین
ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوەدا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتانەکینێ توێ بە توێی شتەکانی ئەو
شەوەی بیستمن و بینیمن، لە یادمن.
تازە ماڵمان
گواستبووەوە خانووە تازەکەمان و لە کۆڵانە نوێیەکەماندا، خانۆچکەیەکی کۆن و مارزیایی
لێ بوو، کە مناڵێلی گەڕەک، پێیان دەگۆ دێوخانە.
من چ کاتێک
قسەکانیانم پێ قووت نەدەچوو، چون هەر باوەڕم بە دێوودرنج نەبوو! بەڵام منداڵەکان
دەیانوت، لە شەوانێکی تایبەتدا، پیرەپیاوێکی
ئەڵاجەوی، دەچێتە خانووەکەوە و بانگهێشتی دێوەکان دەکات. تەنانەت دەیانوت، خێوەکان
خێزانێکن و لەوێ دەژین و، جاروەجارێ دەنگی مراک و چنگاڵ دێت!
تا وای لێ هات
بۆ ئەوەی بۆیان یەکلا بکەمەوە کە لەو خانگەدا هیچ دێوودرنجێک نییە؛ بە دیوارەکەدا
هەڵزنام و چوومە ژوورەوە.
دروست بەو شێوەیەی
منداڵەکان وتیان، پیاوتۆقێن بوو. بە ڕووناکیی چراقەوەکە خانووەکەم پشکنی، قاپوقاچاخی
خانووەکە دەستیان لێ نەدرابوو. وەختێک تەفرەنجەی وێنەکانم دا، بۆم ڕوون بووەوە لە
خانووەکەدا ژن و پیاوێک لەگەڵ کچ و کوڕە گچکەکەیاندا دەژین.
لەناکاو دەنگی کردنەوەی دەرگای حەوشەم بیست و
زانیم پیرەپیاوەکە هات، خێرا لە دۆڵابێکدا خۆم شاردەوە و دەرگاکەیم پێوە دا. هەموو
جێیەک تاریک بوو، بەڵام دەمتوانی گوێم لە دەنگی پێی یارۆی پیر بێت کە بەرەو ئەو
هۆدەیەی منی لێ بووم دەهات و فایلەکانی دەستی لەسەر قەنەفەکە دانا. دەنگی شقارتەکەم بیست و هەستم کرد لەبەر خۆیەوە
قسە دەکات، بەگومان بووم و لایەکی دۆڵابەکەم تۆزێک کردەوە. پیرەپیاوەکە مۆمێکی
داگیرساندبوو. تەنیا توانای بینینی سێبەرەکەیم لەسەر دیوارەکە هەبوو. پاشی هەنێک
بێدەنگی، دەنگی پیاوەکەم گوێ لێ بوو، وتی: «ئەمە چۆن کار دەکات؟ ئەها، دەی ئەوە لە
کوێن؟ من چاوەڕێتانم.» ژنێک وتی: «ئەوە
دێین، پەلەت نەبێت.»
دواتر
تەقەتەقی کەوچک و چنگاڵ و کەنینی دوو منداڵم بیست. سەرتاپام دەلەزری، جنێوم بە خۆم
دەدا کە بۆچی بڕوام بەوە نەکرد ئەم خانووە دێوی هەیە! دەنگەکان ڕوونتر بوون و
کوڕەکە وتی، «بۆچی لە جێگاکەی من دانیشتووی؟»
کچەکە وتی: «جێی
خۆمە، بڕۆ ئەولاترەوە.»
ژنە گوتی: «دانیشن
منداڵەکان، دەمهەوێت هەنارتان بۆ بتەکێنم.»
پیاوەکە وتی: «شەوی
یەڵدا بێت، خاتوون گیان هەنارت بۆ بتەکێنێت و سۆڵان لە خۆت بدەیت، چی دەبێت! ئەوە
دیوانی حافز لە کوێیە فاڵێک بۆ منداڵەکان بگرم؟»
ژنەکە گوتی: «دایە
گیان، دیوانی حافز لە دۆڵابەکەدایە، بچۆ بیهێنە بۆ باوکت.»
هەر کە ئەوەم
بیست، وتم چۆن ئەم هەڵەیەم کرد و بە پێی خۆم هاتوومەتە نیو ماڵی چوار خێوی
سەرلێشێواو، نەزانستە هاوارم کرد، «نا نا، دەرگاکە نەکەیتەوە.»
سێبەری
پیرەپیاوەکەم بینی کە لە شوێنی خۆی بڵند بووەوە و وتی: «کێ لەوێیە؟»
وتم: «ئەی
دێوی مەزن، تکایە ڕێم بدە بڕۆم، بەڵێن دەدەم جارێشکە سەر بێرەدا نەکەمەوە.»
پیرەپیاوەکە
نزیک بووەوە و دەرگای دۆڵابەکەی کردەوە. من هاوارم دەکرد و ئەو دەگریا، بەڵام
کاتێک چاوم بە مێزەکە کەوت، حەپەسام؛ لەسەر مێزەکە تەنیا ئامێرێکی تۆمارکردنی دەنگ
کاری دەکرد!