کات لە عەسری تەکنۆلۆجیادا
نووسینی: شادان عوسمان
ئەدەب
2020-05-05
کۆمێنت
1782 جار بینراوە
من تەمەنێکی
ئەوەندەم نییە لە عەسری پێش تەکنەلۆجیایش ژیابێتم وەلێ ژیانی مناڵیی خۆم و باسکردنی گەورەکان و خوێندنەوەی نووسینی
ناو کتێبەکان، ئەوەندەی حاڵیی کردووم کە ژیانی پێش تەکنەلۆجیا ژینێکی بەرەکەتدارتر
بوو.
مرۆڤەکانی ئەم سەدەیەی من زۆر سەرقاڵن، زۆرتر لەوەی
چاوەڕێ دەکرێ، زوو زوو کارەکانمان ڕایی دەکەین بۆئەوەی کاتمان هەبێت، وەلێ هەر بێکاتین!
نوێژەکانمان
پەلەپەل بە سوورەتە کورتەکان دەخوێنین و هەر لەگەڵ سەلامدانەوەدا هەڵدێین و بە ویردەکانی
دوای نوێژ ڕاناگەین وەلێ هێشتایش کات هەر بەش ناکات.
لەسەر کارەکانمان
بەهەڵەداوان دێینەوە ماڵ بۆئەوەی لەگەڵ خێزانەکانماندا بین، وەلێ کات هەر هێشتا کەمە.
بەکورتی ئێمە
وێڵی دووی کاتین و کات هەر لێمان هەڵدێ.
کۆمەڵە مرۆڤێکی
هەمیشە سەرقاڵ و بێئەنجامین. هەمیشە ئیشی
تەواونەکراومان هەیە، هەمیشە پلانی ئەنجامنەدراو و خەیاڵی بەدینەهاتوومان هەیە. ڕەفەی کتێبخانەکانمان بارێک کتێبی دەستلێنەدراوی تیایە. لە کۆگای
مۆبایلەکانمان لیستێک فیلمی تەماشانەکراوی تێدایە. شوێنی دنیامان
لە زەیندایە بڕۆین بیانبینین. کەسی زۆرمان
لە خەیاڵدایە سەردانیان بکەین. وەلێ هەموویان
هەر لە شوێنی خۆیانن، بیانووی سەرەکیی هەموویشیان کاتە.
تەکنەلۆجیا هەموو ئاسانکارییەکی بۆ مرۆڤەکان کردووە
بە مەبەستی ئەنجامدانی کارەکانیان بە کەمترین کات، ئەوەی جاران پێویستمان بوو تا شارێکی
تر بڕۆین بۆ دەستکەوتنی هەواڵێ ئێستا بە کەمتر لە دەقەیەک بە نامەیەک لە شوێنی خۆمانەوە
بەدەستمان دەگات کەچی هێشتا هەر بە دووی کاتەوەین.
کاتێکمان
نییە بۆ تەنیابوونەوە لەگەڵ خۆمان. کاتێکمان نییە بۆ خەڵوەت لەگەڵ خوادا. بۆ خێزان
و دۆستانمان هەمیشە بێکاتین. نازانم کات گۆڕاوە و کورت بووەتەوە وەک بێژی چرکە و خولەکەکانی
ئەم عەسرە بە شێوەی مرۆڤەکانی سەرقاڵن، ئەوانیش دەیانەوێ زوو زوو دەقە و سەعاتەکان
بڕوا و ڕۆژەکان زووتر تێپەڕن یان ئەوەیە کات هەر وەک خۆیەتی و ئێمەین لە جەنجاڵیی ئەم
سەدە پەشێوەدا نغرۆ بووین؟!
خۆمانم بە کۆمەڵێ بوونەوەری پەشێوی جەنجاڵ دێتە
پێش چاو کە هەر لە ڕاکردنداین بە دووی کاتدا و کاتیش هەر لێمان هەڵدێت ...