نائومێدی و تارمایی هیوا
نووسینی: ڕێناس ئەحمەد
ئەدەب
2020-06-29
کۆمێنت
3483 جار بینراوە
پێش
ناونانی ئەم بابەتە، ویستم وشەیەک هەڵبژێرم لە کوردیدا کە ڕوویەکی نەرێیانەی نەبێت،
ئاخر نائومێدی، هەر نەرێکردنی ئومێدە، ئەمە ئەو پرسیارەی لا دروست کردم، ئاخۆ
نائومێدی و هیوابڕاوی، دۆخێکی دەروونیی ئەرێنییە یان نەرێنی؟ بەو مانایەی کە شتێکە
لە ناخی مرۆڤدا ڕیشەی هەیە، وەک هەر هەست و دۆخێکی تری دەروونی هاوشێوەی شادی، خەم،
سۆز و دەیانی تر، کە لەگەڵ چێبوونی دەروونی مرۆڤدا تێی ئاخێنراوە، یاخود دۆخێکی نەرێنی،
لاوەکی و لێکەوتەیە و لە ئەنجامی نەمانی ئومێد و هیواوە لە ناخی مرۆڤدا هەستی پێ دەکرێت؟!
ئەڵبەتە بەو وشانەی کە بۆ
ئەم دۆخە دانراوە، دیارە کە لاوەکییە و لێکەوتەی نەمانی ئومێدە. تۆ بڕوانە ئەم
وشانەی کە لە کوردی لای خۆماندا بەکار دێن؛ بێهیوایی، نائومێدی، بێهێڤی، هیوابڕاوی
و چەند وشەی تریش کە دەتوانیت بڵێی زۆرینەی زۆریان هەر نەرێکردنی ئومێد و هیوا و هێڤی
و ئەو وشانەیە، تەنانەت لە زمانەکانی تریشدا ئەوە دەبینرێت، کە ئەمەیش مانای ئەوەیە
ئەساڵەت و ڕیشەییبوون لە ناخی مرۆڤدا بۆ هیوا و ئومێدە.
دەی زانینی ئەمە چی سوودێکی هەیە لە کاتێکدا لە
دەروونی مرۆڤدا بۆشاییەک بۆ هەڵبڕان لە هیوا و ئومێد هێڵرابێتەوە؟ کاتێک مرۆڤ دەرک
بە بێهیوایی بکات و لەنێو سارای ژیاندا بەپەرێشانی بژێت، وەڵامی ئاوا پرسیارێک بە
ئەرێبوون یان نەرێبوونی بێهیوایی بۆ ئەو، چی لە بابەتەکە دەگۆڕێت؟!
ئەم ماوەیە سەیری فیلمێکی
کۆریم کرد، بە ناوی سیۆن دۆک، لەنێو فیلمەکەدا هەمیشە باس لە ئامانج و هەدەفی باڵا
دەکات، بە جۆرێک لەوێ پێناسەی مرۆڤ بەستراوەتەوە بەو ئامانجەوەی کە هەیەتی، مرۆڤی
گەورە ئەو مرۆڤەیە کە ئامانجی گەورەی هەبێت.
زۆر جار تەماشاکاری فیلمەکە
ئەو پرسیارەی لا دروست دەبێت -کە دەبێت هەمیشە لات دروست ببێت- هەر بەڕاستی ئامانجی
من چییە؟ ئەڵبەتە ئەم پرسیارە وجوودییە و هەموو کەسێک لە خۆی دەپرسێت، لێ جاری وا
هەیە وا دەژیین وەک ئەوەی بزانین ئامانجێکمان هەیە، کەچی لە واقیعدا هەر خۆمان بەدەست
بای ڕۆژگارەوە داوە و بەرەو کوێی بردین، بەدوایدا دەڕۆین. تا ئەو کاتەی یەکێ بیرمان
دەخاتەوە کە ئامانجی تۆ چییە؟ تۆ وەک مرۆڤێکی تاک و بوونەوەرێکی خاوەن ئیرادە کە لەم
سەر زەوییەدا یەک هاوشێوەی ترت نییە، تەنیا خۆت خۆتیت. ئایا تۆ ئامانجێکی تایبەت بە
خۆتت هەیە کە لەو هەموو مرۆڤەی سەر زەویت جیا بکاتەوە؟
ئەمە ئەو پرسیارەیە کە ئیتر
گەروومان وشک دەکات و تاوێک دەمانخاتە حەپەسانەوە ... بۆ هەندێکیشمان ڕەنگە خەو و
خۆراکمان لێ تاڵ بکات و، هەندێکی تریشمان کاتێک وەڵاممان دەست ناکەوێت، کۆتایی بە
ژیانی بێئامانجی خۆمان دێنین.
حەتمەن ئێستا دەپرسیت، بۆچی
لە باسی هیواوە بازت دا بۆ باسی ئامانج؟ خۆ ئەو دووە یەک نین، ڕەنگە ئێمە خاوەنی
ئامانجێک بین، بەڵام هیوامان لە بەدیهاتنی ئەو ئامانجە بڕا بێت. دروستە.
لێ ئەو دووە، چەشنی ڕەگ و قەدی درەختێکن، یەکێکیان لەژێرەوەیە و ئەوی دی لە سەرەوە،
کە هیچ یەک بێ ئەوی تر بەهایەکی ئەوتۆی نییە.
بێهیوایی زۆرجار بەرهەمی
بێئامانجییە، مرۆڤێک بەهانەیەکی بۆ ژیانکردنی خۆی نەبێت، چاوەڕێی چی هیوایەک بێت؟
ئامانج هەمان ئەو تروسکە ئاگرەیە کە ڕێبوارێکی ڕێگومکردوو بۆ خۆگەرمکردنەوە و ڕێدۆزینەوە
ئاتاجێتی، کە هەر کات ئەو تروسکەیەی بەدی کرد، ئیتر هیوایەک بۆ پێگەیشتنی دروست دەبێت
کە لەوپەڕی بێهێزیدا بڕست بە قاچەکانی دەدات تا وەخۆ کەون و، تین دەداتە بەر چاوەکانی
تا ئاستەنگەکانی بەردەمی خۆی پێ ببینێت.
گریمان ئامانجێک هەیە بۆ ژیان، ئیتر ئاواتێکی
بچووک بێت یاخود ئارمانێکی نەمر، لێ ئەو ڕێگایەی بەوت دەگەیەنێت پڕئاستەنگە و بەردەست
نییه، یان لە توانستی تۆ بەدەرە. لە دوورەوە وەستاویت چاو لەو شتە دەبڕیت کە بەهانە
و مانابەخشی ژیانی تۆیە، لێ وەبەر چنگت ناکەوێت و، هەموو هێزی ئاوەز و لاشەی خۆتیشی
بۆ وەگەڕ دەخەیت، کەچی جگە لە پڕوقان و، ئاوێزانبوونی خەم و کەسەر زیاتر هیچت بۆ
نامێنێتەوە. ئەو دەمەی دەگەیتە ئەو دەرەنجامەی کە ئیتر دەبێت بێ ئەو مایەی ژینەت،
گالیسکەی ژیانت لەنێو سارایەکی بەریندا کێش بکەیت و خۆت ڕادەستی ڕێنەناسێکی کوێر
بکەیت، تۆ هیوابڕاو و نائومێدی.
نائومێدی، یانی نەمانی جووڵە، یانی دەستشۆردن
لەو ئامانج و قیبلەیەی کە بەرەو ڕووی ماشێنی ژیانت دەئاژوا، ئەو ڕووگەیەی کە ڕۆژگارێک تینی ڕۆحت بوو، ئێستا
یان لێت ونە یان هێندە دوورە ناتوانیت چاویشی لێ بکەیت، چی بگات بە زاتکردنی ڕۆیشتن
بەرەو لای.
نائومێدی، داخی نەگەیەشتن دەنێت بە دڵتەوە و،
تاڵاوی هیجران و دووریت پێ دەچەژێت.
هیوابڕاوی، ڕازیبوونە بە هەموو بارێک و، ملکەچکردن
و کۆیلایەتیی لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتووە. مرۆڤی بێهێڤی، چێژ لە هیچ نابینێت و، ئەگەر
بزەیش لەسەر لێوی ببینرێت، هەرگیز شادی سەر بە دڵیدا ناکات. سەرباری ئەوانەیش، ئەم
مرۆڤانە پێودانگێکیان بۆ پێوانەی کارەکانیان نامێنێت و، ڕاست و چەوت و، باش و خراپیان،
بۆ لەیەک جوێ ناکرێتەوە، ئاخر نازانن چی بەرەو کوێیان دەبات!
لێ گەر بپرسم ئایا ئامانجێک، هێندە دوور، ئەفسانەیی،
یاخود ناواقیعی بێت کە ڕێگای هیچ ئومێدێک بۆ مرۆڤێک نەهێڵێتەوە، لە خۆیدا بێئامانجی
نییه؟! بەوە دەوترێت ئامانج، کە هەر لە سەرەتای بیرلێکردنەوەیدا، پێویستی بە موعجیزەیەک
هەبێت بۆ ڕوودانی کە هەموو یاساکانی کەون بگۆڕێت؟
ئامانجی گەورە، ئەو ئامانجەیە کە زۆر دوور و گەورەیە،
تاقەتپڕووکێن و ناخهەژێن و ڕەنگە ئیرادەشکێنیش بێت، بەڵام هێشتا هێڤییەک بۆ بەدیهاتنی
دەمێنێتەوە. دەی گەر لەوە بترازێت، ئایا خەیاڵی هاویشتنی تاوێرێکی گەورە کە دەرەقەتی
نایەی -کە کورد گوتوویانە؛ هەڵگرتنی بەردی گەورە نیشانەی نەوەشاندنێتی- خودی بێئامانجی
و بێئومێدییەکی زگماکی نییه؟ یان ئومێدێکە و بە یاساشکێنێکی زۆر گەورەترەوە بەستراوە؟
ئەمڕۆ زۆربەی خەڵکی ئەم وڵاتە نائومێدن، بێهیوایی
باڵی بەسەر ژیانماندا کێشاوە و، ڕۆژانە خەونی هەزاران گەنجی ئەم وڵاتە دەبێتە دووکەڵ
و دەبێتە تەمێکی ڕەش و پەنجەرەی چارەنووسی دادەپۆشێت. ئێمەیەل خەونمان هەیە لێ هیوامان
لێ بڕاوە. هەر بەڕاست هیوایەک هەیە؟ هەر بەڕاست؛ نووسین و خوێندنەوە و نەخوێندنەوەی
ئەم بابەتە، چی لە دۆخەکە دەگۆڕێت؟!