کتێبێکی دانسقەیە، تێکەڵەیەکە لە ڕای خۆی و کۆکردنەوەی کۆمەڵێک کورتە چیڕۆک و شیعری باڵای ئەدەبی، مامۆستا لە پێشەکیدا دەڵێت: «لەوەتەی دەستم داوەتە قەڵەم و دەنووسم، ئەم بابەتە مێشکی سەرقاڵ کردووم.» جا مامۆستا گەشتێکت پێ دەکات، دەیەوێت لە ڕێگای خوێدنەوەی کتێبەکە و هەندێک شاکارەوە چێژ لە بابەتەکە ببەیت و حاڵی بیت لە باسەکە.
کتێبەکە بە شێوازێکی تەقلیدی باس ناکەم، بەڵام هانتان دەدەم بیخوێنەوە، من هەوڵ دەدەم ڕای خۆم باس بکەم. یەکێک لە کێشەکانی مرۆڤی سەردەمی نوێ، هەستکردنە بە تەنیایی بە وتەی بەختیار عەلی: «تەنیایی، ئەی برای ئەبەدیم.» تەنیایی دۆخێکی دەروونییە و قسەی زۆر لەسەر کراوە، مرۆڤ نییە ئەم ئەزموونەی هەست پێ نەکردبێت، لەو دەمەی مرۆڤ هەڵدراوەتە سەر زەوی، بیری ماڵی ڕاستەقینەی خۆی دەکات و هەست دەکات تەنیاییە.
ئەم ژیانە ناتوانێ شوێنی ژیانی ڕاستەقینەی بۆ بگرێتەوە، وەک شاعیر دەڵێت: دونیا باوەژنە ناتوانێ شوێنی دایک بگرێتەوە.
سابیری:
ئەی مەردی خودا دەستی تەمەع بەردە لە دونیا
بێ فائیدەیە باوەژنە مەیکە بە دایە
بە زمانی کوردی، کتێب بە ناوی تەنیاییەوە کەمە، جێگەی دڵخۆشییە مامۆستای نووسەر لای لەم باسوخواسە کردووەتەوە. چونکە هەم چەمکێکی قووڵی وجوودی و هەم بابەتێکی گەرمی کایەی ئێستایە، بۆیە بابەتێکی باشی هەڵبژاردووە. وەکو وتراوە: مرۆڤ بەتەنیا لە دایک دەبێت، بەتەنیایش دەمرێت، بەتەنیایش یان دەچێتە بەهەشت یان دەچێتە جەهەننەم.
مەحوی:
لە کێ یاڕەب خەبەر پرسی بکەم من
کە ھەرکەس بۆ خەبەر چوو، بێ خەبەر کەوت
تەنیایی لە نێوان دووڕیاندا
1. تەنیایی نێگەتیڤ:
دەشێ تەنیایی ببێتە تونێلێکی تاریک مرۆڤ تێیدا ون ببێت و هەست بە خەمۆکیی ڕۆحی بکات. هەروەها ماناکانی ژیان لە ناخی مرۆڤ بسڕێتەوە و جۆرێک لە ئازاری پووچگەرایی تووشی دەروونی بکات، ئەمەیش زۆر جار سەر دەکێشێت بۆ عەبەسیەت و کۆتایەکی خراپ.
محەممەد عومەر عوسمان (ژەنەڕاڵی پاییز):
لە تاو تەنیایی... دوێنێ نیوەشەو...
چووم سەگێکی مات بگرمە باوەش
چاوانی ئەتوت گەڵای پایزە...
ئەویش جێی هێشتم... تف لە بەختی ڕەش
2. تەنیایی پۆزەتیڤ:
بەڵام دەکرێت تەنیایی کلیلی هەستکردن بە بەرپرسیارەتی بێت و مرۆڤ بۆ ناخی خۆی بگەڕێنێتەوە. لە قورئاندا باسی تەنیایی کراوە، بەستراوەتەوە بە بەرپرسیاریەتی: (وَكُلُّهُمْ آتِيهِ يَوْمَ الْقِيَامَةِ فَرْدًا). مرۆڤ لەدوای هەستکردنێکی قووڵ بە تەنیایی، پشت بە خۆی دەبەستێت و ئەرکەکانی ئەنجام دەدات. عەلی شەریعەتی وتەنی: «مرۆڤ هەتا زیاتر بەرەو مرۆڤبوون بچێت، زیاتر هەست بە تەنیایی دەکات.» چونکە کاتێک عیشق دەبەخشێت بە خودا، ئیتر دەوروبەری لێ دەبێتە بێگانە.
بە کورتی، لەسەر تەنیایی، دەمەوێ کتێبەکە بکەمە بینانووی باسکردنی ئەمانەی خوارەوە:
1. مرۆڤ نابێت بۆ ڕاکردن لە تەنیایی هاوسەرگیری بکات. ژەنەڕاڵی پاییز دەڵێت: «مرۆڤ بۆ ئەوە هاوسەرگیری دەکات بۆ ئەوەی لە تەنیایی ڕزگاری بێت، بەڵام تەنیاتر دەبێت.» د. ئەنووشەیش هەمان ڕای هەیە، کە هاوسەگیری پڕۆژەیەکی گەورەیە، نابێت بچووک بکرێتەوە.
2. تەنیایی هەلی بینینی خودی خۆتت پێ دەبەخشێت، مرۆڤ لەناو خەڵکیدا ون دەبێت و دەتوێتەوە. بۆ ئەوەی خۆمان بناسین، دەبێت خۆمان لە تەڵەی تێڕوانینی خەڵکدا ڕزگار بکەین.
مەحوی:
بەجێ نایێ، دەبێ ڕوو کەینە سارا
حەقی ئادابی مەجنوونیی لە شارا
3. تەنیایی مرۆڤ بە ئیرادەی خۆی ئاشنا دەکات، پێی دەڵێت تۆ دەبێت ئیشەکانی خۆت ڕاپەڕێنیت و هەلی بەجێهێنانی ئەرکەکانی پێ دەدات. بۆیە م. ناسڕ دەڵێت: «خەریکی دائیرەی خۆمان بین (چی بکەین و چی نەکەین؟)، نەک دائیرەی خودا (چی دەبێت و چی نابێت؟).»
4. تەنیایی و گەڕان بەدوای مانادا؛ مرۆڤی ئاییندار دەزانێت خاوەنی کێیە، مرۆڤی باوەڕدار مانا لە ژیانی دەدۆزێتەوە و دەزانێت بۆ کوێ دەگەڕێتەوە. مەرگ لە دیدی بێباوەڕێک بێمانایە و پووچترین شتە، بەڵام لای باوەڕدار گەڕانەوەیە بۆ لای خودا. (وَبَشِّرِ الصَّابِرِينَ الذين إذا أصابتهم مصيبة قالوا إنا لله وَإِنَّا إليه راجعون)
5. دڵتەنگی دەرئەنجامی هەستکردنێکی قووڵە بە تەنیایی نێگەتیڤ، هەستکردنێکی قووڵە بەوەی ئیتر بۆ کەس گرینگ نیت، کەسێک نییە گوێگرێکی باشی ئازارەکانت بێت، کەسێک نییە هاوبەشی خەمەکانت بێت.
خوێندنەوەی ئەم کتێبە، جارێکی تر دونیایەک پرس و پرسیاری لام نوێ کردنەوە. بە هیوای ئەوەی کتێبەکەم ناشرین نەکردبێت، ڕای خۆم زۆر دەربڕی، بۆ وردەکاری دەبێت کتێبەکە بخوێننەوە.