سه‌باح ئیسماعیل یه‌كێكه له‌و وه‌رگێڕانه‌ی كه ساڵانێكه سه‌رقاڵی وه‌رگێڕانه و خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك به‌رهه‌می وه‌رگێڕدراوه و به یه‌كێ له وه‌رگێڕه باشه‌كان داده‌نرێ، له ماوه‌ی كاركردنیدا دوو ڕۆمانی عه‌لا ئه‌سوانی به‌ناوی شیكاگۆ و باڵه‌خانه‌ی یه‌عقوبیان، وه‌رگێڕاوه، رۆمانی وه‌رزی كۆچ به‌ره‌و باكوور-ی ته‌یب ساڵحی وه‌رگێڕاوه بۆ كوردی، هه‌روه‌ها -رۆمانی مرۆڤێك ناوی له‌ناواندا نییه و عیراقییه‌ك له‌پاریسی سهمووێل شه‌معون، درێژترین ساڵ-ی زوهدی داودی، شه‌ماعیه نووسینی عه‌بدولستار ناسر، تاكسی-ی خالید ئه‌لخه‌میسی، هه‌ر دوو رۆمانی میرنامه و عه‌شقی وه‌رگێڕ-ی جان دۆست-ی وه‌رگێڕاوه و ئێستا وه‌ك له‌م دیداره‌دا باسی ده‌كات سه‌رقاڵی وه‌رگێڕانی ڕۆمانی (البیت الاندلسی)ی واسینی ئهعرهجه. به‌ده‌ر له‌م كارانه كتێبێكیشی هه‌یه به‌ناوی چه‌مك و ئیستاتیكا شوێن له‌ئه‌ده‌بدا، كه لیكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ئه‌ده‌بییه، له‌م دیداره‌دا نووسه‌ر و وه‌رگێڕ سه‌باح ئیسماعیل باس لهوهرگێڕانهكانی ده‌كات و له‌باره‌ی وه‌رگێڕان و عه‌شقی خۆی بۆ ئه‌و كاره ده‌دوێت و هاوكات له‌باره‌ی دواهه‌مین وه‌رگێڕانه‌كانییه‌وه قسه ده‌كات .
سازدانی: مه‌حموود نه‌جمه‌دین
* پێم خۆشه له‌باره‌ی جان دۆست-ه‌وه بدوێیت، بۆچی دوو كاری ئه‌وت به‌دوای یه‌كدا بۆ وه‌رگێڕان هه‌ڵبژارد؟
- خوێندنه‌وه‌ی جان دۆست بۆ من دۆزینه‌وه‌یه‌كی تازه بوو له‌بواری ڕۆمانی كوردیدا. ئه‌و ته‌كنیكه‌ی جان دۆست له‌سه‌ری ڕۆیشتووه مه‌گه‌ر پێشتر لای عه‌ره‌بی شه‌ممۆ له‌ڕۆمانی «قه‌ڵای دمدم»دا پێڕه‌و كرابێت. له‌ڕۆمانی «میرنامه»دا ده‌ستی بۆ تابۆكان و شتهیلێك بردووه پێشتر نه‌گوتراون. جان دۆست وه‌كو نووسه‌رێكی ئینسكلۆپیدی ده‌ستی بۆ رۆمان بردووه، زانیارییه‌كی زۆری له‌سه‌ر هونه‌ری ڕۆمان و له‌سه‌ر بابه‌ته‌كانی ناو ڕۆمانه‌كه‌ی كۆكردووه‌ته‌وه ئینجا ده‌ستی بۆ خامه بردووه، تاكو بیاندڵۆپێنێته سه‌ر كاغه‌ز. جان دۆست دوای ئه‌وه‌ی ناسیم و چه‌ند جارێك یه‌كترمان بینی، ئینجا پتر له‌توانای گه‌وره‌ی ئه‌و له‌بواری ڕۆماندا تێگه‌یشتم. كاتێك ده‌ستنووسی ڕۆمانی «نواقیس روما-زه‌نگه‌كانی ڕۆما»ی بۆ ناردم بیخوێنمه‌وه‌و ڕا و تێبینیی خۆمی هه‌مبه‌ر بده‌م، له‌شوێنێكی ڕۆمانه‌كه‌دا تێبینییه‌كم پێ دا، كه ناكرێت ئیسته‌ر ئه‌م هه‌موو ساڵه له‌به‌ر ئه‌وینێكی كورت ماوه چاوه‌ڕوانی عهشیق بكات و شووی نه‌كردبێت و ئه‌و هه‌موو دڵسۆزی و وه‌فاداری و چاوه‌ڕوانییه‌ی كردبێت، پێویستی بهپاساوگهلێكی لۆژیكی ده‌كرد له‌كۆتایی ڕۆمانه‌كه‌دا باسیان لێوه بكات، تاكو خوێنه‌ری هۆشیار قایل بكات. نیو سه‌عاتی نه‌برد له‌وه‌ڵامی ئه‌و تێبینییهی مندا چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كی نووسی و بۆی ناردم. به‌ڕاستی سه‌یرم له‌خه‌یاڵی فراوانی ئه‌و هات، چ شاره‌زایه‌كه لهفهنتازیاو هونه‌ری ڕۆماننووسیندا! چۆن له‌م ماوه كه‌مه‌دا ئه‌و هه‌موو شتانه به‌خه‌یاڵیدا هات و خستیه سه‌ر كاغه‌ز!
ئه‌م توانا گه‌وره‌یه‌ی لهڕۆماننووسیندا وای لێ كردووه پڕ به‌رهه‌م بێت و به‌ساڵێك كه‌متر بتوانێت ڕۆمانێك بنووسێت. جگه له‌وه‌ی له‌و ساڵه‌دا یه‌كێك له‌ڕۆمانه‌كانی خۆی یا له‌عه‌ره‌بییه‌وه ده‌كات به‌كوردی، یانیش ئه‌گه‌ر به‌كوردی نووسیبێتی ده‌یكات به‌عه‌ره‌بی .
*ئه‌گه‌ر بكرێ له‌باره‌ی دواهه‌مین وه‌رگێڕانت «عه‌شیقی وه‌رگێڕ» قسه‌مان بۆ بكه‌یت؟
- جان دۆست له‌پێشه‌كییه‌كه‌یدا بۆ چاپی كوردیی ڕۆمانه‌كه ده‌ڵێت « ئێمه له‌چاخی ڕقدا ده‌ژین. چاخی ئه‌وپه‌ڕی توندڕۆیی ئاینی و ده‌مارگیریی مه‌زهه‌بی و ناكۆكیی نه‌ته‌وه‌یی. تێرۆری نابینا له‌ژێر په‌رده‌ی ئایندا له‌مسه‌ر بۆ ئه‌وسه‌ری دنیا داده‌پڵۆسێت. توندڕۆییهك به‌تایبه‌ت له‌ده‌ڤه‌ری ئێمه‌دا مرۆڤه‌كان لهناودهدات. باهۆزێكی ڕاسته‌قینه‌یه ده‌بێت به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك خۆمان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئاماده‌بكه‌ین.»
بابه‌تی ئه‌م ڕۆمانه قسه‌كردنه له‌سه‌ر ڕۆڵی وه‌رگێڕه‌كان له‌سه‌رده‌می عوسمانییاندا، له‌و ڕێگه‌یه‌وه باس لهنالێبوردهیی ئاینه‌كان ده‌كات له‌ئاست یه‌كدیدا، چۆن به‌گشتی هیچ ئاینێك یا ئاینزایه‌ك ئه‌ویتر قبووڵ ناكات و ڕه‌تی ده‌كاته‌وه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م جیاوازییانه پتر له‌به‌شی دووه‌می ڕۆمانه‌كه‌دا «زه‌نگه‌كانی ڕۆما» به‌ده‌رده‌كه‌ون و كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆیان له‌سه‌ر كاراكته‌ره‌كان ده‌بێت، كه كۆمه‌ڵێك نه‌وجه‌وانی هاوڕێ و هاوسه‌فه‌ری یه‌كدین، جیاوازیی ئاین و ئاینزایان چ جیاوازی و دوورخستنه‌وه‌یه‌ك له‌نێوانیاندا دروستده‌كات. تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی عهشیق وه‌ڵامه‌كان له‌ئاینی ئیسلامدا نابینێته‌وه و ده‌چێته سه‌ر ئاینی گاوران. پاشان له‌وه‌ش بێ ئومێد ده‌بێت و به‌یه‌كجاری له‌دین هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه. ڕۆمانێكه له‌شێوه‌ی شانۆی داستانیی به‌رتۆڵد برێخت گفتوگۆ له‌گه‌ڵ خوێنه‌ردا دروستده‌كات و نایه‌وێت خوێنه‌ر بێلایه‌ن و بێبڕیار و ته‌نیا ته‌ماشاكه‌ر بێت.
* ئاستی وه‌رگێڕان و چالاكیی وه‌رگێڕان لهنێوهندهكهدا چۆن ده‌بینی؟ به‌تایبه‌ت ئێستا ژماره‌ی وه‌رگێڕه‌كانمان له‌زیادبووندان؟
- لای ئێمه پڕۆسه‌ی وه‌رگێڕان تاكو ئێستا له‌سه‌ره‌تادایه. زۆرێك واده‌زانن هه‌ر كه‌س زمانێكی تری زانی ده‌توانێت ده‌ست بۆ وه‌رگێڕان ببات و به‌لایه‌وه كارێكی فره ئاسانه. كه‌م نووسه‌رمان هه‌ن به‌پاڵ شیعرنووسین، یان چیرۆكنووسین، یا لێكۆڵینه‌وه نووسینه‌وه ده‌ستیان بۆ وه‌رگێڕان نه‌بردبێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی وه‌رگێڕان كارێكی هێند لابه‌لاو سانا بێت هه‌موو بابایه‌ك بتوانێت ده‌ستی بۆ ببات. مخابن، ئه‌وانه بێ‌ئاگان له‌وه‌ی وه‌رگێڕان سه‌لیقه و پسپۆڕی و ته‌رخانبوون و سهبرگرتنه. وه‌رگێڕان كاركردنه له‌ناو زماندا و گه‌ڕانه به‌دوای وشه‌دا، جگه لهفهرههنگنووس هیچ كه‌سێك هێنده‌ی وه‌رگێڕ عاشقی زمانه‌كه‌ی نییه و به‌ته‌نگییه‌وه نایه‌ت. ئه‌وه وهرگێڕهكانن زمان به‌ره‌و پێش ده‌به‌ن و ڕۆح به‌به‌ر وشه‌كاندا ده‌كه‌نه‌وه. خۆزگه زۆرێك له‌وانه‌ی ده‌ست بۆ وه‌رگێڕان ده‌به‌ن بهزهیییهكیان بهزمانهكهماندا بهاتایهتهوهو نهیانشێواندایه. وه‌رگێڕان بوونه‌وه‌رێكی به‌سته‌زمانه و هه‌مووان ده‌ستی بۆ ده‌به‌ن، به‌ڵام كێیان ده‌توانن تا سه‌ر له‌گه‌ڵیدا هه‌ڵبكه‌ن. گرفته‌كه له‌وه‌دایه ئێمه ڕه‌خنه‌مان له‌سه‌ر كاره وه‌رگێڕاوه‌كان نییه، بۆیه ئه‌وی خامه‌ی لێ ده‌خاته گه‌ڕ هه‌ست به‌لێپرسینه‌وه ناكات و سانسۆرێك بۆ خۆی دانانێت، تاكو وابزانێت كه‌سێك له‌دوای ئه‌وه‌وه به‌راوردی ده‌كات و پێیدا ده‌چێته‌وه و هه‌ڵه‌كانی ده‌بینێت. به‌داخه‌وه هه‌ندێك لهدهزگاكانیش له‌م فه‌وزایه به‌شدارن، هه‌ر كه‌سێك كتێبێكی وه‌رگێڕا دوور له‌سانسۆری هونه‌ری بۆی چاپده‌كه‌ن. هه‌ڵبه‌ت زۆر هۆی تریش هه‌ن، كه لێره‌دا بواری باسكردنیانمان نییه. بێگومان نكوڵی له‌وه ناكرێت به‌پاڵ ئه‌م قه‌یران و گرفتانه‌شه‌وه چه‌ندان وه‌رگێڕی به‌سه‌لیقه و كارامه هاتوونه‌ته بواره‌كه‌وه و كاری تابڵێی ناوازه‌یان كردووه.
* ئه‌وه‌نده‌ی ئاگاداربم تۆ سه‌رقاڵی ڕۆمانێكی تری واسینی ئه‌لئه‌عره‌ج بوویت. ئه‌و كاره به‌كوێ گه‌یشت؟
- ڕۆمانی «ماڵه ئه‌نده‌لوسییه‌كه»ی واسینیم له‌مێژه ته‌واوم كردووه. ئه‌م ڕۆمانه به‌زمانێكی تایبه‌ت نووسراوه. زۆری ماندووكردم، واسینی خۆیشی له‌پێوه‌ندی دایه له‌گه‌ڵمدا، هه‌ندێك جار مانای ڕسته‌كه‌م بۆ شیده‌كاته‌وه ئینجا لێیدهگهم، ئاخر گه‌لێك وشه‌ی شێوه‌زاری جه‌زائیری تێدان بۆ من ئه‌سته‌مه لێیان بگه‌م. سێ جاران پێیدا چوومهتهو دوو جاریان له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بییه‌كه‌دا به‌راوردم كردووه، كه‌چی ئینجاش هه‌ستده‌كه‌م مافی خۆیم نه‌داوه‌تێ و ماویه‌تی. رۆمانێكی قه‌به‌یه، ئه‌وه بۆ ساڵێك ده‌چێت هێشتوومه‌ته‌وه. ئه‌م ڕۆمانه زۆر كاتی بردم، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر داخوازی و پێداگریی واسینی خۆی نه‌بوایا وه‌رمنه‌ده‌گێڕا. زۆری پێ خۆش‌بوو بكرێته كوردی، به‌رله‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه‌م بینیبێت بۆ پێشه‌كیی وه‌رگێڕانه دانیماركییهكهی نووسیبوو سه‌باح ئیسماعیلیش خه‌ریكی به‌كوردی كردنیه‌تی. ئیدی وه‌ك ده‌ڵێن كردیه ماڵ به‌سه‌رمه‌وه و نه‌متوانی پێی بڵێم نا. ئه‌گینا وه‌رگێڕانی كاره‌كانی واسینی ئه‌لئه‌عره‌ج زۆر قورسه و به‌هه‌موو كه‌س ناكرێت، ئه‌وی به‌شێنه‌یی ڕۆمانه‌كانی نه‌خوێندبێته‌وه و ته‌واو عه‌شقیان نه‌بێت بوێریی وه‌رگێڕانیان ناكات. واسینی وه‌ك خوێندنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی بۆرخیسه، یان عه‌شقی نووسینه‌كانی ده‌بیت، یانیش هه‌رگیز ناگه‌ڕێیته‌وه سه‌ری. من خۆم له‌ده‌سته‌ی یه‌كه‌میانم بۆیه ئه‌م ڕۆمانهیشیم وه‌رگێڕا.
دوا كاره‌كانت له‌بواری وه‌رگێڕاندا چین؟
- كتێبی «ڕیشه‌كێشكردن و دیكتاتۆریی تاكباوهڕی»ی باقر یاسینم ته‌واو كردووه و له‌ده‌زگای سه‌رده‌مه، كه به‌داخه‌وه له سۆنگه‌ی ئه‌م قه‌یرانی ئابوورییه‌ی پریشكی به‌ر ده‌زگای سه‌رده‌میش كه‌وتووه، دواكه‌وت. ڕۆمانی «زه‌نگه‌كانی ڕۆما»ی جان دۆستم ته‌واوكردووه و له‌قۆناغی پێداچوونهوهیدام. ئه‌وه ڕۆمانی «ماڵه ئه‌نده‌لوسییه‌كه»ش له‌ولاوه بوه‌ستێت.
- ئه‌م دیمانه‌یه پێشتر له (كوردستانی نوێ) بڵاو كراوه‌ته‌وە.