سپێدەیەکی خۆڵەمێشییە
نووسینی: تارا ڕزگار
ئەدەب
2020-10-18
کۆمێنت
1696 جار بینراوە
سپێدەیەکی خۆڵەمێشییە، دنیا تەم دایگرتووە و، ھەموو دەموچاوەکان، تووڕە و خەمناک و نامۆ دەڕوانن. نیگاکان ساردییەکیان
پێوەیە؛ وەک ئەوەی بڵێیت ھەموو مرۆڤەکان، ھەمان ھەست و ھەمان ڕوانین دەڕوانن.
تاوناتاوێک، دەمەبۆڵەیەک لە ڕیزی سەرەی نانی
دوکانی سەر شەقامەکە بەرز دەبێتەوە، منداڵی دراوسێکەیشمان بە دەموچاوێکی خەواڵووەوە،
دایکی بەرەو مەکتەبی بەڕێ دەکات. ئەو بەیانییە دنیا پەشێو بوو، ڕۆژنامەی بەیانیش،
ناخۆشترین ھەواڵەکانی ڕۆژ بوون.
بەلای دوکانی مامەپیرەی ڕیشسپیی گەڕەکدا تێپەڕیم
و، کە خەڵکی بە دەنگی بەرزی ڕادیۆیەکەی بە گلەیی ھاتبوون، ئەویش بە ھۆی بەتەمەنەوەچوونییەوە
گوێی گران بوو بووــ سەلامم لێی کرد، عەلەیکێکی کرد و، ئاخێکی هەڵکێشا ...
پرسیم: خێرە مامە؟
گوتی: جا ڕۆڵە کوا خێر ماوە!
بیرم کردەوە، ھەر بەڕاستی ئەمڕۆ ڕۆژێکی ناخۆشە؟!
لە خۆمم پرسی؛ ناخۆشی واتای چییە؟
بڕیارم دا، بە ڕوویەکی خۆشەوە بڕۆمە لای خوێندکارەکانم
و، ئەمڕۆی وان ھیچ نەبێت، کەمێک خۆش بکەم.
بەرەو پیشەی ڕۆژانەم بەڕێ کەوتم بەڵام، بە ھۆی
ترافیکەوە دوا کەوتم، پێدەچوو تووشی لێپرسینەوە ھاتبام و دەمەقاڵێ دروست بووایە،
جا ئەوکات میزاجی منیش تێک دەچوو و، دەبووە هۆی تێکچوونی میزاجی قوتابییەکانیشم.
چی دەبوو گەر دوێنێ ئازاری گەدەم تووش نەبووایە
و، زوو خەوتبام و، ئەمانەم وەڕێ نەهاتایەن؟!
پێویستم بە زلەیەکی میھرەبانی ھەبوو، تا بە ئاگا
بێم. چی دەبێت! مەگەر دەمەقاڵێی ڕیزی دوکانی نان، ھەروەکو پێشبڕکێی ژیان نییە؟!
دەموچاوی خەواڵووی ئەو منداڵە، ھەر بە بینینی
ھاوڕێکانی دەگەشێتەوە و باوەشی میھریان بۆ دەکاتەوە.
مەگەر ڕۆژانی تەماوی، خواستی یەکێک لە ھاوڕێ کۆنەکانی
منداڵیم نەبوو؟!
با با، کەوایە ئەمڕۆ دەکرێت ڕۆژێکی جوان بێت.
ئەی مامەپیرەی گەڕەک، ھەر ئەو نەبوو دوای چەند
ساڵێک وەفاتی کرد؟! ئەوەی، خەڵکی بۆڵەیان لە دەنگی ڕادیۆکەی دەھات؛ دەچووە دوکانەکەی
و ڕادیۆکەی ھەڵ دەکرد و بۆی دەگریا؟!
خۆ ئەسڵەن من لە خوێندنگا دوایش نەکەوتبووم!
دواکەوتنەکەم، کەوتنە نێو خەیاڵێکی قووڵ بوو لەکاتی
وەستان لە ترافیک، کاتێک گوێم لە گۆرانییە کلاسیکییە دڵخوازەکەم دەگرت.
ئەسڵەن ئەمڕۆ زۆریش جوانە، بگرە، خۆشترین و
باشترین دەستپێکی ڕۆژیشە، مەگەر نا؟!