تەنیایی دەرمانێکە زۆر بێت ژەهراویت دەکات و کەم بێت بوونێکت بۆ ناهێڵێتەوە...
مرۆڤ وەک ئەوەی ماخۆلانییەتی بزانێت چی لەچواردەوری دەگوزەرێت، ئاوایش دەیەوێت بزانێت چی لە ناوەوەی خۆی دەگوزەرێت، دەی لەکۆتاییدا ئەوەی مانا بە شتەکانی دەرەوەی دەبەخشێت خودی ناوەوەیە.
لەبارەی تەنیاییەوە کەشفی ناخە، مۆمێکە تاریکاییەکانی ناو ناخت بۆ ڕۆشن دەکاتەوە، تێکەڵەیەکە لە فکر و ئەدەب و بەم دوو ڕەنگە تەنیایی دەنەخشێنێت.
نووسەر لە ڕێگای بابەتگەلی ئەدەبیی دانسقە و شیکردنەوەی فکری بۆ بابەتەکان و خوێندنەوەیەک بۆ پشت دەقەکان و هۆکارەکان و کەسایەتیی نووسەرەکانیش، تەنیایی و جۆرەکانی شیدەکاتەوە.
تەنیایی واتا بێکەسی، نەبوونی هاودەمێک کە خەم و ئازارەکان هەست پێ بکات، نەبوونی گوێگرێک بتوانێت کاتی ناڕەحەتی و تەنگانە دەردەدڵیی لەگەڵدا بکات، یان خۆشی و جوانییەکانی لەگەڵدا بەش بکات.
لەبارەی تەنیاییەوە دوو بابەت لەیەکتر جیادەکاتەوە و ڕوونیان دەکاتەوە: (تەنیابوون ـ تەنیایی).
تەنیابوون بژاردەی مرۆڤ خۆیەتی، کەی ویستی دەتوانێت کۆتایی پێ بێنێت، مرۆڤ بەرزدەکاتەوە و جوانییەکانی پێ دەخولقێنێت.
تەنیایی ناچارییە، خنکێنەر و لەناوبەری مرۆڤە، پڕ لە ئازار و خەمۆکی و بێزار و مۆنی دەکات.
بە هەمان شێوە دوو جۆر تەنیاییمان هەیە، یەکێکیان پێوەلکاوی ناخە و هەستێکی وجوودییە، مرۆڤ لە تەواوی ئەوانی تر جیادەکاتەوە و بوونێکی جیای پێ دەبەخشێت، ئەم تەنیاییە بۆشاییەکە تەنیا بە نزیکی لە خودا دەڕەوێتەوە دووریش نییە خودا بەم هۆکارە لە مرۆڤدا داینابێت تا بێئۆقرەیی بە مرۆڤ ببەخشێت و بگەڕێت و خودا و مانای ژیان و بوونی بدۆزێتەوە. جۆرێكی تری تەنیایی هەیە بە مرۆڤەکان پڕ دەبێتەوە، مرۆڤ بەردەوام دنەی کەسێک دەدات کە هاودڵ و هاوزمانی بێت و گوێگرێک بێت بۆ خەمەکانی و هاودەمی خۆشییەکانی، گەر ئەمەیش نەبووایە مرۆڤ نە بە شوێن هاوڕێیەکدا دەگەڕا و نە هاوسەرێک و نە سروشتێکی کۆمەڵایەتیی دەبوو. هەستکردن بە تەنیایی لە دوو کاتدا دەگاتە چڵەپۆپەی: کاتێک مرۆڤ تازە فام دەکاتەوە و کاتی پیری.
هۆکارەکانی تەنیایی
تەنیایی تووشی مرۆڤ دەبێت کاتێک خۆی بێ بەها و کەم نرخ دەبینێت لە چاو ئەوانی تردا، ئەمەیش لە وەهمێک زیاتر نییە و مرۆڤ پەی بە پووچیی وەهمەکەی دەبات، بەڵام تا کاتێک نەیبردووە، تەنیایی تەواوی بوون و ژیانی دەتەنێت، ئەم دەردە تووشی ئەو کەسانە دەبێت كە خۆبەکەمزانن، یان شکڵ و شێوەیان جیاوازە و کەمئەندامن.
تەنیایی تووشی دەبێت کاتێک ئەوانی تر بە کەم نرخ و بێ بەها سەیر دەکات و خۆیشی بە شت دەبینێت لە ئاستیاندا و ئەوان بە بچووک و کەم نرخ دەبینێت، کە ئەمەیش تووشی خۆبەزلزانینی دەکات و نایەوێت بە هیچ شێوەیەک تێکەڵ بە خەڵک ببێت، ئەم پەتایە زیاتر تووشی ڕۆشنبیر و فەیلەسوفەکان دەبێت.
کاتێک مرۆڤ کەسێکی ئازیزی لە دەست دەدات و پێی وایە هیچ کەس جێگای بوونی ئەوی بۆ ناگرێتەوە، تووشی تەنیایی دەبێت.
تەنیاییەکیش مرۆڤ بێ ئیرادەیە تیایدا، چواردەور دەیکەنە کراسێک و بە باڵایدا دەکەن و مرۆڤ ڕێگایەک نادۆزێتەوە لێی دەرچێت، ئەم جۆرەیان سەرمایەداری دروستی کردووە.
نووسەر هەندێک کات بە جۆرێکە، دەتخاتە نێو ململانێ لەگەڵ خۆت و لە خۆت دەپرسیت: تۆ بڵێی نەبوونی هاودەمێک هێندە سەخت و ناخپڕووکێن بێت و کارەسات بخولقێنێت؟
ئایە هەمووان وەک یەک دەچێژن و پێی کاریگەر دەبن؟ یان ئەو نووسینانە بەشێکی وەسفی حاڵێکی دیارکراون و بەسەر مرۆڤەکاندا هاتوون و هەمیشە بەو ڕیتمە ناڕۆن و خەیاڵ ڕۆڵی تێدا هەبوون؟
گەر سەیری عیشق بکەین، بۆ هەر کەسەو جۆرێک خۆی نیشان دەدات کە بەس مرۆڤ خودی خۆی دەزانێت چی دەچێژێت، تەنیاییش بەو جۆرەیە، کاتێ بیردەکەیتەوە لە قۆناغێکی ژیان نەبوونی هاودەم و گوێگرێک چی بە حاڵت کردووە بۆت دەردەکەوێت بەو جۆرەیش خەیاڵی نییە.