خۆشم دەوێیت بەڵام نامەوێیت! شیکاریێکی دەروونی بۆ دوودڵی لە ئەوینداریدا
نووسینی: ڕێناس ئەحمەد
ئەدەب
2020-11-13
کۆمێنت
4177 جار بینراوە
جیهانی ئەوین پڕە لە نهێنی و ڕازی پەیپێنەبراو، زۆری لەسەر وتراوە و، زیاتریش هەڵدەگرێت. هەمیشە وا تێگەیشتووین کە لەگەڵ ئەویندا، یەکبوون، یەکخواستن و یەکویستن هەن، دەیان چیرۆکی ڕاست و ئەفسانە لە کلتووری هەموو نەتەوەکاندا هەن کە باس لە هەوڵی بەیەکگەیشتنی دوو ئەویندار دەکەن، وەک داستانی مەم و زین، شیرین و فەرهاد، لەیل و مەجنوون و هیی تر.
بەڵام ئایا دەکرێت لەگەڵ خۆشەویستییەکی قووڵدا، هێشتا ئەویندار، یارەکەی خۆی نەوێت؟ عیشقی یار بە ناخیدا ڕۆ چووبێت، لێ هێشتا نەیەوێت ببێت بە بەشێک لە ژیانی یارەکەی؟ دڵی کەوتبێتە کۆتی یارەوە لێ نەیەوێت پێیەکانی پێیەوە کۆت ببن؟ ئایا ئەو خۆشەویستییە ڕاستەقینەیە کە لەدوورەوە بۆ یار بسووتێیت لە کاتێکدا دەرفەتی نزیکبوونەوە و چوونە ژێر سایە و سێبەریت هەبێت؟
دیاردەی نەویستنی یارێکی دڵگیر، یەکێکە لە ڕازەکانی ئەوینداری. گونجاوە مرۆڤ شەیدای یەکێک ببێت، لێ نەیەوێت لێی نزیک ببێتەوە، هەر لەدوورەوە لێی ڕابمێنێت و تێر لە ئەوینی بخوات.
ڕەنگە هۆکار زۆر بێت بۆ ئەم جۆرە ئەوینە، هەندێ جار ئەویندار وێنەیەکی جوانی یاری لە ئاوەز و دڵیدا نەخشاندووە، هەر کاتێک هەوڵیدابێت لە یارەکەی نزیک ببینەوە، وێنەکە تێک چووە و، لەنزیکەوە بەو وێنە نەچووە کە ئەو ویستوویەتی وابێت، بۆیە هەمیشە ترساوە لێی نزیک ببێتەوە تا ئەو وێنە جوانە خوازراوەی نێو ئاوەز و دڵی وەک خۆی بمێنێتەوە. ئەم جۆرە ترسە ئەویندار دەخاتە تەنگەبەرێکەوە کە نە ئەوەیە دەسبەرداری یار ببێت و نە ئەوەیشە ببێتە بەشێک لە ژیانی یارەکەی. تووشی دڵەڕاوکێ دێت و لەنێو ترسی لەدەستدان و ترسی نزیکبوونەوەدا، شەوگاری بە گریان و ڕۆژانی بە تاسان بەسەر دەبات. زۆر جار ناتوانێت وەڵامێکی دروست و شیکارێکی قایلکەر بە بەرانبەر بدات، تا هیچ نەبێت ئەو بڕیاری خۆی بدات.
کچە شاعیرێکی عەرەب ئەم هەستەی جوان دەربڕیوە، ئەگەرچی ئاستی شیعرەکە زۆر بەرز نەبێت، لێ هەوڵی داوە هەستێکی تەواو ڕاستەقینە بخاتە نێو کڵێشەی شیعرەوە.
أعترف بأني لا أريدك
اعترف باني احبك بجنون
وانك من اشتاق له على مر السنون
اعترف اني ضعيفه بدونك
واني محتاجه لحنانك
ولكن لا اريدك
اعترف بانك من علمني الحب
وانك من ملكت القلب
واني سابقى احبك حتى مماتي
ولكن لا اريدك
واعلم اني لن انساك
وانك انت فقط من اهواك
واعلم اني لااقوى على الفراق
واني احبك حب العشاق
ولكن لا اريدك
اعترف بانك من غير كياني
وانك من تحركت لاجله اشجاني
واعترف بانك من علمني السحر
ومن لاجله كتبت الشعر
ولكن لا اريدك
واعلم انك مازلت فارس احلامي
وان حبك تغلغل في اعماقي
واني احبك حبا فاق الوصف
ومتيمة بعشقك لا ادري كيف
ولكن لا اريدك
فاليك اعتذاري واسفي فرغم حبي الكبير لك
رغم ما ساعاني من العذاب
فانا لاارضى العيش في وهم و سراب
ولن اقبل منك اي عتاب
ولاحتى ذكر الاسباب
ولكن سابقى اردد اسمك دوما
وسيبقى حبك في قلبي ابدا
ولكن مع اعتذاري لا اريدك
ئەو شیعرەم بە کوردی کرد تا ماناکەی بگاتە ئەوانەیش لە عەرەبییەکەبەباشی تێناگەن، بەڵام دواتر هەوڵم دا کە وەک شیعرەکە دایڕێژمەوە، ئەگەرچی لە ئاستێکی بەرزدا نییە، لێ ئومێد دەکەم جێی قبووڵ بێت.
دانی پێدا دەنێم کە نامەوێیت.
درکاندوومە کە شێتانە ئەویندارتم
ئەو کەسەی، کە ساڵانێکە خوازیارتم
مل دەدەم کە بێ تۆ لاوازم
سۆز و دلۆڤانیتم ئەوێت
لێ تۆم ناوێت.
پێی لێ دەنێم کە تۆ ئەوینت فێر کردم
هەر تۆ بووی دڵت داگیر کردم
هەر خۆشیشم دەوێی تا مردنم
لێ تۆم ناوێت
ئەزانم کە لەبیرت ناکەم
تەنیا ئارەزووی تۆ دەکەم
ئەزانم ناگرم بەرگەری دووریت
وەک هیی ئەویندارانە، خۆشەویستیت
لێ تۆم ناوێت
ئەزانم شاسواری خەونەکانمی هێشتا
ئەزانم ئەوینت ڕۆچووە بە ناخمدا
بە عیشقێکی بان وەسف ئەویندارتم
گەرچی نازانم چۆن وا شێت و شەیداتم؟!
لێ تۆم ناوێت
دەیدرکێنم کە بە تۆ قەوارەم گۆڕا
کە لەپێناوتا غەم و کەسەرم جووڵا
ئەزانم کە تۆ فێری سیحرت کردم
هەر تۆ بەرگی شاعیریت لەبەر کردم
لێ تۆم ناوێت
بەداخەوە بمبوورە، سەرەڕای ئەوینێکی گەورە
کە هۆکاری ئازارێکی زۆرە،
من بە ژیانی خەون و سەراب ڕازی نابم
سەرزەنیشتیشت لێ قبووڵ ناکەم
هەتتا هۆکاریشت بۆ باس ناکەم.
بەڵام هەمیشە ناوت دەڵێمەوە و
ئەوینت بە زیندوویی لە دڵما دەهێڵمەوە
بەڵام ببوورە، من تۆم ناوێت
ئەوە ئەو قۆناغەیە کە ئەوینداری دوودڵ دەبێت لەکۆتاییدا بڕیاری خۆی بدات و، خۆی بە دیوێکدا یەکلا بکاتەوە. ئەڵبەتە زۆر جار هۆکارێکی قایلکەریش بوونی نییە.
ئەگەر نەچینە ژێر باری ئەو وێنا و وەسفە کلاسیکییانەی کە بۆ ئەوین کراون -کە ئاوەز و ئەوین پێکەوە نایانکرێت و ئەمیان هات، ئەویان دەڕوات و بەپێچەوانەیشەوە- ئەوە دەتوانم بڵێم؛ ئەویندار دەکرێت لەنێوان خواستی دڵ و سەریدا دڕدۆنگ دابمێنێت و، تاوی جوێکردنەوە و لاسەنگکردنی تای تەرازووەکەی بە لایەکدا نەبێت.
ڕوونتر بڵێم، ڕەنگە ئەویندار، شەیدا و عاشقی کەسێک ببێت، لێ دواتر پاساوێکی مەنتیقی یان عەقڵی بێتە گۆڕێ و بیخاتە دوودڵییەوە لەوەی نزیکی بکەوێتەوە. ڕەنگە بوترێت جا ئەمە چۆن ئەوینێکە؟! ئەمە چەشنی ئەوینی ئەو دایک و باوکەیە کە بە پاساوێکی عەقڵی و مەنتیقی منداڵەکەیان دەدەنە دەستی دکتۆرێکەوە تا سکی بداتە بەر نەشتەر. کە گەر بەو ناساندنە کلاسیکییە لە ئەوین بڕوانین، دەبوو بڵێین هیچ شتێک ناتوانێت ئەو دایک و باوکە قایل بەم کارە بکات.
لێرەدا جەنگێک لەنێوان سەر و دڵی ئەوینداردا دروست دەبێت، وەک ئەوەی دوو مرۆڤ بن و تاوتوێی پرسێک بکەن. ئەویندار دەکەوێتە دۆخێکی دەروونییەوە، کە هاوسەنگی لەدەست دەدات و، ڕای بەگوێرەی سەعات دەگۆڕێت. قاڵێک لەنێو سەر و، گرژییەک لە دڵیدا دروست دەبێت، خەو و خواردنی تێک دەدات و هەمیشە حەز دەکات لەو دەنگانەی ناو سەری هەڵبێت کە نازانێت کامیان خۆیەتی. شەڕێکی ناو ناخ، کە هەرچی دەکۆشێت وەک مشتومڕی دوو سیاسی دەبەنگ، ناگات بە دەرەنجامێکی قایلکەر و، بڕیارێکی دامەزراو.
سەید کامیلی ئیمامی بە ڕەحمەت بێت، لە شیعرێکدا بە ناوی «شاری دڵەوە» ئەم شەڕەی ناو ناخ، بەینی دڵ و عەقڵی، جێ دەکاتەوە و، جوان دەیهۆنێتەوە:
من دەڵێم شاری دڵم باغ و گوڵستانە، دەچم!
عەقڵ ئەڵێ نا، قەسەبەی شۆڕشی مەستانە، نەچی!
من دەڵێم نوختەیی ئەو ڕەوزەیی ئیمانە، دەچم!
ئەو دەڵێ نا، ڕەشەجێ ڕاوگەیی شەیتانە، نەچی!
من دەڵێم مەسکەن و ئارامگەیی جانانە، دەچم!
ئەو دەڵێ سەربەسەری تێک چووە، وێرانە، نەچی!
من دەڵێم جێگەیی هەر شێت و جنوونانە، دەچم!
ئەو دەڵێ نا، زەدەیی پەنجەیی پەریانە، نەچی!
من دەڵێم مەرکەزی ئەسڕاڕی حەریفانە، دەچم!
ئەو دەڵێ جێ تەمەعی چاوی حەسوودانە، نەچی!
من دەڵێم وەختی خەتەر مەئمەن و قەڵگانە، دەچم!
ئەو دەڵێ کونکونە، جێگەی سەرەپەیکانە، نەچی!
لەو هەموو چوون و نەچوونە سەری سوڕ ما «کامیل »
من دەڵێم جوانە دەچم، ئەو دەڵێ واجوانە نەچی
بڕوانە سەیید کامیلیش دوای مشتومڕێکی زۆر ناگاتە دەرەنجام و پرسیارەکە بەبێ وەڵام جێ دێڵێت.
هەر لە ئەدەبی کوردیدا، شیعرێکی خالیسی شاعیر هەیە بە زمانی فارسی -خالیس باوکی شێخ ڕەزای تاڵەبانییە-، دەڵێت:
عقل میگوید بە من هردم کە: ترک یار کن!
عشق میگوید کە: هی هی! ترک این گفتار کن
(هەرکات عەقڵ بە من دەڵێت؛ تەرکی یار کە، عیشق دەڵێت؛ هێی هێی، واز لەم قسە بێنە.)
ئاوا پرسیارێک کە بۆ یار و ئەویندار گەوهەرییە، دەبێته ئاگرێک و دەڕژێتە گەرووی ئەویندارەوە، شەونخوونی و گەڕان بەدوای وەڵامەکەیدا دەیپڕووقێنێت. دەستبەرداری ئەوینێک ببێت کە ڕیشەی لە ناخیدا کوتاوە، یان بڕیار بدات ببێت بە نزیکترین هاودەمی کەسێک کە هاوژیانییان نەگونجاوە و، ڕێی ئەوینیان بەرەو بنبەست دەڕوات. تا دەگاتە ئاستێک ئەویندار پەنا بۆ هەر کەسێک دەبات تا وەڵامی بۆ بداتەوە و، لێ بە هیچ وەڵامێک ئۆقرە ناگرێت.
گووگووش، خانمە گۆرانیبێژی فارس، لە گۆرانییەکیدا، کە ئەم شیعرەی خوارەوە دەقەکەیەتی، پڕاوپڕ ئاماژە بەو دۆشدامان و حەیرەتزەدەییە دەکات.
گریه کنم یا نکنم
حرف بزنم یا نزنم
من از هوای عشق تو، دل بکنم یا نکنم؟!
با این سوال بی جواب، پناه به آینه می برم
خیره به تصویر خودم، می پرسم از کی بگذرم.
یه سوی این قصه تویی
یه سوی این قصه منم
بسته به هم وجود ما
تو بشکنی، من می شکنم
نه از تو می شه دل برید
نه با تو می شه دل سپرد
نه عاشق تو می شه موند
نه فارغ از تو می شه موند
هجوم بن بست رو ببین، هم پشت سر، هم رو به رو
راه سفر با تو کجاست؟
من از تو می پرسم بگو
بن بست این عشق رو ببین، هم پشت سر، هم رو به رو
راه سفر با تو کجاست
من از تو می پرسم بگو
گریه کنم یا نکنم
حرف بزنم یا نزنم
من از هوای عشق تو، دل بکنم یا نکنم؟!
تو بال بسته ی منی
من، ترس پرواز تو ام
برای آزادی عشق از این قفس من چه کنم؟!
گریه کنم یا نکنم
حرف بزنم یا نزنم
من از هوای عشق تو، دل بکنم یا نکنم؟!
بگریەم یاخود نەگریەم؟!
بدوێم یاخود نەدوێم؟!
من لە مەیلی ئەوینی تۆ، دڵ بکەنم یان نەیکەنم؟!
بەم پرسیارە بێوەڵامە، پەنا بۆ ئاوێنە دەبەم
ماق بەدیار وێنەی خۆمەوە، دەپرسم دەستبەرداری کێ بم؟
یەک دیوی ئەم چیرۆکە تۆیت
یەک دیوی ئەم چیرۆکە منم
بوونی ئێمە پێکەوە بەستراوە
تۆ بیشکێنیت، منیش ئەیشکێنم.
نە ئەکرێ دڵ لە تۆ هەڵبڕم
نە ئەکرێ دڵ بە تۆ بسپێرم
نە ئەکرێ بە عاشقییت بمێنم
نە ئەیشکرێ بێ تۆ تاو بێنم
هێرشی بنبەست ببینە
هەم لە پشتی سەر و، هەم ڕووبەڕوو
ڕێی سەفەر لەگەڵتدا بەرەو کوێیە؟
من لە تۆ دەپرسم، دە بیڵێ
بنبەستی ئەم عیشقە ببینە،
هەم پشتی سەر، هەم ڕووبەڕوو
تۆ باڵی بەستراوی منی
من ترسی فڕینی تۆم
لەپێناو ئازادیی عیشقا من لەم قەفەسدا چی بکەم؟
بگریەم یاخود نەگریەم؟!
بدوێم یاخود نەدوێم؟!
من لە مەیلی ئەوینی تۆ، دڵ بکەنم یان نەیکەنم؟!
هەندێ جار، ئەویندار خۆی بە شیاوی یار نازانێت و، لەوە دەترسێت دوای نزیکبوونەوە لێی، ژیانی بکاتە کابووسێک و، مەلی بزەی سەر لێوەکانی یارەکەی هەڵفڕێنێت. ئەوەی ڕێگریی لێ دەکات هەر ئەو ئەوینەیە، کە ژیانی ئەوی لە خواستی دڵی خۆی بەلاوە گرنگتر بێت، لە چیرۆکە ئەویندارییەکاندا لەم ڕۆڵانە زۆر هەن، کە جۆرێکە لە قوربانیدان.
ترس لە چارەنووس، ترس لە داهاتووی ئەو ئەوینەی لەسەر فرمێسک و بزەی یار ڕۆنراوە، ترس لەو پێشهاتانەی کە هێشتا نەهاتوون، سیمای مرۆڤی دڕدۆنگ و قەلەقە. دڕدۆنگییش بکوژی ئەوین و ئەویندارە. ئەوانەی دارای کەسایەتییەکی دڕدۆنگ و قەلەقن، ئامادەن بۆ ئەوەی چارەنووسی ئەوینیان بەم بنبەستە بگات، بۆیە کەسایەتیی یار و ئەوینداریش ڕۆڵی هەیە.
یاخود دەکرێت ئەوەی ناو نراوە ئەوین و، ئەویندار تەسلیمی بووە، ئەوینێکی ڕاستەقینە نەبێت! بۆشاییەک لە ناخی ئەوینداردا چێ بووبێت و، گرنگیدانی یار و خووپێوەگرتنی، لە فەراغی ناخێکی وشک و بێئەویندا، لە شێوەی خۆشەویستییەکی قووڵدا بەرجەستە بووبێت.
ناخی مرۆڤ هێندە تاریکە، زۆر جار خۆیشمان ناتوانین بیپشکنین. گەر تەواو ورد نەبینەوە و بە چەند ئەزموونێکیدا نەبەین و، لە کەشێکی ئارام و کپدا گوێ لە دەنگی ناخمان نەگرین، ڕەنگە زۆر شتی درۆینەمان لێ ببێ بە حەقیقەت، عیشق و ئەوین لەوانەن.
بۆیە ئەستەم نییە، خووپێوەگرتن و ئارەزووی جنسیمان لێ بووبێت بە ئەوینێکی باڵا.